مانگى شەعبان مانگی بەرزبونەوەى کردەوەکانمانە بۆ لاى خواى گەورە ، جا ئایا ئێمەى موسڵمان چۆن بتوانین بەرنامەیەکمان هەبێ بۆ ئەم مانگە و زۆرترین کردەوەى چاکەی تێدا ئەنجام بدەین؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
گەر موسوڵمان بزانێت و بیری خۆی بنێتەوە بەوەی مانگی شەعبان موژدەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە ، ئەوا هیمەتی بەرز دەبێتەوە وهەست بەچوست وچالاکی دەکات ، ومانگی شەعبان وەک ڕاهێنانێک وایە بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ مانگی ڕەمەزان..
بۆیە گرنگە هەموو موسوڵمانێک لەم مانگەدا بەرنامەیەک بۆ خۆی دابنێت چونکە لەم مانگەدا کردەوەکان بەرز دەبنەوە بۆلای خودا .
بۆ نموونە دەکرێت موسوڵمان بەرنامەیەک بۆ خۆی دابنێت و پەلە بکات لەجێ بەجێ کردنی دا ، وەک :
یەکەم : پەلە کردن لەتەوبە کردن وزۆر زیکر ویادی خودا کردن ، ئەمە یەکەم شتە موسوڵمان لەپێشوازی ئەم مانگەدا ئەنجامی بدات ، بەڵکو دڵ وزمانی ڕابێنێت لەسەر یادی خودا وئاسان بێت لەسەری .
دووەم : زۆر قورئان خوێندن بەشێوەیەک بەرنامەیەکی ڕۆژانە بۆ خۆی دابنێت ولێی دوا نەکەوێت ، وبا جوزئێک یاخود زیاتر بێت ئەوەندەی کەلەسەری ئاسانە ، وگرنگە لەگەڵ ئەوەشدا تەماشای هەندێ تەفسیر بکات بەتایبەت ئەو تەفسیرانەى جێی سقەن ونوسەرەکانیان ئەهلی عیلم وسوننەتن ، بەڵکو یارمەتیدەری بێت لەتێگەیشتن لەو ئایەتانەی کەتێگەیشتن لێیان قورسە ، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کاتێ ڕەمەزانی بەسەردا دێت تەواو ئامادە بێت وچوست وچالاک بێت.
سێیەم : پەلە کردن لەسوڵح کردن ولێ خۆش بوون لەو کەسانەی کەنێوانیان تێک چووە ، و با ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر ﷺ بیری خۆی بخاتەوە : " تُفْتَحُ أبْوابُ الجَنَّةِ يَومَ الإثْنَيْنِ، ويَومَ الخَمِيسِ، فيُغْفَرُ لِكُلِّ عَبْدٍ لا يُشْرِكُ باللَّهِ شيئًا، إلّا رَجُلًا كانَتْ بيْنَهُ وبيْنَ أخِيهِ شَحْناءُ، فيُقالُ: أنْظِرُوا هَذَيْنِ حتّى يَصْطَلِحا، أنْظِرُوا هَذَيْنِ حتّى يَصْطَلِحا، أنْظِرُوا هَذَيْنِ حتّى يَصْطَلِحا ".
واتە: هەموو دوو شەممان وپێنج شەممانێک دەرگای بەهەشت دەکرێنەوە ، خودا لەهەموو کەسێک خۆش دەبێت کەهاوبەشی بۆ خودا بڕیار نەدابێت جگە لەکەسێک نەبێت کەلەنێوان خۆی وبراکەیدا ناخۆشیەک هەیە ، وپێیان دەڵێت: چاوەڕێی ئەو دووە بکەن تاوەکو سوڵح دەکەن ، چاوەڕێی ئەو دووە بکەن تاوەکو سوڵح دەکەن .
لە فەرمودەیەکی تردا پێغەمبەرى خوا (ﷺ) فەرموویەتى:
((ينزل ربنا تبارك وتعالى إلى سماء الدنيا ليلة النصف من الشعبان فيغفر لأهل الأرض إلا مشرك أو مشاحن)) (صححه الألباني في ظلال الجنة في تخريج السنة: 510)
واتە: خواى پەروەردگارمان لە شەوى نیوەى شەعبان دائەبەزێ بۆ ئاسمانى دونیا ـ دابەزینێك كە شایستەى زاتى موبارەكى بێ، ناشبێ بووترێت قودرەتێتى دادەبەزێت نەك خۆى ـ و لە گوناهى هەموو كەسێك خۆش دەبێت جگە لە كەسانێك نەبێت كە هاوەڵ بۆ خوا بڕیار دەدەن، یان كە سانێك (مشاحن) بن، (مشاحن) یش، واتە: كەسانێك ڕقەبەریان لە نێواندا هەبێ .
چوارەم : ڕاهێنانی دەروون لەسەر ڕۆژوو وچاوەڕێی پاداشت کردن لەخودا ، وبیری خۆ خستنەوەی ئەو عیبادەتانەی کەپشت گوێی خستوون ، وەهەروەها خێر وچاکە و سیلەی ڕەحم ، وهاریکاری کردنی کەسانی موحتاج بەگوێرەی توانا.
پێنجەم : شەو نوێژ کردن ، ونزیک بوونەوە لەخودا ودوعا کردن بەوەی خودا بیگەیەنێتە ڕەمەزان ، چەندان کەس مردن دەبێتە ڕێگر لەوەی بگەن بەڕەمەزان وئەجەل یەقەیان دەگرێت!
شەشەم: موحاسەبه کردنی نەفس وبیر هێنانەوەی خۆی بەوەی تاوانی ئەنجام داوە بەڵکو زوو تەوبه بکات ودوای نەخات بۆ ڕەمەزان .
تێبینى :
بۆ ئەو کەسانەى کە قەرزی ڕۆژویان لەسەرە :
هەر کەسێگ ڕۆژووی قەرزی ڕەمەزانی ڕابردووی لەسەرە پێویسته پەلە بکات لەگرتنەوەیی ودروست نی یە بەبێ عوزر دوای بخات بۆ دواى ڕەمەزان ، عائیشە خوای لێ ڕازی بێت دەڵێت: "كان يكون عليَّ الصومُ من رمضان، فما أستطيعُ أن أقضيَه إلاَّ في شعبان؛ وذلك لمكانِ رسول الله صلَّى الله عليه وسلَّم"؛ رواه مسلم.
واتە: جاری وا بووە ڕۆژووی ڕەمەزانم لەسەر بووە وقەرزدار بووم ، ونەم دەتوانی قەزای بکەمەوە تەنها لەمانگی شەعباندا نەبێت ، ئەوەش لەبەر سەرقاڵبون بە خزمەتکردنى پێغەمبەری خوا صلَّى الله عليه وسلَّم .
وە سەبارەت بە ڕۆژوو گرتن لەدواى نیوەی مانگی شەعبانەوە چەند حاڵەتێکی هەیە:
1- کەسێک قەزای ڕۆژووی لەسەرە ، یاخود نەزری لەسەره ، ئەم کەسه دروستە بەڕۆژوو بێت ، بەڵکو واجبە .
2- کەسێکی تر چەند ڕۆژێک بەڕۆژوو دەبێت وعادەتی وایە بەڕۆژوو بێت تیایدا وەک ڕۆژووی دوو شەممان وپێنج شەممان وسێ ڕۆژ لەهەموو مانێگ کەپێی دەوترێت ( الأيام البيض ) ئەمەشیان دروستە بەڕۆژوو بێت .
3- کەسێکی تر هەیە کاتێ ڕەمەزان نزیک دەبێتەوە وەک ئیحیتیات بۆ ڕەمەزان بەڕۆژوو دەبێت بەتایبەن ئەو ڕۆژانەی کە گومانی ڕەمەزانیان لێ دەکرێت ، ئەم جۆرە ڕۆژوو گرتنە حەرامە ، و ڕێگری لێ کراوە .
لەکۆتاییدا :
برا و خوشکانی موسڵمان : بزانن کە ڕۆژەکانی ژیانمان بەرەو کۆتا دەچن ، وساتەکانی ژیانمان بەرەو نەمان دەچن ، بۆیە پێش لەدەست چوونى کارێک پێش خۆتان بخەن ، و ئەمە هەل ودەستکەوتێکه ولەکیسی خۆتانی مەدەن ، گوێ مەدە بە برسێتی و ماندوێتی ، چونکە تۆ ئومێدی حەوانەوە و ژیانی ئەبەدی نێو بەهەشتی نەبڕاوەت هەیە .
وە هەمیشە ئەمە بخە پێش چاوت کە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەربارەى ئەم مانگە فەرمویەتى : (وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين) واتە : ئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆ لای پەروەردگار .
جا بێنە پێش چاوی خۆت گەر بەپیاوێک بوترێت: دەسەڵاتدارێک کردەوەکانت دەبینێت وپاداشتت دەداتەوە لەسەری ، ئایا هەموو هەوڵی خۆی ناخاتە گڕ بەڵکو بەجوانترین شێوە کارەکەی ئەنجام بدات ؟!
ئەی چ دەڵێیت: گەر بینەر وچاودێری کاری ئەو کردەوەکانە خودای جیهانیان بێت ئەو خودایەیی کەهەرگیز ستەم ناکات وهیچ شتێکی لێ ون نابێت لەئەرز بێت یاخود ئاسمان؟!
نسألُ اللهَ العَلي القدير أنْ يتوبَ علينا، وأن يجعلَنا من أهل الطاعات، وأن يرزقَنا الجنةَ، وما يقرِّبُ إليها من قَوْل وعمل، ويباعدَنا عن النار، وما يقرِّب إليها من قوْل أو عمل.
وصلِّ اللهم على نبيِّنا محمد وعلى آله وصَحْبه وسلِّم.