ماڵپەڕی وەڵامەکان
پوختەى کاتى پارشێو و بەربانگ کردن لەسەردەمى پێغەمبەرى خوادا صلى الله علیه وسلم

ناوى کتێب پوختەى کاتى پارشێو و بەربانگ کردن لەسەردەمى پێغەمبەرى خوادا صلى الله علیه وسلم

نوسینى : مامۆستا محمد عبدالحرمن 

پێناسەى کتێب : 

ئەم کتێبە (شەش جار) چاپ کراوە و زیاتر لە (10 هەزار) نوسخەى لێ بڵاوکراوەتەوە ، سوپاس بۆ خواى گەورە بووە هۆی ئاشناكردنی زۆرێك لە موسڵمانانی كوردستان بە هەندێك زانیاری زۆر گرنگ سەبارەت بە هەردوو كاتی (پارشێو و بەربانگ كردن) و كاتی شەرعی و دروستی (نوێژی بەیانیان) لە ڕوانگەی ئایەتێكی قورئانی و چەندین فەرموودەی صەحیحی پێغەمبەرەوە صلى الله علیه وسلم لەگەڵ شیكردنەوە و روونكردنەوە و فەتوای زانایانی ئەهلی سوننەی پێشتر و ئەم سەردەمەیش ، وە بەڕاستی ئەم كتێبە بوو بە هۆی بێداركردنەوە و وشیاركردنەوەی زۆرێك لە كەسانی پەیوەندیدار بە بڕیاردان لە سەر كاتی بانگدان و ڕێنماییدان سەبارەت بە كاتی (پارشێو و بەربانگ كردن) و كاتی شەرعی و دروستی (نوێژی بەیانیان)یش و دەنگۆیەكی هێنایە ئاراوە بۆ چاوپێداخشانەوە و بەدواداچوون لەم بوارەدا .
بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا لێرە و لەوێ‌ دەبینین و دەبیسین كەوا ڕێژەیەكی باش لە موسڵمانان بە گشتی و هەندێكیش لە مامۆستایانی ئاینی و قوتابیانی زانستە شەرعیەكان بە تایبەتی كەوتوونەتە خەمی ئەم بابەتە و بە شێوازێكی كردەیی و مەیدانی خۆیان بۆ خۆیان چاودێری بینینی دەركەوتنی فەجر و خۆرئاوابوون دەكەن و بەڵكو هەندێكیشیان بە ڤیدیۆ تەصویری دەكەن و موسڵمانانی پێ‌ ئاگادار دەكەنەوە .
هەروەها ئەم كتێبە ـ لە پاش فەزڵی خوای گەورە ـ بوو بە هۆی ئاشناكردنی زۆرێك لە موسڵمانانی كوردستان بە چەند سوننەتێكی پشت تێ‌كراو و هەوڵدان بۆ زیندووكردنەوەیان سەبارەت بە (پارشێو و بەربانگ كردن) و چۆنێتی زانینی كاتی هەردووكیان .
هەموو ئەمانەیش جێ‌ی دڵخۆشی ئێمەیە و پاڵنەرێكیشە بۆمان بۆ زیاتر جەختكردنەوە لەسەر ئەم بابەتە و چەندین بابەتی تری هاوشێوەی ئەمە كە داواكارین خوای گەورە بیانكاتە گەنجینە و زەخیرە و توێشوویەك بۆ قەبر و قیامەتمان .
 وە ئومێدەواریشین كە خوێنەرانی ڕێزدار بە بێ‌ دڵەڕاوكێ‌ و بە بێ‌ گوێ‌دان بە وەسوەسەی شەیتان و ڕەخنە و ورتەورتی كەسانی دەمارگیر و نەزان و ناحاڵی هەوڵ بدەن بۆ كردەوە پێ‌ كردن و پەیڕەوكردنی ئەم ڕاستیانە و ڕاگەیاندنی بە موسڵمانانی تر .

ئەم كتێبە بە نرخە لەم چوار بەشە پێك هاتووە

[ بەشی یەكەم ]
پوختەی كاتی پارشێو و بەربانگ كردن لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله علیه وسلم)

[بەشی دووەم]
ئایا پارشێو و بەربانگ كردن پەیوەستە بە بانگدانەوە یان بە دەركەوتنی فەجر و خۆرئاوا بوونەوە ؟

[بەشی سێیەم]
ئایا كاتی نێوان دەركەوتنی فەجر و خۆر هەڵهاتن دیاری كراوە بە سەعات و نیوێك ؟
وەڵامی شوبهەیەك !!!

[بەشی چوارەم]
الشيخ عبد الـمحسن العبيكان : فـي رد حول دخول الفجر الصادق


داگرتنی کتێب
سەردان: ٨٠٣