بۆیەى سەر نینۆک و دەست نوێژ گرتن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆیەى سەر نینۆک و دەست نوێژ گرتن
پرسیار:

حوكمى دەستنوێژى كەسێك چییە كە بۆیە ( مناكیر) لەسەر نینۆكەكانى بێـت؟ 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەو شتەى كە پێى دەوترێت (( المناكیر)) كە شتێكە لەسەر نینۆكەكان دادەنرێت و ئافرەتان بەكارى دەهێنن و توێكڵى هەیە، دروست نییە بەكاربهێنرێت بۆ ئافرەت ئەگەر نوێژ بكات چونكە رێگرە لە گەیشتنى ئاو لەكاتى دەستنوێژدا، وە هەر شتێك رێگربێت لە گەیشتنى ئاو ئەوا دروست نییە بەكاربهێنرێت بۆ ئەو كەسەى كە دەستنوێژ دەگرێــت، یان لەشگرانى دەردەكات

ئەو شتەى كە پێى دەوترێت (( المناكیر)) كە شتێكە لەسەر نینۆكەكان دادەنرێت و ئافرەتان بەكارى دەهێنن و توێكڵى هەیە، دروست نییە بەكاربهێنرێت بۆ ئافرەت ئەگەر نوێژ بكات چونكە رێگرە لە گەیشتنى ئاو لەكاتى دەستنوێژدا، وە هەر شتێك رێگربێت لە گەیشتنى ئاو ئەوا دروست نییە بەكاربهێنرێت بۆ ئەو كەسەى كە دەستنوێژ دەگرێــت، یان لەشگرانى دەردەكات، چونكە خواى گەورە دەفەرموێت: (فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُم) (المائدة: من الآية6) واتە: دەموچاوو دەستەكانتان بشۆن. جا ئەم ئافرەتە ئەگەر ئەو شتە لەسەر نینۆكەكانى بێت ئەوا رێگرە لە گەیشتنى ئاو وە پێى ناوترێت دەستەكانى شوشتووە بۆیە بەو هۆیەوە فەرزێك لە فەرزەكانى دەستنوێژ یان غوسڵى وازلێ هێناوە. 
بەڵام ئەو ئافرەتەى كە نوێژ ناكات وەكو ئەوەى لە حەیزدا بێت ئەوا هیچی تێدا نییە ئەگەر بەكاری بهێنێت مەگەر لە حاڵەتێكدا نەبێت ئەگەر هاتوو دانانى ئەوشتە لەسەر نینۆك تایبەت بێت بە ئافرەتانى بێباوەڕ ئەوا دروست نییە چونكە خۆچوواندنى تێدایە بەوان. 
وە بیستوومە كە هەندێ خەڵك فەتوایان داوە بەوەى كە ئەم شتە لە ڕەگەزى خوف لەپێكردنە و دروستە ئافرەت بۆ ماوەى شەو و رۆژێك بەكاری بهێنێت ئەگەر نیشتەجێى شوێنى خۆى بوو، وە ئەگەریش رێبواربوو بۆى هەیە سێ رۆژ بەكارى بهێنێت، بەڵام ئەم فەتوایە هەڵەیە، چونكە هەر شتێك لەش داپۆشێت پێوانە ناكرێت بە خوفەوە، چونكە خوف شەریعەت مەسح كردنى بۆى داناوە بەزۆرى بۆ پێویستى بەوە، چونكە پێیەكان پێویستیان بە گەرمكردنەوە و داپۆشین هەیە لەبەر ئەوەى بەر ڕووى زەوى و زیخ و ساردى و شتى تر دەكەوێت، بۆیە شەرعدانەر مەسحى بۆى شەرعاندووە، وە یان قیاسی دەكەن بە عەمامە و ئەمەش دیسان ڕاست نییە چونكە عەمامە شوێنەكەى بریتیە لەسەر، وە سەر فەرزەكەى سووكترە چونكە بریتیە لە مەسح كردن بە پێچەوانەى دەستەوە كە فەرزەكەى بریتیە لە شۆردن، هەربۆیە دەبینین پێغەمبەرى خوا  رێگەى نەداوە بۆ ئافرەت كە مەسح لەسەر دەستكێش بكات لەكاتێكدا دەستكێش دەستەكان دادەپۆشێت، بۆیە دروست نییە بۆ كەس كە هەرشتێك رێگربێت لە گەیشتنى ئاو قیاسی بكات بە عەمامە و خوف، وە واجبە لەسەر موسڵمان كە هەموو تواناى بخاتە گەڕ بۆ زانینی حەق، وە هیچ فەتوایەك نەدا ئیلا وا هەست بكات كە خواى گەورە لێى دەپرسێتەوە، چونكە ئەو بەو فەتوایەى گوزارشتى لە شەریعەتى خوا كردووە - عزوجل- والله الموفق والهادي إلى الصراط المستقيم .

سەرچاوە : فتاوى أرکان الإسلام للشیخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله-

سەردان: ٤,٨٤٣ بەش: دەستنوێژ