ئایا زەوى خڕە یان تەختە؟ وە ئایا بونەوەرى ئاسمانى هەیە؟ وە خەڵکى بەهەشت بە چ زمانێ قسە دەکەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا زەوى خڕە یان تەختە؟ وە ئایا بونەوەرى ئاسمانى هەیە؟ وە خەڵکى بەهەشت بە چ زمانێ قسە دەکەن؟
پرسیار:

ئایا زەوى خڕە یان تەختە؟
وە خەڵکى بەهەشت بە چ زمانێ قسە دەکەن؟
وە ئادەم وحەوا بە چ زمانێ قسەیان کردوە؟
وەئایا بونەوەرى ئاسمانى هەیە؟

بۆ وەڵامى ئەم جۆرە پرسیارانە دەچینە خزمەت وەڵامێکى شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله کە کاتێک پرسیارى لێ دەکەن ئایا ئایا (ملك الموت) ڕاسپێردراوە بە رۆحكێشانی گیانلەبەران (ئاژەڵان)؟
بەڕێزیان لە وەڵامدا دەفەرمون :
گرنگترین شتێك لە وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارەدا ئەوەیە كە مرۆڤ زۆر لە خۆی نەكات وبەدوای شتانێكدا نەگەڕێت كە سوودی تێدا نەبێت، قال النبي : (هلك المتنطعون) وە ئەگەر ئەم زانیاریە سوودی هەبووایە ئەوا خوای پەروەردگار لە قورئاندا یان لە سوننەتدا ڕوونی دەكردەوە، یان وای لە كەسێك دەكرد بچێت ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر بكات ، هەربۆیە هاوەڵان دلخۆش دەبوون ئەگەر دەشتەكیەك بهاتایەو پرسیارگەلێكی لە پێغەمبەر بكردایە كە هاوەڵان شەرمیان دەكرد ئەو پرسیارەی لێ‌ بكەن.
بەكورتی ئەی برام بۆ تۆو ئەوەی دەیبیسێت یان دەیخوێنێتەوە ئەڵێم: قووڵ بوونەوە لەم باسانە هەڵەیە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر فەرمووی: (هلك المتنطعون) نەك یەك جار: [هلك المتنطعون، هلك المتنطعون، هلك المتنطعون] بەڵكو سێ جار، سەبارەت بەم شتە نادیارو پەنهانیانە ئەوەی بەڵگەی لەسەر هاتووەو باس كراوە وەری بگرەو ئەوەشی باس نەكراوە وازی لێ بهێنە. هاووێنەی ئەمەش لە بابەتی سیفاتی خوای گەورە، ئەوە لەپێشترە كەقسەی تێدا نەكەین، بە پێچەوانەی هەندێك فێرخوازەوە كە دەڵێن ئێمە ئەمانەوێت بابەتە عەقەدیەكان شی بكەینەوە، بۆیە پرسیاری شتی وا دەكەن كە هاوەڵان پرسیاری وایان نەكردووەو قورئان وسوونەتیش باسی نەكردووە، وە ئەمە ئەو باسەیە كە پێویستە لێی وریا وئاگادار بین.
وە لەوانەیە ئەو بەسەرهاتە بزانن كە پرسیاریان لە مالك رضي الله عنه كرد وتیان: ئەی باوكی عبداالله ئایا خوای گەورە چۆن لەسەر عەرش وەستاوە؟ ئایا ئیمامی مالك چی كرد؟ سەری كردە خوارو نەیتوانی سەربەرز بكاتەوە لەبەر سەختی وناڕەحەتی ئەو پرسیارەی لێی كرا، پاشان هەستاو ئارەقی كردو سەری بەرز كردەوەو ووتی: ئەی كابرا! بەرزبوونەوەی خوا شتێكی نەزانراو نیە، بەڵام چۆنیەتیەكەی نەزانراوە، باوەڕبوون پێی واجبە وپرسیاركردن دەربارەی بیدعەیە.
لەكاتێكدا ئەو پێشەوایەكە لە پێشەوا بەرزەكانی ئوممەت، بۆیە ئەی برایان ئێمە پێویستە لەسەرمان ئەو شتە غەیبیانەی كە سەلمێنراوە باوەڕمان پێی هەبێت ئەوەشی نەزانراوە لێی بێدەنگ بین و ئەگەر بەرژەوەندی لەزانینیدا هەبوایە ئەوا خوا ڕوونی دەكردەوە بۆمان، خوای گەورە بە پێغەمبەر دەفەرموێت: [وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ ] (النحل:44) جا بۆیە پێغەمبەر شتێكی نەهێشتۆتەوە كە پێویستمان پێی هەبێت و نەیزانین ئیلا ڕوونی كردۆتەوە.
من لقا‌ءات الباب المفتوح : فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين (رحمه الله)

وه هەروەها پرسیار دەکەن لە شێخ سليمان الرحيلي خواى گەورە بیپارێزێ 
ئایا جیاوازى نێوان جن و ئیبلیس و شەیتان چیە؟
لە وەڵامدا فەرمووى : چ زیانێکت پێ دەگات گەر وەڵامەکەى نەزانى؟
وە چ سودێک بە دین و کردەوەکانت دەگات گەر بیزانى؟
لە بنچیەکانى عیلم و زانست لە لاى پێشینان و سلف ئەوەیە کە ئینسان پرسیار لە شتێ بکات کە سودى پێ بگات و سودی لێ ببینێ
وە پرسار لە شتێ نەکات کە هیچ سودی نەبێ بۆ ئیمان و کردەوەکانى
ئیمامى مالک رحمه الله جارێکیان پیاوێک پرسیارى لێ کرد بەڵام ئیمامى مالک وەڵامى نەدایەوە
بەڵام کەسى تر پرسیارى لێ دەکرد وەڵامى دەدایەوە
پاشان پیاوەکە دیسان پرسیارى لێ کرد بەڵام وەڵامى نەدایەوە
بۆیە پیاوەکە پێى وت ئەى باوکى عبدالله بۆ وەڵامى خەڵکى دەدەیتەوە و وەڵامى من نادەیتەوە؟!
ئیمامى مالک رحمه الله فەرموی : گەر پرسیارت بکردایە لەسەر ئەو شتەى کە سودت پێ دەگەیەنێ وەڵامتم دەدایەوە .
وە شێخ سلیمان پاشان فەرموى :
من وەڵامى ئەو پرسیارەم لایە و دەزانم بەڵام وا بە باش دەبینم کە وەڵامى نەدەمەوە بۆ ئەوەى ببێت بە دەرس و وانەیەک بۆ ئەو کەسەى کە پرسیارەکەى کردووە و ئەوانەشى کە گوێیان لێ یە کە پرسیارێ بکرێت کە سودی هەبێ . انتهی
کەواتە گەر بڵێن ئادەم و حەوا سەلامى خواى گەورەیان لەسەر بێ بە زمانى عەرەبی قسەیان کردوە
یان ئەهلى بەهەشت بە زمانى عەرەبی قسە دەکەن
یان زەوى خڕە و تەخت نیە یان تەختە و خڕ نیە ، وە یان بەڵێ بونەوەرى ئاسمانى لەسەر مەریخ و ئەستێرەکانى تریش هەیە یان نەخێر نیە
چی لە تۆ زیاد دەکات؟ ئەگەر وەڵامى ئەم پرسیارانە نەزانى چی لە تۆ کەم دەکات؟
بۆیە گرنگە کە پرسیار لە شتێ نەکرێت کە بیزانى و نەیزانى هیچ سودى بۆ ئیمان و کردەوەکانت نەبێ ، وە بەتایبەتى بۆ کەسانێک کە سەرەتا ترین شارەزاییان لە بیروباوەڕ و عیبادەتەکانیان نەبێ ، چونکە کەسى وا هەیە نازانێ بە جوانى و لەسەر سوننەت دەست نوێژەکەى بگرێت و نوێژەکەى بکات کەچی پرسیار لە شتى زۆر گەورە دەکات کە وەڵامەکەشى بۆ ئەو هیچ سودی نیە بۆ ئیمان و باوەڕەکەى.

 ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٤,٢٦٤ بەش: هەمەجۆر