حوكمی خۆ تەقاندنەوە لەناو كافراندا چیە؟وە ئایا چیرۆكی منداڵەكە دەکرێت بە بەڵگە كە فەرمانی كرد بە پاشاكە بیكوژێت؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی خۆ تەقاندنەوە لەناو كافراندا چیە؟وە ئایا چیرۆكی منداڵەكە دەکرێت بە بەڵگە كە فەرمانی كرد بە پاشاكە بیكوژێت؟ 

ئەو كەسەی كە خۆی مین ڕێژ دەكات بۆ ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە لەناو كۆمەڵگایەك لە كۆمەڵگاكانی دوژمندا، ئەوە خۆی كوشتووە، وە لە ئاگری دۆزەخدا سزا دەدرێت بەو شتەی كە خۆی پێ كوشتووە، وە بە نەمری تێیدا دەمێنێتەوە هەروەكو چۆن ئەم شتە جێگیر بووە لە پێغەمبەرەوە()، وە سەیرە ئەو كەسانەی كەبەم كارە هەڵدەستن ‌و ئەم ئایەتەیش دەخوێننەوە كە خوای گەورە دەفەرمێت: [ وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا] [النساء: 29] واتە: ئێوە خۆتان مەكوژن، چونكە بە ڕاستی خوای گەورە زۆر بەبەزەیی یە لە گەڵتاندا.
ئایا هیچ بەرهەم دێنن؟ ئایا دوژمن تێك دەشكێت؟ یاخود زیاتر توند و تیژترو سەخت تر دەبێت بەرامبەر ئەو كەسانەی كە بەم كارە هەڵدەستن، هەروەكو چۆن ئێستا بینراوە لە ووڵاتی جولەكەدا، كە بەم كارانە هیچ شتێكیان زیادی نەكردووە تەنها كەلە ڕەقی‌و توند و تیژی نەبێت، بەڵكو دەبینین لەووڵاتی جولەكەدا لە دوا ڕاپرسیدا (راست رەوەكان) تێیدا سەركەوتن كە دەیانەوێت عەرەب لەناو بەرن. بەڵام هەركەسێك ئەم كارە بكات ‌و كۆشش بكات ‌و واگومان بەرێت كە بەمە لە خوای گەورە نزیك دەبێتەوە، ئەوا دواكارین لە خوای گەورە كە لێی نەگرێت چونكە تەئویلی كردووە و نەزان بووە..
بەڵام چیرۆكی منداڵەكە بكرێت بەبەڵگە، ئەوا چیرۆكی منداڵەكە بە هۆیەوە خەڵكی موسڵمان بوون ‌و هاتنە ناو ئیسلامەوە، نەك بۆ دوژمن كردنە پەندو تۆڵە سەندنەوە، بۆیە كاتێك پاشاكە خەڵكی كۆكردەوە تیرێكی لە كێلانەی منداڵەكە دەركردو ووتی: بەناوی خوای پەروەردگاری ئەم منداڵە، خەڵكی هەموو هاواریان كرد: پەروەردگار پەروەردگاری منداڵەكەیە، بە هۆیەوە ئوممەتێكی گەورە موسڵمان بوون، ئەگەر وەكو ئەم چیرۆكە ڕووبدات ئەوا ئێمەیش دەڵێین بواری كردنە بەڵگەی هەیە، وە پێغەمبەری خوا () بۆمانی گێڕایەوە تا پەندو ئامۆژگاری لێ وەربگرین، بەڵام ئەوانەی كەوا خۆیان دەتەقێننەوە و دەكەس دەكوژن لە دوژمن یاخود سەد كەس دەكوژن ئەوا دوژمن هیچ شتێكی زیاد ناكات تەنها ڕق ‌و كینەو دەست گرتن نەبێت بەوەی كە لەسەرین.
(فتاوى الأئمة في النوازل المدلهمة: ص128-130).
لە فەتواكانى زاناى پایەبەرز الشیخ محمد بن صالح العثيمين (رحمه الله)
وەرگێڕانى: مامۆستا صلاح الدین عبدالكریم

ئەمەى خوارەوە چیرۆکى ئەو منداڵەیە کە گیانى خۆى کردە قوربانى و بە هۆیەوە خەڵکى موسلمان بوون کە لە ( صحيح مسلم | كِتَابٌ : الزُّهْدُ وَالرَّقَائِقُ | بَابٌ : قِصَّةُ أَصْحَابِ الْأُخْدُودِ ) هاتوە کە پێغەمبەرى خوا() فەرموویەتى:
لە ئوممەتانى پێش ئێوە پادشایەك هەبوو، وە ئەو پادشایەش ساحیرێكى هەبوو، جا كاتێك ساحیرەكە بەساڵدا چوو (پیربوو)، بە پادشاكەى ووت:
من بەساڵدا چووم و پیربوومەو مردنیشم نزیك بۆتەوە، لاوێكم بۆ بنێرە بۆئەوەى سیحرى فێربكەم، پادشاكەش لاوێكى بۆنارد، وە ڕۆژانە لاواكە دەچوو بۆلاى ساحیرەكە لە ڕێگاكەیدا ڕاهیبێك هەبوو، هەركات لاوەكە دەگەیشتە شوێنى ڕاهیبەكە دادەنیشت وگوێى لێدەگرت، وە قسەكانى لەلا پەسەند بوو، وە هەركات بهاتایە بۆلاى ساحیرەكە لێى دەداو بە لاوەكەى دەووت: بۆ درەنگ هاتووى؟
لاوەكەش هات بۆلاى ڕاهیبەكەو سكاڵاى كرد ڕاهیبەكە ووتى:
هەركات چوویت بۆلاى ساحیرەكە بڵێ ماڵەوە درەنگ ناردومێتى، وە هەركات گەڕایتەوە بۆ ماڵەوە بڵێ ساحیرەكە درەنگ ناردوومێتیەوە، لاوەكە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تاكو ڕۆژێكیان سەیرى كرد لەسەر ڕێگاى خەڵك ئاژەڵێكى ترسناكى گەورە ڕێگاى لە خەڵكى گرتووەو كەس ناتوانێت تێپەڕێت، بۆیە لاوەكەش ووتى:
ئەمڕۆ دەزانم و بۆم دەردەكەوێت كە ئایا بەرنامەو مەنهەجى ساحیرەكە ڕاست و ڕەوایە یان بەرنامەو مەنهەجى ڕاهیبەكە، بۆیە بەردێكى هەڵگرت و ووتى:
ئەى پەروەردگار ئەگەر بەرنامەو مەنهەجى ئەو ڕاهیبەت لەلا خۆشەویستترە لە بەرنامەو مەنهجى ئەو ساحیرە، ئەوا بەم بەردە ئەو ئاژەڵە بكوژرێت وبمرێت، بەڵكو خەڵكى ڕزگاریان بێت و تێپەڕن، لاوەكەش بەردەكەى تێگرت و ئاژەڵەكەى كوشت، ئینجا خەڵكى تێپەڕین و ڕزگاریان بوو، وە لاوەكە بەڕاهیبەكەى ووت:
كە ئەوكارەى كردووە، ڕاهیبەكەش ووتى:
ئەى ڕۆڵە تۆ باشترو خێرترى لەلاى خوا لەمن، بەڵام تاقی دەكرێیتەوە، وە ئەگەر تاقی كرایتەوە ناوى من وشوینى من بەكەس مەڵێ، وە لاوەكەش (كوێرو زكماك ونەخۆشى بەڵەكى و وهەموو نەخۆشیەك دووعاى بۆ دەكردوو بە ئیزنى خوا چاك دەبوونەوە)، پادشا وەزیرێكى هەبوو هەردوو چاوى كوێر بوو كاتێك گوێ بیستى ئەوە بوو كە لاوێك هەیە دووعا بۆ كوێر دەكات و چاك دەبێتەوە، بۆیە دیارى و خەڵاتێكى زۆرى لەگەڵ خۆى بردو چوو بۆلاى لاوەكە وە پێى ووت:
شیفام بدەو چاوەكانم چاك بكەرەوە، لاوەكەش ووتى:
من كەس چاك ناكەمەوەو شیفاش لاى من نییە تەنها ئەوەى كە شیفاى خەڵك دەدات خواى پەروەردگارە، ئەگەر باوەڕى پێبهێنى ئەوا بۆت دەپاڕێمەوەو خواش شیفات دەدات، وەزیرەكەش باوەڕى هێنا بەخواى گەورەو چاوى چاك بووەوە، پاشان وەزیرەكە هات بۆلاى پادشاكەو لاى دانیشت هەروەك چۆن جاران لەلاى دادەنیشت، پادشاكەش كەبینیتى چاوى چاك بۆتەوە بە وەزیرەكەى ووت:
كێ چاوەكانى بۆ گێڕایتەوە؟
وەزیرەكەش ووتى: پەروەردگارم
پادشاكە ووتى: جگە لەمن پەروەردگارێكى تر هەیە؟
وەزیرەكەش ووتى: پەروەردگارى من وتۆ (الله) یە
ئینجا پادشاكە بەردەوام سزاو ئەشكەنجەى وەزیرەكەى دەدا تاكو وەزیرەكە شوێنى لاوەكەى بە پادشاكە ووت، ئینجا ناردیان بەدواى لاوەكەداو هێنایان بۆلاى پادشا، پادشاكە كاتێك كە لاوەكەى بینى پێى ووت: ئەى ڕۆڵە سیحرەكەت گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە كە (كوێرو زكماك و نەخۆشى بەڵەكى) چاك بكەیتەوە؟ هەرزەكارەكەش ووتى: من هیچ كەس چاك ناكەمەوە، تەنها خواى پەروەردگار شیفاى خەڵك دەدات، ئینجا بەردەوام سزاو ئەشكەنجەى لاوەكەیان دەدا تاكو شوێنى ڕاهیبەكەیانى پێ ووت، ئینجا ڕاهیبەكەیان هێناو پێیان ووت:
لەو دینەى خۆت پەشیمان ببەوەو بگەڕێوە؟ ڕاهیبەكەش ووتى: پەشیمان نابمەوە، ئینجا مشارێكیان هێناو لەناوەڕاستى سەرى دایان نا وە كردیان بەدوو لەتەوە، ئینجا وەزیرەكەیان هێناو پێیان ووت: بگەڕێوەو پەشیمان ببەوە لەو دینە؟ وەزیرەكەش پەشیمان نەبۆوە، بەهەمان شێوە وەزیرەكەشیان كرد بەدوو لەتەوە، ئینجا لاوەكەیان هێناو پێیان ووت، بگەڕێوەو پەشیمان ببەوە لەو دینەى كەلەسەریت؟ لاوەكەش پەشیمان نەبووەوە، ئینجا پادشاكە فەرمانى كرد كە بیبەن بۆسەر شاخێك، ئەگەر پەشیمان بووەوە ئەوا بیگەڕێننەوە ئەگەر پەشیمانیش نەبووەوە ئەوا لەسەر شاخەكەوە بیخەنە خوارەوە، كاتێك كە گەیشتنە سەر شاخەكە لاوەكە لە خوا پاڕایەوەو ووتى: خوایە ڕزگارم بكەى لەدەست ئەمانە بەوەى كە خۆت دەتەوێ، شاخەكە لەژێریان كەوتە لەرزەو كەوتنە خوارەوەو تەنها لاوەكە ڕزگارى بوو، پاشان هەرزەكارەكەش گەڕایەوە بۆلاى پادشاكە! پادشاكەش بە لاوەكەى ووت:
چیت لەوانە كرد كەتۆیان برد؟
لاوەكەش ووتى:
ئەو خوایەى كەمن دەیپەرستم ڕزگارى كردم لەدەستى ئەوان، ئەم جارەیان پادشاكە فەرمانى كرد كە بیبەنە ناوەڕاستى دەریا ئەگەر پەشیمان بووەوە ئەوا بیگەڕێننەوە، ئەگەر پەشیمانیش نەبووەوە ئەوا بیخەنە ناو دەریاكەوە، دوو بارە لاوەكە لەخوا پاڕایەوە كە ڕزگارى بكات، ووتى:
ئەى پەروەردگار ڕزگارم بكەى لەدەستیان، خواى گەورە غەرقیانى كرد، لاوەكە گەڕایەوە بۆلاى پادشا، كاتێك پادشا بینیتى پێى ووت:
چیت لەوانە كرد كەتۆیان برد!
لاوەكەش ووتى: ئەو خوایەى كەمن دەیپەرستم ڕزگارى كردم لەدەست ئەوان، پاشان لاوەكە ووتى:
تۆ ناتوانى من بكوژى تاكو ئەوەى كە پێت دەڵێم جێبەجێى نەكەى، پادشاكەش ووتى: ئەو شتە چیە؟
لاوەكە ووتى: خەڵكى كۆبكەوە لە یەك جێگەدا، پاشان بەدار خورمایەكەوە لە خاچم بدە، ئینجا ڕمێك لە ڕمەكانم دەربكەو بڵێ: بەناوى خوا خواى ئەو لاوە، پاشان ڕمەكەم تێبگرە، ئەگەر ئەتەوێ بم كوژى، پادشاكەش خەڵكى كۆ كردەوەو لاوەكەى لە خاچدا بەقەد دارخورمایەكەوە، پاشان لەبەر چاوى خەڵكى ڕمێك لە ڕمەكانى لاوەكەى هەڵگرت و ووتى:
بەناوى خوا خواى ئەو لاوە، پادشاكە ڕمەكەى تێگرت و داى لەنێوان گوێى و چاووى، لاوەكە، وە دەستى خستە سەر شوێنى ڕمەكە تا ڕۆحى دەرچوو مرد، ئینجا خەڵكە كە ئەوەیان بینى هەموویان ووتیان باوەڕمان هێنا بە خواى ئەو لاوە، ئینجا بە پادشاكەیان ووت:
ئەى پادشا ئەوەى كە تۆ لێى دەترساى ئەوا گەورەتر ڕووى دا!!
پادشاكەش فەرمانى كرد كە چاڵ هەڵبكەنرێت و ئاگرى تێدا بكرێتەوە، هەركەسێك پەشیمان بووەوە ئەوا لێى بگەڕێن، وە هەركەسێكیش پەشیمان نەبووەوە ئەوا بیخەنە ناو ئاگرەكەوە، وە بەردەوام خەڵكیان دەكردە ناو ئاگرەكەوە تاكو گەیشتە ئافرەتێك منداڵێكى شیرە خۆرەى پێ بوو، ئینجا بە ئافرەتەكەیان ووت: پەشیمان ببەوە؟ ئافرەتەكە لەبەر منداڵەكەى كەشیرەخۆرە، هەڵوێستەیەكى كرد كە ترسى هەبێت لەو منداڵە، بۆیە منداڵەكە هاتە قسەو بە دایكى ووت: ئەى دایە ئارام بگرە چونكە تۆ لەسەر حەق و ڕاستى.

سەردان: ٢,٦٨٢ بەش: هەمەجۆر