موسافیر چۆن نوێژ بکات کاتێ نەیزانی قیبلە کەوتۆتە کوێوە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
موسافیر چۆن نوێژ بکات کاتێ نەیزانی قیبلە کەوتۆتە کوێوە ؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ڕو کردنە قیبلە شەرتی دروستی نوێژە ، و هەرکەس ڕوونەکاتە قیبلە نوێژەکەى بەتاڵە ، بەڵام ئەگەر موسڵمانێک لەجێگەیەکدا بوو و نەیزانی قیبلە کەوتۆتە کوێوە ، ئەوا ڕو دەکاتە ئەو جێگەیەیی کە زیاتر گومان دەبا قیبلە کەوتبێتە ئەوێوە ، و نوێژەکەى دەکات ، خۆ ئەگەر دواتر بۆى دەرکەوت کە بەهەڵەدا چووە واجب نی یە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە ، بەڵکو نوێژەکەی دروستە و هیچی لەسەر نی یە .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم :
هیچ جیاوازیەک نی یە لەنێوان زانایاندا کە ڕو کردنە قیبلە شەڕتی دروستی نوێژە ، وە بەتەرک کردنی ئەم شەڕتە (گەر کەسەکە توانای هەبوو ڕوو بکاتە قیبلە) نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە ، وە لە چەند حاڵەتێک دەتوانرێ ڕوو نەکرێتە قیبلە کە لە خوارەوە ڕوون کراوەتوە .

جا گەر موسوڵمان لەجێگەیەکدا بوو و نەیزانی قیبلە کەوتۆتە کوێوە ، ئەوا ڕو دەکاتە ئەو جێگەیەیی کە زیاتر گومان دەبا قیبلە کەوتبێتە ئەوێوە ، و نوێژەکەى دەکات ، خۆ ئەگەر دواتر بۆى دەرکەوت کە بەهەڵەدا چووە واجب نی یە لەسەری نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە ، بەڵکو نوێژەکەی دروستە و هیچی لەسەر نی یە .
بە بەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی جابر رضي الله عنه گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : ( كنا مع رسول الله صلى الله عليه وسلم في مسيرة أو سرية ، فأصابنا غيم ، فتحرينا واختلفنا في القبلة ، فصلى كل رجل منا على حدة ، فجعل أحدنا يخط بين يديه لنعلم أمكنتنا ، فلما أصبحنا نظرناه ؛ فإذا نحن صلينا على غير القبلة ، فذكرنا ذلك للنبي صلى الله عليه وسلم ، فلم يأمرنا بالإعادة ، وقال : قد أجزأت صلاتكم) . رواه الدارقطني والحاكم والبيهقي ، وحسنه الألباني بشواهده في إرواء الغليل 291 .
واتە : ئێمە لەگەڵ پێغەمبەری خودا بووین صلى الله عليه وسلم لەڕێگایەکدا یاخود بەشەو لەسەفەرێک دا بووین ، هەور و تاریکایمان بەسەردا هات ، گەڕاین و جیاوازی کەوتە نێوانمانەوە دەربارەی قیبلە ، هەریەکێک لەئێمە بۆ خۆی نوێژی کرد ، وە هەروەها هەریەکێک لەئێمە خەتێکی دەکێشا بۆ ئەوەی جێگاکەی خۆمان بزانین ، دوای ئەوەی ڕۆژ بووەوە تەماشامان کرد ئێمە نوێژمان بەرە و قیبلە نەکردووە ، ئەوەمان بۆ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باس کرد، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمانی پێمان نەکرد بەدووبارە کردنەوەی ، بەڵکو فەرمووی: نوێژەکەتان تەواوە و لەسەر تان کەوتووە .

وە زانای پایەبەرز شێخ عبدالعزیز بن عبد الله بن باز - رحمه الله - دەفەرموێ : 
گەر موسوڵمان لەسەفەردا بوو یاخود لەوڵاتێکدا بوو کەسێک نەبوو قیبلەی پێ پیشان بدات ئەوا نوێژەکەی دروستە، بەمەرجێک هەوڵی دابێ بۆ زانینی قیبلە و پاشان بۆی دەرکەوتبێت کە نوێژی ڕوو بەقیبلە نەکردووە .
بەڵام گەر لەوڵاتی موسوڵمانان بوو ، ئەوا نوێژەکەی دروست نی یە ، چونکە دەتوانێت پرسیار بکات لەکەسێک و پێ پیشان بدات ، هەروەک دەتوانێت قیبلە بزانێت لەڕێگەی مزگەوتەکانەوە .مجموع الفتاوى" (10/420) .

دووەم :
زۆر ڕێگا هەیە بۆزانینی قیبلە، بەڵام ئەگەر موسوڵمان سەفەر بکات بۆ جێگایەک و دەزانێت لەو جێگایە نازانێ قیبلە لەکوێوەیە ، وە هەروەها موسڵمانێکی لێ نییە پرسیاری لێ بکات ، ئەوا پێویستە لەسەری هەندێ ڕێگە بگرێتە بەر بۆ زانینی قیبلە ، وە ئەمەش ئێستا ئاسانە و بەردەستە لەڕێگەی هەندێ ئامێرەوە یاخود لەهەندێ کاتژمێرەکان و مۆبایلەکان کە بەرنامەیەکی تێدایە ڕوگەی قیبلە نیشان دەدات ، هەندێکیان لەڕێگەی خۆرەوەیە ، وە هەندێکیان لەڕێگەی مانگەوەیە .
پێویستە لەسەر موسوڵمان فێری ئەو ئامێرانە بێت بەئەندازەی ئەوەی نوێژەکەی پێ ئەنجام بدات .

سەبارەت بەو حاڵەتانەى کەدەتوانرێت ڕوو نەکرێتە قیبلە شێخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - دەفەرموێ :
ڕوو کردنە قیبلە شەڕتی دروستی نوێژە ، وبەتەرک کردنی ئەم شەڕتە نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە و دروست نی یە ؛ خوای پەروەردار فەرموویەتی : ( وَمِنْ حَيْثُ خَرَجْتَ فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ وَحَيْثُ مَا كُنْتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ ) البقرة/144 .
واتە: بۆ هەر جێگەیە دەرچووی ڕووت وەرگێڕە بۆ قیبلە ، وەلەهەر جێەیەک بوون ڕوو کەنە لای قیبلە .
پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم یەکەم جار هات بۆ مەدینە ڕووی دەکردە قودس ، قیبلەی دەخستە پشتیەوە شامی دەخستە لای پێشیەوە ، بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت کەخودا پێچەوانەی ئەوەی پێڕادەگەیەنێت ، هەربۆیە بەردەوام ڕووی لەئاسمان بوو چ کاتێک خودا بەوەحی لەڕێگەی جبریلەوە ئاگاداری دەکاتەوە ڕوو بکاتە کەعبە ؟ ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( قَدْ نَرَى تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ) البقرة/144 .
واتە : بەتەئکید دەزانین تۆ چاوەڕوانی لەئاسمانەوە فەرمانی گۆڕینی قیبلەت بۆ بێت ، ڕوت دەکەینە ڕووگەیەک کە لێی ڕازی بیت ، ڕووت وەرگێڕە بەرەو کەعبە.
جا دەبینی خوای پەروەردگار فەرمانی پێ کرد ڕوو بکاتە کەعبە.

بەڵام لەسێ حاڵەت دەتوانرێت ڕوو نەکرێتە قیبلە :
حاڵەتی یەکەم : گەر توانای نەبوو ، وەک : نەخۆشێک نەتوانێت ڕووی وەرگێڕێت بەرەو قیبلە ، لەم حاڵەتەدا ڕوو کردنە قیبلەی لەسەر لادەچێت ؛ بەبەڵگەی بەم ئایەتە : ( فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُم ) التغابن/16 .واتە : گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خودا بکەن بەگوێرەی توانا .
وەهەروەها بەبەڵگەی ئەم ئایەتە : ( لا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْساً إِلا وُسْعَهَا ) البقرة/286 .
واتە :خودا هیچ فەرمانێکتان پێ ناکات کە لەتواناتاندا نەبێ .
وەهەروەها بەبەڵگەی ئەم فەرمووودەیەیی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ( إِذَا أَمَرْتُكُمْ بِأَمْرٍ فَأْتُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ ) رواه البخاري (7288) ومسلم (1337) .
واتە :کاتێ فەرمانێکم پێتان کرد جێ بەجێی بکەن بەپێی توانا .

حاڵەتی دووەم : گەر ترسێکی زۆری لەسەر بێت ، وەک ئەوەی بەدوایەوە بن لەدەستی دوژمنێک ڕایکردبێت یاخود دڕندەیەک ڕاوی بنێت یاخود لەترسی ئاو ڕابکات ،بەبەڵگەی بەم ئایەتە : ( فَإِنْ خِفْتُمْ فَرِجَالاً أَوْ رُكْبَاناً فَإِذَا أَمِنْتُمْ فَاذْكُرُوا اللَّهَ كَمَا عَلَّمَكُمْ مَا لَمْ تَكُونُوا تَعْلَمُونَ ) البقرة/239 .
واتە : گەر ترستان لەسەر بوو ئەوا بە ڕێکردن و بەسواری ، خۆ ئەگەر ترسەکەتان لەسەر نەما ئەوا بەو شێوەیە عیبادەت بکەن کە فێر کراون و پێشتر نەتان دەزانی .
جا کەلیمەی : ( فَإِنْ خِفْتُمْ ) گشتگیرە و هەموو جۆرە ترسێک دەگرێتەوە، وەهەروەها ڕستەی : ( فَإِذَا أَمِنْتُمْ فَاذْكُرُوا اللَّهَ كَمَا عَلَّمَكُمْ مَا لَمْ تَكُونُوا تَعْلَمُونَ ) .
بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەر زیکرێک و عیبادەتێک مرۆڤ لەترسا وازی لێ بێنێت هیچی لەسەر نی یە ، حەتمەن قیبلەش بەشێکە لەو عیبادەتانە .
وە ئەو فەرموودەیەش و ئەو دوو ئایەتەش کەپێشتر ئاماژەمان پێ کرد بەڵگەن لەسەر ئەوە کە واجب بوونی هەر کارێک بەستراوەتەوە بەتواناوە .

حاڵەتی سێ یەم : نوێژی سوننەت گەر لەسەفەرا بێت جا لەسەر وڵاخ و ناو تەیاره بێت یاخود سەیارە ، ئەوا نوێژە سوننەتەکان ئەنجام دەدرێت ڕووی لەهەر جێیەک بوو ، جا نوێژی سوننەت ، وەک : ویتر ، شەو نوێژ ، نوێژی چێشتەنگا ....هتد .

تێبینى: کەسێک لەسەفەردا بێت باش وایە هەموو سوننەتەکانی بکات وەک کەسێک کەلەماڵدایە ،تەنها هەندێ سوننەت نەبێت ، وەک : سوننەتى پێش و پاش نیوەڕۆ ، وە سوننەتى دواى مەغریب ، وە سوننەتى دواى عیشا ٫ ئەمانە سوننەت وایە لەسەفەردا نەکرێت .
گەر ویستی سوننەت بکات و لەسەفەردا بوو با سوننەتەکەی بکات ڕووی لەهەر جێگەیەک بوو حەتمەت ئەمەش لەپێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم وارد بووە لەصەحیحی بوخاری و موسلیم دا .
جا ئەمەسێ حاڵەت بوون کەڕوو کردنە قیبلە تیاندا واجب نی یە .

بەڵام کەسی نەزانێت قیبلە لەکوێوەیە واجبە ڕوو بکاتە قیبلە، بەڵام گەر هەوڵی دا قیبلە بزانێت پاشان دوای بۆی دەرکەوت کە ڕووی نەکردۆتە قیبلە و بەهەڵەدا چووە ، ئەوا دووبارە کردنەوەی نوێژەکەی لەسەر واجب نی یە ،بەڵام پێی ناڵێی : ڕوو کردنە قیبلەی لەسەری لاچووە ، بەڵکو دەڵێین : دەبێ هەوڵ بدات بۆ ئەوەی بزانێت قیبلە کەوتووەتە کوێوە ، پاشان گەر بەهەڵەدا چووبوو ئەوا واجب نی یە لەسەری نوێژەی کەی دوو بارە بکاتەوە ، بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کاتێک هاوەڵانی پێغەمبەر نەیان زانی قیبلە گۆڕاوە بۆ کەعبە و کاتێ ڕۆژێک لەمزگەوتی قوباء نوێژیان دەکرد کەسێک هاتو و هەواڵی گۆڕانی قیبلەی پێ دان کەئەم شەو قورئان دابەزیوە و فەرمان بەپێغەمبەر پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم کراوە ڕوو بکاتە کەعبە ، ئەوانیش ڕویان وەرێڕا بەرەو قیبلە لەکاتێکدا ڕویان لەشام بوو . رواه البخاري (403) ومسلم (526) .
دوای ئەوەی کەعبە لەپشتیانەوە بوو ڕوویان تێ کرد، وبەردوەوام بوون لەنوێژەکەیان ، ئەمەش لەسەردەمی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم ڕوی دا و ئینکاری لێیان نەکرد ، جا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەر مرۆڤ بەنەزانین ڕوی کردە شوێنێک کەقیبلە نەبوو ئەوا واجب نی یە لەسەری نوێژەکەی دووبارە کاتەوە ، بەڵام گەر لەناو نوێژەکەشدا زانی ڕوو کردنەکەی هەڵەیە ئەوا واجبە ڕوو بکاتە قیبلە .
جا بێگومان ڕوکردنە قیبلە شەڕتێکە لەشەڕتەکانی نوێژ و نوێژ دروست نی یە ئیلا بەڕو کردنە قیبلە نەبێت ، تەنها لەو سێ حاڵەتەدا دروستە ڕو نەکەرێتە قیبلە کەپێشتر ئاماژەمان کرد ،وەهەروەها تەنها کاتێکیش نەبێت کەمرۆڤ دوای هەڵدان بەدوای زانینی قیبلەدا بە هەڵەدا بچێت لەو حاڵەتەشدا نوێژەکەی دوو بارە ناکاتەوە .
"مجموع فتاوى ابن عثيمين" (12/433- 435) .

سەردان: ٩٢٦ بەش: حوکم و گرنگى نوێژ