جیاوازی نێوان قورئان خوێن (القاريء) و مامۆستای قورئان (المقريء) چیە؟ وە ئادابەكانیان كامانەن؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
جیاوازی نێوان قورئان خوێن (القاريء) و مامۆستای قورئان (المقريء) چیە؟ وە ئادابەكانیان كامانەن؟

قورئان خوێن (القاريء):
ئەو كەسەیە كە بە مەبەستی فێربوونی شێوازێك یان چەند شێوازێك لە ڕیوایەت و قیرائەتەكانی قورئانی پیرۆز دەچێتە لای مامۆستایەك (شێخێك) بۆ فیربوون.
ئادابەكانی قورئان خوێن (القاريء):
1 ـ قورئان خوێن دەبێت پێش هەموو شتێك نیەتی پاك بكاتەوە بۆ خوا و تەنها لەبەر رەزامەندی ئەو خۆی فێری قورئان خوێندن بكات.
2 ـ قورئان خوێن دەبێت فێر ببێت بۆ ئەوەی فێر بكات. واتە بۆئەوە فێری قورئان خوێندن بێت كە منداڵی موسڵمانان فێری قورئان خوێندن بكات.
4 ـ قورئان خوێن دەبێت لە كاتی فێربوونی قورئان خوێندندا كەمتەرخەم نەبێت و هەركات مامۆستاكەی ویستی بڕوات بە دەمیەوە.
5 ـ قورئان خوێن دەبێت هەمیشە ڕێزی شێخ و مامۆستاكەی بگرێت و هەمیشە بەچاوی گەورەوە سەیری بكات و دوعای خێری بۆ بكات و لەكاتی نەخۆشی و دیارنەبوونیدا هەواڵی بپرسێت و سەردانی بكات و بە خۆشترین ناویەوە بانگی بكات و بەبێ‌ پرس سەردانی نەكات
6 ـ قورئان خوێن دەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە بۆ قورئان خوێندنەكەی چونكە بەو شێوازە نەبێت هەرگیز ناگاتە ئامانج.
7 ـ قورئان خوێن دەبێت لەسەرەتای تەمەنی لاوێتیدا خۆی بۆ فیربوونی قورئان تەرخان بكات و كەمتەرخەمی نەكات و دوای نەخات بۆ تەمەنی بەساڵاچوون یان كەمێك پێشتر.
8 ـ قورئان خوێن نابێت بەكەم ڕازی بێت و دەبێت بەردەوام بگەڕێت بۆ دەست كەوتنی زانیاری بەسوود و زیاتر و تەنها بە سوود وەرگرتن لە یەك شێخ و مامۆستا ڕازی نەبێت.
9 ـ قورئان خوێن دەبێت یارمەتی كەسانی تریش بدات بۆ فێربوون. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم زنجیرە بەسوودە هەرگیز نەپچڕێت و رەنج و ماندووبوونەكەی بە زایە نەچێت.
10 ـ قورئان خوێن نابێت بێزار بێت لە ماندوێتی فێربوونی قورئان و ناڕەحەتی ڕێگاكەی چونكە زانست بە ئاسانی دەست ناكەوێت و هەر شتێكیش بە ئاسان دەست بكەوێت بە ئاسانیش لەناودەچێت

مامۆستای قورئان (المقريء) :
ئەو كەسەیە كە شارەزایی هەیە لەسەر ڕوایەت و قیرائەتەكان كە بە بە دەماودەم لە شێخێك یان مامۆستایەكەوە فێربووە، مەرجەكانیشی ئەوەیە كە موسڵمانێكی باڵغی ژیری ئەمانەت پارێزی پاك بێت لە هۆكارەكانی فاسقێتی و لەكەسێكەوە فێربووبێت كە ئەم سیفەتانەی تێدابێت.
ئادابەكانی مامۆستای قورئان (المقريء) :
1. مامۆستای قورئان دەبێت پێش هەموو شتێك نیەتی پاك بكاتەوە بۆ خوا و تەنها لەبەر رەزامەندی ئەو موسڵمانان فێری قورئان خوێندن بكات.
2. مامۆستای قورئان نابێت بۆ دەست كەوتنی دونیا و بەرزبوونەوەی پلە و پایە و بە چاكە باس كردن لەناو خەڵكدا كار بكات.
3. مامۆستای قورئان نابێت خەڵكی فێری قورئان خوێندن بكات بۆ ئەوەی سوودی دونیایی پێ‌ بگەینن.
4. مامۆستای قورئان نابێت پارە و شتومەكی تر وەربگرێت بەرامبەر قورئان خوێندن مەگەر ئەوەی كە زۆر موحتاج بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوازی دیاریش بێت بەشێوازێك كە ئەگەر قورئان فێركردنەكە نەبوایە ئەو دیاریەیان پێ‌ نەدەبەخشرا.
5. مامۆستای قورئان دەبێت ڕەوشت و ئاكاری زۆر جوانی هەبێت بەشێوازێك كە قوتابیەكانی چاوی لێ‌ بكەن. ئەمەش لەڕووی دونیا نەویستی لەخوا ترسان و سەخاوەت و نەرمی نواندن و ئارامگرتن و ڕووخۆشی و قسە خۆشی و لەسەرخۆیەتی.
6. مامۆستای قورئان دەبێت نەفسی خۆی پاك بكاتەوە لە ڕیا و ڕق و كینە و غەیبەت كردن و لە خوا بترسێت لە نهێنی و ئاشكرا لە هەموو كاروبارەكانیدا.
7. مامۆستای قورئان دەبێت لە ڕووی پۆشاك جلوبەرگ و بۆن خۆشیەوە سەرمەشق بێت بۆ قوتابیەكانی و ئەگەر كرا جلوبەرگی سپی و پاك و ڕێك لەبەر بكات و دوور بكەوێـتەوە لە لەبەر كردنی جلوبەرگێك كە بۆ هاوشێوەی ئەو ناشێت.
8. مامۆستای قورئان دەبێت كارە شەرعیەكانی بە جوانی ئەنجام بدات بەتایبەت تر ئەوانەی كە دیارن، ئەمەش لە ڕووی بەر سمێل گرتن و كورت كردنەوەی نینۆك و ڕیش هێشتنەوە و ... هتد، چونكە قوتابیەكانی چاو لە ئەو دەكەن.
9. مامۆستای قورئان نابێت جیاوازی بكات لەنێوان قوتابیەكانیدا و هەموویانی خۆش بوێت و ئەگەر پێویستیان بە یارمەتی هەبوو یارمەتیان بدات و ئەگەر دیار نەبوون پرسیاریان بكات و هەواڵیان بپرسێت.
10. مامۆستای قورئان دەبێت بە بەزەیی بێت بەرامبەر قوتابیەكانی خۆبەزلزان نەبێت هەر خێرێك بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ قوتابیەكانیش پێی خۆش بێت و هەر خراپەیەكیش بۆ خۆی پێی ناخۆشە بۆ قوتابیەكانیشی پێی ناخۆش بێت و قوتابیەكانی فێر بكات كە پلە پلە بەرەو پێش بڕۆن و پەلە نەكەن و بەردەوام چاودێریان بكات و خۆشحاڵ بێت بە هاتنیان بۆ قورئان خوێندن و ڕێزیان لێ‌ بگرێت یارمەتیان بدات و ڕێنماییان بكات بە خۆ ئامادەكردن و خۆ خەریك كردن بە خوێندنەوەی قورئان.

وەرگیراوە لە کتێبی : هەگبەی پڕ سوود لە زانستی تەجوید
كۆكردنەوە و نووسینی : خزمەتكاری قورئان (رزگار محمد كریم) كەلاری
مۆڵەت پێدراو بە (القراءات العشر الصغرى والكبرى)

سەردان: ٢,٨٥٤ بەش: زانستى تەجوید