ئایا لە کاتى طەواف و سەعى نێوان صەفا و مەڕوەدا مەرجە دەست نوێژت هەبێ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا لە کاتى طەواف و سەعى نێوان صەفا و مەڕوەدا مەرجە دەست نوێژت هەبێ؟
پرسیار:

ئایا لە کاتى طەواف و سەعى نێوان صەفا و مەڕوەدا مەرجە دەست نوێژت هەبێ؟
لەکاتی تەواف کردندا دەست نوێژەکەم شکا ، ونەم زانی چ بکەم ، دەرچووم ودەس نوێژم گرت وتەوافەکەم دووبارە کردەوە وپاشان لەنێوان سەفا ومەڕوەدا هاتم و چووم ، ئایا ئەم کارەم تەواوە ؟

کارێکی باشت کردووە کەدەس نوێژەکەت گرتۆتەوە بۆ تەواف کردن ، و وەک ئیحتیات کارێکی باشت ئەنجام داوە ، وەبێگومان زۆربەی زانایان پێیان وایە بۆ تەواف کردن مەرجە مرۆڤ دەس نوێژی هەبێت ، هەروەک چۆن نوێژ بەبێ دەس نوێژ دروست نی یە بەهەمان شێوەش تەواف دروست نی یە بەبێ دەس نوێژ .

ابن قدامة دەڵێت :
دەس نوێژ گرتن مەرجی دروستی تەواف کردنە ، لەمەزهەبی مەشهوری ئیمام ئەحمەددا وەهەروەها بۆچوونی ئیمام مالیک و شافعی شە .

بەڵگەی جمهوری زانایان لەسەر مەرج بوونی دەس نوێژ گرتن بۆ تەواف بریتی یە لە :

یەکەم : ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : ( الطَّوَافُ بِالْبَيْتِ صَلاةٌ ، إلا أَنَّكُمْ تَتَكَلَّمُونَ فِيهِ ) . رواه الترمذي (960) وصححه الألباني في إرواء الغليل (121).
واتە : تەواف کردن بەدەوری کەعبەدا نوێژە و وەک نوێژ وایە تەنها ئەوە نەبێت دروستە لەکاتی تەواف کردندا قسە بکرێت .

دووەم : لەسەحیحی بوخاری وموسلیم دا لە عائشة رضي الله عنها هاتووە کە گوتوویەتی : ( لما أراد أن يطوف توضأ ) .
واتە : کاتێ پێغەمبەر ویستی تەواف بکات دەس نوێژی گرت .
وەهەروەها فەرموویەتی : (خذوا عني مناسككم) . رواه مسلم (1297).
واتە : لەمنەوە چۆنیەتی حەج وعەمرە کردن فێر ببن و وەری بگرن .
فتاوى الشيخ ابن باز (17/213-214) .

سێیەم : لەسەحیحی بوخاری وموسلیم دا هاتووە پێغەمبەر بە عائشەی فەرمووە (کاتێ کەوتۆتە سوڕی مانگانەوە) : ( افْعَلِي مَا يَفْعَلُ الْحَاجُّ غَيْرَ أَنْ لا تَطُوفِي بِالْبَيْتِ حَتَّى تَطْهُرِي ) .
واتە : هەموو شتێک بکە کەحاجی دەیکات تەنها ئەوە نەبێت تەواف مەکە بەدەوری کەعبەدا تاوەکو پاک دەبیتەوە .

وە پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله :
ئافرەتێکی نزیکم هەیە لەڕەمەزاندا عومڕەی کردووە ، وکاتێ چووتە نێو حەڕەمی مەککەوە دەس نوێژی شکاوە وبایەکی لێوە دەرچووە ولەڕووی نەهاتووە بڵێ دەس نوێژم شکاوە ودەس نوێژ دەگرم ، پاشان تەوافی کردووە وکاتێ تەوافەکەی تەواو کردووە بەتەنها چووە دەس نوێژی گرتووە پاشان هاتووە وچووە لەنێوان سەفا ومەڕوەدا؟، جا ئایا خوێن یاخود کەفارەتی لەسەرە ؟
لەوەڵامدا گوتوویەتی :
تەوافەکەی سەحیح نی یە ، چونکە یەکێک لەمەرجەکانی تەواف دەس نوێژە هەروەک چۆن دەس نوێژ مەرجە بۆ نوێژ کردن ، بۆیە پێویستە لەسەری بگەڕێتەوە بۆ مەککە وتەواف بکات وباش وایە هاتن وچوونی نێوان سەفا ومەڕوەش دوو بارە بکاتەوە ، چونکە زۆربەی زانایان پێیان وایە نابێت هاتن وچوونی نێوان سەفا ومەڕوە پێش تەواف کردن بخرێت ، پاشان بەشێک لەپرچی هەمو سەری کورت دەکاتەوە وجلی ئیحڕام دادەکەنێت ، خۆ ئەگەر مێردی هەبوو ومێردەکەی لەگەڵی جووت بوو بوو ئەوا پێویستە لەسەری حەیوانێک سەر ببڕێت بۆ هەژارانی شاری مەکە ، وپێویستە لەسەری عەمڕەیەکی تازە بکاتەوە و لەو شوێنەوە ئیحڕامەکەی ببەستێ کەپێشتر لێوەی ئیحڕامی بەستووە ، جا ئەم کارە پێویسته بکات ئێستا بێت یاخود لەداهاتوودا بەپێی توانا . والله وليّ التوفيق اهـ .
فتاوى الشيخ ابن باز (17/214-215) .

وەهەروەها پرسیاری لێکراوە :
پیاوێک تەوافی کردووە ولەوکاتەدا بایەکی لێوە دەرچووە ، ئایا پێویستە لەسەری تەوافەکەی ببڕێت یاخود بەردەوام دەبێت ؟
لەوەڵامدا گوتوویەتی :
گەر مرۆڤ دەس نوێژی شکا جا بەهەر هۆکارێک بێت ئەوا تەوافەکەی کۆتایی پێ دێت وەک نوێژ ، بۆیە دەچێت دەس نوێژ دەگرێت وپاشان دوو بارە لەسەرەتاوە تەوافەکەی دەس پێدەکاتەوە ، ئائەمە بۆچوونی ڕاست ودروستە ، و ئەم بابەتە جیاوازی تێدا لەنێوان زانایاندا ، بەڵام ئەوە بۆچوونی ڕاستە ، بەبەڵگەی ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبە : ( إذا فسا أحدكم في الصلاة فلينصرف وليتوضأ وليعد الصلاة ) . رواه أبو داود وصححه ابن خزيمة ،
واتە : گەر یەکێک لەئێوە لەنوێژدا بای لێ بووەوە با بچێت ودەس نوێژ بگرێت ونوێژەکەی دوو بارە بکاتەوە .
و (تەواف)کردنیش وەک نوێژ وایە وبۆیە دەبێ دەس نوێژی بۆ بگیردرێت .... اهـ .
مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (17/216-217) .

وەهەندێ لەزانایان پێیان وایە مەرج نی یە بۆ تەواو کردن دەس نوێژت هەبێت .
وەئەوەش مەزهەبی ئەبو حەنیفە و شيخ الإسلام ابن تيميةش ئەم بۆچوونەی هەڵبژاردوە ، و لەوەڵامی ئەو بەڵگانەی بۆچوونی یەکەمدا گوتویانە :
فەرموودەی ( الطواف بالبيت صلاة... ) دەڵێن : سەحیح نی یە وفەرمایشتی پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نی یە ، وبەڵکو قسەی ابن عباس رضي الله عنهما .

ئیمامی النووي لە(المجموع)دا ، دەڵێت :
بۆچوونی سەحیح ئەوەیە ئەو قسەیە ( مَوْقُوف )ە لەسەر (ابْنِ عَبَّاسٍ)و قسەی ئەوە ، وئیمامی ( الْبَيْهَقِيُّ )و جگە لەویش هەمان قسەیان کردووە .
وەبەنیسبەت کاری پێغەمبەرەوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ و ئەو بەدەس نوێژەوە تەوافی کردووە بەدەوری کەعبەدا ، دەڵێت : ئەمە بەڵگە نی یە لەسەر واجب بوونی دەس نوێژ بەڵکو تەنها بەڵگەیە لەسەر سوننەتی ؛ چونکە ڕاستە پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ئەو کارەی کردووە بەڵام لێوەی وارد نەبووە فەرمانی پێ کردبێت .

وەهەروەها بەنیسبەت ئەو فەرمایشتەی کەفەرمانی بە عائشة کردووە وپێی فەرمووە : ( افْعَلِي مَا يَفْعَلُ الْحَاجُّ غَيْرَ أَنْ لا تَطُوفِي بِالْبَيْتِ حَتَّى تَطْهُرِي ) .
واتە : هەموو شتێک بکە کەحاجی دەیکات تەنها ئەوە نەبێت تەواف مەکە بەدەوری کەعبەدا تاوەکو پاک دەبیتەوە .

جا بۆیە ڕێگری لێکردووە لەتەواف کردن چونکە لەسوڕی مانگانەدا بووە ، وحەتمەن ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدا بێت دروست نی یە بچێتە نێو مزگەوتەوە .

شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت :
ئەو کەسانەی بەمەرجیان داناوە بۆ تەواف کردن دەس نوێژ بگیرێت ئەسڵەن هیچ بەڵگەیەکیان پێ نی یە ، وە بەتەئکید هیچ کەسێک لەپێغەمبەرەوە هیچ شتێکی لەم بارەیەوە نەگێڕاوەتەوە نەبەسەندێکی سەحیح ونەبەسەنەدێکی زەعیفیش کەتیایدا فەرمان بەدەس نوێژ گرتن کرابێت بۆ تەواف ، ئەمە لەکاتێکدا خەڵکێکی زۆر حەجیان لەگەڵ لەپێغەمبەردا کردووە ، وەهەروەها چەند جارێک عەمڕەی کردووە وخەڵکیش لەگەڵیدا عەمڕەیان دەکرد ، خۆ ئەگەر دەس نوێژ گرتن واجب بوایە ئەوا پێغەمبەر بەجوانی ڕوونی دەکردەوە ، وبێگومان گەر ڕوونی بکردایەتەوە هاوەڵان بۆمانیان دەگێڕایەوە وکەم تەرخەم نەدەبوون تێیدا ، بەڵام لەفەرموودەی سەحیح دا هاتووە کەبەدەس نوێژەوە تەوافی کردووە ، وەئەمەش بەتەنها نابێتە بەڵگە لەسەر واجبی ؛چونکە پێغەمبەر جار واهەبووە بۆ هەموو نوێژێک دەس نوێژی گرتووە ، وفەرموویەتی : " إني كرهتُ أن أذكر الله إلا على طهر " ... .اهـ .
واتە : من پێم خۆش نی یە یادی خودا بکەم ئیللا بەدەس نوێژەوە نەبێت .
"مجموع الفتاوى" ( 21 / 273 ) .

وەئەم بۆچوونە ، (ئەوەی کەپێی وایە دەس نوێژگرتن واجب نی یە بۆ تەواف کردن)هەرچەندە بەهێزە وبەڵگەکان ئەوە دەخوازن بەڵام باش نی یە مرۆڤ تەواف بکات بەبێ دەس نوێژ ، چونکە بێگومان تەواف کردن بەدەس نوێژەوە باشترە ، وئیحتیاتی تێدایە ، و بەوە مرۆڤ ڕزگار دەبێ لەموخالەفە کردنی جمهوری زانایان کەپێیان وایە دەس نوێژگرتن مەرجە بۆ تەواف کردن .

بەڵام ئینسان کار بەو بۆچوونە دەکات گەر لەسەری قورس بوو دەس نوێژ بگرێت ، وەک لەکاتی حەج کردندا ، یاخود کەسێک نەخۆش بێت یاخود بەتەمەن بێت ونەتوانێت دەس نوێژ ڕابگرێت لەکاتێکدا کەقەرەباڵغییەکی زۆریش دروست بووە .

وە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله دوای ئەوەی وەڵامی بەڵگەی جمهوری زانایان دەداتەوە ودەڵێت :
کەواتە : بۆچوونی ڕاست کەدڵ پێی ئارم دەبێت ئەوەیە :
مەرج نی یە بۆ تەواف کردن دەس نوێژ بگیردرێت ، بەڵام بێگومان بەدەس نوێژەوە باشترە وجێبەجێ کردنی سوننەتی پێغەمبەرە ، وباش نی یە دەس بەرداری دەس نوێژ ببێت ، بەڵام حەتمەن هەندێ جار مرۆڤ ناچار دەبێت ئەو بۆچوونە هەڵ بژێرێت کە شيخ الإسلام پێی تەواوە .
بۆ نموونە : گەر دەس نوێژی شکا لەکاتی تەواف کردندا وقەرە باڵغییەکی زۆر هەبوو ، ئەوا ئەو بۆ چوونەی کەپێی وایە دەبێ بڕوات ودەس نوێژ بگرێت ناڕەحەتییەکی زۆری تێدایە و بەڵگەیەکی سەڕیحیشی لەسەر نی یە ، بۆیە نابێت خەڵکی پێوە ئیلزام بکرێت ، بەڵکو شوێن ئەو بۆچوونە دەکەوین کەئاسان ترە ؛ چونکە ئیلزام کردنی خەڵک بەشتێکەوە بەبێ بەڵگە پێچەوانەی ئەو فەرمایشتەی خوای پەروەردگارە : (يريد الله بكم اليسر ولا يريد بكم العسر) . البقرة / 185 اهـ . " الشرح الممتع " ( 7 / 300 ) .
واتە : خودا ئاسان کاری بۆ ئێوە دەوێت ونایەوێت توشی ناڕەحەتی ببن .

بەڵام بەنیسبەت سەعى لەنێوان سەفا ومەڕوەدا :
مەرج نی یە دەس نوێژی بۆ بگیردرێت وئەوەش مەزهەبی ( أبي حنيفة ومالك والشافعي وأحمد ) ، بەڵکو دروستە بۆ ئافرەتێک لەسوڕی مانگانەشدا بێت سوڕ بخوات لەنێوان سەفا ومەڕوەدا ؛ چونکە پێغەمبەر تەنها ڕێگری کردووە لە ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدا بێت لە(تەواف)کردن و بەعائیشەی (کاتێ تووشی سوڕی مانگانە بوو) فەرموو ( - : " افعلي ما يفعل الحاج غير أن لا تطوفي بالبيت " . انظر المغني 5 / 246 .
واتە : هەموو شتێک بکە کەحاجی دەیکات تەنها تەواف مەکە بەدەوری کەعبەدا .

وە الشيخ ابن عثيمين دەڵێت :
گەر کەسێک سەعى کرد لەنێوان سەفا ومەڕوەدا بەبێ دەس نوێژ ، یاخود لەشی گران بوو ، ویاخود ئافرەتێک لەسوڕی مانگانەدا بوو ، ئەوا دروستە ، بەڵام باشتر وایە بەدەس نوێژەوە بکرێت .
" الشرح الممتع " ( 7 / 310 ، 311 ) .
والله أعلم .

سەردان: ٣,٤٨٦ بەش: حەج و عومرە