چۆن بتوانم هەموو قورئانی پیرۆز لەبەر بكەم لە ماوەى دوو ساڵ و نیودا؟ وە چ خشتە و بەرنامەیەک دابنەم تاوەکو بە ئاسانى لەبەرى بکەم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆن بتوانم هەموو قورئانی پیرۆز لەبەر بكەم لە ماوەى دوو ساڵ و نیودا؟ وە چ خشتە و بەرنامەیەک دابنەم تاوەکو بە ئاسانى لەبەرى بکەم؟
پرسیار:

چۆن بتوانم هەموو قورئانی پیرۆز لەبەر بكەم لە ماوەى دوو ساڵ و نیودا؟ وە چ خشتە و بەرنامەیەک دابنەم تاوەکو بە ئاسانى لەبەرى بکەم؟ وە شێوازی دوبارە كردنەوەی ڕۆژانە دەبێت چۆن بێت؟

بسم الله الرحمن الرحيم
الحمدُ لله ربِّ العالمين، والصلاة والسلام على مَن أرسله اللهُ رحمةً للعالمين، وعلى آله وصحبه وإخوانه إلى يوم الدِّين، أمَّا بعد:
لەبەركردن
خشتەی لەبەركردنی قورئان زۆر و جۆراوجۆرە بەڵام ئەوەی كە زیاتر گونجاوە بۆ زۆرێك لە خەڵكی ئەم دوو خشتەیەی لای خوارەوەیە :
یەكەم : رۆژانە یەك لاپەڕە ( واتە : 15 دێڕ ) لەبەر بكات و سێشەمە و هەینی لەبەر نەكات واتە هەفتەی پێنج لاپەڕە و مانگی دەكاتە یەك جوز‌و ، بەم خشتەیەش لە ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا هەموو قورئان لەبەر دەكات .
دووەم : رۆژانە نیو لاپەڕە ( واتە : 7 دێڕ ) لەبەر بكات و سێشەمە و هەینی لەبەر نەكات واتە هەفتەی دوو لاپەڕە و نیو و مانگی دەكاتە نیو جوز‌و، بەم خشتەیەش لە ماوەی پێنج ساڵدا هەموو قورئان لەبەر دەكات .
تێبینی :
ئەوەی كە رۆژانە لەبەری دەكەیت دوای ئەوەی بە جوانی لەبەرت كرد دەبێت دە جار یان زیاتر دوبارەی بكەیتەوە بۆ ئەوەی زیاتر بچەسپێت .
دوبارەكردنەوە
یەكەم : ئەو كەسەی رۆژی لاپەڕەیەك لەبەر دەكات دەبێت بەم شێوەیە دوبارە بكاتەوە :
ئەو جوزئەی كە تێیدایت و خەریكی لەبەركردنیت دەبێت هەموو رۆژێك یەك جار ئەو لاپەڕانە دوبارە بكەیتەوە كە لەبەرت كردوە بۆ نمونە تاوەكو جوزئی عەممە تەواو دەكەیت دەبێت هەموو رۆژێك ئەوەی لەو جوزئە لەبەرت كردوە دوبارەی بكەیتەوە كە جوزئەكەشت تەواو كرد تا یەك هەفتە هەموو جوزئەكە رۆژی یەك جار دوبارە بكەرەوە .
دووەم : ئەو كەسەی نیو لاپەڕە لەبەر دەكات دەبێت بەم شێوەیە دوبارە بكاتەوە :
ئەو حزبەی تێیدایت كە نزیكەی دە لاپەڕەیە و خەریكی لەبەركردنیت دەبێت هەموو رۆژێك یەك جار ئەو لاپەڕانە دوبارە بكەیتەوە كە لەبەرت كردوە بۆ نمونە تاوەكو نیوەی جوزئی عەممە تەواو دەكەیت دەبێت هەموو رۆژێك ئەوەی لەو نیو جوزئە لەبەرت كردوە دوبارەی بكەیتەوە كە نیو جوزئەكەشت تەواو كرد تا یەك هەفتە هەمووی رۆژی یەك جار دوبارە بكەرەوە .
خشتەی گشتی دوبارەكردنەوە
* ئەوەی 1 تاوەكو 3 جوزئی لەبەرە رۆژی نیو جوز‌و دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 4 تاوەكو 6 جوزئی لەبەرە رۆژی جوزئێك دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 7 تاوەكو 9 جوزئی لەبەرە رۆژی جوزئو نیوێك دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 10 تاوەكو 12 جوزئی لەبەرە رۆژی دوو جوز‌و دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 13 تاوەكو 15 جوزئی لەبەرە رۆژی دوو جوزئو نیو دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 16 تاوەكو 18 جوزئی لەبەرە رۆژی 3 جوز‌و دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 19 تاوەكو 21 جوزئی لەبەرە رۆژی 3 جوز‌و و نیو دەكاتەوە .
* ئەوەی 22 تاوەكو 24 جوزئی لەبەرە رۆژی 4 جوز‌و دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 25 تاوەكو 27 جوزئی لەبەرە رۆژی 4 جوز‌و و نیو دوبارە دەكاتەوە .
* ئەوەی 28 تاوەكو 30 جوزئی لەبەرە رۆژی 5 جوز‌و دوبارە دەكاتەوە .

وەڵامدراوەتەوە لە لایەن : إدریس محمود مامۆستاى بنکەى لەبەر کردنى قورئانى پیرۆز

سەردان: ٧,٨١٧ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان