ئایا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم نور بووە یاخود مرۆڤ ؟ وە ئایا ڕاستە سێبەری نەبووە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم نور بووە یاخود مرۆڤ ؟ وە ئایا ڕاستە سێبەری نەبووە؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بێگومان پێغەمبەرمان مرۆڤێک بووە لەمرۆڤەکان ،و هیچ جیاوازیەکی نەبووە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر لەڕووی پێکهاتەی مرۆڤ بوونەوە و لە نور دروست نەکراوە ، وە سێبەری هەبووە وەک باقی مرۆڤەکانی تر ، بەڵام ئەوەی پێغەمبەر جودا دەکاتەوە پێغەمبەرایەتی و پەیام و وەحیی بووە .

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
بێگومان پێغەمبەرمان گەورە و سەرداری کوڕانی ئادەمە ، و مرۆڤێک بووە لەمرۆڤەکان ، لەدایک و باوکێک بووە ، خواردنی خواردووە و خێزانی هەبووە ، وەبرسی دەبوو و نەخۆش دەکەوت ، ودڵ خۆش ودڵ تەنگ دەبوو ، وەیەکێک لە نیشانە دیارەکانی مرۆڤێتی ئەوە بوو وەفاتی کرد ، بەڵام ئەوەی پێغەمبەر جودا دەکاتەوە پێغەمبەرایەتی و پەیام و وەحییە .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوحَى إِلَيَّ أَنَّمَا إِلَهُكُمْ إِلَهٌ وَاحِدٌ ) الكهف/110 .
واتە : ئەی پێغەمبەر پێیان بڵێ : من مرۆڤێکم وەک ئێوە ، وەحیم بۆ دێت ، وەبەتەئکید پەرستراوی ئێوە یەک پەرستراوە و هاوبەشی نی یە .
جا بەنیسبەت مرۆڤێتی پێغەمبەرەوە وەکو هەموو پێغەمبەرەکانی تر بوو و جیاوازی نەبووە لەوان .
خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَمَا جَعَلْنَاهُمْ جَسَداً لا يَأْكُلُونَ الطَّعَامَ وَمَا كَانُوا خَالِدِينَ ) الأنبياء/8 .
واتە : ئێمە پێغەمبەرانمان بەشێوەیەک دروست نەکردووە خواردن نەخۆن و بەهەتا هەتایی بمێننەوە و وەفات نەکەن .
وەخوای پەروەردگار ئینکاری کردووە لەو کەسانەی کەپێیان سەیر بووە پێغەمبەر مرۆڤ بێت ، هەروەک فەرموویەتی : ( وَقَالُوا مَالِ هَذَا الرَّسُولِ يَأْكُلُ الطَّعَامَ وَيَمْشِي فِي الأَسْوَاقِ ) الفرقان/7 .
واتە : بێباوەڕان دەیان گوت : ئەوە چ پێغەمبەرێکە خواردن دەخوات و لەبازاڕدا ڕێدەکات ؟! .

هەر بۆیە دروست نی یە زیادەڕەوی لەپێغەمبەردا بکەین و لەئاستی پەیامبەری ومرۆڤی بەرز بکەینەوە و بڵێن : نورە یاخود سێبەری نەبووە ، وەیاخود لەنور دروست کراوە ؛ چونکە ئەم جۆرە شتانە بەشێکە لەو زیادەڕەویەیی کە ڕێگری لێکردوین ، هەروەک فەرموویەتی : ( لاْ تُطْرُونِيْ كَمَا أُطرِيَ عِيْسَى ابْنُ مَرْيَمَ ، وَقُولُوْا عَبدُ اللهِ وَرَسُولُهُ ) رواه البخاري (6830) .
واتە : زیادەڕەویم تیادا مەکەن هەروەک نەصاراکان لەعیسای کوڕی مەڕیەمدا دەیان کرد ، بەڵکو بڵێن : بەندە و نێردراوی خودایە .

جا ئەوەی سابت بوبێت فریشتە لەنور دروست کراون نەک نەوەی ئادەم ، هەروەک پێغەمبەر فەرموویەتی : ( خُلِقَت المَلائِكَةُ مِن نُورٍ ، وَخُلِقَ إِبلِيسُ مِن نَارِ السَّمومِ ، وَخُلِقَ آدَمُ عَلَيهِ السَّلامُ مِمَّا وُصِفَ لَكُم ) رواه مسلم (2996) .
واتە : فریشتە لەنور دروست کراون ، وشەیتان لەئاگرێکی بڵێسە دار دروست بووە ، وبەنی ئادەم لەو شتە دروست کراوە کەوەسفتان بۆکراوە .

وە الشيخ الألباني رحمه الله لە ["السلسلة الصحيحة" (458)]دا ، دەڵێت :
ئەم فەرموودەیە ئەوەی لێ وەردەگیرێت :
ئەو فەرموودەیە باتڵە کە لەنێو خەڵکدا بڵاوە : ( أول ما خلق الله نور نبيك يا جابر ) !
واتە : ئەی جابر یەکەم شت کەخودا دروستی کرد نوری پێغەمبەرەکەت بوو .
وە هاوشێوەی ئەم فەرموودەیە کە دەڵێت :
گوایە پێغەمبەر لەنور دروست کراوە ، ئا ئەو فەرموودەیەیی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە تەنها فریشتەکان لەنور دروست کراون ، و ئادەم و نەوەکانی لەنور دروست نەکراون ، ئاگادار بە و لە بێئاگایان مەبه .

وەهەروەها پرسیار کراوە لە (اللجنة الدائمة) :
کەسانێک باوەڕیان وایە کە گوایە پێغەمبەر سێبەری نەبووە ، وەئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ نەبووە .
ئایا ئەو فەرموودەیە صەحیحە ؟ ئەوەی کەدەڵێت : پێغەمبەر سێبەری نەبووە ؟
لەوەڵامدا گوتویانە :
" ئەم قسەیە باتڵە ، و پێچەوانەی بەڵگەی قورئان و فەرموودە صەڕیحەکانە کە باس لەوە دەکەن پێغەمبەر مرۆڤ بووە و هیچ جیاوازیەکی نەبووە لەگەڵ مرۆڤەکانی تر لەڕووی پێکهاتەی مرۆڤ بوونەوە ، وە سێبەری هەبووە وەک باقی مرۆڤەکانی تر ، جا لەو ڕووەی کەخودا ڕێزی لێناوە و کردوویەتی بەپێغەمبەر وای لێ ناکات مرۆڤ نەبووبێت وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی کە لەدایک وباوک بوونە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِّثْلُكُمْ يُوْحَى إِلَيَّ ) الآية .
واتە : ئەی پێغەمبەر پێیان بڵێ : من مرۆڤێکم وەک ئێوە ، وەحیم بۆ دێت .
وەهەروەها فەرموویەتی : ( قَالَتْ لَهُمْ رُسُلُهُمْ إِنْ نَحْنُ إِلاْ بَشَرٌ مِثْلُكُمْ ) الآية .
واته : پێغەمبەرەکانیان پێیانیان دەگوت : ئێمە مۆڤێکین وەک ئێوە و جیاوازیمان نی یە .
وە بەنیسبەت ئەوەی کە دەگێڕدرێتەوە لە پێغەمبەرەوە کەگوایە لەنور دروست کراوە ؟!
ئەوە فەرموودەیەکی (موضوع) و هەڵبەستراوە و هیچ ئەساسێکی نی یە .
"فتاوى اللجنة الدائمة" (1/464) .

سەردان: ٥,٦٠٩ بەش: پێغەمبەری خودا