فەزڵی زستان وکاری چاکە کردن تیایدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵی زستان وکاری چاکە کردن تیایدا
پرسیار:

هاوەڵان و پیاوچاکان چۆن گرنگیان بە وەرزى زستان داوە و چی دەفەرموون سەبارەت بە زستان؟

زستان باخچەی کەسانی گوێڕایەڵە ، و مەیدانی عابیدانە ، تایبەتمەندیەکی هەیە ڕۆژەکەی کورتە ، و شەوەکانی درێژە ، هەل و فرسەتێکی گەورەیە بۆ موسوڵمان بۆ خۆ نزیک کردن لە خواى گەورە بەئەنجام دانی نوێژ وڕۆژوو ، و هەموو جۆرە عیبادەتەکان ، کەسى باوەڕداری حەقیقی هەوڵی بەکار هێنانی دەدا لەچاکەدا ، وهەموو دەقە و چرکەکانى ژیانی لەگوێڕایەڵی خودادا بەسەر دەبات ، و هیچ هەلێک لەدەست نادات ، وهیچ ڕێگایەکی نزیک بوونەوە لەخودا لە کیس نادات ، جا زستان دەرگایەکی خێرە لەبەرانبەر موسوڵماندا بۆ بەدەست هێنانی خێر وپاداشت ، نوێژ وڕۆژوو گرتن تیایدا ئاسانە چونکە ڕۆژەکانی کورتە وشەوەکانی درێژە .
هەندێ لە بەڵگە و فەرمایشتی زانایان لەو بارەیەوە دەخەینە ڕوو :

1-  عامرى کوڕى مسعود، لەپێغەمبەرەوە گێڕاویەتیەوە کە فەرموویەتی ((الصوم في الشتاء: الغنيمة الباردة))؛ (رواه أحمد والطبراني، وحسنه الألباني).
واتە : ڕۆژوو لەزستاندا دەسکەوتێکە بە ئاسانی بەدەست دێت . 
 
وە ابن رجب الحنبلي رحمه الله لە کتابی : ( لطائف المعارف ) دا ، دەڵێت : (وكان أبو هريرة رضي الله عنه يقول: ألا أدلُّكم على الغنيمة الباردة؟ قالوا: بلى، فيقول: الصيام في الشتاء).
واتە : ئەبو هورەیرە دەیگوت ئایا پێتان بڵێم دەسکەوتی ئاسان بەدەست هاتووە لەخێر وچاکە چی یە ؟ گوتیان بەڵێ ، گوتی : ڕۆژوو گرتن لەزستاندا .
وە الإمام الخطابي دەڵێت : (الغنيمة الباردة؛ أي: السهلة، ولأن حرة العطش لا تنال الصائم فيه) .
واتە : غەنیمە باردە واتە : ئاسان ، چونکە کەسی ڕۆژووەوان توشی تینوێتی نایەت تیایدا .

وە  ابن رجب الحنبلي دەڵێت : معنى أنها غنيمة باردة: أنها حصلت بغير قتال ولا تعب ولا مشقة؛ فصاحبها يحوز هذه الغنيمة عفوًا صفوًا بغير كلفة.
واتە : واتای غەنیمەتی باریدە : پاداشت ودەس کەوتێکە بەبێ کوشتار وزەحمەت بەدەست دێت ؛ خاوەنەکەی ئەم پاداشتەی بەئاسانی و بێ ئەزیەت دەست دەکەوێت .
2-  عومەری کوڕی خەتاب رضي الله عنه فەرموویەتی : (الشتاء غنيمة العابدين)؛ (رواه أبو نعيم بإسناد صحيح).
واتە : زستان دەسکەوتی عابیدان وخوا پەرستانە .
3- الحسن البصري رحمه الله: دەڵێت  (نعم زمان المؤمن الشتاء؛ ليله طويل يقومه، ونهاره قصير يصومه).
واتە : باشترین زەمانی باوەڕدار زستانە ، شەوەکەی درێژە و شەونوێژی تێدا دەکات ، وڕۆژەکەشی کورتە وتیایدا بەڕۆژوو دەبێت .
4- عوبەیدی کوڕی عومەیر کەیەکێکە لەگەورە تابعیەکان کاتێ زستان بهاتبایە دەیگوت : (يا أهل القرآن، طال ليلكم لقراءتكم فاقرؤوا، وقصر النهار لصيامكم فصوموا).
واتە : ئەی ئەهلی قورئان ، شەوەکەتان درێژە بۆ خوێندنی قورئان و دەی قوڕئان بخوێنن ، و ڕۆژیش کورتە بۆ ڕۆژووەکەتان و بەڕۆژوو بن .

5- وە ابن رجب الحنبلي دەڵێت : (قيام ليل الشتاء يعدِل صيام نهار الصيف).
واتە : شەونوێژ لەزستاندا هاوشێوەی ڕۆژووی هاوینە .

6- وە أبو هريرة رضي الله عنه شەوەکانی دەکرد بەسێ بەشەوە لەنێوان شەونوێژ  ونوستن ، وگەڕان بەدوای زانستدا ، ودەیگوت : شەوم کردووە بەسێ بەشەوە : سێیەکێکی نوێژ دەکەم ، وسێ یەکێکی دەنوم ، وسێ یەکێکی فەرموودەکانی پێغەمبەری خوای تێدا موڕاجەعە دەکەمەوە .

7- وە معاذ بن جبل رضي الله عنه لەکاتی سەرەمەرگدا دەگریا ، پێیان گوت : ئایا لەمردن دەترسیت وا دەگریەیی ؟!
 گوتی : ((ما لي لا أبكي، ومن أحق بذلك مني؟ والله ما أبكي جزعًا من الموت، ولا حرصًا على دنياكم، ولكني أبكي على ظمأ الهواجر، وقيام ليل الشتاء)؛ 
واتە : چۆن نەگریم ، کێ لەمن لەپێش ترە بۆ گریان ، سوێند بەخوا لەترسی مردن ناگریم ، و دونیاکەی ئێوەم خۆش ناوێ ، بەڵکو بۆ بەڕۆژوو بوون لەهاویندا دەگریم ، وشەو نوێژ لەزستاندا .

وە لە کاتی سەرە مەرگدا (قتادة أن عامر بن قيس) دەگریا ، پێی وترا ، چ شتێک دەتگریەنێ ؟ ،
گوتی : لەترسی مردن ناگریم ، وەلەبەر دونیاش نییە ، بەڵکو بۆ ڕوژووی هاوین ، وشەو نوێژی زستان دەگریم  .

ویەکێکی تر لەپێشینان لەکاتی سەرەمەرگدا زۆر بەکوڵ دەگریا ، پێی گوترا بۆ دەگری ؟ 
گوتی : بۆ ئەوە دەگریم خەڵک بەڕۆژوو بوبێتن و من لەوان نەبم ، وخەڵک شەو نوێژیان کردبێت ومن لەوان نەبم ، ئا ئەوە دەمگرێنێ .

8- وە تابعی بەڕێز (معضد أبو زيد العجلي) دەڵێت : گەر سێ شت نەبوایە : تینویەتی هاوین کاتێ کەبەڕۆژووین ، ودرێژی زستان ، وچێژی موناجات بەقورئان ئەوا هیچ گوێم لێ نەبوو تەنانەت گەر مێشەنگێکیش بوومایە .

سەردان: ٤,٤٣٥ بەش: هەمەجۆر