یارییە ئەلیکترۆنیەکان لە نێوان حەڵاڵى و حەرامیدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
یارییە ئەلیکترۆنیەکان لە نێوان حەڵاڵى و حەرامیدا
پرسیار:

گرنگى کات لە ژیانى ئینساندا و موسڵمان بە تایبەتى
جۆرەکانى یارییە ئەلیکترۆنیەکان
حوکمی یارییە ئەلیکترۆنیەکان چیە ؟
چ یارییەک حەرامە و دروستە نیە گەنج و لاوى موسڵمان کە بەکارى بێنێت و یارى پێ بکات
ئایا یارى کردن لەسەر پارە یان هەر شتێکى تر حەرامە؟
چ یارییەک ئاساییە و دروستە وە بە چ مەرجێک ؟
حوکمی فرۆشتنی یاریە ئەلیکترۆنیەکان چی یە ؟
دایک و باوک چ یارییەک بۆ منداڵەکەى بکڕێت؟
مەترسیە دەروونیەكانی یاری PUBG لەسەر بەكارهێنەرانی
چەند چارەسەرێک بۆ پاراستنی منداڵان و تازە پێگەیشتووان لەزیانەکانی یاریە ئەلیکترۆنیەکان :
موسڵمان دەبێت کاتەکانى چۆن سەرف بکات؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
گرنگى کات لە ژیانى ئینساندا و موسڵمان بە تایبەتى
سەرەتا دەبێ بزانین کە كات سەرمایەیەكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤایەتی بەگشتی و موسوڵمانان بەتایبەتی كەتێیدا تێشوو كۆدەكرێتەوە بۆ ڕۆژی دوایی ، پیاو چاكان و زانایان بە تێڕوانینێكی گرینگەوە سەیری كاتیان دەكرد و بەڵكو بەنرخترین شتیش بووە لەلایان .
خواى پەروەردگار فەرموویەتى: [وَالْعَصْرِ ] واتە: سوێند بێت بە كات و زەمانە، یان بەكاتى تایبەت بە عەسر.
ئاشكراشە كە ئەم سوێند خواردنەش لە لایەن خواى پەروەردگارەوە بە كات و زەمانە، بەڵگەو نیشانەیە لە سەر گرنگى كات، بۆیە سوێندى پێدەخوات.
وە پێغەمبەرى خوا دەفەرموێ‌ : ( نِعمتان مغبونٌ فيهما كثيرٌ من النَّاسِ: الصِّحَّةُ والفراغُ ) ( رواه البخاري ) ، واتە : دوو نیعمەت هەیە زۆر لە خەڵكی تێیدا خەسارەت مەندن ( لە دەستی دەدەن و قەدری نازانن ) لەش ساغی و دەست بەتاڵی .
ئەو سەفەرەی مرۆڤ دەیكات هەرلە لەدایك بوونیەوە تاكو مردنی و دەرچوونی لەم ژیانە پێی دەوترێت ( تەمەن یان زەمەن یان كات ) كە خوای گەورە و میهرەبان تایبەت مەندیەكی داوەتێ‌ بە هەندێ‌ سیفات و تایبەت مەندی كەلە شتەكانی تردا نییە ، وە ئەگەر موسوڵمان بەڕاستی گرینگی كات بزانێت لە ژیانیدا ئەوا هەر بەشیرەوە ئەیدات بە منداڵەكانی هەر بە منداڵیان تاكو گەشە بكەن لەسەری و بنیات بنرێن چونكە قەدر نەزانینی كات و بایەخ پێنەدانی و كەڵك وەرنەگرتن لێی بەڕاستی تیاچوون و نەهامەتییە بۆ ئوممەتانی ئیسلامی .
بۆیە مامەلە كردن لەگەڵ كاتدا دەبێت بەشێوەیەك بێت كە حیسابی هەرخولەكێك بكەین لەگەڵ خۆمان دا چونكە هۆكاری سەرەكی نزمی ئاستی فێرخواز و دواكەوتنی دەوڵەتی ئیسلامی بە فیڕۆدانی كاتە بەهەندێ‌ شتی بێ‌ سوودو لاوەكی كەزیان بەئایندەی وڵات و ئایین و زانستمان دەگەیەنێت بۆیە كات زێرنییە بەڵام خودی كات خۆی زێڕە .

لەبەر گرنگى کاتە کە دەبینین مرۆڤى بەرپرسیار كردووە لەوەى كە ئەو گەوهەرە بەنرخە چۆن، و لە چیدا سەرفى بكات بیباتە سەر ؟
وەکو پێغەمبەرى خوا لەو بارەیەوە فەرموویەتى:
(لاَ تَزُولُ قَدَمَا عَبْدٍ يَوْمَ الْقِيَامَةِ حَتَّى يُسْأَلَ عَنْ أَرْبَعٍ : عَنْ عُمْرِهِ فِيمَا أَفْنَاهُ ؟ وَعَنْ عِلْمِهِ مَا عَمِلَ بِهِ ؟ وَعَنْ مَالِهِ مِنْ أَيْنَ اكْتَسَبَهُ وَفِيمَا أَنْفَقَهُ ؟ وَعَنْ جِسْمِهِ فِيمَا أَبْلاَهُ ؟) صحيح سنن الترمذي رقم : (2417) وصحيح الترغيب والترهيب رقم : (3592) 
واتە : هەردوو پێ‌ی هیچ عەبدێك نـییە لە ڕۆژی قیامەتدا هەنگاو بنێت تاوەكو پرسیاری چوار شتی لێنەكرێت :
یەکەم : سەبارەت بە تەمەنی لە چیدا بە سەری بەردووە ؟
دووەم : وە سەبارەت بە زانستەكەی ئایا كردەوەی پێ‌ كردووە ؟
سێیەم : وە سەبارەت بە پارە و ماڵەكەی چۆن پەیدای كردووە و لە چیدا خەرجی كردووە ؟
چوارەم : وە سەبارەت بە لاشەی لە چیدا بە كاری هێناوە و دایهێناوە ؟
وەهەروەها پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى:
(اِغْتَنِمْ خَمْسًا قَبْل خَمْس، شَبَابك قَبْل هَرَمك، وَصِحَّتك قَبْل سَقَمك، وَغِنَاك قَبْل فَقْرك، وَفَرَاغك قَبْل شُغْلك، وَحَيَاتك قَبْل مَوْتك)صحيح الجامع للشيخ الألباني (رحمه الله): (١٠٧٧).
واته‌: سود له‌ پێنج شت وه‌ربگره‌ پێش پێنج شت:
یەکەم : گه‌نجێتيت پێش پيربوونت.
دووەم : وه‌ له‌ش ساغيت پێش نه‌خۆش بوونت.
سێیەم : وه‌ ده‌وڵه‌مه‌نديت پێش هه‌ژاريت.
چوارەم : وه‌ ده‌ست به‌تاڵيت پێش سه‌ر قاڵيت.
پێنجەم : وه‌ ژيانت پێش مردنت.
وە ئیمامی ابن القیم - ڕەحمەتی خوای لێبێت - فەرمویەتی :
( إضاعة الوقت أشد من الموت ؛ لأن إضاعة الوقت تقطعك عن الله والدار الآخرة والموت يقطعك عن الدنيا وأهلها ) . الفوائد / ص 44 .
واتە : بەفیڕۆدانی کات گەورەترو مەترسیدارترە لە مردن ؛ چونکە بەفیڕۆدانی کات دەتپچرێنێت لەخوا و لەڕۆژی دوایی بەڵام مردن دەتپچرێنێت لە دونیا و ئەهلەکەی .
جا ئایا شیاوە بۆ گەنج و لاوى موسڵمان كاتى زێڕینى خۆى بە كارێکەوە سەرف بکات کە هیچ سودی بۆ دنیا و قیامەتى نەبێت؟!
یان پێویستە لە باشترین كار و كرداردا بە سەرى بەرێت، كە ببێتە هۆى بە دەست هێنانى ڕەزامەندى پەروەردگار، و گەیشتن بە بەهەشتى بەرین، و ڕزگار بوون لە ئاگرى دۆزەخى هەتا هەتایى، و بێتە سودمەندى موسڵمانان، و پێشخستنیان لە بوارە جۆر بەجۆرەكانى ژیانى دونیا ؟!

جۆرەکانى یارییە ئەلیکترۆنیەکان
کاتێ لەم یاریانە ورد دەبیتەوە بۆت دەردەکەوێت ئەم یاریانە ئیعتماد دەکات سەر چالاکی مێشک ، و هەڵسوکەوتە فەردیەکان .
وە ئەم یاریانە جۆرا وجۆرن ، چەند لایەن و جۆر لەخۆ دەگرن :
1- هەندێکیان بریتین لەجەنگی بێ بنەماو وەهمی و چەند هەڵس و کەوتێکی لێک چوو .
2- یاخود هەوڵدانە بۆ خۆ ڕزگار کردن لەتەنگانە ، وشەڕ کردن لەگەڵ دوژمنان ، وپێکانی هەدەفەکان ، وپلان دانان .
3- سەرکێشی ،و دەرچوون لەشتی نەشیاو وڕاکردن لەدڕندە .
4- پێشبڕکێی تەیارە و سەیارە و وتێپەڕاندنی کۆسپەکان وگەڕان بەدوای کەنزەکاندا ، و جۆرە یاریەک کە دەبێتە هۆکاری زیاد کردنی زانیاریەکان ، وگرنگی دان بەشتەکان زیاد دەکات کۆکردنەوەی وێنە پارچە پارچە و کوت و بچڕەکان وخانوو وڕەنگەکان و سێبەر و ڕوناکییەکان .

حوکمی یارییە ئەلیکترۆنیەکان چیە ؟ یاخود ڕێگا دان بە منداڵ کە یارییە ئەلیکترۆنیە بڵاو و جۆراو جۆرەکان بکات دروستە؟

ئیسلام ڕێگری ناکات لەو شتانەی کە دەبنە هۆی دڵ خۆش بوون و ئارامی ، وە هەروەها ڕێگری نەکردووە لەبەدەست هێنانی خۆشیە موباحەکان بە (وەسیلەی موباح) .
جا ئەسڵ لەم جۆرە یاریانەدا ئەوەیە دروستە بەمەرجێ نەبێتە هۆکاری لەدەس چوونی واجبێکی شەرعی وەک نوێژ و چاک بوون لەگەڵ دایک و باوک ،وکاری حەرامی تێدا نەبێت ــ
بەڵام ئەوەی جێی تێبینیە ئەم جۆرە یاریانە زۆر جار شتی حەرامی تێدایە ــ لەوانە :

چ یارییەک حەرامە و دروستە نیە گەنج و لاوى موسڵمان کە بەکارى بێنێت و یارى پێ بکات

یەکەم : ئەو یاریانەی کە وێنەی جەنگی نێوان خەڵکی سەر زەوی چاک لەبەرانبەر ئەهلی ئاسمانی خراپی تێدایە وئەم جۆر شتانەی لەخۆ گرتووە ، ئەم جۆرە بۆچوونانە کە تۆمەت بار کردنی خوای تێدایە یاخود قسەی خراپی تێدایە بەرانبەر بە فریشتە بەڕێزەکان .
دووەم : ئەو یاریانەی کە بونیات نراون لەسەر ڕێز گرتن و بەگەورە دانانی صەلیب بەشێوەیەک گوایە تێپەڕ بوون بەدەوریدا لەش ساغی و قوەت بەخشە ، یاخود ڕوح و خوێنى زیاتر دەبەخشێت بەیاریزان ،وە هەروەها دانانی کارتی تایبەت بەچەژنی سەری ساڵ لەدینی مەسیحیەکاندا .
سێیەم : ئەو یاریانەی کە ئیقڕاری سیحر دەکات یاخود ساحیرەکان بەگەوره و بەڕێز لەقەڵەم دەدات.
چوارەم : ئەو یاریانەی کە بونیات نراوە لەسەر ڕق بوونەوە لەئیسلام و موسوڵمانان وەک ئەو یاریەیی کە یاریزان کاتێک قەسفی مەکە دەکات ۱۰۰نوقتەی بۆ دادەنرێت .
پێنجەم : ئەو یاریانەی کە ڕێزگرتن و بەگەورەدانی بێباوەڕانی تێدایە ، و پەروەردەکرنی خەڵک لەسەر ئەوەی شانازیان پێوە بکەن ، وەک ئەو یاریەی کە گەر یاریزان هێز و جەنگاوەرانی موسوڵمانان هەڵبژێری ئەوا دەبێتە کەسێکی بێتوانای لێ دەردەچێت ، و ئەو کەسەی هێزی بێباوەڕان هەڵبژێرێت ئەوا کەسێکی بەهێز لێ دەردەچێت ، و هەروەها ئەو یاریەی کە پەروەردەی منداڵی تێدایە لەسەر سەرسام بوون بەبیرو ڕا و دینی بێباوەڕان و ناوی یاری زانە بێباوەڕەکان .
شەشەم : ئەو یاریانەی کەوێنەی ڕووت نەشیاوی تێدایە ، وهەندێ یاری هەن دیاری کەسی براوە وێنەیەکی ڕووتە(؟!) ، کە تێکدانی ڕەوشت لەم جۆرە یاریانەدا بەدی دەکرێت ؛ چونکە فیکرەکەی بونیات نراوە لەسەر ڕزگار کردنی خۆشەویستەکەی و ئەوکەسەی کە عاشقی بووە لەدەستی کەسە خراپەکان .
حەوتەم : ئەو یاریانەی کە قوماری تێدایە .
هەشتەم : ئەو یاریانەی کە مۆسیقای تێدایە ، و مەعلومە کە مۆسیقا حەرامە لەشەریعەتی ئیسلامدا ، وە ئێستا لەگەڵ زۆرێک لە یارییەکان گۆرانى هەڵپەڕکێى کوردیان خستۆتە سەر کە بەتەواوى مێشکى ئەو گەنج ومنداڵە ماندوو دەکات کە یارى دەکات و واى لێ دەکات کە ئاگاى لە چواردەورى خۆى نەمێنێت کە زۆر جار چەند جارێک بانگى دەکرێت ئینجا بە ئاگا دێتەوە و وەڵام دەداتەوە .
نۆیەم : ئەو یاریانەی کە زیان گەیاندنی تێدایە بەلاشە وەک چاوەکان یاخود مێشک و ئەعساب ،و هەروەها ئەوانەش کە جۆرە دەنگێکیان تێدایە کە زیان بەگوێ دەگەیەنن ، جا لەهەندێ لەلێکۆڵینەوەکاندا هاتووە و دەرکەتووە ئەم جۆرە یاریانە منداڵ عەوداڵی خۆیان دەکەن ، و زیان بەئەعسابی دەگەیەنن ، و منداڵ تووشی دڵە ڕاوکێ و توند و تیژی دەکەن .
دەیەم : ئەو یاریانەی کە منداڵ ڕادێنن لەسەر توند و تیژی ، و ئەنجام دانی تاوان ، و بەسادە سەیر کردنی تاوانی کوشتن هەروەک لەیاری (PUBG)دا ـ کەیاریەکی بڵاو و مەشهوورە ــ ئەمە بەئاشکرا بەدی دەکرێت .
یانزەیەم : ئەو یاریانەی کە پێچەوانەی واقعی حەقیقی منداڵە ، بەڕاهێنانی لەسەر دونیای خەیاڵ و شتی بێ بنەما وشتی دەگمەن و موستەحیل وەک گەڕانەوە دوای مردن ، و قوەت و توانایەکی لەڕادە بەدەر کە لەحەقیقەتدا هیچ بوونی نی یە ، و هەروەها وێنە گرتن و تەصویر کردنی بونەوەرەکانی ئاسمان و شتی لەم بابەتانە .

جا نموونەی زۆرمان هێنایەوە لەزیانەکانی ئەم جۆرە یاریانە وڕوونمان کردەوە کەزیانیان هەیە بۆ عەقیدە و بیروباوەڕ و شتی ناشەرعیان زۆریان تێدایە ؛ چونکە زۆربەی دایکان و باوکان بێئاگان لەم زیانانە وئەم جۆرە یاریانە بۆمنداڵەکانیان دەکڕن .

یارى کردن لەسەر پارە یان هەر شتێکى تر حەرامە
پێویستە ئاگاداری ئەوە بین پێشبڕکێ لەیاری ئەلیکترۆنیدا دروست نی یە ئەگەر لەسەر (شتێک بێت) ــ هەرچەندە یاریەکەش دروست بێت ــ چونکە ئەم یاریانە ئالیەتێک نین بۆ جیهاد کردن یاخود بەهۆیەوە توانای جیهاد زیاد بکات ، والله تعالى أعلم .

چ یارییەک ئاساییە و دروستە وە بە چ مەرجێک :
ئەو یاریانەی کە خاڵین لە شتى حەرام ، و زۆربەی جار سەرناکێشن بۆ حەرام، وەکو زۆربەی ئەو یاریانەی کە ئەیانبینین بۆ نموونە یاری تۆپی پێ، بالە، تێنسی سەرمێزو جگە لەمانەش. ئەمانەش ڕێپێدراون بەم مەرجانەی خوارەوە:
مەرجی یەکەم: خاڵی بێت لە قومار، کە ئەمەش گرەوێکە لە نێوان یاریزانەکانیدا.
مەرجی دووەم: نابێت ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی ئەو یادو زیکرانەی خوای گەورە کە واجبن، یان ڕێگری بکات لە نوێژ، یان هەر پەرستنێکی واجب ، بۆ نموونە چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوکدا.
مەرجی سێیەم: نابێت زۆر لە کاتەکانی یاریزانەکە بگرێت و ، ناشبێت هەموو کاتەکانی بگرێت یان بەو یاریەوە بناسرێتەوە لە ناو خەڵکیدا، یانیش بیکاتە پیشە، چونکە مەترسی هەیە کە ووتەی پەروەردگاری- جل وعلا- بەسەردا بچەسپێ کە ئەفەرمووێ: (الَّذِينَ اتَّخَذُوا دِينَهُمْ لَهْوًا وَلَعِبًا وَغَرَّتْهُمُ الْحَيَاةُ الدُّنْيَا ۚ فَالْيَوْمَ نَنسَاهُمْ ) واتە : ( ئەوانەی کە دینەکەیان بە گاڵتە و گەپەوەو گرت و ژیانی دونیا فریوی دان، ئەوانە ئەمڕۆ فەرامۆش دەکرێن).
چونکە بنیومانە و بیستومانە کە گەنج و لاوانێکى زۆر زیاد لە پێویست کاتەکانیان بەیارى سەرف دەکەن ، و هەبوە لە دواى نوێژى عیشا تاوەکو بانگى بەیانى خەریک بوە ، و تەنانەت نوێژى بەیاتنیشى نەکردوە .

حوکمی فرۆشتنی یاریە ئەلیکترۆنیەکان چی یە ؟
یاریە ئەلیکترۆنیەکان بەگشتی شتی زیان بەخشی بە (عەقیدە و ڕەوشت)ی زۆر تێدایە ، لەگەڵ ئەوەشدا گۆرانی و مۆسیقای لەگەڵە ، گەورە و بچووک سەرقاڵ دەکات ، بەشێوازێک واجبە شەرعیەکانیان لەبیر دەباتەوە ، وبێئاگایان دەکات لەمافی کەسانی دەور و بەر تەنانەت مافی نەفسی خۆیانیش (!) .
وە بەنیسبەت فرۆستنی ئەو جۆرە یاریانەوە :
گەر زۆربەی خودی یاریەکە و لەڕووی بەکار هێنانیشیەوە حەرام بوو ئەوا فرۆشتنی درووست نی یە و حەرامە کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت .
بەڵام تەنها بەکار هێنانی : ئەوا دەکەوێتە سەر جۆری یاریەکە ــ هەندێکیان توند و تیژی تێدایە ، وهەندێکیان ڕاو کردن و دوا کەوتنی ئافرەتانی ڕووت خراپی تێدایە لەجادە و بانەکان ،
وهەندێکیان بەگەورە دانانی سەلیب وزیندوکردنەوەی مردووە ...هتد .
جا گەر یاریەکە شتی نەشیاو خراپی تێدا نەبوو ، وەک وێنەی ڕووت ومۆسیقا ، ونەبێتە هۆی بێئاگا بوون لەواجبەکان ، ودوور بێت لەقومار ، وزۆر یاری بێنەکرێت ...هتد ــ
ئەوا حوکمی شەرعی بەگوێرەی ئەم مەرجانە دەبێت ، جا گەر هەموو ئەو شتە خراپانەی ـ کە ئاماژەمان پێکرد ـ تێدا بوو یاخود هەندێکی تێدا بوو ـ ئەوا دروست نی یە ، و ئەگەر هیچ یەکێک لەو شتە نەشیاوانەی تێدا نەبوو ئەوا دروستە و هیچ ئیشکالێکی تێدا نی یە .

دایک و باوک چ یارییەک بۆ منداڵەکەى بکڕێت؟
ئاگاداری دایکان و باوکان دەکەینەوە پێویستە ورد ببنەوە لەو یاریانە پێش ئەوەی منداڵەکانیان بیبینن ، چونکە بەڕاستی شتی زۆر نەشیاوی تێدایە ،وەک بابەتی جنسی و سێکسی ئابڕوو بەر ، وەهەندێکیان بێئەدەبی تێدایە بەرامبەر ئیسلام ، وەک یاری : ( first to fight ) ؛ لەم یاریەدا نەهێشتن و لەناو بردنی ئەو کەسانەی تێدایە کە(ڕیش دارن)؟! وقەسف کردن و تۆپباران کردنی مزگەوتی تێدایە ــ لەکاتی بانگدان و گوێ لێ بوونی بانگدا مزگەوتەکان قەسف دەکرێن ــ ، و گولە باران کردنی قورئانی تێدایه ، وە ناتوانی لەیاریەکە بچیت بۆ یاریەکی تر تەنها بەلەناو بردنی موسوڵمانان و مزگەوتەکان نەبێت (؟!) .
وهەروەها بێ ڕێزی تێدایە بەرانبەر مزگەوت ، وگەڕان بەدوای موسوڵماناندا کەناویان لێناون تیرۆرست (؟!) .
وە پێوستە دایکان و باوکان ئەوە بزانن کە زۆر بەکار هێنانی یارى و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان لەلایەن منداڵەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی منداڵ حەز لەتەنهای و درووکەوتنەوە و دابڕان بکات لەخەڵک ولەئەنجامی ئەمەدا تووشی هەندێ موشکیلەی دەروونی و تەندروستی دەبێت ، وەک : دڵە ڕاوکێو عەسەبی بوون وکەم خەوی ودا بەزینی ئاستی خوێندن و دوا کەوتن لەهاوڕێکانی.

مەترسیە دەروونیەكانی یاری PUBG لەسەر بەكارهێنەرانی
لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر یاخود ناوبەناو چەند یاریەكی ئەلیكترۆنی نوێ‌ دەخرێتە بازاڕەوە ، كە دەبێتە هۆی سەرنجڕاكێشانی بەكارهێنەرانی مۆبایلە زیرەكەكان ، جا یەكێك لەدیارترین ئەو یاریانەی كەبەم دواییە دەركەوت بریتیە لە یاری ( PUBG) ی شەڕوكوشتار كە هەر زوو جێگەی خۆی كردەوە لەنێو بەكارهێنەرانیدا و بڵاوبوویەوە ، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا چەندین مەترسی دەروونی گەورەی هەیە.
جا راپۆرتە پەروەردەییە تازەكان ئەوەیان دەرخستووە كە ئەم جۆرە یاریە دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتی دوورەپەرێزی و گۆشەگیری زیاد لەوەش كاریگەریەكی نەرێنی توندڕەوی بەجێ دەهێڵێت لەسەر بەكارهێنەرەكەی .
جا بەگشتی یاریە ئەلیکترۆنیەكان پلەپلە كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر گەنجان لەڕووی دەروونی و ڕەفتار و هەڵسوكەتەوە.
هەروەكو چۆن كاریگەریشی دەبێت لەسەر خێزان و كۆمەڵگە ،بەشێوەیەك كە بەكارهێنەرانی وا لێ دەكات وەكو بڵێی لە كۆمەڵگەیەكی وەهمی و خەیاڵیدا دەژین وەها دەردەكەون ، بەبێ تێكەڵاوبوون لەگەڵ خێزان و هاوڕێكانیان ، كە بێگومان ئەوە سەردەكێشێت بە تووشبونیان بە خوو پێوەگرتن بەبێ ئەوەی هەستیشی پێ بكەن.
جا راپۆرتەكە هۆشداری دەدات لەبارەی نەبوونی چاودێری خێزانیەوە بۆسەر منداڵەكانیان بەوەی توخنی یاری (یاری PUBG) ی شەڕوكوشتار نەكەون ، چونكە وایان لێ دەكات بەرەبەرە گۆشەگیرببن و هاوسۆز و تێكەڵاو نەبن لەگەڵ دەوربەریاندا هەرچەندە بەجەستە لەنێو كۆمەڵگادان.

چەند چارەسەرێک بۆ پاراستنی منداڵان و تازە پێگەیشتووان لەزیانەکانی یاریە ئەلیکترۆنیەکان :
یەکەم : سەیری بەرگی هەر یاریەک بکرێت پێش ئەوەی بکڕدرێت ، بۆ ئەوەی بزانرێت تا چەند ئەو یاریە گونجاوە بۆ ئاسات و تەمەنی منداڵەکە ، وە ئایا تا چەند زیان بەڕەوشت و باری دەروونی منداڵەکە دەگەیەنێت .
دووەم : قسە کردن لەگەڵ منداڵدا لەبارەی ئەو یاریانەی کە حەزی پێیەتی و عەوداڵی بووە بۆ ئەوەی گیانی هاوڕێیەتی لە منداڵەدا بڕوێنرێت و پاشان بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە چاو دێری ئەو یاریانە بکرێت و لەهەر کاتێکدا ویسترا بتوانرێت زاڵ ببێت بەسەریدا .
سێیەم : پێویستە کاتێک دیاری بکرێت بۆ یاری کردنی منداڵ بەو ئامێرانە نەهڵێدرێت منداڵ زۆر سەرقاڵ و عەوداڵی ئەو یاریانە ببێت .
چوارەم : پێویستە بەردەوام چاودێری بکرێت و بەتەنها نەبێت ؛ بۆ ئەوەی بزانرێت منداڵ چ جۆرە یاریەک بەکار دێنێت .
پێنجەم : هانی منداڵ بدرێت ئەو یاریانە بکڕێت کەسوود بەخشن و تواناکانی منداڵ پەرە پێدەدەن .
شەشەم : هاوکاری منداڵەکەت بکە لەو یاریانەی کە یاری جەماعین و هەوڵ بدە لەو یاریانە دووری خەیتەوە کەیاری فەردین ؛ بۆ ئەوەی کەسێکی گۆشە گیر و دوورە پەرێز دەرنەچێت .
حەوتەم : پێویستە هەر لەمنداڵیەوە منداڵ ڕابهێندرێت لەسەر وەرزش کردن ؛ بۆ ئەوەی وای لێبکرێت کەسێکی بەهێز دەرچێت و بەردەوام خەریکی یاری ئەلیکترۆنی نەبێت .
هەشتەم : بەشەوان بەسەر هات بۆ منداڵەکەت بگێڕەوە وەکو چیرۆکى پێغەمبەران و هاوەڵان ، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی لەلا شیرین بکەیت و هەموو کاتەکانی بەیاریە ئەلیکترۆنیەکانی بەسەر نەبات .
نۆیەم : هەستی خۆ پاراستن لای منداڵ دروست بکرێت بۆ ئەوەی دوور کەوێتەوە لەهەر شتێک زیان بەخش بێە بۆی .
دەیەم : منداڵەکەت بەو شێوەیە ڕابێنە کە پاش خوێندن و نوسینەوەى وانەکانی ئینجا بە گوێرەى ئەو کاتەى بۆی دادەنێى یارى بکات .

کۆتایی : موسڵمان دەبێت کاتەکانى چۆن سەرف بکات؟
بەڕاستی موسوڵمانان دەبێت كاتەكانی سەرف بكات لە :
1 ـ یادی خوای گەورە و كردەوەی باش .
2 ـ فێربون و وەرگرتن و بەدواداچونی زانست و زانیاری بەسود .
3 ـ بەجەماعەت كردنی نوێژەكان و چارەسەركردنی گرفتی موسوڵمانان .... و چەندانی تریش .
ئەى لە چی خۆى بپارێزێ؟
بەڵام لەبەرامبەردا دەبێ‌ موسوڵمانان ئاگاداری مەترسی بە فیڕۆدانی كات بن لە :
1 ـ زۆر قسەكردن .
2 ـ تەماشاكردنی تەلەفزیۆن و شتی حەڕام .
3 ـ تێكەڵاو بوون لەگەڵ كەسانی زیان بەخش .
4 ـ نووستنی زیاد لە پێویست .... و چەندانی تریش .
بە هیوای ئەوەی كە ئەم وەڵامە سوود بەخش بێت بۆ من و بۆ ئێوەی بەڕێز بەتایبەتى دایکان و باوکان کە بەرپرسیارن سەبارەت بە پەروەردە کردنى منداڵەکانیان ، و پێویستە بە جوانى منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و کاتى خۆیان لەگەڵیاندا سەرف بکەن نەک کاتێک کە منداڵ دەگری و بیانوو دەگرێ دایک و باوکى ناڕەحەت و بێزار دەکات ناچار بۆ بێدەنگ کردنى منداڵەکەى مۆبایلەکەى دەداتە دەستى ئەمە لە کاتێکدا ئەو منداڵە هێشتا تەمەنى هی ئەوە نیە ئەو مۆبایلە بەکاربێنێت .

ئامادەکردن و کۆکردنەوەى : ستافى وەڵامەکان 

تێبینى : چاوەڕوانى زیانەکانى بن لە ڕووى پزیشکیەوە کە بەمزوانە بۆى زیاد دەکەین.

سەردان: ١٣,٧٦٨ بەش: گەنجان و لاوان