کەسێک لە ڕێزى پێشەوەى جەماعەتە و دەست نوێژەکەى دەشکێت لەم حاڵەتەدا چی بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
کەسێک لە ڕێزى پێشەوەى جەماعەتە و دەست نوێژەکەى دەشکێت لەم حاڵەتەدا چی بکات؟
پرسیار:

گەر دەست نوێژەکەم شکا لەکاتێکدا لەڕیزی پێشەوەدا بم لەدوای پێش نوێژەوە ، بەتایبەت لەڕۆژی هەینی یاخود جەژن یاخود تەراویح لەڕەمەزاندا ؛ چونکە دەرچوون هەندێ جار زەحمەتە لەو حاڵەتانەدا ، وەهەندێ کەس ڕێگریم لێ دەکەن و ناهێڵن بەپێشیاندا تێپەڕ ببم ، ئایا لەم حاڵەتەدا چی بکەم ؟ لەشوێنی خۆمدا بمێنمە یاخود ڕیزەکە شەق بکەم و دەرچم و دەس نوێژەکەم تازه بکەمەوە ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

ئەگەر کەسێک دەست نوێژی شکا لەکاتی نوێژ کردندا ، ئەوا پێویستە نوێژەکەی ببڕێت ، دواتر نوێژەکەی لەسەرەتاوە دوو بارە دەکاتەوە .جا ئەگەر لەبەر ئیزدحام نەیتوانى دەربچێت ، ئەوا دروست نی یە بەردەوام بێت لەنوێژەکەی ، بەڵکو لەشوێنی خۆی دادەنیشێت تاوەکو مەجالێک دەبێت و دەردەچێت ، و دواتر نوێژەکەی لەسەرەتاوە دوو بارە دەکاتەوە.

دەست نوێژ شەڕتێکە لەشەڕتەکانی دروستێتی نوێژ ، جا هەر نوێژێک بەبێ دەست نوێژ بکرێت حسابی نوێژی بۆ ناکرێت ، وقەبوڵ نی یە ، هەرچەندە هەموو شەڕت و مەرجەکانی تر بونیان هەبێت ، پێغەمبەری خوا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( لَا تُقْبَلُ صَلَاةٌ بِغَيْرِ طُهُورٍ ) رواه مسلم (224) من حديث ابن عمر .
واتە : نوێژی هیچ کەسێک لەئێوە وەرناگیرێت مەگەر دەست نوێژی هەبێت .

وە هەروەها پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( لَا يَقْبَلُ اللَّهُ صَلَاةَ أَحَدِكُمْ إِذَا أَحْدَثَ حَتَّى يَتَوَضَّأَ ) .رواه البخاري (6440) ومسلم (330) .
واتە : خودا نوێژی هیچ کەسێک لەئێوە وەرناگیرێت کاتێ دەست نوێژى شکا تاوەکو دەست نوێژ نەگرێت .

جا گەر دەست نوێژی شکا لەکاتی نوێژ کردندا ، ئەوا پێویستە نوێژەکەی ببڕێت ، دواتر نوێژەکەی لەسەرەتاوە دوو بارە دەکاتەوە .
خۆ ئەگەر دەیتوانی نوێژەکەی ببڕێت و دەست نوێژ بگرێت ، و بگاتە جەماعەتەکەدا ، (هەرچەندە ڕکاتێکیش بێت) ، ئەوا واجبە لەسەرى بڕوات دەست نوێژ بگرێت بۆ ئەوەی بگا بەجەماعەتەکەدا ، بەتایبەت لەنوێژی جومعەدا .

وە هیچ شتێکی لەسەر نی یە و دەتوانێ بەپێش ڕیزەکاندا تێپەڕ ببێت ؛ چونکە سوترەی پێش نوێژ سوترەیه بۆ هەموو ئەو نوێژخوێنەنانەی کە لەدواى ئیمامەوەن .

بەڵام گەر دەست نوێژەکەی لەکۆتایی نوێژەکەدا شکا ، وە دەزانێت گەر دەرچێت و بڕوات و دەست نوێژ بگرێت ، ئەوا فریای جەماعەتەکە ناکەوێت ، وەدەرچوونەکەشی مەشەقەتی تێدایه ، ئەوا دروستە چاوەڕێ بکات تاوەکو نوێژەکە تەواو دەبێت ، دواتر دەبێ دەست نوێژ بگرێتەوە و نوێژەکەی دووبارە بکاتەوە .

وە پرسیارکراوە لە الشيخ صالح الفوزان حفظه الله :
گەر کەسێک لەڕزی پێشەوە نوێژ بکات ، و دەست نوێژەکەی بشکێت لەکاتی نوێژ کردندا ، بەڵام نەتوانێت دەرچێت ؛ لەبەر ئەوەی ڕیزەکان زۆرن و زەحمەتە دەرچوون ، ئایا دەتوانێ نوێژەکە بکات بەبێ ئەوەی هیچ بخوێنێت ، وتەنها ڕکوع و سەژدە ببات بەبێ بێدەنگی ؟ یاخود دادەنیشێ و چاوەڕێ دەکات تاوەکو نوێژەکە کۆتایی پێ دێت ؟

لە وەڵامدا فەرموى : کەسێک دەست نوێژی شکا لەکاتی نوێژ کردندا دەبێ نوێژەکە بەجێ بێڵێت ، هەروەک پێغەمبەری صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( فلا ينصرف حتى يسمع صوتًا أو يجد ريحًا ) [ رواه البخاري في صحيحه ( 1/43 ) ] .
واتە : گەر کەسێک دوو دڵ بوو لەوەی دەس نوێژەکەی شکاوە بانوێژەکە بەجێ نەیەڵێت تاوەکو گوێی لەدەنگ نەبێت یاخود بۆنی شتێک بکات .
جا بێگومان ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی : گەر دڵنیابوو دەس نوێژەکەی شکاوە ، ئەوا نوێژەکە بەجێ دێڵێت و چاوەڕێ ناکات .
گەر کەسێک نوێژەکه نەبڕێت لەبەر ئیزدحام و قەڕەباڵخی ، ئەوا دروست نی یە بەردەوام بێت لەنوێژەکەی ، جا ئەگەر توانی نوێژەکە ببڕێت و بڕوات ئەوا دەیبڕێت ، بەڵام ئەگەر نەیدەتوانی نوێژەکە بەجێ بێڵێت بەهەر هۆکارێک ، ئەوا لەشوێنی خۆیدا دادەنیشێت تاوەکو مەجالێک دەبێت و دەردەچێت ، والله تعالى أعلم .
" المنتقى من فتاوى الفوزان" .

سەردان: ٣,٧٥٠ بەش: دەستنوێژ