ئایا دروستە بۆ پیاو تەصویری خێزانەکەی بکات بەڕوتی بۆ ئەوەى کاتێک لێى دوور بوو سەیرى بکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا دروستە بۆ پیاو تەصویری خێزانەکەی بکات بەڕوتی بۆ ئەوەى کاتێک لێى دوور بوو سەیرى بکات؟
پرسیار:

ئایا دروستە بۆ پیاو تەصویری خێزانەکەی بکات بەڕوتی ، یاخود نیمچە ڕوتی ، بۆ ئەوەی هەر کات سەفەرى کرد و لێی دوور بوو تەماشای بکات ، بەو ڕێگایە دڵی خۆی خۆش بکات ، لەبری ئەوەی تەماشای شتی تر بکات کەڕەنگە حەڕام بێت؟ 

ئەو کارەی لەپرسیارەکەدا ئاماژەی پێ دراوە ناشرینترین کارە ، و خودی ئەو کارە حەڕامە ، و بەهۆی دەرهاویشتەکانیشیەوە حەڕامە ، بەنیسبەت حەڕامیەتی خودی کارەکەوە : لەئەسڵدا هەموو لەشی ئافرەت عەوڕەتە ، و دروست نی یە تەصویڕ بکرێت ، تەنانەت گەر تەنها دەم وچاویشی بەدەرەوە بێت چ جای ئەوەی لەوە زیاتری بەدەرەوە بێت ؟!
ئەی چ دەڵێی گەر عەوڕەتی بەدەرەوە بێت ؟! بێگومان ئەوکات زۆر نەشیاوە وسزاکەی زیاترە .

وە نابێت پیاو وێنەی خێزانەکەی بگرێت بەڕوتی بەبیانوی ئەوەی مێردیەتی ، مێرد بوون ئەو کارە نەشیاوەی بۆ ناشەرعێنێت ، پاشان دوور بوونی لەخێزانیەوە وا ناکات ئەو کارە دروست بێت ؛ چونکە دەگونجێ چەندین زیانی لێ بکەوێتەوە، هەندێ لەو زیانانەی :

یەکەم : ڕەنگە ئەو پیاوە مۆبایلی یاخود ئەو شتەی وێنەکەی تێدایە بدزرێت ،یاخود وێنەکەی لێ بزر ببێت ، یاخود لەجێگەیەکی گشتیدا بەجێی بێڵێت ، حەتمەن ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاو بوونەوەی وێنەکە ، و ڕەنگە دەستی کەسانی فاسق وهیچ وپوچ بکەوێت وئەو وێنەیە بەکار بێنن بۆ شتی نەشیاو هەروەکو بیستومانە کە ئەمە ڕووى داوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاویش کراوەتەوە و بوەتە مایەى ئابڕوچوونیان .

دووەم: دوور نی یە تەڵاق لەنێوان ئەو پیاوە وخێزانەکەیدا ڕوو بدات و ئەو ئافرەتە ببێتە نامەحڕەمی ئەو پیاوە ، حەتمەن ئەو کات دروست نی یە بۆ ئەو پیاوە تەماشای ئەو وێنەیە بکات .

سێیەم : بەکار هێنانی ئەو وێنەیە لەلایەن پیاوەوە ، حەتمەن ئەمە ڕوی داوە ، کاتێک کێشەیەک لە نێوانیان دروست دەبێت پیاو بەو وێنانە هەڕەشەی لەخێزانەکەی کردووە بۆ ئەوەی تەنازول بکات لەمافەکانی ، یاخود بێ دەنگ بێت لەبەرانبەر کارە خراپەکانیدا ، هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەوەوە ڕوو دەدەن کە ئەو پیاوە وێنە یاخود ڤیدیۆی خێزانەکەی لایە بەڕوتی یاخود نیمچە ڕوتی وهەڕەشەی پێ دەکات لەخێزانەی .

چوارەم : تەماشا کردنی وێنەی خێزان لەکاتی دووری لێی ئارەزوو دانامرکێنێتەوە ، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە ودەبێتە هۆی زیاتر جوڵانی ئارەزوی وزۆر جار دانامرکێتەوە مەگەر بە ئەنجامدانی حەڕام نەبێت ، وەک دەستپەڕ یاخود زینا و نێربازی والعياذ بالله .

جا بۆیە ئەو بیانووەی کەئاماژەی پێداوە بۆ وێنەگرتنی خێزانی وهەڵگرتنی بیانویەکی قەبوڵ کراو نی یە ، بەڵکو کارەکەی هۆکارێکە بۆ توش بوون بەحەڕام ، لەخودی وێنە گرتن ، دەرهاویشتەکانیشیدا .

هەر بۆیە دروست نی یە پیاو وێنەی خێزانەکەی بگرێت بەڕوتی یاخود نیمچە ڕوتی ، بەڵکو پێویستە بەغیرەت بێت ، وهەموو توانای بخاتە گڕ بۆ پاراستنی ناموسی ، نەک بەپێچەوانەوە کەم تەرخەمی بکات لەم کارە نەشیاوانەدا ، هەروەها دروستیش نی یە بۆ ئافرەت ڕێگە بدات مێردەکەی تەسویری بکات و نابێت بەگوێی بکات گەر ویستی وەها کارێک ئەنجام بدات .
خوای پەروەردگار هەریەک لەژن ومێردی کردۆتە جل وبەرگ وپۆشاک بۆ یەکدی ، هەروەک فەرموویەتی : ( هُنَّ لِبَاسٌ لَّكُمْ وَأَنتُمْ لِبَاسٌ لَّهُنَّ ) البقرة/187 ،
واتە : ئافرەتان پۆشاکن بۆ ئێوە وەهەروەها ئێوەش پۆشاکن بۆ ئەوان .

با مێرد ئاگاداری ئەمە بێت ، ئەو پۆشاکە بۆ خێزانەکەی چۆن دەبێت بەدەستی خۆی خێزانەکەی ڕووت بکاتەوە لەکاتێکدا ئەسڵ لەپۆشاکدا داپۆشینە ؟! .
وە نابێ پیاو زۆر لەخێزانەکەی دوور کەوێتەوە ، حەتمەن پیاو پێویستی بەخێزانیەتی ، وەهەروەها خێزانیشی پێویستی بەوە وەهەروەها ماڵ ومنداڵ پێویستیان بەپەروەردە کردنی ئەو هەیە ، جا گەر پیاو پێویستی بەوە بوو دوور کەوێتەوە لەماڵ وخێزانەکەی بەوە ڕازی بوو ، ئەوا پێویستە لەسەری لەخودا بترسێت ودوور کەوێتەوە لەو شتانەی کەئارەزووی دەجوڵێنێت ، و دوور کەوێتەوە لەخەڵوەت لەگەڵ ئافرەتاندا ، وچاوی بپارێزێت ، وپێویستە لەسەری عیبادەت زۆر بکات بەتایبەت ڕۆژو، هەروەک پێویستە لەسەری هاوڕێی چاک هەڵبژێرێت کە ڕێی چاک وخێری پێ نیشان بدات .

وە الشيخ صالح الفوزان دەڵێت :
بەهیچ شێوەیەک تەصویڕ کردنی ئافرەت دروست نی یە لەبەر ئەو زیان و فیتنانەی کە هەیەتی .
والله أعلم

سەردان: ١١,٠٩٤ بەش: پرسیارە جنسیەکان