یاری کردن لەگەڵ خێزاندا لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدا بێت یاخود منداڵی بوبێت و هێشتا پاک نەبوبێتەوە دروستە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
یاری کردن لەگەڵ خێزاندا لەکاتێکدا لەسوڕی مانگانەدا بێت یاخود منداڵی بوبێت و هێشتا پاک نەبوبێتەوە دروستە؟

ماچ کردنی پیاو و یاری کردنی لەگەڵ خێزانیدا لەکاتێکدا خێزانی لەسوڕی مانگانەدا بێت یاخود منداڵی بوبێت هێشتا پاک نەبوبێتەوە ، دەبێت بە سێ بەشەوە :
یەکەم :
لەگەڵی جووت بێت لە(داوێنەوە) ئەم کارە حەڕامە بەکۆ دەنگی زانایان و موسوڵمانان ، و بەبەڵگەی قورئانی پیرۆز ، هەروەک خودا فەرموویەتی : ( وَيَسْأَلُونَكَ عَنْ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ ) البقرة/222 .
واتە : پرسیارت لێ دەکەن دەربارەی سوڕی مانگانە ، پێیان بڵێ ئەوە ئازارێکە تووشی ئافرەتان دەبێت ، دوور کەونەوە لەئافرەتان لەو حاڵەتەدا و نزیکیان مەکەونەوە (بەجووت بوون لەگەڵیان) تاوەکو پاک دەبنەوە .

دووەم :
ماچ کردن و باوش پیا کردن لەغەیری داوێنەوە ( واتە لەسەروی ناوک و خوارەوەی ئەژنۆوە) ، ئەمەیان حەڵاڵە بەکۆ دەنگی زانایان .
بڕوانە : "شرح مسلم" للنووي ، و "المغني" (1/414) .

سێ یەم :
ماچ کردن و باوش پیا کردن تەنها لەغەیری داوێن و کۆمەوە ،( واتە بە هەموو لاشەى بەڵام جگە لە دواێن و کۆمەوە)  ئائەم جۆرەیان زانایان ناکۆکن تیایدا .
ئیمامی ئەبو حەنیفە و مالک و شافعی پێیان دروست نی یە .
ئیمامی ئەحمەد بەدروستی دەزانێت .
وەهەندێ لەزانایانی مەزهەبی ئیمامی ئەبو حەنیفە و مالک و شافعی ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە .
ئیمامی النووي دەڵێت : ئەم بۆچوونەیان بەڵگەی بەقووەت ترە و ئەمەیان هەڵبژێردراوە ، اهـ .

ئەوانەی پێیان دروستە چەند بەڵگەیەک لەقورئان و فەرموودە دەکەن بەبەڵگە :
یەکەم : بەڵگەی قورئان ، ئەم ئایەتەیان کردووە بەبەڵگە : ( فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ وَلَا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّى يَطْهُرْنَ ) البقرة/222 .
واتە : دوور کەونەوە لەئافرەتان لەو حاڵەتەدا و نزیکیان مەکەونەوە بەجووت بوون لەگەڵیان تاوەکو پاک دەبنەوە .
شێخ ابن عثيمين لە "الشرح الممتع"دا (1/413) دەڵێت:
(المحيض) جێگەی سوڕی مانگانە و زەمانەکەیەتی ، وجێگەکەی : (داوێنە) مادام لەسوڕی مانگانەدایە جووت بوونی لەگەڵی لەداوێنەوە حەڕامە ، اهـ .

و ابن قدامة لە "المغني" دا (1/415) دەڵێت :
تایبەت کردنی بەدوور کەوتنەوە لەجێگەی دەرچوونی خوێنەوە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی جگە لەو جێگایە ، اهـ .

دووەم :بەڵگەی فەرموودە :
ئیمامی مسلم (302) لەئەنەسەوە گێڕاویەتیەوە و دەڵێ : جولەکەکان کاتێک ئافرەتیان بکەوتایەتە سوڕی مانگانەوە نانیان لەگەڵ نەدەخوارد و لەگەڵیان دانەدەنیشتن لەماڵدا ، هاوەڵانی پێغەمبەر پرسیاریان لە پێغەمبەر کرد لەم بارەیەوە و خوای پەروەردگار ئەم ئایەتەی دابەزاند : ( وَيَسْأَلُونَكَ عَنْ الْمَحِيضِ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ . . . إِلَى آخِرِ الآيَةِ ) واتە :
پرسیارت لێ دەکەن دەربارەی سوڕی مانگانە ، پێیان بڵێ ئەو ئازارێکە تووشی ئافرەتان دەبێت ، دوور کەونەوە لەئافرەتان لەو حاڵەتەدا و نزیکیان مەکەونەوەبەجووت بوون لەگەڵیان تاوەکو پاک دەبنەوە .
پێغەمبەری خوا فەرمووی : هەموو شتێکیان لەگەڵ بکەن جگە لە جووت بوون .
ئەو قسەیە گەشتەوە بەجولەکەکان و گوتیان ئەم پیاوە چی دەوێت ؟!
هیچ کارێکی ئێمە نی یە ئیلا پێچەوانەی دەجوڵێتەوە !!.

وە ئیمامی أبو داود (272) لە عیکرمەوە لەهەندێ لەخێزانەکانی پێغەمبەرەوە گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەر کاتێ بیویستایە لەگەڵ خێزانەکانیدا ـ لەکاتی سوڕی مانگانەدا ـ شتێک بکات جلێکی دەدایە سەر داوێنیاندا . قال الحافظ : إسناده قوي اهـ . وصححه الألباني في صحيح أبي داود (242) .

وە لە فەتوای ( اللجنة الدائمة ) دا (5/395) هاتووە :
حەڕامە لەسەر پیاو جوت بێت لەگەڵ خێزانیدا لەکاتی سوڕی مانگانەدا ، بەڵام بۆی هەیە هەموو شتێکی تری لەگەڵ بکات جگە لە جوت بوون ، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەیی کە
البخاري (302) ومسلم (2293) لە ـ عَائِشَةَ ـوە گێڕاویانەتەوە و دەڵێت : (كَانَتْ إِحْدَانَا إِذَا كَانَتْ حَائِضًا فَأَرَادَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ يُبَاشِرَهَا أَمَرَهَا أَنْ تَتَّزِرَ فِي فَوْرِ حَيْضَتِهَا ثُمَّ يُبَاشِرُهَا) .
واتە : کاتێک یەکێک لەئێمە لەسوڕی مانگانەدا بوایە و پێغەمبەری خوا بیویستایە لەگەڵی دەس بازی بکات فەرمانی پێ دەکرد شتێک لەجێگەی سوڕی مانگانەکەی دابنێت (لەسەرەتای سوڕی مانگانەکەدا) پاشان یاری لەگەڵ دەکرد .

وە ئیمامی مسلم (294) لە مَيْمُونَةَ وە گێڕاویەتیەوە و دەڵێت : (كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُبَاشِرُ نِسَاءَهُ فَوْقَ الإِزَارِ وَهُنَّ حُيَّضٌ) .
واتە : پێغەمبەری خوا یاری لەگەڵ خێزانەکانی دەکرد لەسەروی جلەوە ، لەکاتێکدا ئەوان لەسوڕی مانگانەدا بوون .

وەئیمامی ابن القيم لە "تهذيب السنن" لەکاتی (شرح حديث) ژمارە ( 2167 ) لە ( عون المعبود ) دا ، دەڵێت :
فەرموودەی " اصْنَعُوا كُلَّ شَيْءٍ إِلا النِّكَاحَ"واتە : هەموو شتێک بکەن جگە لەجوت بوون .
حەڕامیەکە تایبەت دەکات بەجووت بوون لەجێگەی سوڕی مانگانەوە ، وهەموو شتەکانی تری بەموباح داناوە .
وە ئەو فەرمودانەی کە باس لە (بیجامە)لەبەر کردن دەکەن لەو حاڵەتەدا پێچەوانەی ئەمە نی یە ؛ چونکە ئەوا دەبێتە ڕێگر لە لەبەرکەوتنی خوێن و پیسایی اهـ . بتصرف .

وە ڕەنگە جیاوازی بکرێت لەنێوان سەرەتای سوڕی مانگانەو کۆتاییەکەی ، جا باش وایە لەسەرتادا شتێک لەسەر داوێن دابنرێت چونکە لەو حاڵەتەدا خوێنێکی زۆر دێت .
وەالحافظ ابن حجر دەڵێت :
پشتگیری ئەم بۆ چوونە دەکات ئەوەی کە اِبْن مَاجَهْ بەسەنەدێکی ( حَسَن ) لە (أُمّ سَلَمَة )وە گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەر خۆی دوور دەخستەوە لەئافرەت لەسەرەتایی هاتنی خوێندا تا سێ ڕۆژ پاشان یاری لەگەڵ خێزانەکانی دەکرد . اهـ بتصرف .

تێبینی :
ئەوەی باس کرا سوڕی مانگانە و زەیستانی تیایدا یەکسانن .
ابن قدامة رحمه الله دوای ئەوەی جۆرەکانی یاری کردن و دەس بازی پیاو لەگەڵ خێزانیدا لەکاتی سوڕی مانگانەدا باس دەکات ، دەڵێت : ئەو ئافرەتانەش کەمنداڵیان بووە و لەزەیستانیدان یەکسانن لەم حوکمەدا ، اهـ المغني (1/419) .
والله تعالى أعلم .

سەردان: ٧,١١٦ بەش: پرسیارە جنسیەکان