ئایا حوکمی چەپڵە لێدان چیە لەحەفلە و بۆنەکاندا کاتێ بەشتێکی کەسی قسەکەر سەر سام دەبی ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا حوکمی چەپڵە لێدان چیە لەحەفلە و بۆنەکاندا کاتێ بەشتێکی کەسی قسەکەر سەر سام دەبی ؟
وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

لەشەرعدا نەهاتووە کە لەهیچ شتێک لەعیبادەتدا چەپڵە لێ بدرێت تەنها ئافرەت نەبێت کاتێ لەناو نویژدا پێش نوێژ هەڵە دەکات یاخود هەر شتێکی تر ڕوو دەدات ئەوا بەچەپڵە ئاگاداری دەکاتەوە(واتە : بەدەستی ڕاستی لە پشتی دەستی چەپی دەدات) .
وه چەپڵە لێدان لەبۆنەکاندا عادەتی سەلەفی ساڵەح نەبووە ، بەڵکو ئەوان کاتێ شتێکیان پێ عەجیب بوایە هەندێ جار (سبحان الله)یان دەکرد ، یاخود (الله ٲکبر)یان دەکرد نەک چەپڵە و فیکە لیدان.
جا گەر مەبەست لێی عیبادەت بێت ئەوا بیدعەیە وحەڕامە ؛ چونکە خودا فەرمانی پێ نەکردوین پەرستشی بۆ بکەین بەچەپڵە لێدان .
وە ئەگەر وەکو عادەت بکرێت ئەوا کەمترین شت ئەوەیە مەکڕوهە و خراپە و باش نی یە ، بەڵکو موسڵمان لە کاتی بینینى شتێکى سەیردا ئەوا سوننەتە (سبحان الله) یان (الله ٲکبر) بکات نەک چەپڵە و فیکە لێدان  .

یەکەم :
لەشەرعدا نەهاتووە کە لەهیچ شتێک لەعیبادەتدا چەپڵە لێ بدرێت تەنها ئافرەت نەبێت کاتێ لەناو نویژدا پێش نوێژ هەڵە دەکات یاخود هەر شتێکی تر ڕوو دەدات ئەوا بەچەپڵە (واتە : بەدەستی ڕاستی لە پشتی دەستی چەپی دەدات) ئاگاداری دەکاتەوە ، لەبەر ئەو فەرموودەیەیی کە ئیمامی ( البخاري (684) ومسلم (421) لەپێغەمبەری خواوە صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ گێڕاویانەتەوە کەفەرموویەتی : (مَنْ نَابَهُ شَيْءٌ فِي صَلَاتِهِ فَلْيُسَبِّحْ ، فَإِنَّهُ إِذَا سَبَّحَ الْتُفِتَ إِلَيْهِ ، وَإِنَّمَا التَّصْفِيقُ لِلنِّسَاءِ) .
واتە : هەر کەسێک لەناو نوێژدا توشی شتێک بوو با (سبحان الله) بکات ، چونکە گەر (سبحان الله)ی کرد ئەوا ڕوو دەکەنە لایەوە ، هەرچی چەپڵەشە (له پشتی دەست دان ) بۆ ئافرەتە .

بۆیە سونەتە بۆ پیاوان کاتێک شتێک دەبینێت لە نوێژەکەیدا وەکو ئیمام هەڵە دەکات یان لەدەرگا دەدرێت یان بانگی دەکەن بڵێت سبحان اللە،ئافرەتیش سونەتە بەدەستی ڕاستی لە پشتی دەستی چەپی بدات.

جا ئەوەی هەندێ لە شەخص پەرستان دەیکەن لەچەپڵە لێدان لەبۆنە و یادەکانیاندا لەکاتی زیکر ودوعادا ، بێگومان بیدعەیە وگوومڕاییه ، وهاوشێوەی ئەو چەپڵە لێدانەی موشریکەکانە کە لەلای کەعبەی پیرۆزدا چەپڵەیان لێ دەدا ،خوای پەروەردگار فەرموویەەتی : (وَمَا كَانَ صَلاتُهُمْ عِنْدَ الْبَيْتِ إِلَّا مُكَاءً وَتَصْدِيَةً) الأنفال/35.
واتە : نوێژ كردنی كافران و ته‌واف كردنیان به‌ده‌وری كه‌عبه‌ هیچ شتێك نه‌بوو ته‌نها فیكه‌ لێدان و چه‌پڵه‌ لێدان نه‌بێت، به‌حسابی خۆیان ئه‌مه‌ عیباده‌ت بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن.

دووەم :
بەڵام بەنیسبەت چەپڵە لێدانی پیاوانەوە لەحەفلە وبۆنەکاندا ئەوەی کەعیبادەت نی یە ، کەمترین شت ئەوەیە مەکڕوهە وباش نی یە .

وەپرسیار کراوە لە الشيخ ابن عثيمين رحمه الله :حوکمی چەپڵە لێدان چی یە لەحەفلە وبۆنەکاندا ؟
لەوەڵامدا گوتویەتی :
چەپڵە لێدان لەبۆنەکاندا عادەتی سەلەفی ساڵەح نەبووە ، بەڵکو ئەوان کاتێ شتێکیان پێ عەجیب بوایە هەندێ جار (سبحان الله)یان دەکرد ، یاخود (الله ٲکبر)یان دەکرد ، بەڵام بەجەماعەت (الله ٲکبر)یان نەدەکرد ، وەهەروەها(سبحان الله)یان نەدەکرد ، بەڵکو هەرکەسە لەبەر خۆیەوە (سبحان الله)دەکات ، بەبێ ئەوەی دەنگی بەرز کاتەوە ودەورو بەرەکەی گوێیان لێ بێت ،بۆیە باشتر وایە واز لەو چەپڵە لێدانە بێنن ، بەڵام ناڵێین حەڕامە چونکە لەنێو موسوڵماناندا بڵاو بۆتەوە ، وخەڵک بەنیەتی عیبادەت ئەو کارە ناکەن ، بۆیە ناگونجێ بەحەڕام بزانرێت وئەو ئایەتە بکرێتە بەڵگە کەلەبارەی هاوبەش بڕیاردەرانەوە هاتووە : (وما كانت صلاتهم عند البيت إلا مكاء وتصدية)
واتە : نوێژ وپاڕانەوەی هاوبەش بڕیاردەران هیچ شتێک نەبوو جگە لە فیکە کردن وچەپڵە لێدان .

چونکە هاوبەش بڕیاردەران ئەو چەپڵە لێدانەی کەلەلای کەعبەدا لێیان دەدا مەبەستیان عیبادەت بوو ، بەڵام ئەو کەسانەی کاتێ گوێیان لەشتێک دەبێت وپێی سەرسام دەبن وبەو هۆیەوە چەپڵە لێ دەدەن مەبەستیان عیبادەت نی یە .

بەکورتی :
وازهێنان لەچەپڵە لێدان باشترە بەڵام حەڕام نی یه " انتهى .

بەڵام هەندێ لەزانایان پێیان وایە حەڕامە ودروست نی یە ، چونکە خۆشوبهاندنی تێدایە بەهاوبەش بڕیاردەران ، و ئافرەتان .
ئیمامی الشوكاني لە "نيل الأوطار" : دا ، لەشەرحی : (إنما التصفيق للنساء)دەڵێت : يدل على منع الرجال منه مطلقاً" انتهى.
واتە : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ڕێگری کردن لەپیاوان لەچەپڵە لێدان بە هەموو شێوەیەک .

وەپرسیار کراوە الشيخ عبد العزيز بن باز رحمه الله : حوکمی چەپڵە لێدان چییە لەبۆنە وحەفلەکاندا ؟ .
لەوەڵامدا گوتویەتی :
چەپڵەلێدان لەحەفلەکاندا لەکاری زەمانی جاهیلیە ، کەمترین شت ئەوەیە مەکڕوهە وباش نی یە ، بەڵگەکان زیاتر وا دەخوازن حەڕامە ؛ چونکە موسوڵمانان ڕێگریان لێ کراوە لەخۆشوبهاندن بەبێباوەڕان ، وخوای پەروەردگاریش لەوەسفی کافرەکانی قوڕەیشدا دەفەرموێت : (وَمَا كَانَ صَلَاتُهُمْ عِنْدَ الْبَيْتِ إِلَّا مُكَاءً وَتَصْدِيَةً) الأنفال/35 .
واتە : نوێژ وپاڕانەوەی هاوبەش بڕیاردەران هیچ شتێک نەبوو جگە لە فیکە کردن وچەپڵە لێدان .

سوننەتە کاتێ موسوڵمان گوێی لەشتێک دەبێت کەپێی سەرسام دەبێت یاخود حەزی پێناکات وپێی موتەئەسیر دەبێت بڵێت : ( سبحان الله ) یاخود بڵێت : (الله أكبر )، هەروەک لەپێغەمبەرەوە لەچەندین فەرموودەدا هاتووە ، پاشان چەپڵە لێدان تایبەتە بەئافرەتان ئەوەش کاتێ لەنێو نوێژدا توشی شتێک دەبن یاخود ئیمام هەڵە دەکات ئەوکات دروستە چەپڵە لێ بدەن ، بەڵام پیاوان ( سبحان الله ) دەکەن کاتێ ئیمام هەڵە بکات هەروەک لەپێغەمبەرەوە هاتووە ، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کەچەپڵە لێدان لەلایەن پیاوانەوە خۆ شوبهاندنە بەکافران وخۆشوبهاندنیشە بەئافرەتان ، حەتمەن هەموو ئەمانە ڕێگری لێ کراوە ودروست نین .
"مجموع فتاوى الشيخ ابن باز" (4/151) .

وە الشيخ بكر أبو زيد دەڵێت :
چەپڵە لێدان لەبواری عیبادەت هیچ کاتێک دروست نی یە تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کەئەویش بۆ پێویستیە :
کاتێ ئافرەت لەناو نوێژدا بوو و شتێکی تووش بوو وەکو ئەوەی ئیمام هەڵە بکات ئەوا باش وایە ئەوەی لەدواوەیە ئاگاداری بکاتەوە ، بەنیسبەت پیاوەوە (سبحان الله) دەکات ، وئافرەتیش بەچەپڵە ئیمام ئاگادار دەکاتەوە ؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی لەپێغەمبەرەوە سابت بووە ، هەروەک ئەبو هوڕەیڕە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا فەرموویەتی : (التسبيح للرجال والتصفيق للنساء ) .
واتە : (سبحان الله)کردن بۆ پیاوانەو ، وچەپڵە لێدان بۆ ئافرەتانە .
پاشان لەنێو موسوڵماناندا کەسانێک پەیدا بوون خوا پەرستیان بەچەپڵە لێدان دەکرد لەکاتی زیکر کردن ، ویادی لەدایک بوون ، وپیا هەڵدان لەماڵەکان ، ومزگەوتەکان ، و ئەم بابەتە دەردەکەوێت لەسەدەی چوارمدا ڕوویدا ، الحافظ عبيد الله بن بطة کەلەساڵی387 کۆچی دوایی کردووە ئینکاری لێ کردوون ، وبەردەوام زانایان ئینکاریان لێ دەکرد وهێرشیان دەکردنە سەر ، وتەبدیعیان دەکردن ، یەکێک لەوانەی کەدەورێکی باشی دەگێڕا الحافظ ابن الجوزي ، وشيخ الإسلام ابن تيمية ، و ابن القيم ، وجگە لەوانیش ، لەکۆن ، ونوێدا ، کە بەکۆدەنگی تەئکیدیان لەوە دەکردەوە : کە عیبادەت بەچەپڵە لێدان : بیدعەیە وگومڕاییە ، ودەرچوونە لەڕێنوێنی شەرع ، بۆیە پێویستە مرۆڤ دوور کەوێتە لەعیبادەت کردن بەچەپڵە لێدان وەهەروەها واجبە ڕێگری لەم جۆرە کارە بکرێت .

پاشان لەناوەڕاستی سەدەی چواردەدا ئەو عادەتە هاتە نێو موسوڵمانانەوە لەکۆبوونەوە وحەفلەکاندا ؛ وەک خۆشوبهاندن بەهاوەبەش بڕیاردەران کەچەپڵەیان لێ دەدا بۆ تەشجیع کردن وسەرسام بوون .

جا گەر چەپڵە لێدان بۆ عیبادەت بێت ئەوا بیدعەیە هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ، خۆ ئەگەر وەک عادەتیش بێت لەبۆنە وکۆبوونەوەکاندا بێت ئەوا خۆشوبهاندێکی خراپە وتاوانە وپێویستە ئینکاری لێ بکرێت ، لەبەر :
حەتمەن زانراوە کە عادەتی پێغەمبەر لەکاتی سەرسام بوون بەشتێک ، بریتی بوو لە (سبحان الله) یاخود (الله ٲکبر)یاخود (لا ٳله ٳلا ٳلله) کردن ،وفەرموودە زۆر زۆرە لەم بارەیەوە هاتووە ، وە ئیمامی بوخاری ناونیشانی بۆداناون بەناوی : ("باب التكبير والتسبيح عند التعجب ")، وزانایان لەبابەتی زیکر کردندا ئاماژەیان پێ داوە لەوانە ئیمامی النووي رحمه الله تعالى هەروەک لە : ( "كتاب الأذكار")دا ، دەڵێت : "باب ((جواز التعجب بلفظ التسبيح والتهليل ونحوها" ))،
واتە : بابەتی دروستێتی گوتنی (سبحان الله) ، و (لا ٳله ٳلا ٳلله) کردن لەکاتی سەرسام بوون بەشتێک .
وەسەلەفی ساڵح لەهاوەڵان وتابیعین وئەوانەی بەجوانی شوێنیان کەوتوون تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوامن لەسەر ئەمە ، حەتمەن لەمەشدا بەردەوام بوونی حاڵی موسوڵمانە لەسەر بەگەوردانانی خودا ، وڕاهێنانی زمانە لەسەر یادی خودا .
کاتێ ئەمە ڕوون بووەوە ، ئێمە دەزانین لەهیچ کەسێک لەو کەسانەی کەخەڵک چاویان لێ دەکەن نەگێڕدراوەتە کەچەپڵەیان لێ دابێت ، چ جای ئەوەی لەسوننەتدا هاتبێت ، هەر بۆیە چەپڵە لێدان لەبۆنەو حەفلەی قوتابخانەکاندا وجگە لەوانەشدا :
گەر مەبەست لێی عیبادەت بێت ئەوا بیدعەیە وحەڕامە ؛ چونکە خودا فەرمانی پێ نەکردوین پەرستشی بۆ بکەین بەچەپڵە لێدان ، ئەوەش هاوشێوەی ئەوەیە کەسۆفیەکان دایان هێناوە لەچەپڵە لێدان لەکاتی زیکر ویادی خوادا ، هەروەک پێشتر باسمان کرد .

خۆ ئەگەر ئەو چەپڵە لێدانە وەک عادەت بێت ، ئەوا تاوانە وحەڕامە ؛ چونکە خۆ شوبهاندنە بەکافران .

وە ئێمە نەمزانیوە ئەم عادەتە خراپە هاتبێتە نێو موسوڵمانەوە دوای سەدەی چوادەیەم نەبێت کاتێ زۆر لەعادەتی بێباوەڕان لەنێو موسوڵماناندا بڵاو بووەوە وخۆیان بەبێباوەڕان دەشوبهان .

ابن الجوزي رحمه الله تعالى دەڵێت : " چەپڵەلێدان کارێکی خراپە ، دەبێتە هۆکاری دەرچوون لەحاڵەتی ئاسایی وئیعتیدال ، وکەسانی عاقڵ خۆیان لەو کارە دەپارێزن ، وخاوەنەکەی خۆی دەشوبهێنێت بەبێباوەڕان ئەوەی کەلەلای کەعبەدا دەیان کرد وچەپڵەیان لێ دەدا ، بۆیە خودا سەرزەنشتی کردن ، هەروەک فەرموویەتی (وَمَا كَانَ صَلَاتُهُمْ عِنْدَ الْبَيْتِ إِلَّا مُكَاءً وَتَصْدِيَةً) الأنفال/35 ،
واتە : نوێژ كردنی كافران و ته‌واف كردنیان به‌ده‌وری كه‌عبه‌ هیچ شتێك نه‌بوو ته‌نها فیكه‌ لێدان و چه‌پڵه‌ لێدان نه‌بێت، به‌حسابی خۆیان ئه‌مه‌ عیباده‌ت بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن.

پاشان دەڵێت : وەهەروەها خۆشوبهاندنی تێدایە بەئافرەتان ، بێگومان کەسی ژیر خۆی دوور دەگرێت لەخۆشوبهاندن بەکافران وئافرەتان " انتهى .

جا پێویستە لەسەر موسوڵمان تەقوای خودا بکات لەو شتانەی دەیکات و ئەوانەش کە وازی لێ دێنێت ، ودڵنیا بێت لەوەی دەدرێتە پاڵ شەرع " انتهى من "تصحيح الدعاء" (ص 86-89 ) باختصار .

سەردان: ٤,٦٦٥ بەش: ئادابەکان