دانەوەى قەرز لەپێشترە لە قوربانى کردن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دانەوەى قەرز لەپێشترە لە قوربانى کردن
پرسیار:

ئایا کەسی قەرزار دەتوانێ قوربانی بکات ، یاخود باشتر وایە قەرزەکەی بداتەوە ؟

دانەوەی قەرز لەپێش تر وباشترە لەقوربانی کردن لەڕۆژانی جەژندا ، لەبەر چەند هۆکارێک :
یەکەم: دانەوەی قەرز واجبە ، بەڵام قوربانی سوننەتێکی موئەکەدەیە ، سوننەتیش پێش واجب ناخرێت ، تەنانەت لەسەر بۆ چوونی ئەو زانایانەش کەدەڵێن : قوربانی واجبە ، هەر دانەوەی قەرز لەپێشترە ؛ چونکە قوربانی کاتێ واجبە (لەلای ئەوانەی کە بەواجبی دەزانن) کە مرۆڤ هەبوو بێت وتوانای هەبێت ، هەڵبەت کەسی قەرزدار هەبوو نی یە .

دووەم : لەدانەوەی قەرزدا ئەستۆپاکی وڕزگار بوون هەیە ، و لەکردنی قوربانیدا بار قورسی هەیە ، وە بێگومان دانەوەی قەرز لەپێش ترە لەوەی قوربانی بکرێت وزیاتر مرۆڤ خۆی بار قورس بکات .

سێیەم : قەرز مافی بەندەکانە ، بەڵام قوربانی شتێکی خۆش ویستراوە بەلای خوداوە وبەر فراوانیشە ، بۆیە مافی خەڵک لەم حاڵەتەدا پێش دەخرێت .

چوارەم : پاشان لەمانەوەی قەرزدا چەندین ترسی گەورە بوونی هەیە ، چونکە ترسی ئەوە هەیە کەسی قەرزدار زیان بەدینەکەی بگەیەنێت بەوەی لەڕۆژی دواییدا لەچاکەکانی قەرزەکانی بداتەوە گەر خودا بۆی نەداتەوە ، حەتمەن ئەمەش خەتەرێکی گەورەیە ؛ چونکە موسوڵمان لەو ڕۆژەدا زۆر پێویستی بەتەنها چاکەیەکە .

جا لێرەوە دەردەکەوێت کەدانەوەی قەرز لەپێش ترە لەقوربانی کردن ، وهیچ جۆرە قەرزێک لێی بەدەر نی یە مەگەر قەرزەکە ماوەیەکی دوور ودرێژی مابێت بدرێتەوە ، بەشێوەیەک کەسی قەرزدار گومانێکی زۆری هەبێت لەو کاتەدا دەتوانێت قەرزەکەی بداتەوە گەر ئێستا قوربانی بکات ، یاخود ڕەهنێکی دانابێت بۆ قەرزەکەی کەتوانای دانەوەی قەرزەکەی بەو ڕەهنە هەبێت گەر نەیتوانی لەکاتی دانەوەی قەرزەکەیدا قەرزەکە بداتەوە ، لەم حاڵەتەدا دروستە وئاساییە هەر جۆرە قوربانیەک بکات کەلەسەری ئاسانە ، وپاداشتی دەبێت لەلای خودای پەروەردگار .

وە سەبارەت بەم بابەتە زاناى پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله دەفەرموێ :
پێم باش نی یە کەسێک کەقەرزدارە قوربانی بکات تەنها مەگەر قەرزەکە ماوەیەکی مابێت ، وئەو کەسە بزانێت کاتێ کەکاتی دانەوەی دێت لەوتوانایدا دەبێت بیداتەوە ، لەم حاڵەتەدا دروستە وئاساییە قوربانی بکات ، گەرنا با پارەکەی کەهەیەتی هەڵگرێت بۆ دانەوەی،قەرزەکە ، قەرز گرنگە برایان ، پێغەمبەر عليه الصلاة والسلام کاتێ مردووەیەکی ئەنصاریان هێنا بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکات ، چەند هەنگاوێکی نا پاشان فەرمووی :
( هل عليه دَين ؟ قالوا : نعم . قال : صلوا على صاحبكم ، ولم يصل عليه ، حتى قام أبو قتادة رضي الله عنه وقال : الديناران عليَّ . فقال : حق الغريم وبرئ منه الميت . قال : نعم يا رسول الله ! فتقدم وصلى ) ،واتە : ئایا قەرزی لەسەرە ؟ گوتیان : بەڵێ . فەرمووی : دەی کەواتە نوێژ لەسەرهاوەڵەکەتان بکەن ، نوێژی لەسەر نەکرد ، تاوەکو ئەبو قەتادە هەستا وگوتی : ئەو دوو دینارەی کەقەرزدارە لەسەر من ومن بۆی دەدەمەوە ، فەرمووی : دەی ئەو پارەیە لەسەر تۆیە ومردووەکەی ڕزگاری بوو لێی .
ئەویش گوتی : بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا ، پاشان چوە پێشەوە ونوێژی لەسەر کرد .

وە کاتێ کەپرسیاری کوژران لەپێناوی خودادا لێ کرا کەهەموو تاوانێک دەسڕێتەوە ، فەرمووی : (تەنها قەرزداری نەبێت) شەهید بوون قەرز لەسەر مرۆڤ لانابات ، قەرز بابەتێکی سادە نی یە براکانم ، خۆتان ڕزگار کەن ، وڵات توشی ئەزمەی ئابووری مەکەن لەداهاتوودا ، چونکە ئەوانەی کەقەرزارن لەداهاتوودا ئیفلاس دێنن ، پاشان ئەوانەی دوای ئەوان ئیفلاس دەبن ئەوانەی کەقەرزیان پێ داون ، بابەتەکە زۆر ترسناکە ، دەی مادام خودا عیبادەتە ماڵیەکان ئاسان کردووە بەشێوەیەک لەسەر مرۆڤ نی یە مەگەر لەتوانایدا نەبێت با مرۆڤ سوپاسی خودا بکات " .
[( "اللقاء الشهري" (رقم/53، سؤال رقم 24)]

وە لە [("الشرح الممتع" (8/455)] دا ، دەڵێت :
گەر مرۆڤ قەرزار بوو پێویستە پێش ئەوەی قوربانی بکات قەرزەکەی بداتەوە .

بە کورتى :
 دانەوەى قەرز لە پێشترە بەڵام کەسێک کە زانى خاوەن قەرز صەبرى لەسەر دەگرێت و پەلەى نیە ، وە دواتر ئەم کەسە پارەى دەکەوێتە دەست وەکو موچە یان کرێ خانوو یان هەر پارەیەکى تر ئەوا دەتوانێ قوربانى بکات و خۆى لەم خێرە گەورەیە بێ بەش نەکات ، وە حەیوانێک کە بۆ قوربانى بشێت دەتواتى بە (250) هەزار بیکڕیت کە (250) هەزار پارەیەکى ئەوەندە زۆر نیە کە کاریگەرى بکاتە سەر لایەنى ماددى کەسەکە ، وە گەر کەسێک قەرزار نەبوو بەڵام لە ئێستادا پارەى نیە قوربانى بکات دروستە قەرز بکات و قوربانى بکات بەمەرجێ بزانێ کە پارەى دەکەوێتە دەست کەقەرزەکەى بداتەوە ئەویش لە ڕێگەى موچەوە بێ یان کارێکى هەبێ و پارەى لەسەر وەربگرێت لەگەڵ ئەوەش کەسێک کە تواناى نەبێ واجب نیە لەسەرى قوربانى بکات مەگەر کەسەکە خۆى پێى خۆشبێ ئەم کارە خێرەیە بکات و بتوانێ قەرزەکە بداتەوە .

سەردان: ٢,٨٠٩ بەش: قوربانى كردن