ئایا ئافرەت ئەگەر 5 دەقە پێش بانگدانى ئێوارە بێ نوێژ بێت ئایا ڕۆژووەكەوى بۆ حیساب دەكرێ یان نا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئافرەت ئەگەر 5 دەقە پێش بانگدانى ئێوارە بێ نوێژ بێت ئایا ڕۆژووەكەوى بۆ حیساب دەكرێ یان نا؟

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
لەو شتانەى كە ڕۆژووى ئافرەت بەتاڵ دەكەنەوە ئەوەیە كە ئافرەت بكەوێتە عادەى مانگانەوە (واتە: بێ نوێژى)، یان خوێنى زەیسانیەوە (واتە: خوێنى دواى مندال بوون)، لە دواى دەركەوتنى فەجر یان گزنگى ڕاستگۆوە (الفجر الصادق) تاكو خۆر ئاوا بوون ـ واتە: بە ڕۆشتنە خوارەوەى بازنەى خۆرى ئێواران ـ.
لەم كارەشدا حیساب بۆ دەركەوتنى فەجر، و خۆرئاوا بوون دەكرێت، جا ئەگەر بانگى نوێژى مەغریبى ئەو ناوچەیەى كە تۆ تێیدا دەژیت هاوكاتە لەگەڵ چونە خوارەوەى خۆر، ئەوا ئەگەر كەوتنە حەیزەكەت لە پێنج دەقیقەش كەمتر بێت ئەوا ئەو ڕۆژەت لە سەر ناكەوێت، و دەبێت قەزاى ئەو ڕۆژە بكەیتەوە، بەڵام ئەگەر بانگى نوێژى مەغریبى ئەو ناوچەیەى كە تۆ تێیدا دەژیت هاوكات نەبێت لە گەڵ چونە خوارەوەى خۆر ـ هەروەكو لە زۆر لە ناوچەكانى گەرمیانى ئێمەدا نزیكەى (10) دەقیقە دواى خۆرئاوا بوون لە مزگەوتەكانەوە بانگ دەدرێت، ئەوا لەم بارەدا (5) دەقیقەكەى تۆ كە پێش بانگە دواى خۆر ئاوا بوونە، و ڕۆژووەكەت تەواوە و هیچ قەزایەكت لە سەر نیە، خواى پەروەردگاریش زاناترە.
تێبینى: بۆ زانینى ئەوەى كە بانگى لاى ئێوە لەگەڵ چونە خوارەوەى خۆردایە یان پاش چونە خوارەوەى خۆر نابێت متمانە بكرێتە سەر ئەو وەرەقانەى كە كاتەكانى نوێژى تێدا دیارى كراوە، بەڵكو ئەبێت متمانە بكرێتە سەر بینینى چاو.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٨٨٣ بەش: ڕۆژوو