حوکمى ئاو هێناوە بەدەست ( دەستپەڕ کردن ) چیە لە شەرعدا ؟ وە چۆن بتوانین یەکجارى وازى لێ بێنین و باشترین چارەسەر چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى ئاو هێناوە بەدەست ( دەستپەڕ کردن ) چیە لە شەرعدا ؟ وە چۆن بتوانین یەکجارى وازى لێ بێنین و باشترین چارەسەر چیە؟

ئاو هێناوە بەدەست (دەس پەڕ) حەڕامە بەبەڵگەی قورئانی و حەدیس :
یەکەم : قـورئانی پیرۆز :
ابن كثير ـ رحمه الله تعالى ـ دەڵێ : ئیمامی الشافعي وئەو زانایانەی هاو ڕاین لەسەر حەڕامێتی ئاو هێناوە بەدەست ئەم ئایەتەیان کردووە بەبەڵگە :
( وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ (5) إِلَّا عَلَىٰ أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ (6) فَمَنِ ابْتَغَىٰ وَرَاءَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْعَادُونَ)[ 4-6 سورة المؤمنون ] .
واتە : ئەوانەی كە عەورەتیان دەپارێزن ئیللا لە خێزانەكانیان و كەنیزەكەكانیان نەبێت ئەوانە لەمەدا هیچ لۆمەیەكیان لە سەر نى یە، هەر كەسێك بەدوای جگە لەمەدا بگەڕێت و عەورەتی تێدا بە كار بێنێت ئەوا ئەوانە سنوری خوایان شكاندووە و تەعەدا و ستەمیان كردووە.
وە ئیمامی الشافعي لە (كتاب النكاح ) دەڵێت : هەروەک ڕونمان کردەوە لەباسی ئەوانەی داوێنیان دەپارێزن جگە لەخێزان و کەنیزەکیان نەبێ ...کە جگە لەوانە حەڕامە ، پاشان تەئکید دەکاتەوە و دەفەرموێت : ( فَمَنِ ابْتَغَىٰ وَرَاءَ ذَٰلِكَ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْعَادُونَ ) .
واتە :هەرکەسێ لەغەیری ئەم دووانە بیەوێ ئارەزووی بەجێ بێنێ ئەوا ئەو کەسانە سنوریان بەزاندووە .
دروست نی یە (زەکەر) بەکار بهنێرێت لەغەیری خێزان و کەنیزەک نەبێت وئاوی خۆ هێنانەوە بەدەدست حەڕامە . كتاب الأم للشافعي .
وە هەندێ لەزانایان ئەم ئایەتەیان کردووە بەبەڵگە لەسەر ئارام گرتن و جێبەجێنەکردنی ئارزوو لەغەیری زەواج دا : ( وَلْيَسْتَعْفِفْ الَّذِينَ لا يَجِدُونَ نِكَاحًا حَتَّى يُغْنِيَهُمْ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ ) النور 33] .
واتە : با ئەوانەی توانای زەواجیان نی یه خۆیان بەپاک ڕاگرن تاوەکو خودا بەفەزڵی خۆی دەوڵەمەندیان دەکات .

دووەم : بەڵگەی سوننەت :
ئەو فەرموودەیەیی عبد اللَّهِ بن مسعود ـ رضي الله عنه ـ گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : ( كُنَّا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ شَبَابًا لا نَجِدُ شَيْئًا فَقَالَ لَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهم عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنِ اسْتَطَاعَ الْبَاءةَ ( تكاليف الزواج والقدرة عليه ) فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ ( حماية من الوقوع في الحرام ) رواه البخاري فتح رقم 5066 .
واتە : ئێمە چەند گەنجێک بووین لەگەڵ پێغەمبەرداـ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ هیچان نەبوو ، پێغەمبەر ـ صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ پێمانی فەرموو : ئەی کۆمەڵی گەنجان هەر کەسێک لەئێوە توانای زەواج کردنی هەیە(توانای مادی و جەستە) با ژن بێنێت ، چونکە هۆکارێکە بۆ پاراستی چاو و داوێن ، وە هەرکەسێک توانای دارایی نەبوو بابەڕۆژو بێت ؛ چونکە ڕۆژو ئارەزوی کەم دەکاتەوه .
جا ئەگەر (دامركاندنەوەی شەهوەت بە دەست) دروست بوایە ئەوا پێغەمبەری خوا () رێنمایی گەنجانی بۆ دەكرد، بەڵام دەبینین رێنمایی گەنجانی كردووە بۆ ڕۆژو گرتن بۆ ئەوەی زەوق و شەهوەتیان كەم بێتەوە و لاواز بێت ،
 تێبینى : حوکمى ئەم کارە قێزەونە بۆ کوڕ و کچ هەمان شتە و حەرامە و دروست نیە .

چارەسەر چیە ؟
بەنیسبەت چارەسەری ئەو کەسانەی کەئالودە بوون پێوەی ، چەند ڕێگایەک و هەنگاوێک دەس نیشان دەکەین بۆ ڕزگار بوون لێـی :
یەکەم : پێویستە پاڵنەری واز هێنان لەم کارە خودا بێت و لەبەر فەرمانی خودا بێت ولەترسی ئەو بێت .
دووەم : ژن هێنان کەدەبێتە هۆی ڕزگار بوونی یەکجاری لەم کارە و پێغەمبەریش ـ ـ گەنجانی هانداوە بۆ زەواج کردن .
سێیەم :خۆ دوور گرتن لەبیر کردنەوە و وەسوەسە لەبارەی جیماع و خۆ مەشغوڵ کردن بەکارێکەوە کەسودی دونیا و دوا ڕۆژی تێدا بێت .
چوارەم : پاراستنی چاو ؛ چونکە سەیر کردن ئافرەتان و کەسانی نامەحڕەم و وێنەی نەشیاو سەرەنج ڕاکێش وا لەمرۆڤ دەکات زیاتر ئالوودە بێت بەم کارەیەوە، خواى گەورەش دەفەرموێ : (قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ ) الآية ، واتە: بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ‌: چاو دابخەن لە ئاست تەماشاكردنی ژنانی نامەحرەم
وە پێغەمبەر ـ ـ فەرموویەتی : ( لا تُتْبع النظرة النظرة )" رواه الترمذي 2777 وحسّنه في صحيح الجامع 7953 .
واتە : یەك لە دوای یەك تەماشا مەكە .
خۆ گەر ڕوانینی یەکەم جار لەناکاو بوو ، ئەوا تاوانی لەسەر نی یە بەڵام گەر دوو بارە تەماشای کردەوە ئەوا تاوانی لەسەرەو حەڕامە ، وە هەروەها پێویستە دوور بکەونەوە لەو جێگایانەی کە ئارەزوی دەجوڵێنن .
پێنجەم : خۆ خەریک کردن بە عیبادەتە جۆراو و جۆرەکانەوە ، بەشێوەیەک فەڕاغی نەبێت بۆ ئەنجامدانى تاوان ، و هەمیشە شەرم لە خواى گەورە بکات و هەست بە چاودێرى خواى گەورە بکات لەسەرى و بزانێت کە خواى گەورە دەیبینێت و ئاگاى لێیەتى .
شەشەم: زیانە تەندروستیەکانی لەبەرچاو بگیرێت لەوانە:
أ ـ ئەوانەی كە زۆر ئەم كارە ئەنجامدەدەن لە كاتی ژن هێناندا دوچاری ئەوە دەبنەوە كە ئاویان نەیەتەوە بە جووت بوون چونكە ئەو بە شێوازێكی تر ڕاهاتووە.
ب ـ هەندێك لەو كەسانە زەكەریان هەڵناسێت بۆ جووت بوون لەگەڵ ژنەكەیدا.
ج ـ یان ئاویان زوو دێتە دەرەوە، بەمەش ناتوانێت مافـی خۆی و هاوسەرەكەی بە تەواوی بدات.
د ـ ئەم كارە هۆكارێكە بۆ توشبوون بە نەخۆشی فەقەرات.
هـ - وە هەروەها زەعیف بوونی چاو ومێشک و ماسولکەکان و ئازاری پشت وجگە لەم زیانانەش کەدکتۆرەکان باسیان لێوە کردووە ، و هەروەها زیانە دەرونیەکان وەک قەلەق و دوو دڵی وبێتاقەتی ، وە لەهەمووى گەورەتر لەدەستدانی نوێژ بەهۆی ئەوەی توانای خۆ شوشتنی نی یە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا ، وهەروەها شکاندنی ڕۆژوو .
حەوتەم : ڕەواندنەوەی ئەو بۆچوونە هەڵانەی لای هەندێ لەلاوان دروستبووە کەگوایە ئەم کارە دروستە بەبیانوی ئەوەی بەپەنا بردنە بەر ئەم کارە خۆیان بپارێزن لە زینا و نێر بازی ، لە کاتێکدا ئەو گەنجە لە کارى زینا و نێربازی و فاحیشە دوورە ، کەچی بە بیانوى ئەوەى نەوەک توشى زینا ببێ ئەم کارە ئەنجام دەدات .
هەشتەم : خۆ بەهێز کردن لەبەرانبەر ئارەزووەکاندا و خۆنەدانە دەست هەوا و شەیتان ، و دوور کەوتنەوە لەمانەوە بەتەنها ، ولەفەرموودەدا هاتووە پێغەمبەر ـ ـ ڕێگری کردووە لەمانەوە لەجێگایەکدا بەتەنها " . رواه الإمام أحمد وهو في صحيح الجامع 6919 .
نۆیەم :دەست گرتن بەو چارەسەرەوە کەپێغەمبەر ـ ـ دەس نیشانی کردووە کەئەویش بەڕۆژو بوونە ؛ چونکە ڕۆژو ئارەزوو کەم دەکاتەوە ، وە دوور کەوتنەوە لەهەندێ چارەسەری نەگونجاو و غەریب وەک سوێند خواردن یاخود نەزر کردن کەجارێکی تر نەگەڕێتەوە سەر ئەو کارە ، وە هەروەها وەرنەگرتنی هەندێ دەرمان کە ئارەزوو دادەمرکێنن ؛ چونکە زیانی تەندروستی بەمرۆڤ دەگەیەنن .
دەیەم : جێبەجێکردنی ئادابە شەرعیەکان لەکاتی خەودا وەک زیکر ، و نوستن لەسەر لای ڕاست و بەدەست نوێژەوە ، و دوور کەوتن لەخەوتن لەسەر دەم ، چونکە پێغەمبەر ـ ـ ڕێگری کردووە لەنوستن لەسەردەم .
یانزەیەم : ئارام گرتن و خۆ پاک ڕاگرتن ؛ چونکە بەدڵنیاییەوە واجبە لەسەرمان ئارام بگرین لەبەرانبەر شتە حەرام کراوەکاندا هەر چەند حەزمانیش لێی بێت ، وە دەبێ باش بزانین کەخۆ پاک ڕاگرتن لەکۆتایدا دەبێتە تەبیعەتمان ، پێغەمبەر ـ ـ ـ فەرموویەتی : ( مَنْ يَسْتَعْفِفْ يُعِفَّهُ اللَّهُ وَمَنْ يَسْتَغْنِ يُغْنِهِ اللَّهُ وَمَنْ يَتَصَبَّرْ يُصَبِّرْهُ اللَّهُ وَمَا أُعْطِيَ أَحَدٌ عَطَاءً خَيْرًا وَأَوْسَعَ مِنَ الصَّبْرِ ). " رواه البخاري فتح رقم 1469 .
واتە :هەر کەسێک هەوڵی خۆ بەپاک ڕاگرتن بدات خوداش یارمەتی دەدات و بەپاک ڕای دەگرێت ، وە هەر کەسێک هەوڵی ئارم گرتن بدات خواش ئارامی پێدەبخشێت ، وە هیچ شتێک باشتر نەبەخشراوە بەمرۆڤ لەئارام گرتن .
دوانزەیەم : گەر کەسێ تووشی ئەم تاوانە بوو با پەلە بکات لەتەوبە کردن و گەڕانەوە بۆ لای خودا و داوای لێخۆش بوون بکات ، و لەڕەحمی خودا نا ئومێد نەبێت ؛ چونکە نائومێد بوون لەڕەحمی خودا یەکێکە تاوانە گەورەکان .
سیانزەیەم : دەبێت هاوڕێی چاك و لە خوا ترس هەڵبژێرن بۆ هاوەڵێتی خۆیان بۆ ئەوەی هاندەریان بن بۆ كاری چاکه و دوور كەوتنەوە لە خراپە.
چواردەیەم : زۆر نەمانەوە لە کاتى خۆشۆردن لە حەمام ، چونکە ئەو کەسانەى کە ئەم کارە قێزەونە دەکەن ئەگەر زۆر لە حەمام بمێننەوە ئەوا نەفس و شەیتان هانی دەدەن بۆ ئەنجامدانى .
پانزەیەم : لەکۆتایدا گومانی تێدا نی یە کەپەنا بردنە بەر خودا و پاڕانەوە لێی و داوای یارمەتی کردن لێی باشترین چارەسەرە ؛ چونکە خودا وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کەلێی دەپاڕێنەوە ، والله أعلم .

سەردان: ٢٦,٦٦٧ بەش: خوى نهێنى (دەستپەڕ)