چ دوعایەك باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى لە إمتحانى مەكتەب دەربچم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چ دوعایەك باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى لە إمتحانى مەكتەب دەربچم؟
پرسیار:

چ دوعایەك باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى لە إمتحانى مەكتەب دەربچم وە ئایا چى باشە بیخوێنم بۆ ئەوەى خواى گەورە یارمەتیم بدات و زاكیرەم بە هێز بكات؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
براى بەڕێزمان فێرخوازى خاوەن هزر لە وەڵامى پرسیارەكەت ئەم ئامۆژگاریانەت پێشكەش دەكەم:
1- هەموو كات هەوڵ بدە متمانە و پشت ببەستیت بە خواى پەروەردگار چونكە فەرموویەتى: { وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ } سورة الطلاق(3)
واتە: ئەو كەسەى كە تەوەكول و متمانەى تەواو ببەستێ بە پەروەردگارى خۆى ئەوا نەتها ئەوى بەسە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەسبابیش بەكار بهێنێت.
2- هەوڵى ئەوە بدە هەموو كات لە خوابترسیت بەوەى كە خۆت دووربكەیتەوە لە غەش كردن، چونكە پێغەمبەرى خوا ()فەرموویەتى: من غشنا فلیس منا واتە: هەركەسێك غەش بكات لە ئێمە نى یە، وە چونكە لە خوا ترسانت دەبێتە هۆى كردنەوەى دەرگارى بەرەكاتى خواى پەروەردگار و بەهانا هاتنت لە كاتى پێویست دا، خواى پەروەردگار فەرموویەتى: { وَاتَّقُواْ اللّهَ وَيُعَلِّمُكُمُ اللّهُ ٌ} سورة البقرة (282).
وە فەرموویەتى: { وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مِنْ أَمْرِهِ يُسْرًا} سورة الطلاق(4)
وە فەرموویەتى:{وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا* وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ } (3-4) سورة الطلاق
وە چەندەها ئایەتى ترى لەو بابەتە.
3- پەنا بردنە بەر دەرگاى خواى پەروەردگار بە دوعا كردن لەو شوێن و كاتانەى كە لە شەرعدا هاتوون كە دوعایان پێدا گیرا دەبێ، چونكە خواى پەروەردگار فەرموویەتى: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ } سورة غافر(60).
وە فەرموویەتى: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ } سورة البقرة (186).
وە ئەوەش بزانە تەنها خواى پەروەردگارە بەهاناتەوە دێت و كەسى تر ناتوانێت جگە لەو قازانجێك پێ بگەیەنێت و زیانێكت لێ دور بكاتەوە.
4- ئەگەر كارێكت لەسەر گران بوو، وەك تاقى كردنەوە ئەوا بڵێ: (اللهمَّ لا سَهلَ إلا ما جعلته سهلاً، وأنت تجعلُ الحزن إذا شِئتَ سهلا)حديث صحيح.
واتە: خوایا هیچ كارێكى ئاسان نى یە مەگەر ئەوەى كە تۆ ئاسانت كردبێت، وە تۆ ئەگەر ویستت لێ بێت زبرى و ڕەقى و گرانى زەوى ئاسان دەكەیت.
5- وە ئەوە بزانە ئەگەر تۆ زیكرى خوات كرد و لێی پاڕایتەوە، كە چى بە پێى ئارەزووى تۆ نەبوو، ئەوا بزانە كە پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: (ما من مسلم يدعو الله بدعوة ليس فيها إثم ولا قطيعة رحم إلا أعطاه الله بها إحدى ثلاث: إما أن تجعل لة دعوته، وإما أن يدَّخرها له في الآخرة، وإما أن يصدف عنه من السوء مثلها...)حديث صحيح.
واتە: هیچ موسڵمانێك نى یە كە لە خواى خۆى بپاڕێتەوە، بەمەرجێك داواكاریەكەى تاوان یان بڕینى سیلەى ڕەحم نەبێت، ئیلا خواى پەروەردگار یەكێك لەم سێ شتەى دەداتێ:
1- یان پاڕانەوەكەى گیرا دەكات
2- یان بۆى هەڵدەگرێ بۆ دواڕۆژ و لەوێ پاداشتى دەداتەوە
3- یان بەئەندازەى پاڕانەوەكەى بەڵاو خراپەى لێ دوور دەكاتەوە.
جا هیوادارم لە خواى پەروەردگار هەمیشە سەركەوتوت بكات بۆ ئەوەى كە خێرى دونیاو دواڕۆژتى تێدایە.
ئەم پرسیارە لەلایەن مامۆستا (عدنان بارام) ەوە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٤,٩٧٢ بەش: دوعا و پاڕانه‌وه‌