قەترەی چاو و لووت هەروەها چاوڕەشتن و قەترەكردنە گوێ ئایا ئەمانە ڕۆژوو دەشكێنن؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
قەترەی چاو و لووت هەروەها چاوڕەشتن و قەترەكردنە گوێ ئایا ئەمانە ڕۆژوو دەشكێنن؟
پرسیار:

پرسیار كراوە لە شێخ محمد بن صالح العثمين (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەربارەی قەترەی چاو و لووت هەروەها چاوڕەشتن و قەترەكردنە گوێ ئایا ئەمانە ڕۆژوو دەشكێنن؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
قەترەی لووت ئەگەر بگاتە گەروو یان قورگ ئەوا ڕۆژوو دەشكێنێت پێغەمبەر () لە فەرموودەی (لقيط)ی كوڕی (صبرة)دا دەفەرموێت: ((بالِغْ في الاستنشاق إلاَّ أنْ تكونَ صائماً)). صحيح أبـي داود رقم: (142) و (144).
كەوابوو بۆ ڕۆژووان دروست نییە قەترە بكاتە لووتی ئەگەر بگاتە گەروو یان قوڕگی، وە ئەگەر نەگاتە قوڕگی یان گەرووی ئەوە ڕۆژوو ناشكێنێت.
بەڵام قەترەی چاو و چاوڕەشتن و قەترەی گوێ ئەوا ڕۆژوو ناشكێنن، چونكە بەڵگەی لەسەر نەهاتووە بە تایبەت و هیچ دەقێكیش نەهاتووە بیانگرێتەوە، هەروەها چاو دەرگا و كونێك نییە بۆ خواردن و خواردنەوە، هەروەها گوێچكەش.
زانایان ووتویانە: ئەگەر مرۆڤـ هەردوو پێی بەشتێك چەور بكات تامی ئەو شتەش لە قوڕگی دا هەست پێ بكات ڕۆژووەكەی ناشكێت، چونكە دەرگای چوونە ژوورەوەی خواردن نییە، كەوابوو ئەگەر كل بكاتە چاووی یان قەترە بكاتە چاووی یان گوێی ڕۆژووەكەی ناشكێت ئەگەر لە قوڕگیدا هەست بەتامی نەكات.
هەروەها خۆی چەوركات بە ڕۆنێك بۆ چارەسەری یان بۆ مەبەستی چارەسەریش نەبێت هیچ زیانێكی نییە، یان ئەگەر هەناسەی كورت بێت ئەتوانێت (بەخاخ) بەكاربهێنێت بۆ ئاسانكردنی هەناسەی ئەوە ڕۆژوو ناشكێنێت، چونكە ناگاتە گەرووی، وە خواردن و خواردنەوەش نییە، والله أعلم.

بڕوانە: فتاوى رمضان: (2 / 511).

سەردان: ٣,٦٤٢ بەش: ڕۆژوو