چوار مەزهەب و یەک قورئان!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چوار مەزهەب و یەک قورئان!
پرسیار:

خەڵکانێکی موسڵمان، هەبوونی مەزهەبە فیقهیەکان (شافعی، حنبلی، حنفی، مالکی....هتد) بە هەڵە و دووبەرەکی تێدەگەن!!

ئایا وەڵامى بەڕێزتان چیە ؟

خەڵکانێکی موسڵمان، هەبوونی مەزهەبە فیقهیەکان (شافعی، حنبلی، حنفی، مالکی....هتد) بە هەڵە و دووبەرەکی تێدەگەن!!
یان وەکو دەقی قورئان و فەرموودە دەستی پێوەدەگرن!!
بۆیە پێویستە لەم سێ خاڵە ئاگاداربکرێنەوە، تاوەکو هەڵەکە ڕاست بکرێتەوە :

خاڵی یەکەم: 
مەزهەبەکان باس لە (فروع)ی شەرع دەکەن، هەموویان لە (أصول)دا یەک ڕان.
یەکڕان لە سەر شوێنکەوتنی (قورئان. فەرموودە. إجماع) و مەزهەبەکەیان بە خزمەتکاری تێگەیشتنیان دەزانن، نەک (بە دیل). و گشت سەردارانی مەزهەبەکان مانای: (إذا صح الحديث فهو مذهبي) دووبارە دەکەنەوە. خەڵک بە شوێنکەوتنی خۆیان مولزەم ناکەن.

خاڵی دووەم:
عاممی و خەڵکی کاسبکار (دکتۆر ، مودەڕیس، دوكاندار...)، هیچ مەزهەبێکیان نییە. چونکە مەزهەبەکان قوتابخانەی زانستین بۆ پسپۆری لە شەریعەتدا.
- لە سەرەتادا فەقێ فێردەکەن کە چۆن لە تێگەیشتنی ئەحکامی قورئان و فەرموودە نزیک ببێت، پەروەردەی دەکەن لە سەر ئەوەی کە مەزهەب نزیکبوونەوەیە لە حوکمی شەرعی (قورئان و فەرموودە)، نەک حوکمی شەرعییە کە سەرپێچی ناکرێت.
- وە لە کۆتاییدا موفتی سود لە مەزهەبەکان دەبینێت بۆ فەتوادان، و قازی سودیان لێ دەبینێت بۆ حوکم دەرکردن. هیچیان مەزهەب بە بەدیلی قورئان و فەرموودە تێناگەن. و سەرپێچی کردنی مەزهەب بە تاوان تێناگەن، و کاتێ بەڵگەی ڕاستتر دەبینن، شوێنکەوتنی بەڵگە بە واجب تێدەگەن (إذا صح الحديث فهو مذهبي).

خاڵی سێیەم:
هەبوونی مەزهەبەکان، باشەیە بەڵکو پێویستە، بۆ هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ نوێکارییەکانی ژیان، لە ئێستا و داهاتوودا، و رێزگرتنی ئیسلامە لە عەقڵی زانایان، کە چۆن حوکمی شەرعی لە نوێکارییەکانی ژیان نزیک دەکەنەوە.

کەواتە زۆری مەزهەبەکان (قوتابخانەی فیقهی) بریتیە لە زۆری ئاسانکاری بۆ پێکانی حوکمی شەرعی لە قورئان و فەرموودە، و جوانی و ئاسانی فێرکردنی نەوەی نوێ لەسەر قورئان و فەرموودە.
بێگۆمان هەبوونی زیاتر لە عەقلێک بۆ بڕینی بەرزەخی نێوان نوێکاری ژیان و حوکمی شەرعی، کارێکی پێویستە، ئەم کارەیە هۆکاری دروستبوونی قوتابخانە فيقهیەکان (مذاهب) نەک شتێکی دیکە.
وە ئەوەی بە دڵێکی پاکەوە دەڵێت: قورئان و فەرموودە کیفایەتە، پێویستیمان بە مەزاهب نییە...!
لەگەڵ نوێکارییەکانی ژیان بە ناچاری بۆ یاسا و ڕێسای مەزهەبەکان دەگەڕێتەوە، کە مانای دەرچوون ناگەیەنن لە کیفایەتی قورئان و فەرموودە، چونکە لە قورئان و فەرموودە وەرگیراون.
ئەگەر ئەم سێ خاڵە بۆت دیار کەوتن، بزانە ئەوانەی دەڵێن چوار مەزهەبەکانی سەریان لە خەڵک شێواندووە، هەبوونی مەزهەبەکان وەکو هەبوونی چوار ئنجیل لێکدەدەنەوە، و دەیکەن بە شوبهە...!!
ئەمانە زۆربەیان ڕاست ناکەن؛ هەموو مەزهەبە فیقهییەکان دەڵێن: لە شەو ڕۆژدا پێنج نوێژ واجبە، بەڵام زۆربەی خاوەنانی شوبهەکە نوێژ ناکەن !!

هەروەها ئەوانەی وەکو دەقی قورئان و فەرموودە دەست بە مەزهەبەوە دەگرن ئەمانە سەرپێچی سەرداری مەزهەبەکەیان دەکەن. دەست گرتن تەنها بە قورئان و فەرموودە واجبە، و بۆ پێکانی حوکمی شەرعی خەڵک (عاممی) پرسیار لە شارەزا و تەقوادار دەکات، هەر مەزهەبێک بێت، و ئەگەر عاممییەکە ڕۆشنبیر بێت، بۆی هەیە داوای بەڵگە بکات لە بەرامبەر.
حەق دیارە، هەموو تاکێکیش خاوەن بڕیارە، ئەوەی پشتی تێدەکات ئەوەی دەستی پێوە دەگرێت .

(ليهلك من هلك عن بينة و يحيى من حي عن بينة و ان الله لسميع عليم).

مامۆستا سامی مصطفی حسن


سەرچاوەکان:
°گۆڤاری ئەیووبی ژمارە(١) لاپەڕە (٩٥).
°معالم المذهب الحنبلي للغامدي ص٩٩.
°مقدمة صفة صلاة النبي للشيخ الالباني.

سەردان: ٧,٣٠٣ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان