ئەو ناڕەحەتیانە چی یە کەڕوو بەڕووی ئەو کەسە دەبێتەوە کەدەچێت بۆ حەج ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو ناڕەحەتیانە چی یە کەڕوو بەڕووی ئەو کەسە دەبێتەوە کەدەچێت بۆ حەج ؟

دەکرێت ئەو ناڕەحەتیانە لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە :

1. تەواف : کەسانێکی زۆر لەکاتی تەواف کردندا کۆدەبنەوە ، بەتایبەت لەلای بەردە ڕەشەکەدا ، بۆیە ئامۆژگاری کەس ناکەین بەقەرەباڵغی دروست کردن بۆ دەس دان لێی وماچ کردنى ، چونکە دەبێتە ئازاردانی کەسانی تر ، حەتمەن ئازار نەدانی خەڵک لەو ماچ کردن ودەس لێدانە خێر ترە ، وەهەروەها باش وایە موسوڵمان لەکات وساتێکدا تەواف بکات کەچۆڵە وگونجاوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەجوانترین شێوە عیبادەتەکانی ئەنجام بدات .

وەزانایان ڕێگەیان داوە بەتەواف کردن لە قاتی سەرەوە ،جا ئەو جێگەیە هەر چەند قورسە بەڵام لەوێ باشتر دەتوانرێت عیبادەتەکە ئەنجام بدرێت، وموسوڵمان دوور دەکەوێتەوە لەقەرەباڵغی ودەرهاوێشتەکانی .

2. سەعی کردن وهاتن وچوون لەنێوان سەفا ومەڕوەدا : جا هەمان ئەو قسانەی کەبۆ تەواف ئاماژەمان پێدا لێرەش ئەوە دوو بارە دەکەینەوە ، دواتر بێگومان جێگای سەعی کردن تەنگ ترە وقورس ترە بەڵام ئەمەش چوار قاتە و دەتوانى لە قاتەکانى سەرەوە سەعى بکەى کە چۆڵ ترە لە قاتى یەکەم و دووەم .

3. وەستان لەعەڕەفە : لەو جێگەیەدا ولەیەک کاتدا هەموو حاجیەکان کۆدەبنەوە ، پاشان لەیەک کاتدا دەڕۆن ودەجوڵێن ، حەتمەن ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئازار وناڕەحەتی ، جا لەوەستان بێت لەعەڕەفە یاخود لەجوڵان بێت لێی بۆیە لێرەدا پێویستى بە ئارامگرتن و صەبرى زیاترە و نابێ پەلە پەل بکرێت .

4. موزدەلیفە : ناڕەحەتیەکەی لەئەوەدا خۆی دەبینێتەوە ئەم جێگایە شوێنی خزمەتگوزاری بەتایبەت سەر ئاوی کەمترە ، وە باشتر وایە حاجیەکان ڕاخەرێکیان پێ بێ بۆ ئەوەى بتوانێ ئەو شەوە لەسەرى بخەوێ ، وە هەروەها ئامۆژگاری حاجیان دەکەین لەعەڕەفە و موزدەلیفە خواردن وخواردنەوە کەم بخۆن وبخۆنەوە ، بۆ ئەوەی پێویستیان بەچوونە سەرئاو نەبێت وتوشی ناڕەحەتی نەبن .

5. لەکاتی (رمي الجمرات)دا کەخۆمان پێی دەڵێین : شەیتان ڕەجم کردن : لەم شوێنەدا خەڵک شەڕ دەکەن ونەزانی وجەهلیان بەدەر دەکەوێت وپاڵی یەکتر دەنێن ، ولەشوێنی دوورەوە بەرد دەهاوێژن ، وبگرە هەندێ کەس نەعل و پێڵاو و دار دەهاوێژن کەدەبێتە هۆکاری ئەزیەت دانی حاجیەکان ، جا لەم جێگەیەدا خەڵک لەیەک کاتدا کۆدەبنەوە بۆیە دبێتە هۆی ناڕەحەتی ودروست بوونی ئیزدحام .

بۆیە ئامۆژگاری حاجیەکان دەکەین دوور کەونەوە لەقەڵەباڵخی لەبەیانی ڕۆژی جەژندا ، وەهەروەها کاتی دوای نیوەڕۆی ڕۆژانی جەژن ، وەهەوڵ بدەن لەشەواندا شەیتان ڕەجم بکەن کاتێ کەقەڵەباڵخیەکە کەم دەبێتەوە ، و لەو کاتانەدا کەدەتوانرێت لەگەڵیدا زیکری خودا بەئارامی بکرێت ، زانایان فەتوایان داوە بەوەی کاتی شەیتان ڕەجم کردن لەدوای نیوەڕۆوە تا بەیانی ڕۆژی دواتر دەمێنێت ، بۆیە پێویست ناکات لەکاتی قەڵەباخی دا بچیت وببیتە هۆکاری ئەزیەت دانی کەسانی تر .

6. وەلەکاتی تەوافی ماڵ ئاواییدا :
حاجیەکان هەوڵ دەدەن زوو بگەڕێنەوە بۆلای کەسوکاریان ، بۆیە لەیەک کاتدا تەقریبەن کۆ دەبنەوە کەدەبێتە هۆکاری ئەزیەت وئازار ، جا لەکاتی چوون بێت بۆ حەڕەم یاخود تەواف ویاخود دەرچوون لەمەکە .

ئائەمە کورتەیەک بوو لەو ناڕەحەتیانەی کەتوشی حاجی دەبێت لەحەجدا ، وەحیکمەتی خودا وای خواستووە هەنگاوەکانی ئەنجام دانی حەج لەو جێگەیەدا بێت کەهیچ دار و زەرعاتێکی تێدا نی یە ، وجێگایەکی گەرمە بۆ ئەوەی خودا کەسانی چاک لەخراپ جودا بکاتەوە ، بێگومان هیچ کەسێک وەڵامی بانگی خودا ناداتەوە جگە لەکەسێک کەنیەتی خۆی یەکلا کردبێتەوە بۆ خودا .

وەئەوەتان بیر دێنینەوە کەپاداشت بەگوێرەی ناڕەحەتیە نابێت ئەو ناڕەحەتیانە ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەنجام دانی هەنگاوەکانی حەج دا کەلەقورئان وسوننەتدا ئاماژەی پێ دراوە ، و پێغەمبەر هەواڵی پێ داوین کەپاداشت بەپێی ناڕەحەتیە ، هەر کات ناڕەحەتی زۆر تر بوو ئەوا پاداشت زۆر تر دەبێت .

دایكی ئیمانداران خوای لێ ڕازی بێت ده‌ڵێ : قلت يا رسول الله يصدر الناس بنسكين وأصدر بنسك واحد قال " انتظري فإذا طهرت فاخرجي إلى التنعيم فأهلي منه ثم القينا عند كذا وكذا قال أظنه قال غدا ولكنها على قدر نصبك أو قال نفقتك " .
رواه البخاري ( 1695 ) ومسلم ( 1211 ) .
واتە : گوتم ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله عليه وسلم خه‌ڵك گه‌ڕانه‌وه ‌و دوو فه‌رزیان به‌جێ هێنا، به‌ڵام من ده‌گه‌ڕێمه‌وه ‌و ته‌نها یه‌ك فه‌رزم به‌جێهێنا؟ فه‌رمووی: (چاوه‌ڕێ بكه‌، هه‌ركات پاك بویته‌وه‌، بچۆ بۆ (تنعیم)و له‌وێوه‌ ئیحرام ببه‌سته‌ پاشان پێمان بگه‌ له‌ فڵان شوێن، به‌ڵام پاداشت به‌گوێره‌ی ماندوو بوون یان فه‌رمووی: به‌گوێره‌ی پاره‌ خه‌رج كردنه‌كه‌ته‌).

وەئیمامی النووي دەڵێت :
فەرموودەی پێغەمبەر " ولكنها على قدر نصبك أو قال نفقتك " ڕواڵەتی ئەمە ئەوە دەخوازێت کەپاداشت لەعیبادەتدا بەپێی زۆری ناڕەحەتی وئازار ونەفقە زیاد دەبێت ، جا مەبەست لەمانە شتێکە کەلەشەرع دا زەم نەکرابێت .
" شرح مسلم " ( 8 / 152 ، 153 ) .

وە الحافظ ابن حجر لەبارەی ئەم قسەیەوە دەڵێت :
بەو شێوەیەیە کەئاماژەی پێ داوە ، بەڵام ئەمە بۆ هەموو حاڵەتێک نی یە ، چونکە هەندێ جار هەندێ عیبادەت لەهەندێکی سوک ترن کەچی پاداشتیان زیاترە ، بۆ نموونە بەنیسبەت کاتی عیبادەتەکانەوە :
شەوی قەدر بەنیسبەت باقی شەوەکانی تری ڕەمەزانەوە خێری زیاتر ، وئەوەی پەیوەندی بەجێگاوە هەیە وەک کردنی دوو ڕکات لە کەعبەی پیرۆز بەبەراورد بەنوێژ کردن لەجێگاکانی تر ، وبەنیسبەت شەرەف وڕێزی ئەو عیبادەتانەی کەبەماڵ و لاشە ئەنجام دەدرێن وەک نوێژە فەرزەکان لەچاو نوێژی سوننەت ، و دانی درهەمێکی زەکات بەبەراورد بەخێر وسەدەقەی ..هتد ، والله أعلم .
" فتح الباري " ( 3 / 611 ) .

والله أعلم .

سەردان: ٢,٣٠٢ بەش: حەج و عومرە