مانای وشەى عەقیدە چی یە ؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مانای وشەى عەقیدە چی یە ؟

عەقیدە بریتی یە لەو شتانەی کەدەروون بەڕاستی دەزانێت ، ودڵ پێی ئارام دەبێت ، وشتێکی دڵنیاییە وهیچ گومانێک تێکەڵی نابێت .

جا کەلیمەی عەقیدە لەڕووی زمانەوانییەوە لە (عقد)وە ، وەرگیراوە ، وبەمانای دڵنیایی وتەئکیدی دێت ، لەقورئانی پیرۆزدا هاتووە : ( لا يؤاخذكم الله باللغو في أيمانكم ولكن يؤاخذاكم بما عقدتم الأيمن )
واتە : خودا ئەو سوێندانەتان لێ ناگرێت کەبەدەم تاندا دێت نا بەڵکو ئەو سوێندانە ئەژمار دەکرێت کەمەبەستانە ولەدڵەوە نیازی سوێندتان هەبووە .
وە دەوترێت (عقد الحبل) واتە : حەبلەکەی بەیەکەوە بەستەوە ، و(الاعتقاد): لە ( العقد ) وە هاتووە کەبەنای توند بەستن وگرێدان دێت، دەوترێت : اعتقدت كذا ، یانی : لەدڵدا لەبارەی فڵان شتەوە بڕیاری یەکلاکەرەوەم دا .

وە (العقيدة) لەڕووی شەرعیەوە برتی یە لە :
چەند شتێکی زانستی کەپێویستە لەسەر موسوڵمان لەدڵەوە باوەڕی پێی هەبێت بەبێ هیچ شک وگومانێک ؛ چونکە خوا لەڕێگەی کتابەکانیەوە هەواڵی پێداوە یاخود لەڕێگەی وحیەوە کەبۆ پێغەمبەرەکانی ناردووە .

جا بنەماکانی عەقیدە کەخودا فەرمانی پێ کردووین لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژەی پێ دراوە : ( آمن الرسول بما أنزل إليه من ربه والمؤمنون كل أمن بالله وملائكته وكتبه ورسله لا نفرق بين أحد من رسله وقالوا سمعنا وأطعنا غفرانك ربنا وإليك المصير ) ،
واتە : پێغەمبەران باوەڕیان هێنا بەو شتەی کەبۆیان دابەرزیبوو لەلایەن خوداوە وەهەروەها باوەڕدارانیش ، هەموان باوەڕیان بەخودا وفریشتەکان ، وکتێبەکان ، پێغەمبەران هێناوە هیچ جیاوازیەک ناکەین لەنێوان پێغەمبەراندا ، وگوتیان گوێ بیست بووین وگوێڕایەڵ دەبین خودایە لێمان خۆشبە گەڕانەوە هەر بۆ لای تۆیە .

وەهەروەها پێغەمبەر لەفەرموودە مەشهورەکەدا ڕوونی کردۆتەوە ( الإيمان : أن تؤمن بالله، وملائكته ، وكتابه ، ولقائه ، ورسله ، وتؤمن بالبعث الآخر ) .
واتە : باوەڕ بریتی یە لەباوەڕ هێنان بەخودا وفریشتەکان ، کتێبەکان ، وڕۆژی دوایی ، وپێغەمبەران ، وزیندو بوونەوە.

کەواتە عەقیدە لەئیسلام دا :
ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کەشتی زانستین وکەبەسەحیحی لەخوا وپێغەمبەرەکەیەوە هاتوون ، وئەو شتانەیە کەپێویستە لەدڵی موسوڵماندا جێگیر ببێت .

سەردان: ١١,٣١٤ بەش: بیروباوه‌ڕ