کەسێک ئیشوکار و دوکانەکەى حەڵاڵ و حەرامى تێکەڵ بووە چۆن پاکى بکاتەوە لە حەرامەکان بۆ نموونە فرۆشتنى جگەرە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک ئیشوکار و دوکانەکەى حەڵاڵ و حەرامى تێکەڵ بووە چۆن پاکى بکاتەوە لە حەرامەکان بۆ نموونە فرۆشتنى جگەرە؟

هەرکەسێک بازرگانی بەشتی حەرامەوە بکات وەک ئامێری مۆسقا و کاسێیەتی حەڕام و گۆرانى یان فرۆشتنى جگەرە...هتد ، لەکاتێکدا حوکمەکەی دەزانێ و زانیویەتی ئەو شتە حەڕامە پاشان تەوبە دەکات ، ئەوا قازانجی ئەو شتە حەڕامانە لەڕێگا باشەکاندا سەرف دەکات بۆ ئەوەی ڕزگاری ببێ لێی نەک وەک سەدەقە و خێر ؛ چونکە خودا پاکە وهیـچ شتێک وەرناگرێت تەنها شتی پاک نەبێت .
وە ئەگەر ئەو ماڵە حەڕامە تێکەڵی ماڵی حەڵاڵی تر بوو بوو ، وەک ئەوەی بەقاڵ کاتێ شتی حەڵاڵ دەفرۆشێت و لەهەمان کاتدا جگەرەش دەفرۆشێت ، ئەوا بەمەزەندە ماڵە حەڕامەکە دەس نیشان دەکات ، پاشان دەری دەکات بەشێوەیەک گومانی زۆری وابێت کەماڵەکەی پاک کردۆتەوە لەشتی حەڕام ، وە بێگومان خودا جێی ئەو شتەی بۆ قەربوو دەکاتەوە بەشتی باشتر چونکە خودا بەخشندە و بەڕێزە .
وە بەگشتی هەر کەسێک ماڵێکی لەلایە کەلەکەسابەتی حەڕامدا بەدەستی هێناوە ، ودەیەوێ تەوبە بکات ، ئەوا سەیر دەکرێت ، خۆ ئەگەر کەسەکە :
یەکەم : کافر بوو لەکاتی بەدەست هێنانی ئەو ماڵە حەڕامەدا ، ئەوا پێویست نی یە لەسەری ئەو ماڵە ببەخشێت ؛ چونکە پێغەمبەری خواـ ـ لەکاتی موسوڵمان بوونی هاوەڵاندا فەرمانی پێیان نەدەکرد ئەو ماڵە حەڕامانە ببەخشن کەپێشتر پەیدایان کردبوو .
دووەم :بەڵام گەر لەکاتی بەدەست هێنانی ئەو ماڵە حەڕامەدا موسوڵمان بوو و زانیاری هەبوو کەئەو شتە حەڕامە ، ئەوا لەکاتی تەوبە کردندا پێویستە لەسەری ئەو ماڵە حەڕامە ببەخشێت و نەهێڵی لای بمێنێتەوە .
وە بەداخەوە زۆربەى دوکاندارەکان لەگەڵ فرۆشتنى شتى حەڵال و چاکدا جگەرەش دەفرۆشن کە بەڕاستى کێشانى جگەرە حەرامە و فرۆشتنیشى حەرامە و دوکان بەکرێ دانیش بۆ جگەرە فرۆشتن هەر حەرامە . 
بۆیە با دوکاندارەکان لە خواى گەورە بترسن و بۆ قازانجێکى کەم ئیشوکارەکەیان تێکەڵ بە حەرام نەکەن و ماڵ و منداڵیان بە حەرام پەروەردە نەکەن و لە پێناو خواى گەورە واز لە فرۆشتنى بێنن دڵنیابن خواى گەورە تەعویزى بۆیان دەکاتەوە بە باشتر و بەرەکەت دەخاتە نێو ڕزق و ڕۆزیانەوە مادام لە پێناو خواى گەورە واز لەو حەرامە بێنێ .
وە بەڵگە بە هێز و ڕاستەكان كەوا حەرامێتی جگەرەكێشان دەسەلمێنن:
بەڵگەى یەكەم: خواى گەورە دەفەرمێت:
[وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ] [الأعراف: 157] .
واتە: خواى گەورە شتە پاك و بەسودەكانى بۆ حەڵاڵ كردوون و شتە پیس و زیان بەخشەكانى لێ قەدەغە و حەرام كردوون.
گومانى تێدا نى یە جگەرەكێشان یەكێكە لە شتە زیان بەخشەكان كەزەرەر و زیانیانی بۆ لاشەى ئادەمیزاد هەیە و لە هەمان كاتدا بۆنێكى ناخۆشى هەیە كە خەڵك ئازار دەدات.
بەڵگەى دووەم: خواى گەورە دەفەرمێت: [وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ] [البقرة:195] .
واتە: بەدەستى خۆتان خۆتان مەخەنە مەترسییەوە.
وە بەبێ هیچ شك و گومانێك جگەرە كێشان مرۆڤــ دوچارى گەلێك نەخۆشى لەناوبەر دەكات لەوانە: سەرەتان و سیل و نەخۆشی یەكانى دڵ و ئەو نەخۆشیانەى دوچارى گەدە دەبن، ئەمەش جگە لەوەى كە ڕوو ناشیرن دەكات و ددانەكان زەرد و تێك دەدات.
بەڵگەى سێیەم: خواى گەورە دەفەرمێت: [وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ] [النساء: 29] .
واتە: خۆتان نەفسى خۆتان مەكوژن.
هەروەها جگەرەكێشان دەبێتە هۆى وردەوردە كوشتن و لەناو بردنى جگەرە كێش كە ئەمەش لە ئیسلامدا بە{ئینتحار} و خۆكوشتن ناوى هاتووە.
فەتواى زانایان دەربارەى جگەرەكێشان:
یەکەم : زاناى پایە بەرزى ئیسلام (الشيخ عبدالله عبدالعزيز بن باز رحمة الله) دەفەرمێت: (جگەرەكێشان حەرامە و كڕین و فرۆشتنى حەرامە وە هەروەها دوكان بەكرێ دان بۆ جگەرە فرۆشتن حەرامە، وە هاوڕێیەتى كردنى كەسانى جگەرەكێشیش لەكاتى كێشانى جگەرەدا دروست نى یە) [الفتاوى الإسلامية: (2 / 162) ] .
دووەم : بە هەمان شێوە زاناى ناودار و پایە بەرز و شەرع زان (محمد بن صالح العثيمين رحمه الله) فەتواى داوە بە حەرام بوونى جگەرەكێشان [مجموعة فتوى ورسائل الشيخ ابن العثيمين: (11 / 248)] .
سێیەم : وە هەروەها زانایانى (الجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء) فەتوایان داوە بەحەرامێتى جگەرەكێشان [الفتاوى الإسلامية: (2 / 176)] .

سەردان: ٣,٠٤٨ بەش: کار و بازرگانی