حوكمی كردەی نەشتەرگەری مناڵبوونی قەیصەری چیە؟ وە زیانەکانى چین ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمی كردەی نەشتەرگەری مناڵبوونی قەیصەری چیە؟ وە زیانەکانى چین ؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
یەكەم : شێوەی لەدایك بوونی قەیصەری جۆرە نەشتەرگەریەكە كە بە لەت كردنی سكی دایكەكە دەبێت بۆ دەرهێنانی منداڵەكە, وە پێی دەوترێت قەیصەری لەبەر ئەوەی پاشای رۆمەكان ( یۆلیۆس قەیصەر) یەكەم منداڵ بووە كە بەم شێوەیە لەدایك بووبێت، چونكە دایكی لەكاتی دانانی منداڵەكەدا مرد و پزیشكەكانیش هەستان بەلەت كردنی سكی دایكی و ئەمیان دەرهێنا و دواتر ژیا و بووبە ئبمپراتۆری ڕۆم.
دووەم : لەدایك بوونی سروشتی باشترە بۆ دایك ، لەهەمات كاتیشدا ئەمە ڕێگر نیە لەوەی نەشتەرگەری قەیصەریش ئەنجام بدرێت ئەگەر هاتوو پێویستی كرد، ئەو پێویستیەش وەكو:
دابەزینی پەردەی ڕەحم، كەمبوونی ئۆكسجین لە منداڵ ، بوونی وەرەم لە حەوزدا، یان بەرزبوونەی فشار وپەستانی خوێن، یان خوێن بەربوونێك كە هەڕەشە لە ژیانی دایك و منداڵەكە بكات، یان لەحاڵەتی بوونی دوانەیەكی پێكەوەنووساو، یان بوونی منداڵێكی قەبارە گەورە، یان جگە لەوانەش كە وا دەخوازێت بەڕێگەی نەشتەرگەری قەیصەری دەربهێنرێت، وە ئەمەش لە نیعمەتەكانی خوای پەروەردگارەو ڕەحم وبەزەیی خۆیەتی بە دروستكراوەكانی.
بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی بۆ بكرێت ئەوەیە كە زۆرێك لە پزیشكەكان پەنا بۆ ئەم جۆرە نەشتەرگەریە دەبەن, لەبەر تەماح ودەستكەوتی ماددی وماڵ یان لەبەر ئارام نەگرتنی دایكەكە لەكاتی دانانی منداڵەكە بەشێوەی سروشتی، هەروەكو چۆن هەندێ لە ئافرەتان خۆیان داوای ئەم جۆرە نەشتەرگەریە دەكەن لەپێناو پارێزگاری كردن لە ڕێكی لەشولاری وتێكنەچوونی یان لەبەر خۆدەربازكردن ورزگاربوون لە ئازاری منداڵ بوون. ئەمەش گومانی تێدا نیە كە ئەم جۆرە نەشتەرگەریە بەبێ هۆ و بێ پێویستی دەبێتە هۆی لەدەستدانی چەندین سوود و دووریش نیە ببێتە هۆی جێهێشتنی چەندین شوێنەوار وخراپ لەسەر دایكەكە و منداڵ بوونی ئایندەی.
وە پرسیار كرا لە شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله :
شێخی بەڕێز ! خوای گەورە دەفەرموێت : [ ثُمَّ السَّبِيلَ يَسَّرَهُ ](عبس :20) واتە: پاش ئەوەی خوای گەورە منداڵی لەسكی دایكیدا دروستكرد ڕێگەی دەرچوون لەناو ئەو سكەیشدا بۆ ئاسان كرد كە بێتە دەرەوە واتە خوا ئاسانی كردووە بۆی, بەڵام سەرنج دەدرێت كە زۆرێك لە ژنان و پیاوان پەلە دەكەن و پەنا دەبەن بۆ ئەم جۆرە نەشتەرگەریە ، جا ئایا ئەمە لە لاوازی پشت بەستنیان نیە بە خوای باڵادەست؟
وەڵام : بارك الله فیك ، من وای دەبینم كە ئەمە لە وەحی شەیتانەوەیە و زەرەروزیانیشی زۆر زیاترە لە سوود وقازانجی، چونكە ئافرەت هەردەبێت ئازار بچێژێ‌ لەكاتی دانانی منداڵەكەدا، بەڵام ئازارەكەی چەند سوود وقازانجێكی لێ‌ وەردەگرێت، لەوانە:
یەكەم : ئەو ئازارە تاوان دەسڕێتەوە.
دووەم : بەرزبونەوەی پلە ودەرەجاتی دایكەكەیە ئەگەر ئارامی هەبێت وخۆی بگرێت.
سێ یەم : بۆ ئەوەی ڕێزی دایك بزانێت و هەست بە هەمان ئازار بكات كاتێك ئەمیش منداڵی دەبێـت.
چوارەم : بۆ ئەوەی قەدری ئەو نیعمەتەی خوا بزانێت بەسەریەوە كە بەسەلامەتی وعافیەت منداڵەكەی بوو.
پێنجەم : بۆ ئەوەی بەزەیی و خۆشەویستی بۆ ڕۆڵەكەی زیاد بكات, چونكە هەرشتێك هەتا بەناڕەحەتی و سەخت دەستت بكەوێت ئەوا زۆرتر خۆشت دەوێت و دڵت بۆی دەچێت و زیاتریش پارێزگاری لێ دەكەیت و ئاگاداری دەبیت.
شەشەم : ئەو منداڵە لە ڕێڕەوی سروشتی خۆیەوە دێتە دەرەوە كە خوا بۆی داناوە كە لەمەشدا بۆ دایكەكە ومنداڵەكەش چاكە.
حەوتەم : ئەم نەشتەرگەریە چەندین زەرەرو زیانی كرداری لێ دەكەوێتەوە, چونكە دەبێتە هۆی لاوازكردن وتەنك كردنەوەی ڕووپۆشی ڕەحم ولەوانەشە قرنجان ڕووبدات و دڵنیاش نین جاری وا هەیە سەركەوتوو دەبێت و جاری واش هەیە سەركەوتوو نابێت.
هەشتەم : ئەو ئافرەتەی لە كاتی منداڵبووندا فێری ئەم نەشتەرگەریە بێت زۆر زەحمەتە بۆ جاری ئایندە بگەڕێتەوە باری سروشتی منداڵبوون چونكە ناتوانێت و مەترسیداریشە كە شوێنی نەشتەرگەریەكە بقڵیشێتەوە.
نۆیەم : بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نەشتەرگەریە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وەچە و نەوە, چونكە ئەگەر سك بۆ سێ جار هەڵبدڕێت بۆ مەبەستەی منداڵبوون ئەوا ئەو ئافرەتە لاواز دەبێت و لە داهاتوودا مەترسیداردەبێت.
دەیەم : ئەم ڕێگەیە لە شێوازەكانی ( الترف )ە یان خۆشگوزەرانی, كە لەدەستدانی گیانە و كە هۆكارێكە بۆ تیاچوون, وەكو خوای گەورە لە باسی ئەوانەی كە نامەی كردەوەكانیان بەدەستی چەپ وەردەگرن دەفەرموێت: [ إِنَّهُمْ كَانُوا قَبْلَ ذَلِكَ مُتْرَفِينَ ] (الواقعة:45 )
بۆیە ئەركی ئافرەت ئەوەیە كە خۆڕاگربێت و بهێڵێت با منداڵبوونەكەی بە شێوەی سروشتی بێت, چونكە ئەوە باشە بۆ خۆی لە ئێستا و داهاتویشدا, وە پێویستیشە لەسەر پیاوان ئەوانیش ئاگاداری ئەم كارە بن و چوزانین دوورنیە دوژمنانمان ئەم كارە ئاسان بكەن بۆمان بۆ ئەوەی ئەو بەرژەوەندیانەی كەباس كران لەدەستمان بچێت و تووشی ئەو زەرەرو زیانانەش ببین.
پرسیار : ئایا چەمكی (الترف) واتای چیە؟
وەڵام : تەرەف ، دووركەوتنەوەیە لە ژان وئازاری منداڵبوونی سروشتی، ئەمەش جۆرێكە لە خۆشگوزەرانی, وە تەرەفیش ئەگەر هاوكار نەبێت لەسەر تاعەت و خواپەرستی ئەوە زەمكراوەو خراپە یان بەلانی كەمەوە حەڵاڵە.
كەوابوو پوختەی وەڵام:
ئەم جۆرە نەشتەرگەریە پەنای بۆ نابرێت مەگەر لەكاتی زۆر پێویستدا، بەوەی كە منداڵبوونەكە بەشێوەی سروشتی نەكرێت، یان بەشێوەی سروشتی مەترسی بۆ سەر دایكەكە یان لەسەر منداڵەكە هەبێت. والله أعلم.

سەردان: ٦,٦٨٨ بەش: ئافرەتان