حوکمى دەست نوێژ گرتن لە کاتى هەبوونى مسکارە لەسەر برژانگ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمى دەست نوێژ گرتن لە کاتى هەبوونى مسکارە لەسەر برژانگ
پرسیار:

ئێمە کۆمەڵە ئافرەتێکین پێمان باشە پرسیار لەبارەی حوکمی دەست نوێژی ئەو ئافرەتانە بپرسین کە مسکارە دەدەن لەبرژانگی چاویان  ، و ئێمە دەزانین پێویسته ئاو بگاتە برژانگ ، بۆیە دەپرسین ئایا حوکمی دەست نوێژ شوشتن لەم حاڵەتەدا چی یە؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بێگوومان لەکاتی خۆ شوشتن ودەست نوێژ شوشتندا پێویستە ئاو بگات بەبرژانگی چاو ، لەبەر ئەوەی لەسنووری دەم و چاودایە کە پێویسته بۆ دەست نوێژ بشۆردرێت ، و بەهەمان شێوە مووی برۆ وڕومەت و سمێڵ وڕیش.
سەبارەت بە مسکارە ئەوەندەى پرسیارمان کردبێ بەڵێ مسکارە ڕێگرە لە تەڕبوونى برژانگ و جارى وا هەیە تا دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لا ناچێت بە شێوەی سیکۆتین واتە قەبارە و توێکڵی هەیە و تەنها ڕەنگ نیە وەکو خەنە ، بۆیە کەوا بوو ئەو کاتە دەبێ پێش دەست نوێژ یان غوسل لێ بکرێتەوە ، چونکە بۆ دروستێتی دەست نوێژ و غوسل مەرجە ئاو بگاتە پێست و مووەکان ئەمەش کۆ دەنگ زانایانی لەسەرە .
 

الحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله … وبعد :

ئەم شتانە لەحەقیقەتدا پێویستە قاعیدەیەکیان بۆ دابنرێت ؛ چونکە ئەوەی دەردەکەوێت هەندێکیان لەهەندێکی تریان جیاوازن و هەندێکیان ڕێگرن لە گەیشتنی ئاو دەکەن و هەندێکی تریشیان ڕێگری ناکەن لە گەیشتنی ئاو بەپێست ، بۆیە ئێمە حوکم نابەستینەوە بەم ناوانەوە بەڵکو حوکمەکەی دەبەستینەوە بەقاعیدەیەکەوە ، جا هەر کات ئەو قاعیدەیەمان زانی ئەو کات هەر جۆرێکیان بەپێی ئەو قاعیدەیە دەپێورێت و حوکمی لەسەر دەدرێت جا ناوی مەسکارەی لێ بنرێت یاخود میکیاج یاخود هاوشێوەی ئەم  ناوانە.

جا ئەم شتانە چەند جۆرێکن:
جۆری یەکەم: هەندێکیان لەحەقیقەتدا ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی ئاو بەپێست ئەم جۆرەیان پێوێستە لاببرێت ؛ چونکە بۆ دروستێتی دەست نوێژ مەرجە ئاو بگاتە پێست ئەمەش کۆ دەنگ زانایانی لەسەرە ، بۆیە هەر جۆرێکیان ڕێگری لەئاو کرد ئەوا دەست نوێژ گرتن پێوەی دروست نی یە مەگەر تەنها ڕەنگ بێت و ڕێگری نەکات لە ئاو ئەو کات دروستە وەک خەنە ، هەڵبەت مەبەست لەوانەی کە ڕێگری دەکەن لەگەیشتنی ئاو ئەو جۆرانەیە کە قەبارەیان هەیە.

جۆری دووەم: خۆ ئەگەر ئەو جۆرە بۆیاخانە یاخود هەر ناوێک تری لێ دەنێیت ڕێگر بکات لەگەیشتنی ئاو بەڵام لەکاتی بەرکەوتنی ئاودا بڕوات وەک خەنە جۆرا وجۆرەکان ، ئەمەیان دەست نوێژ پێوە گرتنی دروستە ؛ چونکە ئاو دەگات بەپێست ، بەڵام گەر لانەدەچوو تەنها بەکڕاندن نەبێت ئەوا پێویستە لەکاتی دەست نوێژ گرتندا لاببرێت ؛چونکە دەبێتە ڕێگر لەگەیشتنی ئاو بەپێست.

جۆرى سێیەم : هەر لە مەسکارە هەیە دەوترێت کراوەیە و ئاو لەنێوانیانیەوە دەگات بەبرژانگی چاو ، خۆ ئەگەر وا بێت ودڵنیا بن لەوەی ڕێگری ناکات لەگەیشتنی ئاو ئەوا بەپێی ئەو قاعیدەیەیی کەپێشتر ئاماژەمان پێی دا دروستە دەست نوێژی پێوە بگیرێدرێت.   وەڵامى شێخ عبد المحسن بن عبد الله بن عبد الكريم الزامل

وە سەبارەت بە میکیاج پرسیار کراوە لە زاناى پایەبەرز شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله -

ئایا میکیاج ڕێگری دەکات لەگەیشتنی ئاو بەپێست ، مەبەستەکە ئەوەیە ئایا پێویسته لەکاتی دەست نوێژ شوشتندا لا ببرێت؟
لە وەڵامدا فەرموویەتى : 

گەر ئەو میکیاجە قەبارەی هەبێت وڕێگری بکات لەگەیشتنی ئاو بەپێست ئەوا دەبێ لا ببرێت ، گەرنا پێویست نی یە لا ببرێت.

وە پرسیارێکى تر هەر سەبارەت بە میکیاج و مسکارە دەکرێ و دەڵێن : 

ئێمە کۆمەڵە ئافرەتێکین پێمان باشە پرسیار لەبارەی حوکمی دەست نوێژی ئەو ئافرەتانە بپرسین کە مسکارە دەدەن لەبرژانگی چاویان ، ئەم جۆرە مەسکارەیە شکڵێکی جوان بەچاو دەبەخشێت ، وئێمە دەزانین پێویسته ئاو بگاتە برژانگ ،بۆیە دەپرسین ئایا حوکمی دەست نوێژ شوشتن لەم حاڵەتەدا چی یە؟

وەڵام: 

بێگوومان لەکاتی خۆ شوشتن ودەست نوێژ شوشتندا پێویستە ئاو بگات بەبرژانگی چاو ، لەبەر ئەوەی لەسنووری دەم و چاودایە کە پێویسته بۆ دەست نوێژ بشۆردرێت ، و بەهەمان شێوە مووی برۆ وڕومەت وسمێڵ وڕیش.

لە "الروض المربع" (ص 7)دا هاتووە: "ويغسل ما في الوجه من شعر خفيف يصف البشرة كأهداب عين وشارب وعنفقة [الشعر تحت الشفة السفلى] لأنها من الوجه ".
واتە: ئەوەی لەسنووری دەم چاودا بێت دەشۆردرێت وەک برژانگی چاو وسمێڵ ومووی خوار لێو ؛ چونکە بەشێکە لەدەم وچاو.
بڕوانە : "المجموع" (1/376) ، "مواهب الجليل" (1/185).

هەر بۆیە: گەر ئەو شتە ڕێگری نەکات لەگەیشتنی ئاو بەموو ئەوا دەست نوێژ پێوەی دروستە ، بەڵام گەر ڕێگری دەکرد لەگەیشتنی ئاو بەپێست ئەوا پێویسته لاببرێت ؛ چونکە یەکێک لەمەرجەکانی دەست نوێژ وخۆشوشتن لابردنی هەموو ئەو شتانەیە کەڕێگری دەکات لەگەیشتنی ئاو بەئەندامەکانی دەست نوێژ .

ئیمامی نەوەوی لە "المجموع" (1/492)دا ، دەڵێت: " إذا كان على بعض أعضائه شمع أو عجين أو حناء وأشباه ذلك فمنع وصول الماء إلى شيء من العضو لم تصح طهارته سواء أكثر ذلك أم قل " .
واتە: گەر لەسەر یەکێک لەئەندامەکانی هاوشێوەی شانەی مێشەنگ (شمع) یاخود هەویر یاخود خەنە وهاوشێوەی ئەمانە هەبوو وڕێگری دەکرد لەگەیشتنی ئاو بەیەکێک لەئەندامەکانی دەست نوێژ ئەوا دەست نوێژەکەی دروست نی یە وپێویسته لاببرێت جا جیاوازی نی یە ئەو شتە زۆر بێت یاخود کەم.
تێبینى : ئەوەى ئێمە پرسیارمان کردبێ بەڵێ مسکارە ڕێگرە لە تەڕبوونى برژانگ و جارى وا هەیە تا دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لا ناچێت بە شێوەی سیکۆتین ، بۆیە کەوا بوو ئەو کاتە دەبێ پێش دەست نوێژ یان غوسل لێ بکرێتەوە .

سەردان: ٢,٣٤١ بەش: دەستنوێژ