ئايا سوجدەى سەهو سونەتە یان واجبە؟ وە ئایا پێش سەلام دانەوە سوجدە دەبەیت یان دواى سەلام دانەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئايا سوجدەى سەهو سونەتە یان واجبە؟ وە ئایا پێش سەلام دانەوە سوجدە دەبەیت یان دواى سەلام دانەوە؟

هەندێك لە ئادابەكانی سوژدەی سەهو
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله ، وبعد :
سوژدەی سەهو یەكێكە لە بابەتە فیقهیەكان و شارەرەزابوون لێی ( بە پێ‌ی پێویست ) ئەركی سەرشانی موسوڵمانانە ، بۆیە ئێمەش لەم وەلامەدا هەوڵمانداوە پوختەیەك لەو بابەتە بخەینە ڕوو (1) ، خوای گەورە وامان لێبكات كار بكەین بەو شتە باشانەی كە دەیخوێنینەوە ، آمین .
حوكمی سوژدەی سەهو :
سوژدەی سەهو واجبە ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرمانی پێكردووە ، و فەرموویەتی : " إذا شك أحدكم في صلاته ، فليتحر الصواب ، فليتم عليه ثم ليسلم ، ثم يسجد سجدتين " ( أخرجه البخاري : 401 ) واتە : ئەگەر یەكێكتان كەوتە گومانەوە لە نوێژەكەیدا ، ئەوە با هەوڵ بدات ڕاستیەكەی بزانێت ، پاشان نوێژەكەی لەسەر ئەوە بونیاد بكات ، پاشان سەلام بداتەوە ، دوای ئەوەیش دوو سوژدە ببات .
چۆنێتی سوژدەی سەهو :
دوو سوژدەیە ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : " لكل سهو سجدتان " ( صحيح أبي داود : 917 ) . واتە: بۆ هەموو هەڵە كردنێك ـ لە نوێژدا ـ دوو سوژدە دەبرێت .
ئەم دوو سوژدەیە یان لە پێش سەلامدانەوە دەبرێت یان لە دوای سەلامدانەوە وەكو لە خوارەوە ئاماژەمان پێكردووە .
كاتێك ویستت سوژدەی سەهو ببەیت ( الله أكبر ) بكە ، وە بە سەلامدانەوەش كۆتایی پێ‌ بهێنە ( وەكو لە فەرموودەكەی ئەبو هورەیرەدا هاتووە لە بوخاری بە ژمارە : 3/98/1228 ) .
پێش سەلامدانەوە سوژدەی سەهو دەبەیت یان دوای سەلامدانەوە ؟
پێغەمبەری خوا چەند جارێك لە نوێژەكانیدا سەهوی كردووە و سوژدەی سەهوی بۆ بردووە ، جاری وا هەبووە پێش سەلامدانەوە ، وە جاری واش هەبووە دوای سەلامدانەوە ، بۆیە ئەو كەسەی كە شارەزایی لە سوننەتدا هەیە ئەگەر سەهوی كرد لە نوێژدا و سەهوەكەی بەو شێوەیە بوو كە پێغەمبەری خوا كردوویەتی ئەوا دەبێ‌ بەو شێوەیە سوژدە ببات كە پێغەمبەری خوا بردوویەتی (2) ، بەڵام ئەگەر كەسەكە شارەزایی نەبوو لە سوننەتی پێغەمبەری خوادا ئەوا درووستە و بۆی هەیە لە پێش سەلامدانەوە یان لە دوای سەلامدانەوە سوژدە ببات .
لەم حاڵەتانەدا سوژدەی سەهو لە پێش سەلامدانەوە دەبرێت :
یەکەم : ئەگەر شتێكی لە نوێژەكەی كەم كرد : بۆ نموونە تەحیاتی یەكەمی لە بیرچوو و نەیخوێند ، ئەوا پێش سەلامدانەوە سوژدەی سەهو دەبات ، ( عبدالله ) ی كوڕی ( بحینە ) دەگێڕێتەوە : " إن رسول الله قام من اثنتين من الظهر لم يجلس بينهما فلما قضى صلاته سجد سجدتين ثم سلم بعد ذلك " ( البخاري : 1225 – 1224 ) .
دووەم : ئەگەر كەوتە گومانەوە و نەیزانی چەند ڕكاتی كردووە : هەروەكو لە فەرموودەدا هاتووە : " إذا شك أحدكم في صلاته فلم يدر كم صلى ، ثلاثا أم أربعا ؟ فليطرح الشك وليبن على ما استيقن ، ثم يسجد سجدتين قبل أن يسلم ، فإن كان صلى خمسا ، شفعن له صلاته ، وإن كان صلى إتماما لأربع ، كانتا ترغيما للشيطان " ( مسلم : 571 ) واتە : ئەگەر یەكێكتان كەوتە گومانەوە لە نوێژەكەیدا و نەیزانی چەند ڕكاتی كردووە ، سێ‌ یان چوار ، ئەوە با گومان بخاتە لاوە و نوێژەكەی بونیاد بكات لەسەر ئەوەندەی كە دڵنیایە تێیدا ـ كە كەمەكەیانە ـ پاشان دوو سوژدە ببات پێش سەلامدانەوە ، جا ئەگەر پێنج ڕكاتی كردبێت ئەوە نوێژەكەی بۆ جووت دەكاتەوە ، وە ئەگەر چواری تەواویشی كردبێت ئەوە لووت شكاندنی شەیتانە .
لەم حاڵەتانەدا سوژدەی سەهو لە دوای سەلامدانەوە دەبرێت :
یەکەم : ئەگەر شتێكی زیادكرد لە نوێژەكەیدا : ( عبدالله )ی كوڕی ( مسعود ) دەگێڕێتەوە: " أن رسول الله صلى الظهر خمسا ، فقيل له : أزيد في الصلاة ؟ فقال : وما ذاك ؟ قال : صليت خمسا فسجد سجدتين بعدما سلم " ( البخاري : 1226 ) واتە : پێغەمبەری خوا نوێژی نیوەڕۆ پێنج ڕكاتی كرد ، پێ‌ی وترا : ئایا نوێژ زیادی كردووە ؟ ئەویش فەرمووی : چی ڕوویداوە ؟ وتیان : پێنج ڕكاتت كردووە ، ئەویش دوو سوژدەی برد پاش سەلام دانەوە .
دووەم : ئەگەر گومانی بۆ درووست بوو لە نوێژەكەی دا پاشان بۆی یەكلابوەوە : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی :  " وإذا شك أحدكم في صلاته فليتحر الصواب ، فليتم عليه ، ثم ليسلم ، ثم يسجد سجدتين " ( أخرجه البخاري : 401 ) واتە: ئەگەر یەكێكتان كەوتە گومانەوە لە نوێژەكەیدا ، ئەوە با هەوڵا بدات ڕاستیەكەی بزانێت ، پاشان نوێژەكەی لەسەر ئەوە بونیاد بكات ، پاشان سەلام بداتەوە ، دوای ئەوەیش دوو سوژدە ببات .
سێیەم : ئەگەر نوێژ خوێن ڕكوع یان سوژدە یان دانیشتنێكی زیاد كرد لە نوێژەكەیدا بە ئەنقەست ئەوا نوێژەكەی بەتاڵە ، بەڵام ئەگەر لە بیری چوو ، وە لە دوای تەواوبوونی نوێژەكەی بیری كەوتەوە ئەوا نوێژەكەی درووستە بەڵام دەبێت سوژدەی سەهو ببات .
ئەگەر ڕووكنێك لە ڕووكنەكانی نوێژت لە بیرچوو چی دەكەیت ؟
ئەگەر ئەو ڕووكنەی لە بیری چووە ( الله أكبر ) ی نوێژ دابەستن بێت ـ تكبيرة الإحرام ـ ئەوا نوێژەكەی بەتاڵە چونكە هێشتا نوێژەكەی دانەمەزراوە ، بەڵام ئەگەر ڕووكنەكانی تر بێت وە پێش ئەوەی بگاتە ڕكاتەكەی تر بیری كەوتەوە ئەوا دەگەڕێتەوە و لەو ڕووكنەوە دەست پێدەكاتەوە كە ئەنجامی نەداوە ، بەڵام ئەگەر گەیشتە ڕكاتەكەی تر ئینجا بیری كەوتەوە ئەوا ئەو ڕكاتەی كە ڕووكنەكەی تێدا واز لێهێناوە ناژمێرێت .
ئەگەر پێشنوێژ ( إمام ) سوژدەی سەهوی برد تۆش لەگەڵیدا سوژدە دەبەیت ؟
ئەگەر پێشنوێژ لە نوێژدا هەڵەی كرد ، و پاشان سوژدەی سەهوی برد ، ئەوا ئەو كەسانەشی لە دوایەوە نوێژ دەكەن سوژدە دەبەن ، چونكە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : " إنما جعـل الإمـام ليؤتم به ... فلا تختلفوا عليه ... وإذا سجد فاسجدوا ... " ( رواه البخاري : 2/208/ 320 ) واتە : پێشنوێژ دانراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەر مەشق بۆ شوێنكەوتووان ... بۆیە جیاوازی لەگەڵدا مەكەن ... وە ئەگەر سوژدەی برد ئێوەش سوژدە ببەن .
ئەگەر لە سوژدەی سەهودا سەهوت كرد چی دەكەیت ؟
( ابن المنذر ) لە ئیسحاقەوە دەگێڕێتەوە كە یەكدەنگی زانایانی تابعین لەسەر ئەوەیە كە : ئەگەر كەسێك لە سوژدەی سەهودا سەهوی كرد پێویست نیە لەسەری سوژدە ببات ((الأوسط: 3/ 327) .)
( واتە : لەسەری نیە جارێكی تر سوژدەی سەهو ببات ) .
============
(1) زۆربەی زانیارییەكانی ئەم وەڵامەمان لە هەردوو كتێبی كتيَبى ( الموسوعة الفقهية – حسين العوايشة ) و ( الأدلة الرضية – محمد صبحي حسن حلاق ) ەوە وەرگرتووە بە كورتكردنەوە و دەستكاری كردنەوە
(2) (صديق حسن خان ) لە کتێبی ( الروضة الندية ) ئەم بۆچونەى هەیە .

ئا : ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٩,٢٤٥ بەش: سوجدەى سەهو