تاوانی دۆزەخیەکان بەهۆی زینا و مەشروب خواردنەوەیە ، وە پاداشتی بەهەشتییەکانیش مەشروب خواردن و حۆرییەکانە ، چۆن لە مە بگەین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تاوانی دۆزەخیەکان بەهۆی زینا و مەشروب خواردنەوەیە ، وە پاداشتی بەهەشتییەکانیش مەشروب خواردن و حۆرییەکانە ، چۆن لە مە بگەین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
ئێمە وەکو موسڵمان بڕوامان بە خواى گەورە هەیە وە پاشان بڕوامان بەو قورئانەش هەیە کە خواى گەورە وەکو بەرنامەى ژیانمان دایبەزاندوە بۆ پێغەمبەرەکەى ، جا لەو قورئانەدا خواى گەورە فەرمانمان پێ دەکات کە خۆمان بە دوربگرین لە تاوانەکان و حەرامەکان لە پاداشتدا بەهەشتمان پێ دەبەخشێت ،جا لە قورئانى پیرۆزدا مەى و زینا و بەدڕەوشتى حەرام کراوە چونکە دەیان خراپە و تاوانى لێ دەکەوێتەوە ، و ئێمەش وەکو موسڵمان لەبەر خواى گەورە نزیکى ناکەوینەوە و فەرمانى خواى گەورە جێ بە جێ دەکەین لە پاداشتدا خواى گەورە بەهەشتمان پێ دەبەخشێت کە پڕە لە ناز و نیعمەت و شەرابی بەلەزەت نەک وەکو هی دنیا خەڵکى بێ عەقڵ بکات وە هەروەها ئافرەتانى حۆرى پاک وخاوێن نەک وەکو ئافرەتانى زیناکەر و داوێن پیس .
خواى گەورە سەبارەت بەو کەسانەى کە لەدنیادا بڕوایان بە خواى گەورە هێناوە و کردەوەى چاکە ئەنجام دەدەن دەفەرموێ :
(وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ۖ كُلَّمَا رُزِقُوا مِنْهَا مِن ثَمَرَةٍ رِّزْقًا ۙ قَالُوا هَٰذَا الَّذِي رُزِقْنَا مِن قَبْلُ ۖ وَأُتُوا بِهِ مُتَشَابِهًا ۖ وَلَهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُّطَهَّرَةٌ ۖ وَهُمْ فِيهَا خَالِدُونَ) سورة البقرة (25)
واته : (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) مژده‌ بده‌ به‌وانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌ و كارو كرده‌وه‌ چاكه‌كانیان ئه‌نجامداوه‌ به‌وه‌ی باخه‌كانی به‌هه‌شت كه‌ چه‌نده‌ها ڕوبار به‌ژێردره‌خت و به‌ناو باخه‌كانیدا ده‌ڕوات، به‌ڕاستی بۆیان ئاماده‌یه‌، هه‌ركاتێك له‌ میوه‌و به‌رهه‌مێكی ئه‌و باخانه‌یان بۆ ده‌هێنن، ده‌ڵێن: ئێستا له‌وه‌تان هێنا، تاوێك له‌مه‌و پێش خواردمان، هه‌ر ده‌یهێنین و له‌یه‌كتریش ده‌چن، (له‌ ڕه‌نگ و ڕواڵه‌تدا، به‌ڵام له‌تام و بۆندا زۆر جیاوازن)، هه‌روه‌ها له‌وێدا هاوسه‌رانی پاك و بێ گه‌ردیان بۆ ئاماده‌كراوه‌ (ئه‌و به‌خته‌وه‌رانه‌) ژیانی هه‌میشه‌یی و نه‌بڕاوه‌ له‌و به‌هه‌شته‌دا ده‌به‌نه‌ سه‌ر.
بەڵام سەبارەت بەو کەسانەى کە سەرپێچی فەرمانەکانى خوا وپەیامبەر دەکەن دەفەرموێ :
(وَمَن يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُّهِينٌ)
«هەركەسێكیش سەرپێچی خوا وپەیامبەركەی بكات وسنوورەكانی خوا سبحانە ببەزێنێت، ئەوا دەیخاتە ئاگرێكەوە هەمیشە دەمێنێتەوە تیایدا وسزایەكی ڕیسواكەری بۆ هەیە».
کەواتە گەر ئەو کەسە بڕواى بە خواى گەورە و قورئانەکەى هەبێت نابێت ئەم جۆرە قسانە بکات چونکە کەسانى لە خواترس لە دنیادا خۆیان لە حەرامەکان پاراستوە بۆیە لە بەهەشتدا بۆى حەڵاڵە و پاداشت دەدرێتەوە ، بە هەمان شێوە کەسانى لە خوانەترس و غافڵ و بێ ئاگا خۆیان نەپاراستوە و دەستیان بۆ حەرامەکان بردووە بۆیە لە قیامەتدا سزا دەدرێن .
وە بۆ زیانیارى زیاتریش هەمان پرسیارمان لە بەڕێز دکتۆر عبداللطیف أحمد کرد بەڕێزیان بەم شێوەیە وەڵامیان دایەوە :
بەڕێزەکەم تۆ بەس ناوەکەی حاڵی بوویت واتە ناوەکە ناوی مەشروبە لە دونیا وە لە دواڕۆژیشدا مەشروبە ، وادەزانی مەشروبی دونیا وەك مەشروبی دوارۆژە !!
مەشروب خواردنەوەی دونیا ئینسان بێ عەقڵ دەکات وە بێ هۆشی دەکات وە توشی فاحیشەو زیناو خراپەکاری دەکات. والله ی عائیلەی وا هەیە پێیان وتوم مامۆستا کاتێك کە باوکمان مەشروب دەخواتەوە دایکمان هەموو مناڵەکانی بردووەتە ژووێك و دەرگای داخستوە ، چونکە لە باوکمان ئەمین نەبوە کە دەستدرێژی نەکاتە سەر مناڵەکانی خۆشی پەنابەخوای گەورە.
چونکە کە مەشروبی خواردەوە عەقڵی لە دەست دەدات ، ئەمە مەشروبی دونیایە . جگە لەوەش کە ئیسرافە وە بێئاگات دەکات لە خواو لە یادی خواو لە نوێژ.....هتد
بەڵام مەشروبی قیامەت خەمری دواڕۆژ عەرەقی دواڕۆژ
(لذة لشاربين)لەزەتێکە چێژێکە بۆ ئەوانەی کە دەیخۆنەوە ،
(لا فیها غول) نەسەرگێژ بوون و بێ هۆش بوون و بێ عەقڵ بوونی تێدایە وەنە نەخۆش بوونی بەدواوەیە وە هیچ زەرەرێکی تێدا نییە.
ئەوەی کە لە دونیا مەشروب دەخواتەوە تەنانەت سەیتەرەی بە سەر خۆیدا نامێنێ ، لەوانەیە میز بکات و نەتوانێت خۆی ڕا بگرێت لە میزکردن جلەکانی خۆی پیس دەکات ، بەڵام لە قیامەتدا ئەم زەرەروو زیانانەی کە لە خەمری دونیادا هەیە لە قیامەتدا نییە.
ئەمەی دونیا زەرەر مەندە ئینسان ناشرین دەکات ، وە ئەوەی دواڕۆژ ئینسان دڵخۆش دەکات و وە پاکە ، وە هیچ زەرەرێکی نییە لە لەزەت زیاتر نەبێت ، ئەمە سەبارەت بە مەشروب.
وە سەبارەت بە بڕگەی دووەمیان:
دۆزەخیەکان بە هۆی مەشروب و فاحیشە و زیناوە سزا دەدرێن ، بەڵام بەهەشتیەکان حۆریان دەدرێتێ ؟
یەعنی دەتەوێ بڵێی ئایا ئەو کەسەی کە لە دونیادا زینا دەکا لەگەڵ ئەو کەسەی کە دەچێتە بەهەشت و حۆری پێدەدرێت و بە حەلاٚڵی دەچێتە لای ئەوەش هەر زینایە !!
پەنابە خوای پەروەردگار ،ئەمە ناحاڵی بوونە .
کەواتە دەتوانین بڵێین باشە تۆ دەچیتە لای خێزانی خۆت و دەچیتە لای ئافرەتێکی بێگانە کە زینای لەگەڵ بکەی هەردووکی هەر جووت بوون و هەر سەرجێی نییە ؟؟
لەولاٚمدا دەڵێین نەخێر یەکەم حەلاٚڵە وە دووەمیان حەرامە .
کەواتە فەرق هەیە لە بەینی حەرام و حەلاٚڵ دا ، تۆبێی قیاسی حەلاٚڵیش بۆ سەر حەرام بکەی !! ئەوە ناحاڵی بوونی خۆتە ، خوای پەروەردگار چۆن ژنەکەی خۆتی بۆ حەلاٚڵ کردووی ئاواش حۆری بۆ پیاوان لە بەهەشتدا حەلاٚڵ کردووە ، چۆن ژنەکەی خۆتی بۆ حەلاٚڵ کردوی ،کە ئەهلی بەهەشت بی حۆری بۆ حەلاٚڵ کردووی .

 

سەردان: ٥,٣٤١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان