چەند بـاسێكی شەرعی سەبارەت بە كاتی ناڕەحەتی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند بـاسێكی شەرعی سەبارەت بە كاتی ناڕەحەتی

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمدٍ و على آلهِ وأصحابهِ أجمعـين، أما بعد:
تاقی كردنەوەی بەندەكان سوننەتی خوایە
سەرەتا ئەوەی پێویستە بزانرێت سوننەتی خوای پەروەردگار وەهایە لەم دونیایەدا كە مرۆڤەكان و بەتایبەتی موسڵمانان تاقی دەكاتەوە و ناكرێت و نابێت مرۆڤ لەم ژیانی دونیایەیدا هەمیشە لەسەر یەك ڕێڕەو و ئاراستە بڕوات و هیچ جۆرە گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەیەت، ئەگەر ئەمە بچووك بكەینەوە بۆ نموونەیەك بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێتەوە، مرۆڤ لەم جیهانەدا وەكو كەسێك وایە كە ڕێی سەفەرێكی دووری گرتبێتە بەر، بێگومان ئەم كەسە خۆی ئامادەكردووە و چاوەڕێی ئەوەیە لەم گەشتەیدا تووشی ماندوێتی و تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی و شەونخونی و ترس و بێ پارەیی و بەرز و نزمی زۆر بێتەوە هەتا دەگاتە ئەو شوێنەی كە مەبەستە.

شێوازەكانی تاقی كردنەوە
ئەوەی كە باس كرا پێشچاو ڕوونیەك بوو بۆ باسەكە، تەوەرێكی تری بابەتەكە ئەوەیە خودی ئەو جۆرە تاقی كردنەوانە بناسین و ئەوە چاك بزانین كە تاقیكردنەوەی موسڵمان لە دونیادا تەنها بە یەك شێوە نیە وەكو زۆرێك تێی گەیشتوون، بەڵكو ئەو تاقیكردنەوانە خۆی لەچەندین شێوازدا دەبینێتەوە و حاڵەتگەلێكی زۆر و هەمەچەشنە، وەكو: دەوڵەمەندی، هەژاری ودەستكورتی، ئەمن وئاسایشی وڵات، لەشساغی، نەخۆشی، كەمئەندامی، جوانی، دەسەڵات و پۆست، منداڵ زۆری، كچ زۆری، بێ منداڵی و نەزۆكی، خۆشی و بەختەوەری، ناخۆشی و تەنگوچەڵەمەیی، هەبوونی زانست و چەندین شێوازی تریش.

جا ئەم تاقیكردنەوەو حاڵەتانە كەبەسەر موسڵماندا دێن دەكرێن بە دوو بەشەوە:

یەکەم : ئەوانەی كە بەندە پێی خۆشە و حەز بە مانەوەی دەكات وەكو دەوڵەمەندی و جوانی و منداڵ زۆری و پۆست ولەشساغی و خۆشی وشادی .

دووەم : بەشەكەی تریشی ئەوانەن كە بەندە پێی ناڕەحەتە و ڕووكەشی حاڵەتەكە وا دیارە كە بۆ كەسەكە خراپە و دەكەوێتە بارودۆخێكی دژوار و سەختەوە بەهۆیەوە.

جۆرەكانی تاقی كردنەوە
ئێستا دێینە سەر ئەوەی كە بۆچی و بە چ مەبەستێك موسڵمان تووشی ئەم حاڵەتانە دەبێت و ڕووبەڕوی ئەم ساتەوەختانە دەبێتەوە .

 خوێنەری یەكخواپەرست: دەبێت ئەوە چاك بزانیت كە تەواوی ئەو تاقیكردنەوانە دەكرێن بە دوو جۆرەوە:

جۆری یەكەمیان :ئەوانەن كە تووشی خۆشی و شادیت دەكەن .

 جۆری دووەمیشیان : ئەوانەن كە تووشی دڵتەنگی و ناڕەحەتیت دەكەن.

لەهەردوو حاڵەتەكەدا بۆ تاقیكردنەوەی ڕادەو ئاستی ئیمانی كەسەكەیە بۆ ئەوەی لە واقیعدا دەركەوێت كە بەندە پلەی ئیمان وباوەڕی تا چ ڕادەیەكە و ئایا ڕەنگی داوەتەوە لە كردارو گوفتاریدا؟

 حیكمەت لە تاقی كردنەوە
گشت ئەو تاقیكردنەوانە بۆ دوو حیكمەتە:
یەكەمیان : بۆ ئەوەیە بزانرێت بەندە سوپاسگوزارە و شوكری ئەو نیعمەتانە دەكات یان نا، ئەگەر شوكری كردو پێی زانی و لەخۆی بایی نەبوو لەدینداریدا بەكاری هێنان ئەوا خێر وچاكەی بۆ دەنووسرێت.
دووەمیشیان : بۆ ئەوەیە بزانرێت بەندە دان بەخۆدادەگرێت و خۆڕاگرە لەسەر ئەو ناڕەحەتیانە و ئارامیان لەسەر دەگرێت یان نا، ئەگەر وەها بوو ئەوا بەندە بەردەوام تاوانی لەسەر دەسڕێتەوە و بەرەو پاكبوونەوە دەڕوات.

كەوابوو بەكورتی لەهەردوو حاڵەتەكەدا دوو جۆر عیبادەتی تێدایە كە شوكر و صەبرە لەیەكەمیاندا چاكەت بۆ دەنووسرێت لەدووەمیاندا تاوانت لەسەر دەسڕێتەوە و ژیانی مرۆڤیش لەو دوو حاڵەتە بەدەرنیە.
هەندێك لەو ئایەت وفەرموودانەی سەبارەت بە تاقی كردنەوە هاتوون
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: [ عَجَبًا لِأَمْرِ الْمُؤْمِنِ، إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ، وَلَيْسَ ذَاكَ لِأَحَدٍ إِلَّا لِلْمُؤْمِنِ، إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ، فَكَانَ خَيْرًا لَهُ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ، صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ ] {صحيح مسلم: 2999}.
واتە: بەڕاستی كاری ئیماندار جێگەی سەرسامیە، چونكە هەموو كاروبارێكی هەر خێرە، ئەوەش بۆ كەس بەو شێوەیە نیە تەنها بۆ باوەڕدار نەبێت، ئەگەر هاتوو تووشی خۆشی هات و شوكری خوای كرد لەسەری ئەوا دەبێتە خێربۆی، وە ئەگەریش تووشی ناخۆشی هات و ئارامی گرت لەسەری ئەوا دیسان دەبێتە خێربۆی. [1]

خوێنەری حەق ویست:
دەبێـت ئەوە بزانیت كە من و تۆ و هیچ كەسی تریش بەدەر نین لەوەی كە گوناه و تاوان نەكەین و هەموومان تاوانبارین، جا یەكێك لە هۆكارەكانی سڕینەوەی تاوان بریتیە لە صەبرگرتن لەسەر ناڕەحەتی و بەڵاو ناخۆشی كەبەسەرماندا دێت، ئەمە لەكاتێكدا دەبێت ئێمە یەقینمان هەبێت كە تووشی بەڵاو كارەسات دەبین ئەمڕۆ یان سبەی و هەركەسیش بەگوێرەی بتەوی و ئاستی ئیمانەكەی كەلەناخیدایە، وەكو خوای گەورە دەفەرموێــت: [أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ (2) وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ (3) ] {العنكبوت}.
واتە: ئایا خەڵكی وایانزانیوە، وازیان لێ دەهێنرێت كەبڵێن ئیمان وباوەڕمان هێناوە، لەكاتێكدا ئەوان تاقی نەكرێنەوە وتووشی سزا وئازار نەكرێن؟ سوێند بە خوا بێگومان ئێمە ئەوانەی پێش ئەمانمان تاقی كردۆتەوە بەجۆرەها شیوە، تا خوای گەورە لە جیهانی واقیعدا ئەوانەی ڕاستیان كردووە بیانناسێت و دەركەون هەروەها درۆزنەكانیش دەبێت بناسرێن ودەركەون.
لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَأْتِكُمْ مَثَلُ الَّذِينَ خَلَوْا مِنْ قَبْلِكُمْ مَسَّتْهُمُ الْبَأْسَاءُ وَالضَّرَّاءُ وَزُلْزِلُوا حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللَّهِ أَلَا إِنَّ نَصْرَ اللَّهِ قَرِيبٌ (214) ] {البقرة}.
واتە: ئایا لاتان وایە هەروا بە ئاسانی دەچنە بەهەشتەوە (بێ تەنگانەو ناخۆشی)؟! مەگەر نمونەی ئیماندارانی پێشووتان بۆ باس نەكراوە، كە تووشی شەڕ و ناخۆشی و تەنگانە وگرانی و نەداری بوون وتەكانیان خواردووە وزۆریان بۆ هاتووە بەڕادەیەك، هەتا پێغەمبەرەكەیان و ئەوانەی باوەڕیان هێناوە لەگەڵیدا دەیانووت: كەی پەروەردگار سەركەوتن دەنێرێت و یارمەتیمان دەدات؟!
یان لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [مَا كَانَ اللَّهُ لِيَذَرَ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى مَا أَنْتُمْ عَلَيْهِ حَتَّى يَمِيزَ الْخَبِيثَ مِنَ الطَّيِّبِ] {آل عمران: 179}.
واتە: خوا ئیمانداران وازلێ ناهێنێت هەر وەكو ئەوەی كە ئێستا ئێوە لەسەری هەن هەتا پیس و پاك لەیەك جیانەكاتەوە (بەهۆی جۆرەها تاقی كردنەوەو پێشهاتەوە).
لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ حَتَّى نَعْلَمَ الْمُجَاهِدِينَ مِنْكُمْ وَالصَّابِرِينَ وَنَبْلُوَ أَخْبَارَكُمْ (31) ] {محمد}.
واتە: سوێند بەخوا تاقیتان دەكەینەوە تا دەری بخەین ودیاربێ موجاهیدان و خۆڕاگر وبەصەبرەكانتان وە تا هەواڵتان چیە ئاشكرای كەین.
لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: [أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَعْلَمِ اللَّهُ الَّذِينَ جَاهَدُوا مِنْكُمْ وَيَعْلَمَ الصَّابِرِينَ (142) ] {آل عمران}.
واتە: یان وا گومانتان دەبرد (هەروا بەئاسانی) دەچنە بەهەشتەوە كە هێشتا خوا (لەجیهانی واقعدا) دەری نەخستووە كە كامتان هەوڵ وكۆشش و جیهادی كردووەو كامتان خۆڕاگر و ئارامگربووە.

هەروەها پێغەمبەری خوا دەفەرموێـت: " أشد الناس بلاء الأنبياء، ثم الأمثل فالأمثل، يبتلى الرجل على حسب (وفي رواية: قدر) دينه، فإن كان دينه صلبا اشتد بلاؤه وإن كان في دينه رقة ابتليَ على حسب دينه، فما يبرح البلاء بالعبد حتى يتركه يمشي على الأرض ما عليه خطيئة " {سلسلة الأحاديث الصحيحة: 143}.
واتە: سەختترین بەڵاو ناڕەحەتی لەنێو خەڵكیدا بەسەر پێغەمبەراندا دێت، پاشان ئەوانەی وەكو ئەوانن، پاشان ئەوانەی وەكو ئەوانن، مرۆڤ بە گوێرەی دینەكەی تاقی دەكرێتەوە، جا ئەگەر هاتوو دینەكەی قایم و توند بوو ئەوا بەڵاكەی سەختتر دەبێت، وە ئەگەریش دینەكەی لاواز بوو ئەوا بەئەندازەی دینەكەی تاقی دەكرێـتەوە، جا بەڵاو كارەسات لەسەر بەندە لاناچێت هەتا وای لێ دەكات بەسەر زەویدا دەگەڕێت و گوناهو تاوانی پێوە نەماوە.

ئایا بەڵاو ناخۆشی مانای ڕق لێبوونی خوایە بۆ بەندە؟
بڕگەیەكی تریش كە پێویستە تیشكی بخرێتە سەر ئەوەیە كە بەڵاو ناخۆشی مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە ڕقی لەو بەندەیەیە بۆیە تووشی دژواری دەكات و ئازاری دەدات و ئەوەشی هیچی بەسەردا نایەت ئەوا خوا خۆشی دەوێت و بەڵگەی نزیكی ئەو كەسەیە لە خواوە، بەڵكو وەكو ئاماژەمان پێكرد بۆ پاكبوونەوەیە لەتاوان و گەڕانەوەیە بۆ لای خوا ئەگەر بەندەكە خۆڕاگربێت و دان بەخۆیدا بگرێت، ئیتر با كارەساتەكە هەرچیەك بێت، تەنانەت هەژاری و نەداریش، وەكو پێغەمبەری خوا دەفەرموێت:
" أشد الناس بلاء الأنبياء، ثم الصالحون، إن كان أحدهم ليبتلى بالفقر، حتى ما يـجـد أحدهم إلا العباءة التـي يحويها، وإن كان أحدهم ليفرح بالبلاء كما يفرح أحدكم بالرخاء " {سلسلة الأحاديث الصحيحة: 144}.
واتە: سەختترین بەڵاو ناڕەحەتی لەنێو خەڵكیدا بەسەر پێغەمبەراندا دێت، پاشان چاكەكان، جاری وا هەبووە یەكێكیان تاقی كراوەتەوە بە نەداری و دەستكورتی، هەتا ڕادەیەك كەهیچی نەبووە جگە لەو عابایە نەبێت كە خۆی پێ داپۆشیوە وبەچواردەوریەوەیەتی، وە لەگەڵ ئەوەشدا هی وایان هەبووە دڵخۆش بووە بە هاتنی بەڵاو كارەسات بە ئەندازەی ئەوەی ئێوە دڵتان خۆشە بە خۆشگوزەرانی و خۆشی.

وە ئەگەر ئێمە ڕاست بكەین لە خۆشەویستیمان بۆ پێغەمبەری خوا ئەوا دەبێت صەبریشمان هەبێت چونكە هاتنی بەڵا زیاتر لەكەسێكەوە نزیكە كە پێغەمبەری خۆشدەوێت: وەكو لەفەرموودەدا هاتووە كە پیاوێك هات بۆ لای پێغەمبەری خوا و پێی ووت: ئەی پێغەمبەری خوا سوێند بە خوا من تۆم خۆش دەوێت، ئەوەبوو پێغەمبەریش لە وەڵامیدا فەرمووی: "إِنَّ الْبَلَايَا أَسْرَعُ إِلَى مَنْ يُحِبُّنِي مِنَ السَّيْلِ إِلَى منتهاه " { سلسلة الأحاديث الصحيحة:1586 }.
واتە: بەڵا و كارەسات بۆ ئەوەی منی خۆشدەوێت خێراترە لە لافاو بۆ ئەو شوێنەی بۆی دەڕوات.

ئەمە لەكاتێكدا ئێمە لەدونیادا پێمان ناخۆشە خوا بەو شێوازانە تاقیمان بكاتەوە، بەڵام هەر خۆمان لە قیامەتدا پەشیمان دەبینەوە و خۆزگەی ئەوە دەخوازین كە لە دونیادا تووشی نەخۆشی وناڕەحەتی و ئازار بووینایەوە، وەكو لەم فەرموودەدا هاتووە:
" يَوَدُّ أَهْلُ العَافِيَةِ يَوْمَ القِيَامَةِ حِينَ يُعْطَى أَهْلُ البَلَاءِ الثَّوَابَ لَوْ أَنَّ جُلُودَهُمْ كَانَتْ قُڕضَتْ فِي الدُّنْيَا بِالمَقَاڕيضِ "{ مشكاة المصابيح: 1570 }.
واتە: ئەوانەی لەخۆشیدا بوونەو تووشی تاقیكردنەوە نەهاتوون لە رۆژی دواییدا كاتێك دەبینن پاداشتی ئەوانەی بەڵایان بەسەردا هاتووە چەندە گەورە و چاكە، خۆزگە دەخوازن لە دونیادا پێستیان بە ئاسن پارچەپارچە بكرایە و تووشی ناڕەحەتی بهاتبایەن.

شێوەكانی هاتنی بەڵاو ناخۆشی
جا هاتنی بەڵاو ناڕەحەتیش لەلایەن خوای دانا و كارسازەوە بەدوو شێوەیە:

یەكەمیان : ئەوەیە كە ڕاستەوخۆ لەلایەن خوای گەورەوە دێت بۆ بەندەكە و كرداری خوای گەورەیە و دەستێوەردانی كەسی تێدا نیە، وەكو نەخۆشكەوتنی لەناكاو و هاوشێوەیی ئەوە .

دووەمیان : بریتیە لە ڕەخساندنی كۆمەڵە كەسێك كە زوڵم وستەم ودەستدرێژی دەكەنە سەر بەندەكە و ئازاری دەكەن واتە ئەمەیان لەسەر دەستی مرۆڤەكانە و بەڵام دیسان بە ئیزن و ویستی خوایە.

ناڕەحەتییەکان، هۆكار و هەڵوێست
 دەبێ ئەوە باش بزانین کە ئەو ناڕەحەتی و دژواریانەی كە تووشمان دەبن وبەسەرماندا دێن بەهۆی كردەوەكانی خۆمانەوە بۆ ئەوەیە كە بۆ لای خوا بگەڕێینەوە و بەخۆماندا بچینەوە، بەڵام بەداخەوە تاكە شتێك كە بیری لێ ناكرێتەوە ئەمڕۆ ئەم قسەیەیە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێـت: [ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ بِمَا كَسَبَتْ أَيْدِي النَّاسِ لِيُذِيقَهُمْ بَعْضَ الَّذِي عَمِلُوا لَعَلَّهُمْ يَرْجِعُونَ (41) ] {الروم}.
واتە: برسیەتی وقات وقڕی وگرانی ونائەمنی وخنكان ونەخۆشی وبوومەلەرزە دەركەوتوون وهەموو سەر زەوی داپۆشیوە ووشكانی ودەریایشی گرتۆتەوە، بەهۆی ئەو تاوان و گوناهانەوە كە خەڵكی دەستیان داوەتێ‌، سەرئەنجام دەبێت تاڵاوی
هەندێك لە كردەوەكانیان بچێژن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای خواو هۆشێك بێتەوە بەبەریاندا وبەخۆیاندا بچنەوە.
جا ئەوەی مەبەست بێت لێرەدا ئەوەیە كە لەوەها بارودۆخێكدا موسڵمانە ڕاساڵ و ڕەسەنەكان دەردەكەون و ئەوانەش دەردەكەون كە بەڕووكەش دەستیان بەئیسلام و دینداریەوە گرتووە.

ئێمەی موسڵمان دەبێت لە هەموو كاتێكدا دیندار بین نەوەك تەنها لە كاتی خۆشی وخۆشگوزەرانیدا، دەبێت لەهەموو شوێن و كات و حاڵەتێكدا خواناس و بۆخوا صوڵحاو بین و ڕاستێتی موسڵمانێتیمان بسەلمێنین لەكاتە سەخت و ناڕەحەتیەكاندا، دەبا پێكەوە ئەم ئایەتە بخوێنینەوە: [وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَعْبُدُ اللَّهَ عَلَى حَرْفٍ فَإِنْ أَصَابَهُ خَيْرٌ اطْمَأَنَّ بِهِ وَإِنْ أَصَابَتْهُ فِتْنَةٌ انْقَلَبَ عَلَى وَجْهِهِ خَسِرَ الدُّنْيَا وَالْآخِرَةَ ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِينُ (11) ] {الحج}.
واتە: هەندێك لە خەڵكی هەیە تەنها لەیەك حاڵەتدا خواپەرستی دەكات (ئەویش ئەو حاڵەتەیە كە دونیا بەدڵی ئەو بێت)، ئەگەر تووشی خێر و خۆشی بوو دڵی پێی خۆشە، خۆ ئەگەر تووشی تاقیكردنەوەیەك هات، سواری سەری خۆی دەبێت و هەڵدەگەڕێتەوە، ئا بەو حاڵەتەی دونیا وقیامەت لەدەست خۆی دەدات و زەرەرمەندی هەردوو لایە وهەر ئەوەشە خەسارەتمەند و زەرەرمەندی ڕوون وئاشكرا.
خاڵێكی تریش كە شایەنی باس كردنە ئەوەیە كە هەندێك كەس خوای گەورە خێرێكی بۆیان دەوێت و دەیەوێت بیانخاتە بەهەشتەوە، هاوكات ئەو كەسەش كردەوەی چاكەی كەمە و تاوانی زۆرە، بۆیە خوای گەورە ناڕەحەتی و بەڵای بەسەردا دەهێنێت و پاكی دەكاتەوە و ئازاری دەدات بۆ ئەوەی تاوانەكانی بسڕێتەوە، وەكو كەسێكی نەخۆش كە دەرمانی تاڵ و ناخۆشی پێدەدرێت، هەرچەندە بەڕووكەش ئازاری دەدات بەڵام لە ناوەرۆكدا بۆ چاكبوونەوەیەتی و لەخۆشەویستیدا ئەو چارەسەرەی پێ دەدرێت، یان بۆ ئەوەیە پلەو پایەی ئەو كەسە بەرزبكاتەوە، وەكو پێشەوا ابن قیم دەڵێت:

لقی دار دەبڕرێت و پەرچ دەكرێت بەڵام بۆ بەرزبونەوەیەتی و گەورەبوونیەتی نەوەك بۆ بچووك بونەوەو لاوازكردنی.

یان وەكو دەوترێت ئاڵتون دەخرێتە ناو كورەی ئاگرەوە دەسووتێنرێت بۆ ئەوەی پاك بێتەوە لە خڵتەو زیادە.

ئەم ئوومەتەش بەدەر نیە لەم حاڵەتە و دەبێت تووشی چەندین ناڕەحەتی و سەختی بێت و حاڵەتی ناخۆشی بەسەردا بێت .

كـــۆتـــایی
جا لە كۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم بەهەمو موسڵمانان كە تاقیكردنەوەی خوایی نیشانەی ئەوەیە كە خوای گەورە ئەو كەسە یان ئەو گەلەی خۆش دەوێت بۆیە تاقیان دەكاتەوەو تووشی صەبریان دەكات تا پلەیان بەرزبێتەوە و پاك ببنەوە، هەروەها گەورەیی و زۆری پاداشت لەگەڵ گەورەیی بەڵاو كارەساتەكەدایە، وەكو پێغەمبەری ئازیز دەفەرموێت: " إِذَا أَحَبَّ اللَّهُ قَوْمًا ابْتَلَاهُم، فَمَنْ صَبَرَ فَلَهُ الصَّبْرُ، وَمَنْ جَزِعَ فَلَهُ الْجَزَعُ "{ صحيح الترغيب والترهيب: 3405 }
واتە: ئەگەر خوا گەلێكی خۆشبووێت تاقیان دەكاتەوە، جا ئەوەی صەبر بگرێت ئەوا پاداشتی صەبری بۆ هەیە، وئەوەش ئارام نەگرێ‌ و توڕەبێت ئەوا توڕەبوونی بۆ هەیە.
لە ریوایەتێكی تردا دەفەرموێت:" إِنَّ عِظَمَ الْجَزَاءِ مَعَ عِظَمِ الْبَلَاءِ "
واتە: گەورەیی پاداشت لەگەڵ گەورەیی بەڵادایە.
وە جاری وا هەیە كەسێك پلەیەكی لەبەهەشتدا بۆ دانراوە و كەچی كەسەكە ئەوەندە كارو كردەوەی چاكەی نیە هەتا بگاتە ئەو پلەوپایەیە بۆیە خوای گەورە بەردەوام تاقی دەكاتەوەو تووشی ناڕەحەتی و دژواری دەكات لە جەستە و ماڵ و منداڵیدا، بەو هۆیەوە بەندەكەش صەبر دەگرێت و چاكەی بۆ دەنووسرێت هەتا دەگاتە ئەو پلەوپایەی كە بۆی دیاری كراوە لەلایەن خوای پەروەردگارەوە وەكو لە فەرموودەدا بەم شێوەیە هاتووە:
" إِنَّ الْعَبْدَ إِذَا سَبَقَتْ لَهُ مِنَ اللهِ مَنْزِلَةٌ فَلَمْ يَبلُغهَا بِعَمَلٍ ابْتَلَاهُ اللهُ فِي جَسَدِهِ أَوْ مَالِهِ أَوْ فِي وَلَدِهِ، ثُمَّ صَبَرَ عَلَى ذَلِكَ حَتَّى يُبَلِّغَهُ الْمَنْزِلَةَ الَّتِي سَبَقَتْ لَهُ مِنَ اللهِ عَزَّ وَجَلَّ "{ صحيح الترغيب والترهيب: 3409}.
هەروەها دەبێـت بە ئومێدەوە بژین و چاوەڕێی ڕەحمەت و فەزڵی خوای بەدەسەڵات بین و نابێت بێ هیوا بین، چونكە بەویستی خوا ئەم بارودۆخەش بەدڵناییەوە كۆتایی پێ دێت و نامێنێت، وەكو خوای گەورە دەفەرموێت: [فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا (5) إِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا (6) ]
واتە: بەڕاستی لەگەڵ تەنگانەدا خۆشی و ئاسانیەك هەیە، بێگومان بەڕاستی لەگەڵ تەنگانەدا خۆشی و ئاسانیەك هەیە. [5] وە هەروەها سەركەوتن و ڕزگاربوون لەگەڵ صەبر و ئارام گرتندایە. وەكو لەفەرموودەدا هاتووە: " النصر مع الصبر... "{سلسلة الأحاديث الصحيحة: 2382}.

رَبَّنَا أَفْرغْ عَلَيْنَا صَبْرًا وَثَبِّتْ أَقْدَامَنَا وَانْصُرْنَا عَلَى الْقَوْمِ الْكَافِرينَ.

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٤,٢٤٨