ئەگەر كەسێ سوێند بخوات بە قورئان و دواى سوێندەكە بشكێنێ چۆن کەفارەتى بدات ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێ سوێند بخوات بە قورئان و دواى سوێندەكە بشكێنێ چۆن کەفارەتى بدات ؟

بسم الله الرحمن الرحيم 

لە بەر ئەوەى كە قورئانى پیرۆز كەلام و ووتەى خواى پەروەردگار، و بێ گەردە، ڕەوا و ڕێپێدراوە كە موسڵمانان سوێندى پێبخۆن، جا ئەگەر كەسێك سوێندى بە قورئانى پیرۆز خوارد، و پاشان سوێندەكەى شكاند، ئەوا پێویستە لە سەرى كە كەففارەتى سوێندەكەى بدات، كە بریتىیە لە سێ شت هەركامەیانى پێكرا دەتوانێت ئەنجامى بدات كە:
1 ـ خواردن دانى ژەمێكى دە هەژار [إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ ] .
2 ـ یان كردنى پۆشاك بۆ دە هەژار [ أَوْ كِسْوَتُهُمْ ] .
3 ـ یان ڕزگار كردنى بەندەیەك [ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ ] .
ئەگەر هەركامەیەكى لەو سێ شتەى سەرەوەى پێكرا ـ بەهەڵبژاردنى خۆى ـ ئەوا ئەنجامى دەدات، بەڵام ئەگەر هیچ یەكێكیانى پێ ئەنجام نەدرا ئەوا دەتووانێت سێ ڕۆژ بە ڕۆژوو بێت، لە سەر یەك بن، یان دوور لە یەك هیچ كێشەیەك نابێت، [فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ] .
خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ ] (سورة المائدة 89)
چەند تێبینى یەك:
یەكەم: خواردنى هەر ژەمێكى هەژارێك زانایان بە 750 گرام یان یەك كێلۆ گرام لە خواردن وەك برنج، دیاریان كردووە، دەتوانرێت بە خاوى بدرێت بە هەژار، یان دەتوانێت چێشتێك لێ بنێت و دە هەژارى بۆ دەعوەت بكات، و لە ژەمێكدا تێریان بكات، وە دەشتوانێت ئەو كارە لە چێشخانەدا ئەنجام بدات.
دووەم: ئەو سوێندە كەففارەتى لە سەرە كە سوێندەكە جەزم و ئاگادارى دڵى لەگەڵ دا بێت، نەك سەر زارەكى بێت، چونكە خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [ لاَ يُؤَاخِذُكُمُ اللّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَكِن يُؤَاخِذُكُم بِمَاعَقَّدتُّمُ الأَيْمَانَ ] .
واتە: خواى پەروەدگار لێتان ناگرێت ئەگەر سوێندەكەتان سەر زارەكى بێت،
بەڵكو ئەوەتان بە سوێند لە سەر حیساب دەكات كە جەزم و ئاگادارى دڵى لەگەڵ دا بێت.
سێیەم: سوێند خواردن بە غەیرى خوا شیرك و هاوەڵ بڕیاردانە بۆ خواى پەروەردگار و تاك و تەنها، چونكە پێغەمبەرى خوا
فەرموویەتى: " من حلف بغير الله فقد أشرك "
، وە لە ڕوایەتێكى تردا هاتووە "من حلف بغير الله فقد كفر "صححه العلامة الألباني في: السلسلة الصحيحة، برقم (2042)
واتە: هەر كەسێك سوێند بە غەیرى خوا بخوات ئەوا شیرك و هاوەڵى بڕیارداوە بۆ خواى پەروەردگار.
ئەم جۆرە سوێندە كەففارەتەكەى ئەوەیە كە بێژەرى بڵێت: (لا إله إلا الله)، و دەشبێت تۆبەى لە سەر بكات، و پەشیمان بێتەوە لێ ى، و وازى لێبهێنێت، و جارێكى تر نەگەڕێتەوە سەرى، و بەڵكو خواى پەورەدگار بە ڕەحم و بەزەیى خۆى لێ ببوورێت، و لێ ى خۆش بێت، خواش زانا ترە.
لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١١,٠٨٧ بەش: سوێند و نەزر و کەفارەت