حوكمى خۆشەویستى و دڵدارى و پەیوەندی‌ نێوان كوڕ و كچ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوكمى خۆشەویستى و دڵدارى و پەیوەندی‌ نێوان كوڕ و كچ
پرسیار:

حوكمى خۆشەویستى و دڵدارى و پەیوەندی نێوان كوڕ و كچ

بسم الله الرحمن الرحيم
پێناسەى خۆشەویستى(دڵدارى): بریتى یە لە: پەیوەندییەكى مۆڵەت پێ نەدراو لە نێوان هەر دوو ڕەگەزى نێر و مێ دا بەمەبەستى چێژ وەرگرتن لە یەكتر.
جا پێش ئەوەى باسى حوكمى دڵدارى یان خۆشەویستى یان ئەویندارى لەشەرعدا بكەین پێویستە ئەوە بزانین مەبەست لەم زاراوانە چین، تا بتوانین حوكمى شەرعیان بەسەردا بدەین چونكە وەك گوتراوە (الحكم على الشيء فرع عن تصوره) دەبێ لە پێشدا ماناو ڕاستى ئەم زاراوانەمان لا ڕوون بێت، پێشەكى: ئەڵێم ئەم زاراوانە و چەندین زاراوەى پەیوەندى دار بەم بابەتەوە هەریەك دەلالەت لەسەر قۆناغێك یان بەشێك لەم مەسەلەیە دەكات، جا ئەم كار و ڕەفتارە بەهەر یەكێك لەو زاراوانە ناو بنرێت ئەوە ناو لێنانێكى نادروست و ناتەواوە و واقیع پێچەوانەى ئەوەیە چونكە لە مێژووى عاشقاندا كە نێر و مێ حەزیان لەیەكتر كردبێ بەبێ مۆڵەتى شەرع لە قۆناغێك یان بەشێك نەوەستاوە بەڵكو پەلى كێشاوە بۆ یەكتر بینین و ڕۆچوون تیایدا و چێژ وەرگرتن و شەیدا بوونى یەك وە بۆ پێكەوە دانیشتن و گەڕان و كات بەسەربردن وە بۆ ئەوین یەكتربوون و بگرە چەندیندەستبازى حەرام و ئابڕوبەر، ئەمەش لاى هەموو كەسێك زانراوە كە بە پەیوەندى بوون ناودەبرێت بۆ نموونە ئەو كەسانەى پێش ژنهێنانیان كە دڵداریان كردبێ دەبینى زۆر جار لە دواى ژنهێنانیان وازى لێ دێنن ئەگەر تەنها خۆشویستن بێ ئەوە كەسى خۆشەویست هەر خۆشەویستە بەڵام دڵدارى لەگەڵ ناكات لەبەر ئەوەى ژنى هێناوە كەوابوو ئەم دیاردەیە بریتى یە لەبوونى پەیوەندییەكى ناشەرعى لە نێوان هەردوو ڕەگەز دا ئەمەش ناوێكى گشتى یە بۆ هەموو ئەو كردارانەى هەردوو لایەنى ئەویندار ئەنجامى ئەدەن واقعى پڕ خەم و خەیاڵى ئەویندارەكانیش ئەم ڕاستى یە دەسەلمێنێ، جا ئاینى پیرۆزى ئیسلام بۆ پاراستنى ڕەوشت و ئاین و بەرژەوەندى كۆمەڵایەتى مۆڵەتى نەداوە بەوەى ڕەگەزى نێر و مێ پەیوەندى بەیەكەوە دروست بكەن تەنها لە ڕێگەى ژنهێنان و شوكردنەوە نەبێ ئەمەش چەندین سودو بەرژەوەندى بۆ تاك و كۆمەڵگەى تیادایە، بۆ نموونە ئەگەر مۆڵەت بە خۆشەویستى بدرێ و ڕەها بێت هەردوو ڕەگەز بواریان پێ بدرێت هەریەكەیان هەركەسێكى خۆشبوێت خۆشى بوێت و پەیوەندى لەگەڵ بكات، لەوانەیە كەسى وا هەبێت چەند كەسێكى خۆشبوێت و دڵ بدات بە چەند كەسێك، ئایا چارەسەر چى دەبێت چارەسەریش نییە تەنها ئەوەیە خۆشەویستى سنووردار بكرێت ئەگەر كەسێ بڵێ ئەى ڕاتان چى یە بەكەسێك گەر حەزى لە كچێك یان ژنێك ڕێگر چیە پەیوەندى لەگەڵدا هەبێت، ئێمە ئەڵێین ئەگەر پێش یەكتر خۆشویستن و پەیوەندى بونیان گرێبەستێك (عقد) ێك نەبێت تا مافیان بەسەریەكەوە دابین و پارێزراو بكات ئەوە كارێكى هەرزانەیە و زیان بەخشە وە لەوانەیە یەكێكیان یان هەردووكیان ستەم لەویتر یان لەیەكتر بكەن وە بەوەفابوون و ڕاستكردن لەگەڵ یەكدا مسۆگەر ناكرێت وە لەوانەیە لایەنێك لەو دووانە پەیوەندى لەگەڵ چەند كەسێكى تردا دروست بكات ئەگەر مرۆڤ بۆى ڕەها بكرێت حەزى لە هەركەس كرد خۆشى بوێ و پەیوەندى لەگەڵ دروستكات جا بۆ ئەوەى كۆمەڵێك نبنە قوربانى ومافەكانیان بپارێزرێت پێویستە عەقدێك هەبێت ئەم گرێبەستەش بەباشترین شێوە ئیسلام سەلماندوویەتى كەمافى كەسى و ئاینى و كۆمەڵایەتى و ڕەوشتى تیادا پارێزراوە.
كەوا بوو حوكمى خۆشەویستییەك یان دڵدارییەك یان ئەوینێك هەموو ئەو موخالەفاتانە لە خۆ بگرێت وەك چۆن لە واقع دادەیبینین بێ گومان حەرامە و لاڕێبوونێكى ڕەوشتى گەورە و ترسناكە و كۆمەڵگا دەبێتە قوربانى ئەو هەڵەیە چونكە ئەم شتانە لە ئەویندارى دا ڕوودەدات:
یەكەم: بۆ یەكتر ڕوانین پێش مارە بڕین ئەمەش حەرامە و خواى گەورە دەفەرموێ:{قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ} سورة النــور(30).
دووەم: بەتەنها لەگەڵ یەكبوون (الخلوة) پێغەمبەرى خواى دەفەرموێ: (لا يخلون رجلٌ بامرأة إلا كان ثالثها الشيطان) ترمذى ڕیوایەتى كردووه ( (6/284 حديث صحيح غريب.
سێ یەم: دەستبازى و چێژ وەرگرتن لە جەستەى یەكتر (لأن يطعن في رأس أحدكم بخيط من حديد خير له أن يمس امرأة لا تحل له) أخرجه الطبراني في الكبير برقم 487 و صححه الألباني في الصحيحه برقم 226.
چوارەم: گوێڕایەڵى نەكردنى قسەى دایك و باوك كە شارەزاترین كەسن بۆ چارەنووسى كچ یان كوڕ پێغەمبەر دەفەرموێ: (إذا جاءكم من ترضون دينه وخلقه فزوجوه...).
وە چەندین زیان و خراپەى تر لەوانە:
1- تووشبوون بەنەخۆشى (ئەوین) و لەدەستدانى عەزیمەت و زاڵكردنى ئارەزووەكان بەسەر ژیرى و شەرعدا، زانایان ئەوینیان بەنەخۆشى كوشندە داوەتە قەڵەم تەنانەت بەبەشێك لە شیركى داناوە.
2- ڕێگە خۆشكردن بۆ ئەنجامدانى داوێن پیسى لەبەر ئەوەى هۆكارە بۆ زیناكردن وكارى خراپ لە ئاینى ئیسلامدا بەیاساى (سد الذرائع)قەدەغە كراوە.
3- شكاندنى سنوورى ڕەوشتى ئیسلامى و كۆمەڵایەتى و پەرەپێدان بەناپاكى و دڵنیا نەبوون لەیەكتر.
لە كۆتایدا ئەڵێم:
1- پێغەمبەرى خوا دەفەرموێ: ((الْبِرُّ مَا اطْمَأَنَّتْ إِلَيْهِ النَّفْسُ وَالْإِثْمُ مَا حَاكَ فِي النَّفْسِ وَتَرَدَّدَ فِي الصَّدْرِ))

جا به كورتى : چاكە و شتى حەڵاڵ دڵ پێى ئاسودە دەبێ وخراپەش ئەوەیە دڵ پێی ناخۆش بێ.
2- ئایا ئەو كەسەى گاڵتە بەڕەوشتى خەڵكى تر دەكات پێى خۆشە كەسانى تر لەگەڵ خوشك و دایكە پەیوەندیان هەبێت، بۆیە داواكارم لەگەنجان بە كوڕ و كچەوە هەموویان شوێنى هەنگاوەكان نەكەون و ساختەى شەیتان كاریان تێ نەكات و شوێنى چارەسەرى ئیسلام بكەون كە بریتى یە لە ژنهێنان و مێردكردن.

مامۆستا خلیل أحمد

سەردان: ١٠,٤١٠ بەش: عیشق و خۆشەویستى