75 ئامۆژگاری بۆ گەنجان و لاوان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
  75 ئامۆژگاری بۆ گەنجان و لاوان
پرسیار:

من وەکو گەنجێک پێم خۆشە هەندێ ئامۆژگاریم بکەن بۆ ئەوەى لە خراپە و تاوان بە دووربم و کردەوەى چاکەم زۆر بێ بۆ دواى مردنم 

سوپاس وستایش بۆ ئەو خودایەیی کە فەرموویەتی :  (وَلَقَدْ وَصَّيْنَا الَّذِينَ أُوتُواْ الْكِتَابَ مِن قَبْلِكُمْ وَإِيَّاكُمْ أَنِ اتَّقُواْ اللّهَ  ) [النساء:131].
واتە : وه‌ به‌ دڵنیایى ئامۆژگاری ئه‌وانه‌ی پێش ئێوه‌ له‌ ئه‌هلی كتاب وه‌ ئێوه‌ش ئه‌كه‌ین به‌وه‌ی كه‌ ته‌قوای خوای گه‌وره‌ بكه‌ن .

وە سەڵات وسەلام لەسەر پێغەمبەری ئازیز کە ئامۆژگاری کردووین وفەرموویەتی : { أوصيكم بتقوى الله عز وجل والسمع والطاعة }، 
واتە : ئامۆژگاریتان دەکەم بەتەقوای خودا وگوێڕایەڵی .
جا تەقوای خودا بەجێ بەجێکردنی فەرمانەکانی خودایە و بەدوور کەوتنەوە لە حەرام کراوەکانی دەبێت کەئەمە دەبێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی دونیا ودوا ڕۆژ .

ئا ئەمە چەند وەسیەت و ئامۆژگاریەکی بەنرخە لەبوارە جۆراو جۆرەکانی ژیاندا ، پێشکەشە بەگەنجان و لاوانی موسوڵمان بە ئومێدی ئەوەی سوود بەخش بێت: {والذكرى تنفع المؤمنين}. 
جا ئەو ئامۆژگاریانە بەکورتی بریتین لە :

1 - نیەتت بۆ خودا یەکلایی بکەرەوە ، وئاگاداری ڕیا بە لەگوفتار وکرداردا  .

2 - دوای سوننەتی پێغەمبەر بکەوە لەهەموو کایەکانی ژیاندا وبیکە پێشەنگی خۆت لەڕەوشت وکار وبارەکانی ڕۆژانەتدا .

3 - تەقوای خودا بکە ، وخۆت یەکلایی بکەرەوە بۆ بەجێ هێنانی هەموو فەرمانەکانی خودا ودوور کەونەوە لەهەموو ڕێگری لێکراوەکانی .

4 - تەوبە بکە و بگەڕێرەوە بۆ لای خودا ، وزۆر داوای لێ خۆش بوون بکەن  .

5 - هەست بەچاودێری خودا بکە لەهەموو کات و شوێنێکدا ، و بزانە خودا دەتبینێ و ئاگاداری هەموو ئەو شتانەیە کەلەدڵتیشدایە ، بۆیە کاتێک لەسەر ئینتەرنێتى وریابە خۆت لە تاوان بپارێزە و شەرم لە خوا بکە چونکە دڵنیابە خواى گەورە دەتبینێ .

6 - باوەڕ بەخودا وفریشتەکان وکتێبە ئاسمانیەکان و ڕۆژی دوای وقەزا وقەدەر بەخێر وشەڕیەوە بێنە .

7 - لاسای کەسانی تر مەکەرەوە لە تاوان و خراپەدا ، و کەسێکی وابەستەی کەسانی خراپ مەبە .

8 - ببە بە کەسێک کە پێشبڕکێ بکەیت لەخێر وچاکەدا بەڵکو پاداشتی ئەوانەت دەست کەوێت کەچاوت لێ دەکەن .

9 - ئەم کتابە ( رياض الصالحين ) پەیدا بکە وبیخوێنەوە وەهەروەها گرنگی بە کتابی ( زاد المعاد )ابن القيم بدە .

10 - پارێزگاری لەدەست نوێژ بکە و، وبەردەوام با دەست نوێژت هەبێت .

11 - پارێزگاری بکە لەنوێژ و لەیەکەم کاتی دا ئەنجامی بده لەگەڵ جەماعەتدا بەتایبەت نوێژی عیشا وبەیانی .

12 - خواردنێک مەخۆ کەبۆنی ناخۆشی لێ بێت وەک سیر وپیاز ، وە جگەر مەکێشە نەوەک کەسانی تر ئەزیەت بدەیت .

13 - پارێزگاری بکە لەنوێژی جەماعەت بەڵکو پلەی بەرز بەدەست بێنی  .

14 - زەکات بدە و خێر و صدەقە بکە و کەسێکی ڕەزیل مەبە  .

15 - زوو بچۆ بۆ نوێژی هەینی ، وریابە دوانەکەویت تاوەکو بانگ دەدات .

16 - ڕۆژووی ڕەمەزان بگرە وچاوەڕێی پاداشت ببە کە خودا لەتاوانەکانی پێش وپاشت خۆش دەبێت .

17 - ئاگادار بە بەبێ عوزر ڕۆژێک لەڕۆژووی ڕەمەزان نەشکێنیت وتاوان بار بیت .

18 - لەشەوانی ڕەمەزاندا شەو نوێژ بکە بەتایبەت شەوی قەدر وچاوەڕێی پاداشت بکە بەڵکو هەموو تاوانەکانی پێشووت بسڕدرێتەوە .

19 - پەلە بکە لەئەنجام دانی فەڕیزەی حەجدا گەر لەتواناتدا هەبوو و وریابە دوای نەخەیت.

20 - بەوردی قورئان بخوێنە ، وفەرمانەکانی جێ بەجێ بکە ودوور کەوەرەوە لەڕێگری لێکراوەکانی بەڵکوو ببێتە حوجە بۆت ولەڕۆژی دواییدا شەفاعەتت بۆ بکات .

21 - بەردەوام بە لەسەر زیکر ویادی خودا لەهەموو حاڵەت وبارێکدا وئاگادار بە کەسێکی بێ ئاگا نەبی .

22 - ئامادە بە لەمەجلیسی عیلم و زانست و زیکردا چونکە ئەو مەجلیسانە باخێکە  لەباخەکانی بەهەشت .

23 - چاوت بپارێزە لەعەوڕەتی کەسانی تر ، چونکە نەزەڕ تیرێکە لەتیرەکانی شەیتان  .

24 - جلەکەت درێژ مەکەرەوە بۆ ژێر پێت ، وبەفیزەوە بەڕێگادا مەڕۆ .

25 - جلی حەریر لەبەر مەکە چونکە ئەو جۆرە لە جل حەڕامە لەسەر پیاوان  .

26 - خۆت مەشوبهێنە بەئافرەتان ، وڕێگە مەدە ئافرەتەکانت خۆیان بشوبهێنن بەپیاوان .

27 - ڕیشت بهێڵەوە  چونکە فەرموودەی لەسەرە وپێغەمبەر فەرمانی پێ کردووە وفەرموویەتی : { أحفوا الشوارب وأعفوا اللحى } [رواه البخاري ومسلم].
واتە : سمێڵتان کورت بکەنەوە وڕیشتان بهێڵنەوە .

28 - هیچ شتێک مەخۆ تەنها حەڵاڵ نەبێت ، وهیچ خواردنەوەیەک مەخۆرەوە جگە لەحەڵاڵ نەبێت بەڵکو لەو کەسانە بیت کەدوعایان قەبوڵە .

29 - ناوی خودا بێنە لەکاتی خواردن وخواردنەوەدا ، وکاتێ تەواو بووی سوپاسی خودا بکە  .

30 - بەدەستی ڕاست بخۆ وبخۆرەوە وبەدەستی ڕاست ببەخشەو وەر بگرە .

31 - ئاگادار بە ستەم مەکە ، چونکە ستەم تاریکاییە لەڕۆژی دواییدا .

32 - هاوڕێیەتی هیچ کەسێک مەکە تەنها باوەڕدار نەبێ ، و با هیچ کەسێک خواردنت نەخوات تەنها کەسی بەتەقوا نەبێت .

33 - ئاگاداری ڕەشوە بە ، نەبیدە ونەوەری بگرە ، چونکە خاوەنەکەیان لەعنەتی لێ کراوە  .

34 - داوای ڕەزا بوونی خەڵک مەکە بەتوڕەبوونی خودا  .

35 - گوێڕایەڵی پێشەوای موسوڵمان بکە لەچاکەدا ، و بەچاکە بۆیان بپاڕێرەوە .

36 - ئاگاداری شایەتی دانی بەدرۆ بە وشایەتی مەشارەوە :  (وَلَا تَكْتُمُوا الشَّهَادَةَ وَمَن يَكْتُمْهَا فَإِنَّهُ آثِمٌ قَلْبُهُ وَاللّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ عَلِيمٌ )  [البقرة:283].
واتە : ] وه‌ شایه‌تی مه‌شارنه‌وه‌و هه‌ر كاتێك پێویست بوو بڕۆن شایه‌تی حه‌ق بده‌ن ، وه‌ هه‌ر كه‌سێك شایه‌تی بشارێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ڕاستی دڵی ئه‌و كه‌سه‌ تاوانباره‌ كه‌سێكه‌ سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ی كردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و شاردنه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ خاوه‌ن حه‌ق حه‌قه‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات ، به‌ڕاستی خوای گه‌وره‌ زۆر زانایه‌ به‌ كرده‌وه‌كانی ئێوه‌.

37  فەرمان بکە بەچاکە وڕێگری بکە لەخراپە : { وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ } [لقمان:17].
واتە : وه‌ فه‌رمان به‌ چاكه‌ بكه‌ ، وه‌ ڕێگری و قه‌ده‌غه‌ی خراپه‌ بكه‌، وه‌ ئارام بگره‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵاو موسیبه‌ت و ناخۆشیانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووت ئه‌بێته‌وه‌، به‌ دڵنیایى ئه‌مانه‌ له‌ كاره‌ گرنگ و چاكه‌كانه‌.

جا چاکە هەموو ئەو شتانەیە کەخودا وپێغەمبەرەکەی فەرمانیان پێ کردووە ، وخراپەش هەر شتێکە کەڕێگریان لێ کردووە  .

38 - واز لەهەموو حەڕامکراوەکان بێنە بچوک وگەورەی ، وبێ فەرمانی خودا مەکە ، ویارمەتی هیچ کەسێک مەدە لەسەر خراپە .

40 - نزیکی زینا مەکەوەرەوە ، خوای گەورە فەرموویەتی  :  (وَلاَ تَقْرَبُواْ الزِّنَى إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاء سَبِيلاً ) [الإسراء:32].
واتە :وه‌ ئێوه‌ نزیكی زینا مه‌كه‌ونه‌وه‌ وه‌ پێشه‌كیه‌كانی زینا هه‌مووی حه‌رامه‌ ، به‌دڵنیایى ئه‌مه‌ تاوانێكى بێزێنراوه‌ وه‌ خراپترین ڕێگایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌و دۆزه‌ختان ئه‌بات.

41 - چاک بە لەگەڵ دایک وباوکتدا ، وئاگادار بە خراپ نەبی لەگەڵیان .

42 - ئاگاداری سیلەی ڕەحم بە ، و وریابە نەیبچڕێنی .

43 - چاک بە لەگەڵ دراوسێیەکەتدا وئەزیەتی مەدە .

44 - زۆر سەردانی پیاو چاکان بکە لەپێناوی خودادا .

45 - لەپێناوی خودا خەڵکت خۆش بوێ ، وەهەر لەبەر خوادا ڕقت لەخەڵک بێت ، چونکە ئەوا بەهێزترین ئیمانە .

46 - لەگەڵ کەسانی چاک وساڵح دا دابنیشە ، ودوور بە لە مەجلیسی خراپ .

47 - خۆشی بخەرە دڵی موسوڵمانانەوە وپێویستیەکانیان بۆ جێ بەجێ بکە  .

48 - نەرم ونیان ولەسەر خۆ بە ، وپەلە پەل مەکە لەکار وبارەکاندا  .

49 - قسە بەکەسی بەرانبەر مەبڕە ، و بەجوانی گوێ بۆ بەرانبەر بگرە .

50 - سەلام بکە لەهەموو ئەوانەی دەیناسیت وئەوانەش کەنایناسیت .

51 - بەم شێوە سەلام بکە  ( السلام عليكم ورحمة الله وبرکاته)، و تەنها بەئیشارەت ودەست وسەر سەلام مەکە .

52 - جوێن بەهیچ کەسێک مەدە ، وبەخراپە وەسفی مەکە .

53 - لەعنەت لەکەس مەکە تەنانەت ئاژەڵیش وبێ گیانیش .

54 - تاوانی زینا مەدە پاڵ کەس چونکە ئەوە یەکێکە لەتاوانە گەورەکان .

55 - ئاگاداری دوو زمان وقسە هێنان وقسە بردن بە .

56- ئاگاداری غەیبەت کردن بە ، کەبریتی یە لەباسکردنی براکەت بەشتێک کەپێی ناخۆشە .

57 - هیچ موسوڵمانێک مەترسێنە .
58 - هەوڵی سوڵح بدە لەنێوان خەڵکدا چونکە باشترین کردەوەیە .

59- قسەی خێر بکە یاخود بێدەنگ بە  .

60 - ڕاستگۆبە ودرۆ مەکە چونکە درۆ بەرەو فجور وخراپەکاریت دەبات وخراپەکاریش بەرەو دۆزەخت دەبات .

61 - دوو ڕوو مەبە لای کەسانێک ڕوویەکت هەبێت ولای کەسانێکی تر ڕوویەکی تر .

62 - سوێند بەغەیری خودا مەخۆ وسوێند مەخۆ هەرچەند بەڕاستیش بێت .

63 - کەسانی تر بەکەم مەزانە چونکە هیچ کەسێک فەزڵی بەسەر کەسی ترەوە نی یە ئیلا بەتەقوا نەبێت  .

64 -مەچۆ بۆ لاى ساحر وجادوو گەر و بەڕاستیان مەزانە .

65 - وێنەی ڕوح لەبەر مەکێشە ، چونکە ئەو کەسانەی وێنە دەکێشن توندترین سزایان بۆ هەیە .

66 - لەماڵدا وێنەی ڕوح لەبەر دامەنێ چونکە مەلائیکە ناچێتە ماڵێکەوە وێنەی تێدا بێت .

67 - وەڵامی کەسێک بدەرەوە کەدەپژمێت وپێی بڵێ : ( يرحمك الله )، هەڵبەت گەر (الحمد للە)ی کرد .

68 - دوور کەوەرەوە لەفیکە و چەپڵە لێدان .

69 - پەلە بکە لەتەوبە کردندا ولەدوای خراپە چاکە بکە ودەیسڕێتەوە ومەڵێ دواتر تەوبە دەکەم .

70 - ئومێدت بەلێبودەیی خودا هەبێت وگومانی چاکی پێ ببە  .

71 - لەسزای خوا بترسە وئەمین مەبە لەسزا .

72 - ئارام گر بە وسوپاسی خودا بکە لەکاتی خۆشیدا  .

73 - زۆر کردەوەی چاکە بکە ئەوانەی کەدەمێننەوە لەدوای مردن ، وەک دروست کردنی مزگەوت وبڵاو کردنەوەی زانست .

74 - داوای بەهەشت لەخودا بکە وپەنای پێ بگرە لەدۆزەخ.

75 - زۆر سەڵاوات بدە لەسەر پێغەمبەرى خوا .

سەردان: ٦,٥٨٧ بەش: گەنجان و لاوان