حوكمی سەفەر كردن بۆ وڵاتی كوفر چی یە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی سەفەر كردن بۆ وڵاتی كوفر چی یە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم

سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەفەركردن بۆ وڵاتی كوفر دروست نیە مەگەر بە سێ مەرج نەبێ:
مەرجی یەكەم : پێویستە ئەو كەسە ئەوەندە زانیاری شەرعی هەبێت كە گومانەكان لە خۆی دوربخاتەوە.
مەرجی دووەم  : پێویستە ئەوەندە خاوەن دین و خواناس بێت كە بەرگری لێ بكات لە هەواو ئارەزووەكان.
مەرجی سێ یەم : ئەبێ پێویستی بەو سەفەرە هەبێت.
ئەگەر تەواوی ئەم سێ مەرجانەی تێدا نەبوو ئەوە دروست نیە كە سەفەر بكات بۆ وڵاتی كافران چونكە مەترسی ئەوە هەیە كە توشی فیتنە ببێت لە دینەكەیدا وە هەروەها ماڵێكی زۆر لەدەست دەدات بە خۆڕایی چونكە مرۆڤ لەو سەفەرانە پارە و پولێكی زۆر سەرف دەكات.
بەڵام ئەگەر پێویستی پێی بوو بۆ نموونە بۆ چارەسەر كردن یا بۆ وەرگرتنی زانستێك كە لە وڵاتی خۆیدا نیە وە پێویستە كەسەكە خۆی خاوەن زانست و دین بێ ئەگەر بەم شێوازە بوو ئەوا هیچی تێدا نیە و دروستە.
بەڵام سەفەر كردن بۆ گەشت و گوزار بۆ وڵاتی كوفر ئەمە پێویست نیە،دەتوانێ بڕوات بۆ وڵاتە ئیسلامیەكان چونكە لەو شوێنە پارێزگاری لە دروشمەكانی ئاینی ئیسلام دەكرێت.
بەڵام نیشتەجێ بوون و مانەوە (الإقامە) لە وڵاتی كوفر مەترسیەكی زۆر گەورەی هەیە لە دینی موسڵمان و ڕەوشتی و داب و نەریتی، بینیمان زۆرێك لەو كەسانە كە مانەوە لەو وڵاتانە و پاشان گەڕانەوە بەو شێوازە نەگەڕانەوە كە ڕۆیشتبوون، گەڕانەوە بە فاسقی واتە سنوری خوایان بەزاندبوو،وە هەندێكیان لە دینەكەیان هەڵگەڕانەوە كە هاتنەوە وە لە هەموو دینەكانی تریش خوا بمانپارێزێ، هەتا وایان لێ هات بوون بە كەسێكی بێ باوەڕی تەواو،وە سوكایەتی بە دین و ئەهلی دین دەكەن ئەوانەی پێشوو ئەوانەش كە دوایان كەوتوون، بۆیە پێویستە خۆمان بپارێزین و ئەو مەرجانە لەبەر چاو بگرین كە بەرگریمان لێ دەكات بكەوینە دوای هەواو ئارەزووەكان و بە هیلاكەتدا بچین.
فتاوى أركان الاسلام للشيخ محمد بن صالح العثمين رحمه الله
======================================
هەروەها سەبارەت بە سەفەر كردن بۆ وڵاتی كافران شێخ عبدالعزیز بن باز رِەحمەتی خوای لێ بێ فەرموویەتی: 
سەفەر كردن بۆ ئەو وڵاتانەی كە كوفر و بێباوەڕی و گومڕایی و ئازادی و بەدڕەوشتی تێدا بڵاو بوەتەوە لە زینا و مەیی خواردنەوەو جۆرەها كوفر و گومڕایی تر مەترسیەكی گەورەی تێدایە لەسەر پیاوان و ژنان،وە چەندین كەسی چاك سەفەری كرد بۆ ئەو وڵاتانە بە خراپی گەڕایەوە، وە چەندان موسڵمان بە بێ باوەڕی گەڕانەوە، بۆیە مەترسی ئەو سەفەرە زۆر گەورەیە بۆیە پێغەمبەری خوا دەربارەی فەرموویەتی: [انا برئ من كل مسلم يقيم بين المشركين] واتا: من بەرییم لە هەر موسڵمانێك كە بمێنێتەوە لە نێو موشریكەكاندا.
هەروەها فەرموویەتی: [لا يقبل الله من مشرك عملا بعدما أسلم او يفارق المشركين إلى المسلمين]
واتە: خوا كردەوەی هیچ موشركێك وەرناگرێت لەپاش موسڵمانبوونی هەتا جیا نەبێتەوە لە موشریكەكان و نەیەتە ناو موسڵمانانەوە.
كەوا پێویستە وریا بین لەسەفەر كردن بۆ وڵاتی كوفر، زانایان بە ئاشكرا باسیان لە حەرام بوونی ئەم سەفەرە دەكەن و موسڵمانانی لێ وریا دەكەنەوە ئیللا مەگەر كەسێك خاوەنی زانستێكی شەرعی فراوان بێ بڕوات بۆ بانگەشە كردنی خەڵك بۆ سەر دینەكەی خوای گەورە، ئەگەر لەدینەكەی ترسا توشی فیتنە ببێ ئەوە بۆی نیە سەفەر بكات بۆ ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی دینەكەی پارێزراو بێ و توشی هەڵگەڕانەوە نەبێت.
وە ڕۆیشتن لەبەر هەواو ئارەزوو وە بە دوای دنیا كەوتن و كات بەسەر بردن بۆ ئەوروپا و ئەوانی تریش دروست نیە.
(بتصرف من كتابه مجموع فتاوى سماحة الشيخ عبدالعزيز بن باز – رحمه الله)

سەردان: ٤,٣٩٣ بەش: بیروباوه‌ڕ