خوشكەكەم شوى كردووە لە وەتەى ڕەمەزانە كەوتۆتە خوێنى بێنوێژى یەوە لە مەوعیدى ئاسایى خۆى لایداوە : ماڵپەڕی وەڵامەکان
خوشكەكەم شوى كردووە لە وەتەى ڕەمەزانە كەوتۆتە خوێنى بێنوێژى یەوە لە مەوعیدى ئاسایى خۆى لایداوە
پرسیار:

خواى گەورە پاداشتان بداتەوە لەسەر كردەوەى چاكەتان مامۆستایانى بەڕێز ئەگەر هاوكاریم بكەن لە وەڵام دانەوەى ئەم پرسیارەدا چونكە زۆر زۆر زەرورین،خوشكەكەم شوى كردووە لە وەتەى ڕەمەزانە كەوتۆتە خوێنى بێنوێژى یەوە لە مەوعیدى ئاسایى خۆى لایداوە كە ئەبوو شەش ڕۆژى تێدا ببێت بەڵام وا بۆتە دە ڕۆژەو خوێنێكى سورى زۆرى لێ دەڕوات بڕى خوێنەكەش زۆرە كەم نیە جا نازانم ئەتوانێت بەڕۆژو بێت یان نا چونكە لەوە ئەچێت ئەو خوێنە هى نەخۆشى بێت تكاتان لێ ئەكەم زوو وەڵامم بدەرەوە چونكە ڕۆژوویەكى زۆر قەرزار ئەبێت ئەگەر وەڵامەكەم دوا بكەوێت تكایە هاوكاریم بكەن لە زوو وەڵامدانەوەى قەینا بەڕۆژوو بێت و ئەو خوێنەشى هەر هەبێت بەڵام لەم كاتەدا وابزانم ناتوانى نوێژ بكات تەنها ئەتوانى بەڕۆژوو بێت تكایە ڕونكردنەوەى زیاترم لێتان ئەوێت.

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
ئەگەر ئافرەت مەوعدى حەیز و ژمارەى ڕۆژەكانى حەیزى زانراو بوو، كەچى خوێنى زیادەى هەبوو لە سەر عادەكەى، ئەوا هەموو جارێك دەبێت بە گوێرەى ئەوە بڕوانێتە خوێنى عادەكەى (سوڕى مانگانە).
ئەوەش لە بەر ئەم فەرموودەیە كە تێیدا هاتووە:: أن فاطمة بنت أبي حبيش جاءت رسول الله () فقالت: إني امرأة استحاض فلا أطهر أفأدع الصلاة ؟ قال: إنما ذلك عرق وليست بالحيضة، فإذا أقبلت الحيضة فدعي الصلاة، وإذا أدبرت فاغسلي عنك الدم ثم صلي. (حديث صحيح).
واتە: من ئافرەتێكم تووشى بێ نوێژى دەبم و پاك نابمەوە، ئایا واز لە نوێژەكانم بێنم ؟ فەرمووى: ئەوە دەمارێكە خوێنى بەر دەبێت، ئەوە بێ نوێژى نیە. جا ئەگەر عادەكەت دەستى پێ كرد ـ عادەكە: واتە ئافرەتەكە عادەى خۆى دەناسێتەوە ـ ئەوا واز لە نوێژكردن بێنە، وەكە تەواو بوو ـ بە پێی ئەو زانیاریەى كە هەتە سەبارەت بە عادەكەت ـ ئەوا خوێنەكە بشۆە و، پاشان نوێژەكانت بكە.قال رسول الله (): امكثي قدر ما كانت تحبسك حيضتك، ثم اغتسلي (حديث صحيح).
واتە: پێشتر عادە و سوڕى مانگانەت چەند ڕۆژ ڕێگرت دەبوو لە نوێژ نەكردن و ڕۆژوو نەگرتن ئەوەندە دابنیشە، و پاشان خۆت بشۆ و واجباتەكانت بكە.
ئەو خوێنەش كە زیاد دەبێت لە سەر عادەى مانگانەكەى ئەوا لە شەرعدا زانایان پێی دەڵێن (دم الأستحاضة ) واتە: خوێنى زیاد لەسەر خوێنى عادە، یان خوێنى نەخۆشى، یان هەر ناوێكى تر بۆ ئەوەى لە خوێنى عادە جیا بكرێتەوە.
كەواتە: ئەوەى كە لە سەر خوشكى تۆ پێویستە لە ئەحكامە شەرعیەكان:
1 / واجب و پێویستە لە سەرى نوێژەكانى ئەنجام بدات، دواى تێپەڕ بوونى ڕۆژانى عادەكەى كە پێشتر دەیزانێت.
2 / واجب و پێویستە لە سەرى ڕۆژووى مانگى ڕەمەزان بە ڕۆژوو بێت، سەرەڕاى بوونى ئەو خۆێنە، چونكە ئەو خوێنە خوێنى حەیز نیە.
3 / حەڵاڵە بۆ مێردەكەى لە گەڵیدا جووت بێت، لەو كاتانە كە بە ڕۆژوو نیە، چونكە حوكمى وەكو ئەوەیە كە لە پاكیدا بێت.
4 / سوننەتە بۆ هەموو نوێژێك غوسڵ بكات، یان بۆ نوێژى نیوەڕۆ و عەسر لەگەڵ یەكدا، و نوێژى مەغریب و عیشاش لەگەڵ یەكدا، نوێژى بەیانیش بە تەنها غوسڵ بكات، یان هەموو ڕۆژێك جارێك غوسڵ بكات.
وە سەبارەى بەوەى كە بیستووتە، زانیاریەكى هەڵەیە و داواكاریشم لە بابەتە ئایینیەكان ووشەى: ((وا بزانم !!!)) بە كار نەهێنیت، وازى لێ بهێنیت بۆ كەسان و شەرع زانانى خۆى، خواى پەروەردگاریش زاناترە لە هەمووان.
وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٢,٦٧٣ بەش: ڕۆژوو