ئەگەر پیاو لەکاتى جیماع کردن لە گەڵ خێزانى بیر لە ئافرەتى تر بکاتەوە تاوان بار دەبێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر پیاو لەکاتى جیماع کردن لە گەڵ خێزانى بیر لە ئافرەتى تر بکاتەوە تاوان بار دەبێت؟
پرسیار:

لە کاتى جیماع کردن لەگەڵ خێزانم بیر و خەیاڵم دەڕوات بۆ لاى ئافرەتانى تر
ئایا حوکمی شەرع چی یە لەم بارەیەوە ؟
وە ئایا چۆن خۆمان لەم بیرکردنەوە و خەیاڵانە بەدوور بگرین؟

یەکەم :
خەیاڵ وبیر کردنەوە توشی زۆربەی هەرە زۆری مرۆڤەکان دەبێت بەگوێرەی ئەو زەمان و کۆمەڵگایەیی کەتیایدا دەژی و ئەو وێنانەی کەڕۆژانە دەیبینێت وبەرچاوی دەکەوێت ، بەڵام ئەمە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە لەڕووی کاریگەری و جۆرەوە .

جا شەریعەتی ئیسلامی شەریعەتێکە لەگەڵ فیتڕەتی مرۆڤدا گونجاوە ، بەشێوەیەکە لەگەڵ تەبیعەتی مرۆڤەکاندا گونجاوە و فەرمان بەشتێک یاخود ڕێگری لەشتێک ناکات کەلەتوانای مرۆڤد نەبێت .
خوای پەرووەردگار فەروویەتی : ( لاَ يُكَلِّفُ اللّهُ نَفْساً إِلاَّ وُُسْعَهَا ) البقرة/286 ،
واتە : خودا فەرمانی شتێک بەهیچ کەسێک ناکات تەنها ئەوەندە نەبێت کەلەتوانایدا هەبێت .

وەهەروەها پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەروویەتی : ( إِنَّ اللَّهَ تَجَاوَزَ لأُمَّتِي مَا حَدَّثَتْ بِهِ أَنفُسَهَا مَا لَمْ يَتَكَلَّمُوا أَوْ يَعمَلُوا بِهِ ) رواه البخاري ( 2528 ) ومسلم ( 127 ) .
واتە : خودا لەئومەتەکەم خۆش بووە لەوەی کەبەدڵیاندا دێت بەمەرجێک بەقسە دەری نەبڕن یاخود بەکردار ئەنجامی نەدەن .

وە النووي - رحمه الله - لەشەرحی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت :
داڵغە گەر جێگیر نەبێت وخاوەنەکەی بەردەوام نەبێت لەسەری : ئەوا بەکۆ دەنگی زانایان بوراوە ؛ چونکە بەویستی ئەو کەسە ڕوی نەداوە ، وناتوانێت خۆی لێ دوور بخاتەوە وبەتەواوی و وازیێ بێنێت .
" الأذكار " ( ص 345 ) .

جا هەرچی خەیاڵ وبیر کردنەوەی حەڕام هەیە کەبەدڵی مرۆڤ دا دێت تاوانی لەسەر نی یە بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی ئاماژەمان پێدا ، بەڵام باشتر وایە بەگوێرەی توانا هەوڵ بدات لەخۆی دوور خاتەوە .

دووەم :
بەڵام گەر کەسێک بەئەنقەست بەزۆر لەخۆکردن خەیاڵی شتی حەڕام بەمێشکی خۆیدا بێنێت ، بۆ نموونە کاتێ پیاوێک لەگەڵ خێزانەکەیدا جیماع دەکات و لەو کاتەدا بیر لەکەسێکی تر دەکاتەوە ، تاوەکو وەک ئەوەی لەگەڵ ئەودا جیماع دەکات ، ئەوا بەشێک لە زانایان دەفەرموون حەڕامە ، و ئەو کەسەش تاوان بارە کەبیر لەوێنەی حەڕام دەکاتەوە لەکاتی جوت بوونی لەگەڵ خێزانیدا .

وە ابن مفلح الحنبلي – رحمه الله - دەڵێت :
ابن عقيل باسی لەو بابەتە کردووە وتەئکیدی لێ کردۆتەوە لەکتابی " الرعاية الكبرى " : گەر پیاو لەکاتی جیماع کردن لەگەڵ خێزانی وێنەی کەسێکی نامەحڕەم لەپێش چاوی خۆی دابنێت ئەوا تاوان بار دەبێت ...بەڵام تەنها بەبیر کردنەوە تاوان بار نابێت .
" الآداب الشرعية " ( 1 / 98 ) .
جا ئەوەی باس کراوە بەتەنها تایبەت نی یە بەپیاو بەڵکو ئافرەتیش دەگرێتەوە ، بەڵکو زیاتر ؛ چونکە لەم سەردەمەدا زیاتر ئافرەتان دەردەچن.

وە النووي – رحمه الله - دەڵێت :
هۆکاری لێ خۆش بوون لە ( وەی بەدڵی مرۆڤدا دێت ) لەبەر ئەوەیە کەباسمان کرد کەناتوانێت خۆی لێ دوور بخاتەوە ، بەڵام دەتوانرێت بەردەوام نەبێت لەسەری ، هەر بۆیە بەردەوام بوون لەسەری وئاڵودە بوون پێوەی حەڕامە .
" الأذكار " ( 345 ) .

جا ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە بوترێت ئەو بیر کردنەوەیە مەکڕهە گەر نەڵێین حەڕامە ، ئەوەش لەبەر ئەم هۆکارانە :

یەکەم : زۆربەی پسپۆڕانی دەروونی بیرکردنەوی نەفسی لەبابەتی جنسی بەشتێک لە چوونی نەفس لەقەڵەم دەدەن کاتێ کەزاڵ بوو بەسەر عەقڵدا هەموو خۆشیەکی لەبەر چاو دەخات کەلەو ڕێگەیەوە نەبێت ، ئەوەش ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ بیر کردنەوەیەکی جنسی کە شیاو نەبێت .

دووەم : شەریعەتی ئیسلامی قاعیدەیەکی تیادا هەیە کەئەویش پێی دەوترێت( سد الذرائع ) ، واتە: داخستنی ڕێگاکانی خراپە ، وڕێگری کردن لەهەر ڕێگایەک کەببێتە هۆکاری شتی خراپ ، جا بیر کردنەوە لەبابەتی جنسی حەڕام ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ شتی حەڕام ، هەر کەسێک بیر لەشتێک بکاتەوە وئاواتی بۆ بخوازێت حەتمەن نەفسی بۆ ئەوە دەچێت هەوڵی بۆ بدات وهەوڵی زیاد کردنی بدات ، پاشان هەوڵی بینینی وێنە حەڕامەکان بدات ، وچاوەکانی لەسەر شتی حەڕام ڕابێت ، وەک هەوڵ دانێک بۆ تێر کردنی ئارەزوی کە وای لێهاتووە بەستراوەتەوە بەو بیر کردنەوەیەوە .

سێیەم : زۆربەی ئەو بیر کردنەوانە بەهۆی هۆکاری حەڕامەوە دروست دەبێت ، وەک کەناڵە ئاسمانیەکان وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوانەی کەهەموو جۆرە وێنەی ئافرەتی ڕووت ونیمچە ڕوت بڵاو دەکەنەوە .

چوارەم : لەکۆتایادا زۆر بیر کردنەوە وا لەهەریەک لەژن ومێرد دەکات دڵیان لای یەک نەبێت وهیچ حەزیان بەیەک نەمێنێت ، حەتمەن لەوێوە دەردەسەری و کێشەکانی خێزان دروست دەبن .

جا لەبەر هەموو ئەمانە ، ئامۆژگاریمان بۆ ئەو کەسانەی کەتوشی ئەو دەردە بوون پەلە بکەن لەواز هێنان لێی ودەتوانن لەم ڕێگیانەوە هەوڵی خۆ ڕزگار کردن بدەن :

یەکەم : بەتەواوەتی دوور کەوتنەوە لەو هۆکارانەی کەوا دەکەن مرۆڤ ئەو خەیاڵانەی لا دروست بێت ، چونکە چارەسەرکردنی بیرکردنەوە ، بڕینی هۆکارەکانیەتی کە وا دەکەن مرۆڤ بیری بەلایاندا بچێت ، هەر بۆیە گەر ئەو هۆکارانە بن بڕ نەکرێن ئەوا ناتوانرێت ئەو بیر کردنەوانە بن بڕ بکرێن وەک تەماشا کردنی فلیم و وێنەی حەڕام کە لەکەناڵ وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاو دەبنەوە دەبێت .

دووەم : پارێزگاری کردن لەزیکرە شەرعیەکان ، بەتایبەت ئەو پاڕانەوەیەیی کەلەکاتی جیماع دا دەکرێت بۆ نمونە كاتێك جلەكانت دادەكەنیت بڵێ: (بسم الله)، بۆ ئەوەی جنۆكە سەیری لاشەت نەكات و لێت نزیك نەبنەوە و ئەو جۆرە خەیاڵانەت بۆ دروست نەكەن.
پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ((ستر ما بين أعين الـجن وعورات بني آدم إذا وضع أحدهم ثوبه أن يقول: بسم الله)) [صحيح الـجامع الصغير رقم: (3610)] .
واتە: پەردەی نێوان چاوی جنۆكە و عەورەتی ئادەمیزاد ئەوەیە لە كاتێكدا جلەكانی دادەكەنیت بڵێت: (بسم الله).

وه ئەگەر ویستت لە گەڵ خێزانەكەتدا جووت ببیت ئەوا پێش ئەوە بڵێ: (بسم الله الَّلهُمَّ جَنِّبْنَا الشَّيْطَانَ ، وَجَنِّبِ الشَّيطَانَ مَا رَزَقتَنَا ) چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی: ((لو أنَّ أحدكم إذا أراد أن يأتـي أهله قال: بسم الله اللهم جنبنا الشيطان وجنب الشيطان ما رزقتنا، ثُم قدر أنْ يكون بينهما ولد في ذلك لـم يضره شيطان أبداً)) [متفق عليه] .
واتە: ئەگەر یەكێك لە ئێوە ویستی بچێتە لای خێزانەكەی و بڵێت: (بە ناوی خواوە، خوایە بە دوورمان گرە لە شەیتان و شەیتان دوور بخەرەوە لەوەی كە پێمان دەبەخشیت) ئەنجا ئەگەر خوا داینابێ كەوا منداڵیان ببێت لەو جووت بوونەوە ئەوا هەرگیز هیچ شەیتانێك زەرەر و زیانی پێناگەیەنێت.

سێیەم : لە خوا بترسە و گوێ بە وەسوەسەی شەیتان مەدە و داوا بكە لە خوا كە لەو خەیاڵاتە خراپانە پەنات بدات.

چوارەم : سەیری ئافرەتانی تر مەكە (واتە: نەزەر مەكە) بۆ ئەوەی خەیاڵت نەڕوات بۆ لای ئەوان چونكە ئەمە كارێكی حەرامە و تاوانە.

پێنجەم : بڵێ بە خێزانت با لە كاتی چونە سەر جێگەدا خۆی بۆت بڕازێنێتەوە و یاری و قسەی خۆشت بۆ بكات بۆ ئەوەی سەرجی تۆ ڕابكێشێت بۆ لای خۆی و بیروخەیاڵت بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەوەوە بە تەنها.

شەشەم : ئایا پێت چونە ئەگەر لە كاتی چونە سەر جێگەدا خەیاڵی خێزانت بڕوات لای کەسێکى تر جگە لە تۆ ؟!! ئایا تۆ خۆت بەمە ڕازی دەبی ؟ بێ گومان نەخێر كەواتە با ئیمان و غیرەتت ببنە ڕێگر لەوەی كە تۆش لەو كردارە نابەجێیە ڕزگارت ببێت.

حەوتەم : خۆ سەر قاڵ کردن بەو چێژەی کەلەو کاتەدا هەیە ، چونکە هەریەک لەژن ومێرد شتێکیان پێ بەخشراوە کەبێ پێویستیان بکات لەحەڕام ، جا حەتمەن خۆ سەرقاڵ کردنیان بەجوانی یەکترەوە دەبێتە هۆی بیرنەکردنەوە لەو جۆرە شتانە .

سەردان: ١١,١٨٠ بەش: پرسیارە جنسیەکان