قوربانى کردن بە حەیوانى ئاوس: ماڵپەڕی وەڵامەکان
قوربانى کردن بە حەیوانى ئاوس
پرسیار:

ئایا دروستە حەیوانێک بکرێتە قوربانی کە بێچو لەسکیدا بێت ، واتە (ئاوس) بێت ؟
گەر دروستە ، ئایا چ لەبێچووەکەی بکەین ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

دروسته مەڕی ئاوس بکرێت بەقوربانی ، هەروەک دروستە حەیوانی مێینە بکرێت ، گەر هیچ یەکێک لەو عەیبانەی تێدا نەبێ کەلەشەرع دا باس کراوە "
بەنیسبەت بێچووەوە : گەر بەزیندوویی دەر چوو حەتمەن پێویسته سەر ببڕدرێت چونکە نەفسێکی ترە وسەر بەخۆیە " .
خۆ ئەگەر بەمردووی دەرهێندرا : ئەوا جمهوری زانایان پێیان وایە : دەخورێت ؛ چونکە سەر بڕدراوە بەسەر بڕینی دایکی .

یەکەم :
قوربانی : بەبەڵگەی قورئان وسوننە وکۆ دەنگی زانایان و موسوڵمانان یەکێکە لەدروشم وشەعائیرەکانی ئیسلام ودروست ومەشروعە ئەنجام دانی .

دووەم :
زانایان جیاوازن کەئایا دروستە حەیوانی ئاوس بکرێت بەقوربانی یاخود نا ؟
جمهوری زانایان بەدروستی دەزانن ، وباسیان لەوە نەکردووە ئاوسی عەیبێک بێت لەو عەیبانەی کەدەبێتە ڕێگر لەبەردەم کردنە قوربانیدا .

بەڵام شافعیەکان پێیان وایە : نەخێر حەیوانی دوو گیان وئاوس ناکرێت بەقوربانی .

لە [( الموسوعة الفقهية الكويتية (16 / 281)]دا ، هاتووە :
جمهوری زانایان باسیان لەوە نەکردووە ئاوسی عەیبێک بێت لەو عەیبانەی کەدەبێتە ڕێگر لەبەردەم کردنە قوربانیدا ، بەپێچەوانەوە شافعیەکان بەسەریحی پێیان وایە : دروست نی یە و ناشێ بۆ قوربانی ؛ چونکە دوو گیانی وئاوسی ناوەوەی سکی حەیوان تێک دەدات و گۆشتەکەی باش وخۆش نابێت .

وە لە [( " حاشية البجيرمي على الخطيب " (4 / 335) ] دا ، هاتووە کەیەکێکە لەکتابی شافعیەکان :
حەیوانی دوو گیان وئاوس ناشێ بۆ قوربانی ، وە ئەوە قەولی چەسپاوە لەمەزهەبدا ؛ چونکە حەیوانی دوو گیان وئاوس گۆشتی کەم دەکات ، وە بۆیە بۆ زەکات بەدروستیان زانیووە ؛ چونکە مەبەست لێی بێچوو و وەچەکەیەتی نەک جوانی وچاکی گۆشت " انتهى بتصرف.

جا بۆ چوونی دروست وڕاجح ئەوەیە : دروستە حەیوانی دوو گیان وئاوس بکرێت بەقوربانی گەر ڕێگریەکی تر نەبوو .

شيخ محمد بن إبراهيم رحمه الله دەڵێت :
دروسته مەڕی ئاوس بکرێت بەقوربانی ، هەروەک دروستە حەیوانی مێینە بکرێت ، گەر هیچ یەکێک لەو عەیبانەی تێدا نەبێ کەلەشەرع دا باس کراوە "
فتاوى ورسائل الشيخ محمد بن إبراهيم" (6/146) .

سێیەم :
بەنیسبەت بێچووەوە : گەر بەزیندوویی دەرهێنرا ئەوا سەر دەبڕدرێت ودەخورێت .
ابن قدامة لە[( "المغني" (9/321)]دا ، دەڵێت : گەر بەزیندوویی دەر چوو وجێگیر بوو ، ودەتوانرا سەر ببڕدرێت ، وسەر نەبڕدرا تاوەکو مرد ، ئەوا بەسەر بڕاو ئەژمار ناکرێت ، وئەحمەد دەڵێت : گەر بەزیندوویی دەر چوو حەتمەن پێویسته سەر ببڕدرێت چونکە نەفسێکی ترە وسەر بەخۆیە " .

خۆ ئەگەر بەمردووی دەرهێندرا : ئەوا جمهوری زانایان پێیان وایە : دەخورێت ؛ چونکە سەر بڕدراوە بەسەر بڕینی دایکی .
هەروەک ئیمامی [( أبو داود (2828) والترمذي (1476) وصححه, وابن ماجة (3199) وأحمد (10950) لە ئەبو سەعیدەوە فەرموودەیەکیان گێڕاوەتەوە کەپێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەتی : ( ذَكَاةُ الْجَنِينِ ذَكَاةُ أُمِّهِ ) وصححه الألباني في " صحيح الجامع " (3431) .
واتە : سەر بڕینی بێچوو لەگەڵ سەر بڕینی دایکیدایە .

ئائەمە مەزهەبی جمهوری زانایانە بەپێچەونەی حەنەفیەکانەوە .
شيخ الإسلام ابن تيمية لە [( مجموع الفتاوى (26 / 307)]دا ، دەڵێت :
کردنە قوربانی حەیوانی ئاوس دروسته ، جا گەر بێچووەکە بەمردوویی دەرچوو ئەوا سەر بڕینی لەگەڵ سەر بڕینی دایکیدایە لەلای شافعی وئەحمەد وجگە لەوانیش ، جا ئەو بێچووە توکی کردبێت یاخود نا ، خۆ ئەگەر بەزیندوویی دەرچوو ئەوا سەر دەبڕدرێت .
ولەمەزهەبی مالیک دا : گەر توکی کردبێت حەڵاڵە ، گەرنا حەڵاڵ نی یە .
وە لەلای حەنفیەکان : حەڵاڵ نابێت تاوەکو سەر نەبڕدرێت دوای دەرچوونی " انتهى.

چوارەم :
هەندێ لەزانایان لەڕووی تەندروستیەوە پێیان باش نەبووە بێچوو بخورێت .
ابن القيم رحمه الله دەڵێت : " گۆشتی بێچوو باش نی یە لەبەر مانەوەی خوێن تیایدا ، بەڵام حەرام نی یە لەبەر ئەو فەرموودەی پێغەمبەر صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : ( ذَكَاةُ الجَنِين ذَكَاةُ أُمِّهِ ) " انتهى من "زاد المعاد" (4 /378).
واتە : سەر بڕینی بێچوو لەگەڵ سەر بڕینی دایکیدایە .

وە ابن عمر رضي الله عنهما پێی باش بوو پێش ئەوەی بخورێت سەر ببڕدرێت بۆ ئەوەی ئەو خوێنەی کەتایدایە دەربهێندرێت ، نەک لەبەر سەر بڕینی شەرعی وپێی وابێ پێویسته سەر ببڕدرێت .
ئیمامی مالیک لە [( "الموطأ" (1061) ] دا لەنافیعەوە ولەعبداللەی کوڕی عومەرەوە گێڕاویەتیەوە کەدەیگوت : کاتێ وشتر سەر دەبڕدرێت ئەوا سەربڕینی ئەوەی لەسکیدا لەگەڵ سەربڕینی دایکیدایە گەر بەتەواوی دروست بووبێت وتوکی کربێت ، خۆ ئەگەر لەسکی دایکی دەرچوو ئەوا سەر دەبڕدرێت تاوەکو ئەو خوێنەی دەرچێت کەناخیدایە " .

سەردان: ٢,٥٨٣ بەش: قوربانى كردن