چۆنیەتی نوێژی نەخۆش: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنیەتی نوێژی نەخۆش
پرسیار:

نەخۆش چۆن نــوێــژ دەكات؟

یەكەم: پێویستە و دەبێت نەخۆش نوێژە فەرزەكان بە پێوە واتە بەوەستانەوە بكات ئەگەر بەچەمانەوە یان خۆدانە پاڵ دیوار یان خۆدانەسەر دار وگۆچانێكدا بێت.

دووەم: ئەگەر نەیتوانى بەپێوە و بەوەستانەوە ئەوا بەدانیشتنەوە دەیكات و باشتر وایە بەچوار مشقیەوە بیكات لەكاتى وەستان وركوعدا.

سێ یەم: ئەگەریش نەیتوانى بەدانیشتنەوە بیكات ئەوا بەڕاكشانەوە بەرەو قیبلە دەیكات و بەلاى ڕاستدا باشترە، وە ئەگەریش نەتوانرا ڕوو لە قیبلە بكرێت ئەوا لەهەركوێ رووبكات دەبێت ونوێژەكەى صەحیحە و دووبارەكردنەوەشى لەسەرنییە.

چوارەم: ئەگەریش نەیتوانى بەڕاكشانەوە نوێژ بكات ئەوا لەسەر پشت دەیكات و قاچەكانى بەرەو قیبلە درێژ دەكاتەوە، و ئەگەریش بۆى نەكرا ونەیتوانى قاچەكانى ڕوو لە قیبلە بكات ئەوا ڕوو لەهەركوێ بكات دەبێت و نوێژەكەى تەواوە و دووبارەكردنەوەى لەسەر نییە.

پێنجەم: دەبێت نەخۆش ركوع وسوجدە ببات لەنوێژەكەیدا، ئەگەر نەیتوانى ئەوا بەسەر ئاماژە بۆ ركوع وسوجدە دەكات و سوجدەكە نزمتر دەبێت لە ركوعەكەى، و ئەگەر ركوعى توانى ئەوا ركوع دەبات و بەسەر ئاماژە بۆ سوجدە دەكات و ئەگەریش سوجدەى توانى و ركوعى نەتوانى ئەوا سوجدە دەبات و بەسەر ئاماژە بۆ ركوع دەكات.

شەشەم: ئەگەر نەیتوانى بەسەر ئاماژە بۆ ركوع و سوجدە بكات ئەوا هەر بەچاوى ئاماژەى بۆ دەكات، و كەمێك دەینوقێنێت بۆ ركوع و زیاتر دەینوقێنێت بۆ سوجدە. بەڵام ئاماژەكردن بە پەنجە وەكو هەندێك نەخۆش دەیكەن ئەوا صەحیح نییە و هیچ بنچینەیەكى لە قورئان وسوننەت و وتەى زانایاندا نییە.

حەوتەم: ئەگەر نەیتوانى ئاماژە بەسەر وبەچاویش بكات ئەوا بە دڵ نوێژ دەكات واتە بەدڵ الله أكبر دەكات و قورئان دەخوێنێت و نیەتى ركوع وسوجدە و وەستان ودانیشتنى دەبێت (( ولكل امرئ ما نوى)).

هەشتەم: دەبێت نەخۆش هەموو نوێژەكانى لەكاتى خۆیدا بكات و ئەوەى واجبە و دەتوانێت بیكات ئەوا ئەنجامى دەدات، و ئەگەر ناڕەحەت و قورس بوو لەسەرى كە لەكاتى خۆیدا بیانكات ئەوا بۆى هەیە نوێژەكان كۆبكاتەوە لەگەڵ یەكتردا وەكو نیوەڕۆ و عەصر پێكەوە و مەغریب وعیشاش پێكەوە، ئیتر یان پێشخستن وكۆكردنەوە واتە عەصر بهێنێت بۆلاى نیوەڕۆ و عیشا بهێنێت بۆ لاى مەغریب، وە یان دواخستن و كۆكردنەوە واتە نیوەڕۆ ببات بۆلاى عەصر و مەغریبیش ببات بۆلاى عیشا بەو شێوەیەى كەبۆى ئاسان وگونجاوە. بەڵام نوێژى بەیانى هیچ نوێژێكى پێش وپاشی لەگەڵدا كۆناكرێتەوە وبەتەنها دەكرێت.

نۆیەم: ئەگەر نەخۆش رێبوار بوو وەكو ئەوەى بۆ چارەسەر لە دەرەوەى شارو وڵاتى خۆى بێت ئەوا نوێژە چواریەكان كورت دەكاتەوە بۆ دوو ركات واتە نیوەڕۆ وعەصر وعیشا بە دوو ركات دەیانكات هەتا دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەكەى خۆى ئیتر زۆر بخایەنێت یان كەم. والله الموفق.

  سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

سەردان: ١,٨٨٢ بەش: نوێژ