ئایا دروستە ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە ئافرەت لەکاتى سوڕی مانگانەدا قورئان بخوێنێت ؟

زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا :
جمهوری زانایان پێیان وایە حەڕامە ئافرەت لەو ماوەیەی کەلەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت تاوەکو پاک دەبێتەوە ، تەنها مەگەر بەنیەتی زیکر ودوعا بیخوێنێت ، وەک ئەوەی بڵێت : بسم الله الرحمن الرحيم ، إنا لله وإنا إليه راجعون ، ربنا آتنا في الدنيا حسنة … هتد . کەلەقورئاندا هاتووە وبۆ زیکر ودوعایە .

بەڵگەشیان چەند شتێەکە ، لەوانە :
1- وەک ئەو کەسە وایە کەلەشی گرانە چونکە هەردوو لا پێویستە لەسەریان خۆیان بشۆن ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە کە عەلی کوڕی ئەبو تالیب گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا فێری قورئان خوێندنی دەکردن ، وهیچ شتێک ڕێگری لێ نەدەکرد لەقورئان خوێندن جگە لەلەش گرانی " رواه أبو داود (1/281) والترمذي (146) والنسائي (1/144) وابن ماجه (1/207) وأحمد (1/84) ابن خزيمة (1/104) قال الترمذي : حديث حسن صحيح ،

وە الحافظ ابن حجر دەڵێت : والحق أنه من قبيل الحسن يصلح للحجة .
واتە : بۆچوونی دروست ئەوەیە ئەم فەرموودەیە حەسەن و دەگونجێ بکرێتە بەڵگە .

2- وەلەپێغەمبەرەوە گێڕدراوەتەوە کە ابن عمر رضي الله عنهما دەڵێت پێغەمبەر فەرمووی : " لا تقرأ الحائض ولا الجنب شيئاً من القرآن "واتە : کەسی لەش گران وئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان ناخوێنن .
رواه الترمذي (131) وابن ماجه (595) والدارقطني (1/117) والبيهقي (1/89) وهو حديث ضعيف لأنه من رواية إسماعيل بن عياش عن الحجازيين وروايته عنهم ضعيفة ، قال شيخ الإسلام ابن تيمية (21/460) : وهو حديث ضعيف باتفاق أهل المعرفة بالحديث أ.هـ . وينظر : نصب الراية 1/195 والتلخيص الحبير 1/183 .

بەڵام هەندێ لەزانایان پێیان وایە دروستە بۆ ئەو ئافرەتەی کەلە سوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، ئەوەش مەزهەبی ئیمامی مالیك ، وڕیوایەتێکە لە ئیمام ئەحمەدەوە و شيخ الإسلام ابن تيمية ئەمەی هەڵبژاردووە و ئیمامی الشوكاني ئەمەی بە دروست تر داناوە ، جا چەند شتێکیان کردووە بەبەڵە ، لەوانە :
یەکەم : ئەسڵ وایە دروستە مەگەر بەڵگەیەک ببێتە ڕێگر ، حەتمەن هیچ بەڵگەیەکیش نی یە لەوەی کەڕێگری بکات ئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، وە شيخ الإسلام ابن تيمية دەڵێت : هیچ بەڵگەیەکی سەحیح نی یە ڕێگری بکات ئەو ئافرەتەی لەسوڕی مانگانەدایە قورئان بخوێنێت ، وەهەروەها دەڵێت : مەعلومە کەلەسەردەمی پێغەمبەری خوادا ئافرەتان دەکەوتەنە سوڕی مانگانەوە ، وڕێگریان لێ نەدەکرا لەقورئان خوێندن ، هەروەک چۆن ڕێگریان لێ نەدەکرا لەزیکر ودوعا .

دووەم : خوای پەروەردگار فەرمانی کردووە بەقورئان خوێندن ، وەوەسفی ئەو کەسانەی کردووە کەقورئان دەخوێنن وپاداشتی گەورەی بۆ داناون ، بۆیە ڕێگری لەو خێرە گەورەیە ناکرێت تەنها کاتێ نەبێت بەڵگەیەک هەبێت ڕێگری لێ بکات ، وهیچ بەڵگەیەکیش نی یە ڕێگری بکات لەو ئافرەتانەی کەلەسوڕی مانگانەدان قورئان بخوێنن هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا .

سێیەم :  قیاس کردنی کەسێک لەسوڕی مانگانەدا بێت لەگەڵ ئەو کەسەدا کەلەشی گرانە لەڕێگری کردن لەقورئان خوێندن قیاسێکی دروست نی یە وجودایە ؛ چونکە کەسی لەش گران دەتوانێت ئەو لەش گرانیە لەسەر خۆی لا ببات بەپێچەوانەی ئافرەت کەلەسوڕی مانگانەدا بێت ناتوانێت سوڕی مانگانە لەسەر خۆی لاببات ، وهەروەها زۆر جار سوڕی مانگانە درێژە دەخایەنێت ، بەپێچەوانەی لەش گرانی کەفەرمانی لەکاتی هاتنی نوێژدا خۆی بشوات .

چوارەم : ڕێگری کرن لەو ئافرەتە کەلەسوڕی مانگانەدایە دەبێتە ڕێگری کردن لێی لە خێرێکی گەورە ، وڕەنگە ببێتە هۆی لەبیر چوونەوەی بەشێک لەقورئان یاخود پێویستی بەفێر بوون وفێر کردنی قورئان بێت .

جا لێرەوە بۆمان دەرکەوت کەبەڵگەی ئەو کەسانە بەهێزە کەپێیان وایە دروستە ئەو ئافرەتەی کەلەسوڕی مانگانەدا قورئان بخۆێنێت ، بەڵام گەر وەک ئیحتیات تەنها کاتێ قورئان بخوێنێت کەترسی لەبیر چوونەوەی هەبێت ئەوا باشترە ، والله ٲعلم .

وەئەوەی پێویسته ئاماژەی پێ بدەین لەم بارەیەوە ئەوەیە ئەوەی باسمان لێوە کرد تایبەت بوو بەخوێندنی قورئان لەبەر ، بەڵام بەنیسبەت قورئان خوێندن لەسەر قورئان ئەوا هەر ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدا بوو و ویستی قورئان لەسەر قورئان بخوێنێت ئەوا دەست دەدات لەقورئانەکە بەشتێک وەک پارچە پەڕۆیەکی پاک یاخود دەس کێش لەدەست دەکات ، وە بەقەڵەمێک ویاخود دارێک لاپەڕەکانی هەڵ دەداتەوە ، وەبەرگەکەشی کەنوساوە بەقورئانەکەوە هەمان حوکمی هەیە لەدەست دان لەقورئان ، واتە : دروست نی یە دەستی لێ بدرێت ، والله تعالى أعلم .

سەردان: ١٩,٣١٤ بەش: فەزڵ و ئادابەکانى قورئان