سەردانى گۆڕستان : مەبەستەکانى ، ئادابەکانى ، قەدەغەکراوەکانى ، بیدعەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەردانى گۆڕستان : مەبەستەکانى ، ئادابەکانى ، قەدەغەکراوەکانى ، بیدعەکانى

مەبەست لەسەردانی گۆڕستان دوو شتە
یەکەم ـ سوود وەرگرتنی ئەو كەسەی كە سەردانەكە دەكات بە بیركرنەوەی لە مردن و حاڵی مردووان .
دووەم ـ سوود بەخشین بە مردووەكە وچاكەكردن بەرامبەری ، بە سەلام لێكردن ، ونزا بۆ كردن وداوای لێ خۆشبوون بۆی .
بەبەڵگەی فەرموودەكەی دایكە ( عائشە ) ـ ڕەزای خوای لێ بێت ـ كە فەرموویەتی : ئەی پێغەمبەری خوا r ئەگەر ویستم سەردانی گۆڕستان بكەم ، چیان پێ‌ بڵێم ؟ ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی : پێیان بڵێ : " السلام على أهل الديار من المؤمنين والمسلمين ، ويرحم الله المستقدمين منا والمستأخرين ، وإنا إن شاء الله بكم للاحقون" (مسلم ) ، واتە : سەلامتان لێ بێت ئەی خەڵكی ئەم مەنزڵگایە لە بڕواداران و موسڵمانان ، و خواش ڕەحم بكات بەوانەی كەپێش كەوتوون ( یان ئەوانەی كە مردوون ) لێمان و ئەوانەی كە بە دوایاندا دەڕۆن ( یان ئەوانەی كە نەمردوون و ماون )و ئێمەش ـ إن شا‌ء الله ـ بەئێوە دەگەین 
     بەڵام : مەرجە لە كاتی ئەم سەردانەدا شتێك نەووترێت كە خوای پەروەردگار توڕە بكات ، وەكو هاوارپێكردن و لێپاڕانەوە لە مردوو و ئیستیغاسە پێكردنی !! هەروەكو ( أبو سعید الخدری ) ڕەزاى خواى لێ بێ لە پێغەمبەری خواوە دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی :" إني نهيتكم عن زيارة القبور فزوروها ؛ فإن فيها عبرة . [ ولا تقولوا ما يسخط الرب ] " ( أخرجه أحمد والحاكم وقال : ( صحيح على شرط مسلم ) ووافقه الذهبي وهو كما قالا ) 
. واتە : من سەردانی گۆڕستانم لێ قەدەغە كردبوون ، بەڵام لەمەودوا ئیتر سەردانی بكەن ، چونكە بەڕاستی پەندی تێدایە ( وە هیچ شتێك نەڵێن كە خوای پەروەردەگار توڕە بكات ) .

سەردانى ئافرەتان بۆ گۆڕستان 
ئافرەتانیش وەكو پیاوانن لە سوننەتی سەردانی گۆڕستان ، لەبەر ئەمانەی خوارەوە :
یەكەم : فێركرنی زیكری چونە سەر گۆڕستان لە پێغەمبەرەوە بۆ ( عائشە ) ـ ڕەزای خوای لێ بێت ـ هەروەكو لە لاپەڕەى پێشوو باس کراو و خرایە ڕوو .
دووەم : گشتێتی وتەكەی پێغەمبەری خوا كە فەرموویەتی " ... فزورواها " ، واتە : سەردانی گۆڕستان بكەن ، كە ئافرەتانیش دەچنە ژێر ئەم فەرمانەوە .
سێ‌یەم : بێ‌ دەنگ بوونی پێغەمبەر لەو ئافرەتەی كە لای گۆڕەكە بینی دەگریا ، هەروەكو لە فەرموودەی ( أنس ) دا ڕەزاى خواى لێ بێ هاتووە كە : " مرَّ رسول الله بامرأة عند قبر وهي تبكي ، فقال لهـا : اتقي الله واصبري... " ( رواه البخاري ) ، واتە : پێغەمبەری خوا دای بەلای ئافرەتێكدا كە لە لای گۆڕێك بوو دەگریا ، ئەویش پێ‌ی فەرموو : لە خوا بترسە وئارام بگرە ... هتد  .
    پێشەوا ( الحافظ ) لە ( الفتح ) دا فەرموویەتی : (( وموضع الدلالة منه أنه لم ينكر على المرأة قعودها عند القبر ، وتقريره حجة ))  ، واتە : جێگەی بەڵگە لەم فەرموودەیە ئەوەیە كە پێغەمبەر   دانیشتنی لای گۆڕكەی ئینكار نەكرد لە ئافرەتەكە ، و بێ‌ دەنگی پێغەمبەریش بەڵگەیە .
     بەڵام : دروست نیە بۆ ئافرەتان كە زۆر سەردانی گۆڕستان بكەن ، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كە تووشی سەرپێچی شەرعی ببن ، وەك هات و هاواركردن ، و خۆڕازاندنەوە ، و كردنی گۆڕ بەشوێنی گەشت وگوزار ، و كات بەفیڕۆدان لە قسەی پڕ و پوچدا .

ئادابەكانی سەردانی گۆڕستان
1 ـ سوننەتە لە كاتی سەردانی گۆڕستاندا سەلامیان لێ‌ بكرێت و ئەم زیكر و دوعایەیان بۆ بخوێنرێتەوە :
(( السـلام على أهـل الـديار من المؤمنين والمسلمين ، ويرحـم الله المستقدمين منـا والمستأخرين ، وإنـا إن شـاء الله بكم للاحقـون ))  ( رواه مسلم ) ، واتە : سەلامتان لێ بێت ئەی خەڵكی ئەم مەنزڵگایە لە بڕواداران و موسڵمانان ، و خواش ڕەحم بكات بەوانەی كەپێش كەوتوون ( یان ئەوانەی كە مردوون ) لێمان و ئەوانەی كە بە دوایاندا دەڕۆن ( یان ئەوانەی كە نەمردوون و ماون )و ئێمەش ـ إن شا‌ء الله ـ بەئێوە دەگەین 
2 ـ دروستە لە كاتی دوعا بۆ كردنیان دەستەكان بەرز بكرێنەوە :
دایكە ( عائشە ) ـ ڕەزای خوای لێ بێت ـ بۆمان دەگێڕێتەوە كە : " خـرج رسول الله ذات ليلة ، فأرسلت بريـرة في أثره لتنظر أين ذهب ! قالت : فسلك نحـو بقيع الغرقد ، فوقف في أدنى البقيع ، ثم رفع يديه ،... الخ " ( أخرجه أحمد وإسناده حسن ) ، واتە : شەوێكیان پێغەمبەری خوا دەرچوو لە ماڵ ، و منیش ( بریرە) م بەدوایدا نارد بۆ ئەوەی بزانێت بۆ كوێ‌ دەڕوات ! ئەویش وتی : ئەو ڕێگەیەی گرتەبەر كە دەڕوات بۆ ( البقیع الغرقد ) ، و پاشان لە نزیك    ( بقیع ) دا وەستا ، و پاشان دەستەكانی بەرزكردەوە ، ... هتد .
3 ـ لە كاتی دوعا و پاڕانەوەدا نابێت ڕوو لە گۆڕەكان بكرێت ، بەڵكو ڕوو لە كەعبە دەكرێت :
لە بەر نەهی كردنی پێغەمبەر لە نوێژكردن ڕووەو گۆڕ ، ئاشكراشە كە دوعا و پاڕانەوە ناوكرۆكی نوێژە ، بۆیە هەمان حوكمی ئەوی هەیە ، و پێغەمبەریش فەرموویەتی : " الدعاء هو العبادة ، ثم قرأ : [ وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ ] ( سورة غافر : 60 ) " رواه البخاري في ( الادب المفرد ) رقم (714) وأبو داود والترمذي وابن ماجه والحاكم (1/491) وقال : صحيح الاسناد ، ووافقه الذهبي وهو كما قالا ، وقال الترمذي : حديث حسن صحيح )  ، واتە : دوعا و پاڕانەوە پەرستشە . 

قەدەغەكراوەكانی سەردانی گۆڕستان
1 ـ خوێندنەوەی قورئان لەكاتی سەردانی گۆڕستان ـ سورەتی فاتیحە بێت یان هەر سورەتێكی تر ـ یەكێكە لەو شتانەی كە هیچ بنەوایەكی لە سوننەتدا نییە .
2 ـ نابێت بە نەعل و پێڵاوەوە بەنێۆ گۆڕی موسڵماناندا ڕێ بكرێت :
پێغەمبەرى خوا چاوی بە پیاوێك كەوت بەنەعلەوە لە نێو گۆڕەكاندا ڕێی دەكرد ، فەرمووی : ئەی ئەو كەسەی نەعلی ( سەبتیت ) لە پێدایە نەعلەكانت داكەنە ، پیاوەكە سەیری كرد ، كاتێك كە پیاوەكە پێغەمبەری خوای ناسییەوە نەعلەكانی داكەند ، و فڕێ‌ی دان .
3 ـ نابێت پێ‌ بنرێتە سەر قەربرەكان لە كاتی ڕێكردندا : 
لە ( عقبە ) ەی كوڕی ( عامر ) ەوە ڕەزاى خواى لێ بێ پێغەمبەری خوا فەرمویەتی :  ئەگەر بەسەر پشكۆ یان شمشێردا بڕۆم، پێم خۆشترە لەوەی كە بەسەر گۆڕی موسڵمانێكدا بڕۆم ..
4 ـ نابێت لەسەر قەبرەكان دابنیشرێت : 
 پێغەمبەری خوا  فەرموویەتى : نوێژ لە سەر گۆڕ مەكەن ، و لە سەریشی دامەنیشن .
5 ـ شكاندنی ئێسكی مردوو كارێكی نادروستە : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : " إن كسر عظم المؤمن ميتا ، مثل كسره حيا " ( أخرجه أبو داود وابن ماجه ) ، واتە : شكاندنی ئێسكی ئیماندار بە مردووی وەكو ئەوە وایە كە بە زیندوویی بشكێنرێت .
6 ـ شیوەن كردن و لە ڕوومەت دان ، و یەخە دادڕین ، و ڕنینی پرچ ، و واڵاكردن و بڵاوكردنەوەی دروست نیە لەكاتی سەردانی گۆڕستان .
7 ـ نوێژكردن ڕووەو گۆڕ دروست نیە :لەبەر ئەو فەرمودەیەی كە پێشتر باسمان كرد ، " لا تصلوا إلی القبور ... " ، واتە : نوێژ ڕووەو گۆڕ مەكەن .
 8 ـ وە نابێت لە ناو گۆڕستاندا نوێژ لە سەر تەرمەكە بكرێت :
( أنس ) ی كوڕی ( مالك ) ڕەزاى خواى لێ بێ  دەگێڕیتەوە : " أن النبي نهى أن يصلى على الجنائز بين القبور "( أخرجه الطبراني ، وإسناده حسن ) ، واتە : پێغەمبەری خوا نەهی كردووە لەوەی كە نوێژ لە سەر جەنازە بكرێت لە نێو گۆڕستاندا .
9 ـ دووبارەكردنەوەی سەردانی گۆڕستان لە كاتێلێكی دیاریكراودا 
واتە : لە كاتی دیاری كراو و چەند بۆنەیەكی زانراودا بۆ ئەنجامدانی پەرستش ، یاخود جگە لەوە لە لایدا . ( أبو هریرە ) ڕەزاى خواى لێ بێ  دەفەرموێ‌ : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :" لا تتخذوا قبري عيدا ، ... " ( أخرجه أبو داود وأحمد بإسناد حسن وهو على شرط مسلم )  ، واتە : گۆڕەكەم وا لێمەكەن كە دووبارەو لە كاتێلێكی دیاری كراودا سەردانی بكەن ، ... .
10 ـ سەفەركردن بۆ زیارەتی گۆڕ :
پێغەمبەر خوا فەرموویەتی :" لا تشد الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد : المسجد الحرام ، ومسجد الرسول ، ومسجد الاقصى " ، واتە : كۆڵ و بار ناپێچرێتەوە بۆ سەفەركردن بەمەبەستی زیارەت كردن تەنها بۆ سێ‌ مزگەوت نەبێت : مزگەوتی كەعبەی پیرۆز كە ماڵی خوایە ، و مزگەوتی پێغەمبەر ، و مزگەوتی ئەقسا .
11 ـ ناشتنی دار یان هەر جۆرە ڕووەكێك بەگشتی لە گۆڕستان دروست نیە : چونكە ئەو كارە لە كاری سەلەفدا نەبووە ، وە ئەگەر كارێكی خێریش ببایە ئەوان پێشمان دەكەوتن ، ( ابن عمر ) یش فەرموویەتی :  " كل بدعة ضلالة ، وإن رآها الناس حسنة " ، واتە : هەموو بیدعە و تازەگەریەك گومڕاییە ، با خەڵكیش بە چاكی بزانن .

بیدعەكانی سەردانی گۆڕستان
1 ـ سەردانی گۆڕستان پاش مردنی بەسێ ڕۆژ ، یان لە كۆتایی هەموو هەفتەیەك ، یان لە چلەیدا .
2 ـ ڕۆشتن بۆ گۆڕستان و سەردانی لە هەردوو ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و قوربان ، یان لە مانگی ڕەجەب و شەعبان و ڕەمەزاندا .
3 ـ سەردانی گۆڕستان لە ڕۆژی دووشەممە و پێنج شەممەدا 
4 ـ خوێندنی سورەتی : [ الفاتحة ] بۆ مردووان .
5 ـ ناردنی سەلام بۆ پێغەمبەران ـ علیهم السلام ـ بەرێگەی ئەوانی كە سەردانیان دەكەن !
6 ـ پارەپێدان یان كرێ دان بەو كەسەی كە قورئان ئەخوێنێت و پێشكەش و ئیهدای دەكات بە مردووەكە .
7 ـ سەردانی گۆڕ بۆ پاڕانەوە لە لایدا بەهیوای وەڵام دانەوەی .
8 ـ بیرو باوەڕی هەندێكیان بەوەی : كە زۆربەی مەرقەد و قەبری ئەولیا و پیاوچاكان تایبەتمەندییان هەیە بۆ چاككردنەوەی هەندێك نەخۆشی ، هەروەك چۆن پزیشكەكان تایبەتمەندی هەیە لە نێوانیاندا ، بۆ نموونە دەبینین هەندێكیان بەسودە بۆ چاوئێشە ، و هەندێكیان بۆ ژان و با ... هتد .
9 ـ دانانی مەڕمەڕی سپی یان پارچە لەوحێكی دارین لەسەر گۆڕ .
10 ـ ڕازاندنەوەی گۆڕەكە بەکاشی و جۆرەها شتى تر.
11 ـ هەڵگرتن و بردنی قورئان بــۆ سەر گۆڕ و خـوێندنەوەی لـــەسەر مردووەكە .
12 ـ خستنە ڕوی عەریزەی سكاڵاكان و فڕێدانی بۆ ناو مەرقەدكە ، بە گومانی ئەوەی كە خاوەنی مەرقەدەكە یەكلا و لێكیان دەداتەوە .
13 ـ بەستنی پارچە قوماش بەپەنجەرەی گۆڕی پیاوچاكانەوە بۆ ئەوەی لەبیریان بن و پێویستیەكانیان جێ بەجێ بكەن .
14  ـ فڕێدانی دەسڕ و جل و بەرگ بۆ ناو گۆڕەكە بەمەبەستی تەبەڕوك پێكردنیان .
15 ـ خۆڕاكشان و خۆخستنە سەر گۆڕەكە لە لایەن هەندێك لە ئافرەتانەوە ، لە گەڵ خشاندن پیاهێنانی دامێنیان بە سەر گوڕەكەدا بۆ ئەوەی سكیان پڕ بێت ! 
16  ـ دەست پیاهێنان و ماچكردنی گۆڕ .
17  ـ سوڕخواردن تەوافكردن بە دەور گۆڕی پێغەمبەران وپیاوچاكان .
18  ـ تەوەسول كردن بەخاوەن گۆڕەكە پێغەمبەر بێت جگە لەو .
19  ـ داوای فریاكەوتن یارمەتی دان لە مردوان ، هەروەك دەڵێن : ئەی فڵانی گەورەم فریام كەوە !! یان سەرمـخە بەسەر دوژمنمدا .
20 ـ بەرزكردنەوەی گۆڕ ، و بیناكردن لەسەری .
21 ـ وەسێت كردن بەدروست كردنی بینا لـەسەر گۆڕەكەی .
22 ـ گەچکارى و سپیكاری كردنی گۆڕەكان .
23 ـ نوسینی ناوی مردووەكە و مێژوی مردنی لەسەر گۆڕەكە ، و نوسینى شعر و ئایەتى قورئان لەسەر گۆڕکە. 
24 ـ دروست كردنی مزگەوت و مەزارگا لەسەر گۆڕ و شوێنەوارەكان .
25 ـ نـاردنی هەندێك پارچە کاغەز و نوسراو ، كە تێیدا باسی پێویستی و ئیحتیاجاتی خۆیانی تێدا دەخەنە ڕوو بۆ پێغەمبەری خوا  !!!

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ١,٩٠٨