ئایا دروستە لەکاتى دەست نوێژدا دەست لە مەچەکەوە بشۆى بە بیانوى ئەوەى کە لەسەرەتاى دەست نوێژدا ناو لەپ و پەنجەکانمان شوشتووە؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە لەکاتى دەست نوێژدا دەست لە مەچەکەوە بشۆى بە بیانوى ئەوەى کە لەسەرەتاى دەست نوێژدا ناو لەپ و پەنجەکانمان شوشتووە؟
پرسیار:

ئايا دەست نوێژى ئەو کەسانە دروستە کە لەکاتی دەسنوێژ گرتندا کاتێک کە لە دەم و چاو شوشتن لێ دەبنەوە و دەستیان دەشۆن لە مەچەکەوە دەست پێ دەکەن و ناو لەپ و پەنجەکان دوبارە ناشۆنەوە بە بیانوى ئەوەى کە لەسەرەتاى دەست نوێژدا ناو لەپ و پەنجەکانیان شوشتوە؟ 

ئەو ئەندامانەی واجبە بشۆردرێن لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێ کراوە : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلَاةِ فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُءُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَيْنِ ) المائدة/6 .
واتە :ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان هێناوە کاتێ کەویستان نوێژ بکەن ئەوا دەم وچاوتان ودەستان تاوەکو ئەنیشکتان بشۆن ، ومەسحی سەرتان بکەن ، وەهەروەها پێیەکان تاوەکو قاپە ڕەقە بشۆن .

خوای پەروەردگار واجی کردووە دوای شوشتنی دەم وچاو ، هەردوو دەست بشۆردرێت ، وبێگومان ئەمەش نایەتە جێ تەنها بەشۆشتنی هەردوو دەست بەپەنجەکانی دەستەوە نەبێت تاوەکو قورناسک (ئەنیشک) ، جا هەر کەسێک نێو لەپی نەشوات ئەوا بێگومان ئەو فەرزەی جێ بەجێ نەکردووە کەلەدەسنوێژ گرتندا پێویستە .

جا شوشتنی هەردوو دەست لەسەرەتای دەس نوێژ سوننەتە ، جێگەی فەرز ناگرێتەوە لای جمهوری زانایان ، بەپێچەوانەی حەنەفییەکانەوە کە پێیان وایە جێی فەرز دەگرێتەوە .

وەجمهوری زانایان پێیان وایە کە شوشتنی ئەناندامەکانی دەس نوێژ بە(تەرتیب) واجبە ، بەو شێوازە دەشۆردرێت کەلەئایەتەکەدا هاتووە :
واتە : سەرەتا دەم وچاوی دەشوات ، پاشان هەردوو دەستی دەشوات ، پاشان مەسحی سەری دەکات ، پاشان پێیەکانی دەشوات .

هەر بۆیە ؛ نابێ کاتێ کەدەسنوێژ دەگردرێت و سەرەتا دەستەکان دەشوردرێت دواتر دوای شوشتنی دەم وچاو هەردوو دەستەکان نەشۆردرێت ؛ چونکە ئەوە پێچەوانەی تەرتیبە ، بەوەی کە (دەم وچاو) بخرێتە نێوان و هەردوو دەست لەکاتی دەس نوێژ گرتندا ، جا واجبە شوشتنی هەردوو دەست بەگشتی دوای دەم وچاو بشۆردرێت .

وەلحاسڵ : هەر کەسێک دەس نوێژ بگرێت وهەردوو نێو لەپی بشوات پاشان ئاو لەدەم ولوت وەربدات ودەم وچاوی بشوات پاشان مەچەکی بشوات (جگە لە دەست ونێو لەپی) تاوەکو قورناسکی ئەوا لای زۆربەی زانایان دەسنوێژەکەی دروست نی یە .

وە شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله - لەم بارەیەوە دەفەرموێ :
پێویستە دەست بشۆردرێت لەنوکی پەنجەکانەوە تاوەکو قورناسک (ئەنیشک) ، پێغەمبەر مەچەکی دەشوشت لەگەڵ قورناسکیدا تاوەکو ئێسکی قورناسکی دەششت ، جا جیاوازی نی یە لەسەرەوە دەس پێ بکات یاخود لەخوارەوە دەس پێ بکات بۆ سەرەوە ، گرنگ ئەوەیە ئاو بکات بەسەر نوکی پەنجەکانیدا تاوەکو قورناسکی ، وبەهەمان شێوەش پێیەکانی ...قاپە ڕەقەی دەشوات ، جا قورناسک و قاپە ڕەقەش پێویستە بشۆردرێن .

وەپرسیار کراوە لە الشيخ ابن جبرين رحمه الله :
حوکمی ئەو کەسە چی یە کە مەچەکی دەشوات (جگە لە دەست ونێو لەپی)تاوەکو قورناسکی (ئەنیشک) ، بەو پێیەیی لەسەرەتادا شوشتویەتی ، ئایا پێویستە لەسەری دەس نوێژەکەی دوو بارە بکاتەوە ؟
لەوەڵامدا گوتویەتی :
دروست نی یە تەنها مەچەک بشۆردرێت و دەست و نێو لەپ نەشۆردرێت ، بەڵکو پێویستە هەرکاتێک لەشوشتنی دەم وچاو بووەوە ئەوا هەردوو دەستی بشوات ، وپەنجەکانی بشوات تاوەکو قورناسکی ، هەر چەند پێش دەم چاوی دەستی شوشتبێت ؛ چونکە شوشتنی هەردوو دەست لەسەرەتای دەسنوێژدا سوننەتە ، وەدوای شوشتنی دەم وچاو فەڕزە ، جا هەرکەسێک مەچەکی بشوات ودەستی نەشوات ئەوا ئەو فەرزەی جێ بەجێ نەکردووە وپێویستە لەسەری دەس نوێژەکەی دوو بارە بکاتەوە دوای تەواو کردنی دەس نوێژەکەی ، یاخود گەر کاتێکی زۆر بەسەریدا تێنەپەڕیبوو لەدەستیەوە دووبارە دەس پێبکاتەوە تاوەکو کۆتایی " انتهى من "اللؤلؤ المكين من فتاوى الشيخ ابن جبرين" ص 77 .

وە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله دەڵێت :
" لێرەدا دەوستین بۆ ئەوەی ئەماژە بەوە بکەین کە زۆر کەس لێی بێئاگان بەشێوەیەک هەردوو دەستیان تاوەکو ئەنیشکیان دەشۆن و وا گومان دەبەن کەشوشتنی دەست پێش دەم وچاو کافیە وبەسە ، حەتمەن ئەمەش هەڵەیە وتەواو نی یە ، بەڵکو پێویستە لە لێوار و سەرە پەنجەکانەوە تاوەکو ئەنیشک بشۆردرێن " انتهى من "اللقاء الشهري" (3/330) .
والله أعلم

سەردان: ٣,٥٨٨ بەش: دەستنوێژ