بۆ ئەوەى قورئانت لە بیر نەچێتەوە دواى لەبەر کردنى ئەم (10) خاڵە جێ بە جێ بکە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
بۆ ئەوەى قورئانت لە بیر نەچێتەوە دواى لەبەر کردنى ئەم (10) خاڵە جێ بە جێ بکە
پرسیار:

من قورئانم لەبەركردووە بەڵام هەرچی دەكەم جێگیر نابێت لە مێشکمدا، چۆن بتوانم جێگیری بكەم و بیرم نەچێتەوە؟

الحمدُ للهِ ربِّ العالمين والصَّلاة والسَّلامُ على نَبينا مُحَمَّدٍ وآلِـهِ وصَحْبِـهِ أَجْمَعِـيـن...

برای بەڕێزم ئەگەر دەتەوێ ئەو بەشەی لە قورئان لەبەرت كردووە جێگری بکەیت لە مێشك و دڵتدا ئەوا پیوێستە ئەم حاڵانە جێ بە جی بكەیت.

یەكەم: دوركەوتنەوە لە تاوان ، چونكە گەورەترین هۆكارە بۆ لەبیرچونەوەی قورئان و قورس كردنی موڕاجەعەی قورئان.

دووەم: زۆر وتنی (استغفر الله) واتا خوایە من داوای لێخۆشبوونت لێ دەكەم لێم خۆشبە ، ئەمەش دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەكانت و ڕۆشنكردن و بەهێزكردنی بیرو مێشكت.

سێیەم: نوسینەوەی قورئان ، خاڵێكی زۆر گرنگە وێنەی قورئان لە ناو هزرتدا دەچەسپێنێت، ئەمەش  بەگوێرەی دەرفەتی خۆت دەتوانیت ڕۆژی یەك لاپەڕە بنوسیتەوە ، خۆ ئەگەر هەمان لاپەڕە چەند جارێك بنوسیتەوە ئەوە زۆر چاكترە.   

چوارەم: ڕۆژانە چەند لاپەڕەیەك بەتەجویدەوە و بە دەنگی بەرز بخوێنیتەوە. یان هەمان ئەو لاپەڕەیەی كە دەینوسیتەوە.    

پێنجەم: موڕاجەعەی ڕۆژانەت لەسەر نوێژ بخوێنە ، ڕۆژانە چەند جوز‌ء موڕاعەجە دەكەیت دابەشی بكەیتە سەر نوێژەكانتدا ، ئەگەر نەتوانی هەر بەشێكی لەسەر نوێژ  بخوێنە ، وە باشترینیشی ئەوەیە كە شەو نوێژی پێوە بكەیت.

شەشەم: هەموو ساڵێك لەگەڵ هاوڕێیەكی وەكو خۆت موراجەعەی هەموو قورئان بكەن ، چونكە جبریل (علیە السلام) ساڵانە لەمانگی ڕەمەزاندا موراجەعەی بەپێغەمبەری خوا دەكرد .
بۆ نمونە : تۆ جوزئێك بخوێنە و ئەویش هەمان جوز‌ء بخوێنێت یان تۆ جوزئێك و ئەو جوزئێكی تر، دەتوانن لەماوەی مانگێک یان پازدە ڕۆژ  تەواوی بكەن، ئەگەریش زیاتر بخوێنن ئەوا زوتریش تەواو دەبێت. دەشتوانن هەر موراجەعەی ڕۆژانەتان لەو مانگەدا پێكەوە بكەن ئەمەش ئاسانترە و خۆشترە.

حەوتەم: دەبێت موڕاجەعە كردنت بەدەنگی بەرز بێت، بەشێوەیەك كە خۆت بە جوانی گوێت لێ بێت. 

هەشتەم: بەردەوام بوون لەسەر موڕاجەعە كردن. ڕۆژانە نابێت كەم تەرخەمی بكەیت لەو بەشەی كە دیاریت كردووە بۆ موڕاجەعە كردن جا كەم بێت یان زۆر، گرنگ ئەوەیە بەردەوام بیت نەك ڕۆژێک ئەنجامی بدەیت و ڕۆژێك پشت گوێی بخەیت ، ئەگەر هەر ڕۆژێك پێت نەكرا موڕاجەعە بكەیت ئەوا هەوڵبدە ڕۆژەكەی تر قەرەبووی بكەیتەوە.  

نۆیەم: (زەبت) كردنی ئایەتە لەیەك چووەكان. بۆ نمونە ئەو ئایەتانەی باسی چیرۆكی باوە ئادەم (علیەالسلام) دەكەن، بەجوانی جیاوازییەكانیان بزانی و ڕێكی بخەیت لەمێشكی خۆتدا ، بەمەش ئایەتەكانت لێ تێكەڵ نابێت. 

دەیەم: زانینی ماناكەی (تەفسیرەكەی). زانینی مانا و مەبەستی قورئان هۆكارێكی زۆر كاریگەرە لە جێگیربونی ئایەتەكان لە هزرتدا.

دوو تێبینى : 
تێبینى یەکەم : ئەگەر نەتوانی هەموو خاڵەكان لە كاتێكدا ئەنجام بدەیت بو نمونە خاڵەكانی (3و 4و 5و9) ئەوا نابێتە گرفت دەتوانیت قۆناغ قۆناغ ئەنجامی بدەیت. بۆ نمونە: نوسینەوەت هەمووی تەواو كرد پاشان وەرە خاڵی چوارەم جێ بە جێ بكە. 

تێبینى دووەم : جێگیر بوونی قورئان لە مێشك و دڵەكاندا پێویستی بە تێپەر بوونی كاتە بەسەر ماوەی لەبەر كرنەدا. هەورەها پێویستی بە ئارامگرتن هەیە.    

خواى گەورە هەموولایەکمان مۆفەق بکات بۆ لەبەر کردن و کارکردن بە کەلامە پیرۆزەکەى

سەردان: ٥,٩٤٨ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان