سیفاتی تاجر و بازرگانى موسوڵمان و ئەمین: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سیفاتی تاجر و بازرگانى موسوڵمان و ئەمین
پرسیار:

ئایا سیفاتى کەسی بازرگان و تاجر ئەبێ چۆن بێت؟ 

من وەکو بازرگانێک چەند کەسێک هەن مونافەسەم دەکەن ، هەندێکیان موڕاقەبەم دەکەن ، و هەندێکی تریان بەردەوام جاسوسی دەکەن ، وهەندێکی تریان بەشێوەیەک مونافەسە دەکەن لەسەر ئەو بنەمایەیی کەڕەحم لەتیجارەتدا نی یە ، یاخود گەر من ئەو کارە نەکەم ئەوا بەرانبەرم دەکرێت ، جا ئایا چ شتێک ڕێگەم پێ دراوە لەمونافەسەکردندا لەگەڵ ئەو کەسانەدا ؟ 
وە بەنیسبەت هەڵس وکەوت لەگەڵ کڕیاراندا دەکرێت من کەسانێک بێنم بەپارە ڕیکلامم بۆ بکەن وسەرنجی خەڵک ڕاکێشن بەشێوەک خەڵک وا بزانن ئەو کەسانە کڕیارن کەلەحەقیقەتدا بەو شێوە نی یە ، تەنها لەبەر ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕاکێشن ، کەمن غەشی تێدا ناکەم ، جا ئایا حوکمی ئەم کارە چی یە ؟
وە ئایا واجبە لەسەرم سەرچاوە و پێکهاتەی کاڵاکانم بەفرۆشیارەکان بڵێم ، لەکاتێکدا ئاشکرایە کەئەم بابەتە نهێنی کۆمپانیاو تاجرەکانە ؟
جا من لەنێوان ئەم هەموو شوبهات ومنافەسەی نێوان بازرگانەکاندا چۆن ببمە کەسێکی ئەمین ودەس پاک لەهەڵس وکەوت کردن لەگەڵ کڕیاراندا  ؟ 

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

پێویستە لەسەر بازرگان و تاجر وسەرمایەدار چەند ڕەوشتێکی جوان پەیڕەو بکات ، بەڵکو خودا بەرەکەت بخاتە تجارەتەکەیانەوە وڕزقیان فراوان بکات  .
جا هەندێ لەو سیفاتانە برتیین لە :
1-  نابێ تیجارەت سەرقاڵی بکات لەزیکر ویادی خودا و نوێژ و بەجێ گەیاندنی مافەکانی تری خودا .
2- بەشوێن حەڵاڵدا بگەڕێت ، وخۆی وماڵ ومنداڵی توشی حەڕام نەکات .
3- دوور کەوێتەوە لەو شتانەی کەگومانی تێدایه .
4 - خۆی بڕازێنێتەوە بەچاکە کاری وڕاستگۆی و تەقوای خودا .
5- بێئاگا نەبوون لەخێر وسەدەقە کردن .
6 - لێ بوردەیی ، و ئاسان کاری کردن .
7- چاو پۆشی کردن لەکەسی هەژار وچاوەڕێی بکات کاتێ قەرزێکی دەکەوێتە لایەوە .
8 - دوور کەوتنەوە لەمامەڵەی حەڕام وئەو سیفاتانەی کەگونجاو نین بۆ موسوڵمانان .
9- هەروەها پێویستە بازرگانی باوەڕدار خۆی بڕازێنێتەوە بەڕەوشتی بەرز و هاری کاری کەسی موحتاج بکات ، وئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برا بازرگانەکەشی پێی خۆش بێت .
10- پشت تەنها بەخودا ببەستێت ، ودڵی پەیوەند کات بەخوداوە نەک سەبەب ،وە دوور کەوێتەوە لەتەماح وڕەزیلی وشاردنەوەی کاڵا .
وه جاسوسی کردن بەسەر بازرگانانەوە ، وزیان گەیاندن بەمونافەسە کردن ، وئەو قسەیەی کەدەڵێت : ڕەحم لەبواری بازرگانیدا نی یە ..هەموو ئەمانە حەڕامن .

یەکەم : پێویستە لەسەر بازرگان و تاجر وسەرمایەدار چەند ڕەوشتێکی جوان پەیڕەو بکات ، بەڵکو خودا بەرەکەت بخاتە تجارەتەکەیانەوە وڕزقیان فراوان بکات  .

جا هەندێ لەو سیفاتانە برتیین لە :

1-  نابێ تیجارەت سەرقاڵی بکات لەزیکر ویادی خودا و نوێژ و بەجێ گەیاندنی مافەکانی تری خودا ، هەر بۆیە خوای گەورە وەسفی باوەڕدارە چاکەکانی کردووە بەوەی تجارەت سەرقاڵیان ناکات لەگوێڕایەڵی خودا ، هەروەک فەرموویەتی :  (رِجَالٌ لَا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالْأَبْصَارُ * لِيَجْزِيَهُمُ اللَّهُ أَحْسَنَ مَا عَمِلُوا وَيَزِيدَهُمْ مِنْ فَضْلِهِ وَاللَّهُ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ)  النور/ 37، 38. 
واتە : پیاوانێكى هیممه‌ت به‌رزن كه‌ بازرگانی و كڕین و فرۆشتن سه‌رقاڵ و بێئاگایان ناكات له‌ زیكری خوای گه‌وره‌ و نوێژ كردن و زه‌كاتدان و هه‌مووی بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، (عبدالله ى كوڕى عومه‌ر) له‌ بازاڕ بوو بانگدرا بۆ نوێژ خه‌ڵكى دوكانه‌كانیان داخست و چوون بۆ مزگه‌وت، فه‌رمووى: ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌ دابه‌زیووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژێك ئه‌ترسێن كه‌ ڕۆژی قیامه‌ته‌ كه‌ دڵ و چاوه‌كان تیایدا ئه‌مدیو و ئه‌مدیو ئه‌كرێت و وه‌رئه‌گێڕدرێت له‌ ترسى سه‌ختى رۆژگاره‌كه‌. 
تا خوای گه‌وره‌ به‌ باشترین شێواز پاداشتی كرده‌وه‌كانیان بداته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ دونیا كردوویانه‌ یه‌ك به‌ ده‌ تا یه‌ك به‌ حه‌وت سه‌د تا زیاتر ، به‌ڵكو له‌وه‌ش زیاتر خوای گه‌وره‌ فه‌زڵی خۆی ئه‌ڕژێنێ به‌سه‌ریانداو پاداشتیان ئه‌داته‌وه‌ ، وه‌ خوای گه‌وره‌ش ڕزق و ڕۆزی هه‌ر كه‌سێك ئه‌دات كه‌ ویستی لێ بێت به‌بێ حساب و ژماره‌و له‌ ژماره‌ نایات.

2- بەشوێن حەڵاڵدا بگەڕێت ، وخۆی وماڵ ومنداڵی توشی حەڕام نەکات، هەروەک خوای پەروەرگار فەرموویەتی : ( يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ ) النساء/29 .
واتە : وه‌ ئێوه‌ له‌ نێوان یه‌كتریدا ماڵه‌كانتان به‌ باتڵ و پووچه‌ڵ مه‌خۆن وه‌كو فاڵچی كه‌ پاره‌ی خه‌ڵكی به‌ناحه‌ق ئه‌خوا، یان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌شفرۆشی ئه‌كات، یان ئه‌وه‌ی كه‌ پاره‌ی عه‌ره‌ق ئه‌خوا، یان پاره‌ی خه‌ڵكت له‌لا بێت و به‌ڵگه‌یان نه‌بێت و تۆیش نكوڵی لی بكه‌یت، یان هه‌ر شتێك كه‌ حه‌رام بێت . 

3- دوور کەوێتەوە لەو شتانەی کەگومانی تێدایه ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : (  فَمَنِ اتَّقَى الشُّبُهَاتِ اسْتَبْرَأَ لِدِينِهِ، وَعِرْضِهِ، وَمَنْ وَقَعَ فِي الشُّبُهَاتِ وَقَعَ فِي الْحَرَامِ  ) رواه البخاري (52) ، ومسلم (1599).
واتە : هەرکەسێک خۆی بەدوور بگرێت لەوشتانەی گومانی حەڕامیان لێ دەکرێت ئەوا دین وعیڕزی پارێزراو دەبێت ، وهەرکەسێک بکەوێتە شتی گوماناویەوە ئەوا توشی حەڕام دەبێت . 

4 - خۆی بڕازێنێتەوە بەچاکە کاری وڕاستگۆی و تەقوای خودا ، حەکیمی کوڕی حوزام خوا لێی ڕازی بێت دەڵێت : پێغەمبەری خودا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرمووی :  (الْبَيِّعَانِ بِالْخِيَارِ مَا لَمْ يَتَفَرَّقَا ، فَإِنْ صَدَقَا وَبَيَّنَا بُورِكَ لَهُمَا فِي بَيْعِهِمَا ، وَإِنْ كَتَمَا وَكَذَبَا مُحِقَتْ بَرَكَةُ بَيْعِهِمَا )  .
رواه البخاري (1973) ، ومسلم (1532) .
واتە : کڕیر وفرۆشیار ئارەزوومەندن ودەتوانن پەشیمان ببنەوە تاوەکو لێک جودا دەبنەوە ، جا گەر ڕاستگۆ بوون وعەیب وعارەکانی کاڵاکەیان ڕوون کردەوە ئەوا بەرەکەت دەکەوێتە بەیعەکەیانەوە ، وئەگەر عەیب وعارەکانی کاڵاکەیان شاردەوە ئەوا بەرەکەت لەکڕین وفرۆشتنەکەیاندا نامێنێت .

وە ئیسماعیلی کوڕی عوبەیدی کوڕی ڕیفاعە لەباوک وباپیریەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت  :  (أَنَّهُ خَرَجَ مَعَ النَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم إِلَى الْمُصَلَّى ، فَرَأَى النَّاسَ يَتَبَايَعُونَ فَقَالَ : ( يَا مَعْشَرَ التُّجَّارِ ) ، فَاسْتَجَابُوا لِرَسُولِ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم وَرَفَعُوا أَعْنَاقَهُمْ وَأَبْصَارَهُمْ إِلَيْهِ فَقَالَ :   إِنَّ التُّجَّارَ يُبْعَثُونَ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فُجَّاراً ، إِلاَّ مَنِ اتَّقَى اللَّهَ وَبَرَّ وَصَدَقَ)   . رواه الترمذي (1210) ، وابن ماجه (2146) ، وصححه الألباني في " صحيح الترغيب " (1785) .
واتە : لەگەڵ پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم دەرچوو بۆ موسەڵا(جێگای نوێژ کردن)، کۆمەڵێ کەسی بینی کڕین وفرۆشتنیان دەکرد وفەرمووی : ئەی کۆمەڵی بازرگانان ، ئەوانیش وەڵامی پێغەمبەریان صلى الله عليه وسلم دایەوە و مل و چاویان بەرز کردەوە بۆ لای وفەمووی : بازرگانەکان لەڕۆژی دواییدا بەفاجری وخراپەکاری حەشر دەکرێن ، ئیلا مەگەر کەسێک نەبێت کەتەقوای خوا بکات وڕاستگۆ بێت .
5- بێئاگا نەبوون لەخێر وسەدەقە کردن ، قەیسی کوڕی ئەبو غەرزەتە دەڵێت : كان صلى الله عليه وسلم  يقول :  ( يَا مَعْشَرَ التُّجَّارِ إِنَّ الْبَيْعَ يَحْضُرُهُ اللَّغْوُ وَالْحَلِفُ ، فَشُوبُوهُ بِالصَّدَقَةِ )  . رواه الترمذي (1208) ، وأبو داود (3326) ، والنسائي (3797) ، وابن ماجه (2145 ) ، وصححه الألباني في "صحيح أبي داود" .
واتە :  پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەیفەرموو : ئەی کۆمەڵی بازرگانان کڕین وفرۆشتن توشی قسەی بێ سود وسوێند خواردنتان دەکات ، بۆیە تێکەڵی کەن بەخێر وسەدەقە کردن وسەدەقە بکەن .

6 - لێ بوردەیی ، و ئاسان کاری کردن ، جابری کوڕی عبداللە دەڵێت : پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی :   (رَحِمَ اللَّهُ رَجُلاً سَمْحًا إِذَا بَاعَ ، وَإِذَا اشْتَرَى ، وَإِذَا اقْتَضَى)  رواه البخاري (1970) .
واتە : ڕەحمەتی خوا لەو کەسەی کاتێ شت دەفرۆشێت لێ بوردە بێت وکاتێ شت دەکڕێت لێ بوردە بێت ، وکاتێ کەقەزاوەت دەکات نەرم ونیان بێت .

7- چاو پۆشی کردن لەکەسی هەژار وچاوەڕێی بکات کاتێ قەرزێکی دەکەوێتە لایەوە ، ئەبو یوسر دەڵێت : پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی :  (مَنْ أَنْظَرَ مُعْسِراً أَوْ وَضَعَ عَنْهُ أَظَلَّهُ اللَّهُ فِي ظِلِّهِ)   رواه مسلم ( 3006 ) .
واتە : هەرکەسێک چاو پۆشی بکات لەکەسی هەژار وچاوەڕێی بکات کاتێ قەرزێکی دەکەوێتە لایەوە خودا دەیخاتە ژێر سێبەری خۆیەوە .

8 - دوور کەوتنەوە لەمامەڵەی حەڕام وئەو سیفاتانەی کەگونجاو نین بۆ موسوڵمانان ، جا بازرگان بێت یاخود هەرکەسێکی تر ، وەک مامەڵەی ڕیبەوی ، وکڕین وفرۆشتنی غەرەر(فرۆشتنی شتی ناڕوون ونادیار) وکڕین وفرۆشتنی عینە وبازرگانی کردن بەشتی حەڕامەوە ، وغەش ودرۆ وفێڵ وهاوشێوەی ئەمانە .

9- هەروەها پێویستە بازرگانی باوەڕدار خۆی بڕازێنێتەوە بەڕەوشتی بەرز  و هاری کاری کەسی موحتاج بکات ، وئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برا بازرگانەکەشی پێی خۆش بێت ، وزۆر دوعا بۆ خۆی وموسوڵمانان بکات بەوەی حەڵاڵیان بداتێ ولەحەڕام بەدوور بن  .

10- پشت تەنها بەخودا ببەستێت ، ودڵی پەیوەند کات بەخوداوە نەک سەبەب ،وە دوور کەوێتەوە لەتەماح وڕەزیلی وشاردنەوەی کاڵا(الاحتكار)، وخۆی بڕازێنێتەوە بەڕاستگۆی وڕەوشت بەرزی وجوان مامەڵە کردن وسەغی بوون .

دووەم : جاسوسی کردن بەسەر بازرگانانەوە ، وزیان گەیاندن بەمونافەسە کردن ، وئەو قسەیەی کەدەڵێت : ڕەحم لەبواری بازرگانیدا نی یە ..هەموو ئەمانە حەڕامن و بۆ تاکی باوەڕدار گونجاو نی یە ، چونکە زیان گەیاندن بەموسوڵمان حەڕامە ، و پێویسته موسوڵمان ئەوەی بۆ خۆی پێی خۆشە بۆ برا موسوڵمانەکەشی پێ خۆش بێت ، و هەرشتێکی بۆ خۆی پێی ناخۆش بوو بۆ براکەشی پێی ناخۆش بێت  .

پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم فەرمووی  :   (لَا ضَرَرَ وَلَا ضِرَارَ)   رواه ابن ماجة (2340) وصححه الألباني في "صحيح ابن ماجة" .
واتە : نەزیان بەخۆت و نە بەکەس مەگەیەنە .

ئیمامی الشوكاني رحمه الله دەڵێت :

" فِيهِ دَلِيلٌ عَلَى تَحْرِيمِ الضِّرَارِ عَلَى أَيِّ صِفَةٍ كَانَ ، فَلَا يَجُوزُ فِي صُورَةٍ مِنْ الصُّوَرِ إلَّا بِدَلِيلٍ يُخَصُّ بِهِ هَذَا الْعُمُومَ " انتهى من "نيل الأوطار" (5/ 311) .
واتە : ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر حەڕامیەتی زیان گەیاندن بەهەر شێوەیەک بێت ، وبەهیچ شێوەیەک دروست نی یە مەگەر بەبەڵگەیەک کەئەو گشت گیریە تایبەت بکات .

وە ئیمامی (البخاري (13) ، ومسلم (45) ، والنسائي (5017) - واللفظ له) لەئەنەسەوە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خودا صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فەرموویەی :   (وَالَّذِي نَفْسُ مُحَمَّدٍ بِيَدِهِ لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ مِنْ الْخَيْرِ ) .
واتە : سوێند بەو کەسەی گیانی منی بەدەستە ئیمانی یەكێك لە ئێوە تەواو نییە هەتا بۆ براكەی پێی خۆش نەبێت ئەوەی كە بۆ خۆی پێی خۆشە لە خێر و چاكە . .

 الحافظ رحمه الله دەڵێت :

" الْكَرْمَانِيّ دەڵێت: لەئیمانەوەیە ئەوەی بۆ خۆی پێی ناخۆشە بۆ براکەشی پێی ناخۆش بێت " انتهى .

وەهەروەها دروست نی یە گومانی خراپ بەموسوڵمانان ببرێت ونابێ بەبرا بازرگانەکەی بڵێت : گەر من ئەوەی بەرانبەر نەکەم ئەو دەیکات ، بەڵکو گومانی باشی پێ دەبات ، و وەڵامی خراپە بەخراپە ناداتەوە بەڵکو لێبوردە دەبێت و چاو پۆشی دەکات ، هەروەک پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەم شێوەیە بوو .

پێویستە مونافەسەکە مونافەسەیەکی شەریفانە بێت و بونیاد نرابێت لەسەر ڕاستگۆی وبرایەتی وخۆشەویستی ، وسوور بێت لەسەر سەلامەتی دڵ ودوور کەوتنەوە لەستەم ، وخواردنی ماڵی خەڵک بەناحەق ، وڕەزیلی ، ونەشاردنەوەی کاڵایەک کەخەڵک پێویستى پێی بێت ..هتد .

سێیەم : مامەڵە کردن لەگەڵ کڕیاراندا پێویسته بونیاد نرابێت لەسەر ڕاستگۆی ، ودوور کەوتنەوە لەستەم وغەش ، و کاتێ تۆ کۆمەڵێ کەس بەکرێ دەگریت کە تێکەڵی کڕیارەکان دەبن وئامۆژگاریان دەکەن بەکڕینی شت ومەکەکانی تۆ ،موشتەریەکان وا گومان دەبەن هاری کاری ئەوانن بێگومان ئەو کارە حەڕامە ؛ چونکە بونیاد نراوە لەسەر غەش ودرۆ وفێڵ ، وپێچەوانەی ڕەوشتی موسوڵمانە کەڕاستگۆی وچاکەیە .

وە ئەوەی بەدیار دەکەوێت ، والله أعلم : ئەم جۆرە جۆرێکە لەکڕین وفرۆشتنی "النجش" کەفەرموودەی لەبارەوە هاتووە وحەڕامە .

ئیمامی النووي دەڵێت : " (النَّجْشُ) : أنْ يزيدَ في ثَمَنِ سلْعَة يُنَادَى عَلَيْهَا في السُّوقِ وَنَحْوه ، وَلاَ رَغْبَةَ لَهُ في شرَائهَا بَلْ يَقْصدُ أنْ يَغُرَّ غَيْرَهُ ، وهَذَا حَرَامٌ " انتهى من "رياض الصالحين" (174) .
واتە : نەجەش بریتی یە لەوەی کەسێک نرخی کاڵایەک زیاد بکات نەک بەنیەتی کڕینی بەڵکو بۆ سەرنج ڕاکێشان و ئیغڕا کردنی کڕیارەکانی تر ، ئا ئەمە حەڕامە .

وەئەوەی کەکەسی فرۆشیار دەیکات هەمان شتە ودەرناچێت لەکڕین وفرۆشتنی نەجەش .

بۆیە پێویسته بازرگانی موسوڵمان تەقوای خوا بکات ، وڕاستگۆ بێت لەگەڵ خەڵکدا ، وئەمین بێت ، وهەوڵی هێنانی شت ومەکی چاک بدات ، وڕەوشتی جوان بێت ئا ئەم شتانە سەرنجی موشتەری ڕادەکێشێت وسوودی دەبێت ، و لەبازاڕدا ناوبانگ دەر دەکات بەوەی ڕاستگۆیە و لەهەموو لایەکەوە دێن بۆ لای ، و خودا لای خەڵک خۆشەویستی دەکات .

چوارەم : واجب نی یە لەسەرت مەوادی شت و مەکەکانت بەموشتەریەکان بڵێیت ، و کاتێ یەکێ لەموشتەریەکان پرسیارت لێ دەکات ، ئەوا تۆ سەرپشکی لەوەی بەڕاستگۆی وەڵامی بدەیتەوە ، ویاخود داوای لێ بوردنی لێ بکەیت و وەڵامی نەدەیتەوە   .

بەڵام دروست نییه بەدرۆ وەڵامی بدەیتەوە .

سەردان: ٢٩٣ بەش: کڕین و فرۆشتن