هۆکار چی یە کە شێخ الٳسلام ابن تيمية ژنی نەهێناوە لەکاتێکدا ژن هێنان سوننەتە ؟ ئایا ئەمە پشت کردن نیە لە سوننەت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
هۆکار چی یە کە شێخ الٳسلام ابن تيمية ژنی نەهێناوە لەکاتێکدا ژن هێنان سوننەتە ؟ ئایا ئەمە پشت کردن نیە لە سوننەت؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله وازی لەژن هێنان نەهێناوە وەک زوهد و خۆ دوور گرتن لێی یان ڕقی لێ بێت وپشت بکاتە سوننەت ؛ بەڵکو بۆیە ژنی نەهێناوە لەبەر سەرقاڵ بوونی بەجیهاد ودەعوە کردنەوە ، وبەهۆی ئەو ناخۆشیانەی کەبەسەری هاتوون لەسجن ودوور خستەنەوە لەوڵات...هتد  .

یەکەم :
گومانی تێدا نی یە کە زەواج کردن یەکێکە لەسوننەتی پێغەمبەران ، ومەعلومە کە پێغەمبەر ژنی هێناوە ، وەهەروەها هاوەڵانیش رضي الله عنهم ژنیان هێناوە ، پێغەمبەر فەرموویەتی : (النِّكَاحُ مِنْ سُنَّتِي، فَمَنْ لَمْ يَعْمَلْ بِسُنَّتِي فَلَيْسَ مِنِّي، وَتَزَوَّجُوا، فَإِنِّي مُكَاثِرٌ بِكُمُ الْأُمَمَ، وَمَنْ كَانَ ذَا طَوْلٍ فَلْيَنْكِحْ، وَمَنْ لَمْ يَجِدْ فَعَلَيْهِ بِالصِّيَامِ، فَإِنَّ الصَّوْمَ لَهُ وِجَاءٌ ) .رواه ابن ماجة (1846) ، وحسنه الألباني .

واتە : زەواج کردن لەسوننەتی منە هەرکەسێک کار بەسوننەتی من نەکات ئەوا لەمن نی یە ، ژن بێنن ، چونکە من شانازی بەزۆریتانەوە دەکەم لەنێو گەلاندا ، هەرکەسێک توانای هەیە با ژن بێنێت ، وهەرکەسێک توانای دارای نەبوو با بەڕۆژوو بێت ؛ چونکە ڕۆژوو دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی ئارەزوو .

وە ئەنەسی کوڕی مالیک رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ، دەڵێت : پێغەمبەر صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فەرمووی : (أَمَا وَاللَّهِ ، إِنِّي لَأَخْشَاكُمْ لِلَّهِ ، وَأَتْقَاكُمْ لَهُ، لَكِنِّي أَصُومُ وَأُفْطِرُ، وَأُصَلِّي وَأَرْقُدُ، وَأَتَزَوَّجُ النِّسَاءَ، فَمَنْ رَغِبَ عَنْ سُنَّتِي فَلَيْسَ مِنِّي ) رواه البخاري (5063)، ومسلم (1401) .
واتە : سوێند بەخوا ، من لەهەموتان زیاتر لەخودا دەترسم ، ولەهەموتان بەتەقوا ترم ، بەڵام من بەڕۆژووش دەبم وبەڕۆژووش نابم ، وشەو نوێژ دەکەم ودەش خەوم ، و ژن دێنم ، هەرکەسێک پشت لەسوننەتی من بکات ئەوا لەمن نی یە .

دووەم :
خەڵک لەڕووی زەواج کردنەوە دەبنە سێ بەشەوە :

یەکەم : کەسێک ترسی لەخۆی هەیە توشی تاوان ببێت گەر زەواج نەکات ، ئا ئەم کەسە لەسەر بۆ چوونی هەموو زانایان واجبە لەسەری ژن بێنێت ؛ چونکە دەبێتە هۆی پاراستی داوێنی ، ودەیپارێزێت لەحەڕام .

دووەم : ئەوانەی کەسوننەتە ژن بێنن ، کەسانێکن ئارەزووی ژن هێنانیان هەیە بەڵام ئەمینن لەوەی توشی تاوان نابن ، ئائەم کەسانە باشتر وایە ژن بێنن لەوەی خۆیان بە عیبادەتە سوننەتەکانەوە سەرقاڵ بکەن .

جۆری سێیەم : کەسانێکن ئارەزویان نی یه ، جا یان هەر لەبونیاد ئارەزویان نەبووە ، ویاخود بەهۆی نەخۆشی وهەر هۆکارێکی ترەوە ئارەزویان لەدەس داوە ، ئەمانە دوو بۆچوون لەبارەیانەوە هەیە :
1- سوننەتە ژن بێنن ، لەبەر گشتگیری ئەو بەڵگانەی کە فەرمان بە زەواج کردن دەکەن .
2- خۆ یەک لا کردنەوە بۆ عیبادەت باشترە ؛ چونکە مەصاڵیحەتەکانی زەواج نایەتە جێ لەم جۆرە کەسانەدا .

سێیەم :
زیاتر لەزانایەک باسیان لەوە کردووە کە شيخ الإسلام ابن تيمية رحمه الله تاوەکو وەفاتی کردووە ژنی نەهێناوە ، هەروەکو ئیمامی الذهبي لە "ژیاننامەکەیدا" باسی کردووە کە ژنى نەهێناوە .

جا لەبەر ئەوە وازی لەژن هێنان نەهێنا کە ڕقی لێ بێت وپشت بکاتە سوننەت ، بەڵکو ئەو سەرقاڵی جیهاد ودژایەتی کردنی بیدعە وخاوەنەکانیان بوو ، وەهەروەها سەرقاڵی زانست وبانگەواز و چاکە کاری بوو ، لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشیەیی توشی دەبوو لە سجن کردن و ئەزیەت دان ودوور خستەنەوە لە وڵات ، بۆیە زانست وتەربیەت وجیهادی هەڵبژارد بەسەر ژن هێناندا ، کە ڕەنگە لەبەر ئەو هەموو سەرقاڵیەیی بۆی نەگونجایە ژن بێنێت .

وەخودی شيخ الإسلام فەرموویەتی :
" گەر مرۆڤ پێویستی بەزەواج هەبوو ، وترسی لەوە هەبوو توشی تاوان ببێت ، ئەوا ژن هێنان پێش حەج کردن دەخات .
خۆ ئەگەر ترسی نەبوو : ئەوا حەج پێش دەخات ، وئیمامی ئەحمەد یش ئەم بۆچوونەی لا پەسەند بووە .

جا ئەگەر عیبادەت فەڕزی کیفایە بێت ، وەک زانست وجیهاد ، ئەوا پێش زەواج دەخرێت بۆ کەسێک کەترسی ئەوەی نەبێت توشی تاوان ببێت .
انتهى، من "الاختيارات" لأبي العباس البعلي (175) .
وە بڕوانە : "شرح العمدة" لشيخ الإسلام ، كتاب الحج (1/155) ، "مطالب أولي النهى" (5/5) .

وە شێخ صالح الفوزان حفظه الله :
سەبارەت بە ژن نەهێنانى شێخ الإسلام ابن تیمیة رحمه الله دەفەرموێ :
"گەر ئەو کەسەی ئەم پرسیارەی کردووە وەک شيخ الإسلام سەرقاڵی جیهاد وزانستە ، و ژن هێنان دەبێتە ڕێگر لەجیهاد وبانگەوازیەکەیدا : ئەوا عوزری هەیە ودەتوانێ ژن نەهێنێت .
شيخ الإسلام وازی لەژن هێنان هێنا چونکە ئەو خەریکی جیهاد کردن بوو ، وەهەروەها ئەو سجن دەکرا و لەوڵات دەر دەکرا ، ومەجالی نەبووە ژن بێنێت " انتهى .

وە الشيخ بكر أبو زيد رحمه الله ئاماژە بەوە دەکات کە :
ژن نەهێنانەکەى لەبەر ئەوە بووە کە سەرقاڵى عیلم و زانست و عیبادەت بووە .
سەرقاڵى جیهاد و غەزا کردن بووە .
سەرقاڵى شکاندنی دەمار گیرەکانی مەزهەبەکان بووە .
سەرقاڵى لەنێو بردنی تەریقەتی سۆفی و زیادەڕەویەکان و تێک شکاندنی دوژمنان بووە .
یاخود بەهۆی ئەو زوڵم وستەمانەوە بووە کەدوژمنانی قورئان وسوننەت دژی ئەنجامیان دەدا لەسجن وئەزیەت دان ، و..و.. ؟
شيخ الإسلام رحمه الله پێاوێکی خۆ ڕاگیر بوو ، دڵ خۆش ، وچاو نەترس بووە " انتهى ، من "النظائر" (ص 257 - 258)
والله أعلم .

سەردان: ٣,٦٦٥ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان