چ کاتێک نوێژ جەمع دەکرێت ، و ئەو کاتانە کامانەن کە تیایدا نوێژ جەمع دەکرێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چ کاتێک نوێژ جەمع دەکرێت ، و ئەو کاتانە کامانەن کە تیایدا نوێژ جەمع دەکرێت ؟

ئەم پرسیارە گرنگە ...
سەرەتا پێویستە بزانین کە کاتی نوێژ کاتێکی دیاری کراوە لەلایەن خوا و پێغەمبەرەکەیەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: (( إِنَّ الصَّلاةَ كَانَتْ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ كِتَاباً مَوْقُوتاً ))[النساء:103] .واتە : بە دڵنیایی نوێژ كردن فەرز كراوە لەسەر ئیمانداران وە كاتی دیاریكراوی خۆی هەیە لە كەیەوە دەست پێ دەكات وە لەكەیدا كۆتایی دێت .
وفەرموویەتی: { أَقِمِ الصَّلاةَ لِدُلُوكِ الشَّمْسِ إِلَى غَسَقِ اللَّيْلِ وَقُرْآنَ الْفَجْرِ } [الإسراء:78] .
واتە : نوێژ بکە لەکاتی لادانی خۆر لەناوڕاستی ئاسمان و تاریکی شەودا ، واتە : نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب و عیشا و(وَقُرْآنَ الْفَجْرِ) واتە : نوێژی بەیانی .
وپێغەمبەری خوا ـ ـ زۆر بەجوانی کاتەکانی نوێژی ڕون کردۆتەوە ، نوێژی نیوەڕۆ لەفڵان کاتەوە دەست پێ دەکات بۆ فڵان کات ،و نوێژی عەسر لەفڵان کاتەوە دەست پێ دەکات بۆ فڵان کات ،و نوێژی مەغریب لەفڵان کاتەوە دەستپێ دەکات بۆ فڵان کات ،و نوێژی عیشا لەفڵان کاتەوە دەس پێ دەکات بۆ فڵان کات ، ونوێژی بەیانی لەفڵان کاتەوە دەس پێ دەکات بۆ فڵان کات .
جا ئەصڵ وایە نوێژ لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا بکرێت ، هەر کەسێک نوێژ بکات پێش داخل بوونی کاتەکەی گەر بەنەزانین بێت ئەوا بەسونەت بۆی ئەژمار دەکرێت و واجبە دووبارەی بکاتەوە ، وەئەگەر بەئەنقەست بیکات ئەوا نوێژەکەی بەتاڵەو لێی وەرناگیرێت ، وهەمان حوکمی هەیە گەر دوای تەواو بوونی کاتەکەی نوێژ بکات ، بەڵام گەر لەبەر نەزانین و وا گومانی دەبرد کە کاتی نوێژ تەواو نەبووە یاخود خەوتن
یاخود لەبیر چوون ئەوا نوێژەکەی صەحیحە ، ئائەمە ئەسڵە لەنوێژ کردندا .
وەدروست نی یە نوێژ کۆ بکرێتەوە (جمع تقديم یاخود جمع تأخير) مەگەر لەبەر عوزرێکی شەرعی نەبێت ، وبێگومان عوزری شەرعیش ڕون کراوەتەوە بەو شێوەیەیە کە عبدالله ی کوڕی عەباس ـ خوا لێیان ڕای بێت ـ ئاماژەی بۆ کردووە و دەڵێت : ( جمع النبي في المدينة بين الظهر والعصر وبين المغرب والعشاء, من غير خوف ولا مطر, قالوا: ما أراد من ذلك؟ قال: أراد ألا يحرج أمته ) .
واتە : پێغەمبەر ـ ـ لەمەدینە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و وهەروەها مەغریب و عیشای کۆ کردەوە ، بەبێ ئەوەی ترسی لەسەر بێت وبەبێ ئەوەی بارانیش باریبێ ، گوتیان : مەبەستی چی بوو لەو کارە ؟
گوتی : مەبەستی ئەوە بوو ئومەتەکەی تووشی ناڕەحەتی نەبن .
هەر بۆیە هەر کاتێک گران بوو لەسەر موسوڵمان نوێژەکانی لەکاتی خۆیدا بکات ئەوا دەتوانێت نوێژەکانی جەمع بکات گەر نا نابێت و دروست نی یە نوێژ جەمع بکرێت .
وە لەهەندێ لەوڵاتەکاندا باران زۆر بەتوندی دەبارێت و لەم حاڵەتەدا گەر نوێژ جەمع نەکرێت ئەوا موسوڵمانان توشی ناڕەحەتی دەبن و جلەکانیان تەڕ دەبێت و ناتوانن بچن بۆمزگەوت یاخود بارانەکە وەستاوە بەڵام ڕێگاکان قوڕاوی بوون و بەو هۆیەوە تووشی ناڕەحەتی دەبن ، گەر بەم شێوەیە بوو ئەوا نوێژ (جەمع) دەکرێت ،ئەگەر نا دروسە نی یە نوێژ جەمع بکرێت ، هەندێ کەس بەهەڵەدا چوون و دەڵێن: ئێمە سوننەت جێ بەجێ دەکەین لەم بابەتەدا و واگومان دەبەن نوێژ جەمع کردن لەبەر کەم تریت هۆکار و ناڕەحەتی دروسته ، بێگومان ئەمەش هەڵەیە ، هەر بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کە هەر کاتێک جەمع نەکردن نەدەبووە هۆی ناڕەحەتی لەو کاتەدا جەمع کردن حەرامە و دروست نی یە ، وەگەر زانیمان جەمع نەکردن دەبێتە هۆی ناڕەحەتی ئەوا دروستە بەڵکو سونەتە جەمع بکرێت ، وگەر دوو دڵ بوین ئەوا بەهەمان شێوە حەرامە و نابێت نوێژ جەمع بکرێت ؛ چونکە ئەسڵ وایە نوێژ لەکاتی خۆیدا بکرێت و جەمع نەکرێت ، لەم ئەسڵە لانادەین مەگەر لەبەر کارێک نەبێ کە دڵنیا بین لێی ، واتە : دڵنیا بین کە جەمع نەکردن دەبێتە هۆکاری ناڕەحەتی بۆ نوێژ خوێنان .
وەبەنیسبەت ئەو نوێژانەی جەمع دەکرێن ، بۆچوونی بڵاو و مەشهور لەمەزهەبی ئیمامی ئەحمددا ئەوەیە کە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر جەمع ناکرێت لەبەر باران و هاوشێوەکانی بەڵکو تەنها نوێژی مەغریب و عیشا جەمع دەکرێت ، بەڵام بۆچوونی ڕاست ئەوەیه : کە نوێژی نیوەڕۆ وعەسر و مەغریب و عیشا جەمع دەکرێت ؛ چونکە هۆکاری جەمع کردن (ناڕەحەتی یە) وە هەر کاتێک ئەو ناڕەحەتی یه بوونی هەبوو لە نیوەڕۆ وعەسر و مەغریب و عیشادا ئەوا دروستە جەمع بکرێت .
پاشان براکانم من پێتان دەڵێم : وا گومان مەبن کە (جەمع)کردن هەموو زانایان ڕوخسەتیان پێداوە ، نا تەنانەت ئەوانەش کەدەڵێن : دروستە ، دەڵێن : نەکردنی باشترە ، بەڵام ئێمە وا دەبینین گەر هۆکاری جەمع کردن هەبوو ئەوا (جەمع)کردن باشتره ، ومەزهەبێک هەیە کە سێ لەسەر چواری موسوڵمانانی پێک دەهێنا کاتێک کە خیلافەتی ئیسلامی بەدەستی تورکەکانەوە بوو و ئەوان لەسەر مەزهەبی ئیمام ئەبو حەنیفه بوون ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ کە ئەو پێی وایە جەمع بوونی نی یە بەهیچ شێوەیەک تەنها لە دوو حاڵەتدا نەبێت :
لە (عرفة و مزدلفة) ؛ لەبەر ئەنجامدانی مەڕاسیمی حەج ، گەر نا پێیان وایە جەمع بوونی نی یە(!) نە لەسەفەر و یاخود لەبەر نەخۆشی یاخود بەهۆی بارانەوە و جگە لەمانەش ، بۆیە وا گومان نەبەیت بابەتەکە هەر وا سادەیە ، نەخێر قورسە و جێی تێڕامانە .
بەکورتی وەڵامەکەی ئەوەیه :
گەر دڵنیا بووین لەعوزرەکە ئەوا جەمع کردن باشترە ، وگەر زانیمان عوزر بونی نی یە ئەوا حەرامە و نابێ جەمع بکەین ، خۆ ئەگەر دوو دڵ بووین و گومانمان هەبوو لەعوزرەکە ئەوا بەهەمان شێوە حەرامە و نابێت جەمع بکەین ؛ چونکە ئەسڵ وایە کە نوێژی لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت .
وە بەنیسبەت نیەت هێنانی جەمع کردن مەرج نی یە ، هەر کاتێک هۆکاری جەمع هەبوو هەر چەندە دوای نوێژی یەکەم ئەوا دروستە و دەتوانرێت جەمع بکرێت .
الشیخ محمد بن صالح العثیمین
المصدر: لقاء الباب المفتوح - (113 / 15) .

سەردان: ١٣,٩١٠ بەش: نوێژ