بەشەکان
ئامار
پرسیارەکان: ١٤٩٢ کۆی سەردان: ٦٤٠٩١١
پرسیار لەوێنەدا
لە چ کاتێکدا غەیبەت کردن دروستە؟ وە ئایا کەسێک کە موسڵمان نەبێت غەیبەتى دروستە؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
لە چەند حاڵەتێكدا غەیبەت كردن دروستە، بەڵام دەبێت كەسی باوەڕدار زۆر ئاگاداربێت كە بە هۆی ئەم چەند حاڵەتەوە نەكەوێتە باس كردن و كاری حەرامەوە، بەڵكو بە پێی پێویستی خۆی و كاتێكیش باسی كەسێك دەكات دەبێت نییەتی باش و پاك بێت لەوشتانەداو لەڕق و كینەوە نەبێت، بۆ شكاندنەوەی نەبێت، چونكە خوای میهرەبان ئاگاداری هەموو نهێنیە كانی ناو دڵە.
بۆیە لەم كاتانەدا غەیبەت كردن دروستە:
یەكەم: ستەم كردن، لەم كاتەدا دروستە كە ستەم لێ كراو سكاڵای خۆی باس بكات بۆ كاربەدەستان و فەرمانڕەوایان، یاخود بۆ قازی و دادوەر و بڵێت: فڵانەكەس ستەمی لێ كردووم یان ماڵی خواردووم، كە ئەم گێڕانەوەیە تەنها بۆ گەڕانەوەی مافەكەتە و نابێتە غەیبەت، بەڵگەی ئەمە ئەوەیە كاتێك (هندی كچی عوتبە) كە دەكاتە خێزانی (ئەبو سوفیان) هات بۆلای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ووتی:((يا رَسولَ اللهِ إنَّ أبا سُفيان رَجُلٌ شَحيحٌ وَلَيسَ يُعطِيني ما يَكفِيني وَوَلَدي، إلاّ ما أخَذتُ مِنهُ وَهُوَ لا يَعلَم))
واتە: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەبو سوفیان پیاوێكە ماڵەكەی زۆر بە تووندی گرتووەو شتێكی وام ناداتێ كە بەشی خۆم و منداڵەكانم بكات تەنها ئەوە نەبێت كە من لێی ئەبەم بەبێ ئەوەی خۆی ئاگاداربێت، وە منیش پێویستم بەوە هەیە كە لە ماڵەكەی بەرم و بیكەم بە مەسرەف و خەرجی خۆم و منداڵەكانم، ئایا بە بێ‌ ئاگای ئەو لە ماڵەكەی سەرف بكەم تاوان بار نابم؟ پێغەمبەری خواش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: ((خُذِى مَا يَكْفِيكِ وَوَلَدَكِ بِالْمَعْرُوفِ)) صحيح البخاري (5364) وصحيح مسلم (1714).واتە: بەشی خۆت و منداڵەكانتی لێ ببەو مەسرەفیانی لێبكە بە چاكە.
دووەم: پرس و ڕاوەرگرتن، ئەمیش بەوەی كە كەسێك بچێتە لای كەسێكی شارەزا لەدینداو بڵێت ئەرێ فڵانەكەس چۆنە كە من بە تەمام كچی بدەمێ؟ یان خوشكمی بدەمێ؟ یان فڵانە ئافرەت چۆنە كە من بەتەمام بیخوازم؟ یاخود بۆ پرسیار كردن دەربارەی هاوسێیەتی؟
هەروەك چۆن (فاتیمەی كچی قەیس) هاتە خزمەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی ووت: ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) (أبوجهم و معاویە) داخوازیان كردووم، منیش نازانم شوو بە كامیان بكەم، پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: ((أَمَّا أَبُو جَهْمٍ فَلاَ يَضَعُ عَصَاهُ عَنْ عَاتَقِهِ وَأَمَّا مُعَاوِيَةُ فَصُعْلُوكٌ لاَ مَالَ لَهُ)) صحيح مسلم ( 1480).
واتە: ئەبو جەهم گۆپاڵەكەی (واتە دارەكەی) لەسەر شانیەتی، واتە لە گەڵ ژندا خراپە هەمیشەداری بۆ ئامادە كردووە، بەڵام هەرچی موعاویەیە هەژارەو هیچی نییە.
سێ یەم: داوای یارمەتی كردن بۆ گۆڕینی خراپە (مُنكَر) وەلادانی ناڕەحەتیەك لە سەر موسوڵمانێك، وەك ئەوەی كە یەكێك بچێتە لای كەسێكی دەسەڵاتدارو پێی بڵێت فڵانەكەس لە گەڵمدا خراپەو ئازارم دەدات، بۆیە داوات لێدەكەم تا ڕێگە چارەیەكم بۆ بدۆزیتەوە.
چوارەم: ئاگادركردنەوەی موسوڵمانان و ئامۆژگاری كردنیان بۆ خۆ پاراستن لەو كەسانەی كە خراپن و زەرەرو زیانیان هەیە بۆ موسوڵمانان.
(زەیدی كوڕی ئەرقەم) (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرمووێت: لە گەڵ پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) دەرچوین لە سەفەرێكدا لەوێدا تووشی ناڕەحەتیەكی زۆر بووین، ئەوەبوو (عبدالله ی كوڕی ئوبەییەی سەلول) بە هاوەڵانی خۆی ووت : هیچ كەس یارمەتی هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەدات تاكو هەموویان لێی جیا دەبنەوە، وەوتیشی گەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە دەستەڵاتدارو بەتواناكان زەلیلەكان دەردەكەین, جا (زەید)دەفەرمووێت: منیش چووم بۆلای پێغەمبەرو (صلى الله عليه وسلم) ووتم: (عبداللەی كوڕی ئوبەییەی سەلول)(گەورەی دووڕووەكان) ئاوای ووتووە، بۆیە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ناردی بە شوێنیداو پرسیاری لێ كرد كە گوایە وات ووتوە، ئەویش كەوتە سوێند خواردن و پاساو هێنانەوەو بە درۆ خستنەوەی (زەید)، جا وا بڵاو بۆوە ووتیان (زەید) درۆی لەگەڵ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كرد، (زەید)یش (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرمووێت: بەڕاستی زۆر لەسەر دڵم گران بوو كە وایان ووت: تا خوای گەورە ئەم سورەتەی دابەزاند: [إِذَا جَاءكَ الْمُنَافِقُونَ]، وە خوای میهرەبان بە ڕاستی خستمەوە، پاشان پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم) با نگیانی كرد تا پەشیمان ببنەوەو ئەویش داوای لێخۆش بوونیان بۆ بكات، بەڵام ئەوان پشتیان هەڵكرد.
پێنجەم: باس كردنی كەسێك كە بە ئاشكرا تاوانی لێبووەشێتەوە، وەك {جاسووسی كردن و زینا كردن و مەی خواردنەوە و.......هتد} لەم كاتەشدا تەنها باسی ئەو تاوانەی دەكەیت و بەس.
شەشەم: پێناساندنی كەسێك ئەویش بە دیاری كردنی ئەو كەم و كوڕیانەی كە لە ڕووی كەم ئەندامی و لەش و لاریەوە یاخود ناوو شۆرەتیەوە، وەك كوێری و نەخۆشی و شەلی و قەڵەوی و كەڕی...هتد وەنابێت لەمەشدا مەبەستی پیشاندانی كەم و كوڕی و سوكی ناوبراو بێت، بەڵكو دەبێت تەنها پێناساندنی بێت.
حەوتەم: باس كردنی كەسی بیدعەچی و تاوانبار، لەم كاتەشدا تەنها باسی بیدعەكەی یاخود تاوانەكەی دەكەیت، وە باسی هیچی تر ناكەیت مەگەر یەكێك لەو خاڵانەی پێشووی تێدابێت، خاتوو (عائیشە)ی دایكی باوەڕداران (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرمووێت:
(جارێكیان پیاوێك هات بۆلای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕووخسەتی لێ خواست و ئەویش بە ڕێزەوە بە خێرهاتنی كردوو فەرمووی لێ كرد، پاشان كە پیاوەكە ڕۆیشت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: (بئس أخو العشيرة) واتە: خراپترین دووره خزمى هۆزەكەیە, هەروەها دایكمان خاتوو (عائیشە) (خوای لێ ڕازی بێت) بۆمان دەگێڕێتەوە لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كە فەرمووبەتی: ((مَا أَظُنُّ فُلاَنًا وَفُلاَنًا يَعْرِفَانِ مِنْ دِينِنَا شَيْئًا)) صحيح البخاري (6067)
واتە: گومان نابەم و هەست ناكەم كە ئەم دوو كەسە هیچ دەربارەی شەرع و دینەكەمان بزانن.
هەروەها كەسی بیدعەچی كە زیادەیەك دەهێنێتە ناو دینەوە، خوا دەپەرستێ بەڵام بە بۆچوون و هەواو ئارەزووی خۆی، بەبێ گوێ دانە فەرمانی خواو پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە لەم كاتەدا باس كردنی پاشملە (غەیبەت)ی واجبە، چونكە ئەوە بۆ پاراستنی دینە لە هەواو ئارەزوو، (ولا غيبة لأحد من أهل البدع) وە هیچ كەسێك كە بیدعە دەكات باس كردنی بیدعەكەی غەیبەت نییە, كەواتە ئێستا ڕوون بۆوە بۆ بەڕێزت كە باس كردنی ئەو كۆمەڵانە غەیبەت نییە, وە دەتوانی باسیان بكەیت و هەركاتیش باسی ئەوانەشت كرد ئەوە دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانەش بكەیت:
1. دڵسۆزی تەواوت هەبێت لەو باسكردنەدا و نیەتت تەنها ئەوە بێت خراپەكەی بگۆڕیت، چونكە هەركەسێك مەبەستی گۆڕینی خراپەكەی نەبێت ئەوە بزانە دەبێتە غەیبەت.
2. باسی كەسەكە دەكەیت دەبێت بۆ بەرژەوەندی ئەو بێت، ئەگەر نا ئەوە دەبێت بزانی ئەوەش لە هەواو ئارەزووی خۆتەوەیەو برایەتیت بپارێزە نەك ئەوەی هەربچووك ترین هەڵەت تیابینی بیكەیتە بیانوو، بڵێی وەالله ئەوە واو وای كرد، نــەخێر، موسوڵمانی خۆشەویست تكات لێ دەكەم خۆت بپارێزە، چونكە شەیتان زۆر فێڵ بازەو نەشمردووە بەردەوامە لە سەر فڕو فێڵەكانی.
3. بزانە كە باس كردن و غەیبەت كردنی براكەت خراپەی تری بەدواوەیە، بۆیە ئاگاداربە نەبێتە مایەی شەڕو ئاژاوەو ڕق و كینەی نێوان موسوڵمانان.
وە سەبارەت بە غەیبەت كردنی كەسێك كە موسڵمان نەبێت
دەبێت ئەوە بزانین كە موسڵمان دەبێت دەست و زمان پاك بێت و خۆی لە هەموو قسەیەكی خراپ بپارێزێ و گاڵتە و سوكایەتی و زوڵم لە هیچ كەسێك نەكات گەر چی ئەو كەسە موسڵمانیش نەبێت چونكە پێغمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : " لَيْسَ الْمُؤْمِنُ بِالطَّعَّانِ وَلا اللَّعَّانِ وَلا الْفَاحِشِ وَلا الْبَذِيءِ " رواه الترمذي وقَالَ هَذَا حَدِيثٌ حَسَنٌ غَرِيبٌ ، وصححه الألباني .
وە پاشان گەر باس كردنی كەسێك كەموسڵمان نەبێت لەو ڕووەوە بێت كە لوتی درێژە یان باڵای كورتە ئەمانە هەمووی دروست نیە و گاڵتە كردنە بەوەی كە خوای گەورە دروستی كردووە .
بەڵام گەر كەسێكی بێ باوەڕ كاری خراپ بكات وەكو زینا و عەرەق خواردنەوە و ئەو جۆرە تاوانانە دروستە باس بكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی بیناسێت كە ئەمە كەسێكە كاری خراپ ئەنجام دەدات .

بۆ ئەم وەڵامە سود وەرگیراوە لە کتێبی : غەیبەتو شوێنەوارە خراپەكانی لەسەر تاك و كۆمەڵ



سەردان: ٣٧٨ بەش: هەمەجۆر

مه‌سح كرد له‌سه‌ر خوف یان گۆره‌وى دڕاو و كونبوو دروستە؟پرۆسات چیە؟ هۆكارى توش بوونى چیە ؟ وە چارەسەرى چیە؟ وە چۆن خۆمان بپارێزین لەم نەخۆشیە ؟