چێشت لێنان و ئیش و کارى ماڵ بە لەشگرانییەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چێشت لێنان و ئیش و کارى ماڵ بە لەشگرانییەوە
پرسیار:

ئایا دروستە بۆ ئافرەت کە کارە بەردەوامەکانی ڕۆژانەی وەکو چێشت لێنان وچاودێری کردنی منداڵ و کاروباری ماڵ ئەنجام بدات پێش خۆشۆردن بۆ لەشگرانی؟

سەرەتا ئەوە بزانە کە نوێژ و تەواف و مانەوە لە مزگەوت و دەستدان لە قورئان و جگە لەمانەش ،حەڕامە لەسەر ئەو کەسەی کە لە لەشگرانیدایە.
بەڵام ئەگەر ئافرەت لە لەشگرانیدا بێت هیچی تێدا نییە کە چێشت بکات یان هەستێ بە چاودێری کردنی ماڵ و منداڵ ۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی . 

ئەمەش بەڵگەی لەسەرە:

هاوەڵی بەڕێز ئەبو هریرة گەشت بە پێغەمبەری خوا لەکاتێکدا لە لەشگرانیدا بوو ،ئەبو هریرة دەفەرموێت منیش خۆم لێی دزییەوە و ڕۆشتم و خۆم شۆرد، پاشان هاتمەوە بۆ لای ،وتی ئەوە لەکوێ بوی ئەی ئەبو هریرة ؟ وتم : من لە لەشگرانیدا بووم بۆیە بە باشم نەزانی لەگەڵتدا دانیشم وبمێنمەوە لەکاتێکدا من لە پاکێتیدا نەبم ، پێغەمبەریش صلی الله عیه وسلم فەرموی: سبحان الله ، بەڕاستی موسڵمان پیس نابێت.(متفق علیه).

ئیمامی ابن حجر دەفەرموێت: ئەمە بەڵگەی دروستێتی دواخستنی غوسلی تێدایە لە سەرەتای کاتەکەی، وە دروستێتی ئەوەی تێدایە کە لەشگران دەتوانێ پێداویستییەکانی ڕاپەڕێنێت.
(فتح الباري: 1/391)

بەڵام باشتر وایە بۆ کەسی لەشگران کە پەلە بکات بۆ غوسل کردن لە ترسی بیرچونەوە، خۆ ئەگەر دەستنوێژی کرد پێش خواردن و خواردنەوەی و خەوتنی ئەوە چاکترە، ئەم دەست نوێژە واجب نیە بەڵکو بۆ سوککردن و ئاسانکردنەوەی لەشگرانیەکەیە، بەڵگەش ئەم فەرمودانەیە:

۱- عائشة ڕەزاى خواى لێ بێ دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا کاتێک لە لەشگرانیدا بوایە وە بیویستایە کە بخوات یا بخەوێت دەستنوێژی دەگرت وەکو دەستنوێژ گرتن بۆ نوێژ. رواه مسلم.
۲- عبدالله ی کوڕی عمری کوڕی خطاب ڕەزاى خوا لە خۆى و باوکى بێ دەفەرموێت باوکم پرسیاری لە پێغەمبەری خوا کرد کە ئایا کەسێک لە ئێمە دروستە بخەوێت کاتێک کە لە لەشگرانی وجەنابەتدا بوو؟

فەرموی: بەڵێ،ئەگەر یەکێ لە ئێوە دەستنوێژی گرت ئەوە دەتوانێ بخەوێت لەکاتێکیشدا لەشگرا بێت.(متفق علیه).

 ئیمامی نەوەوی دەفەرموێت:

چاک وایە و سوننەتە کە بۆ ئەم کارانە دەستنوێژ بگرێت و عەورەتی بشۆرێت، بەتایبەتی ئەگەر ویستی جیماع دوبارە بکاتەوە چونکە دڵنیا دەبێتەوە لە شۆردنی عەورەتی، وە هاوەڵانمان لە مەزهەبی شافعی ڕایان وایە کە خەوتن و خواردن و خواردنەوە پێش دەست نوێژگرتن کەراهەتی هەیە و کارێکی باش نییە، وە مالکیش ئەمەی وتوە تەنانەت زۆرینەی زانایانیش.
شرح مسلم(3/ 217).

شیخ الإسلام ابن تیمیة دەفەرموێت:
ئەوەی لەشگرانە سوننەتە بۆی کە دەستنوێژ بگێرت کاتێک کە ویستی بخوات یان بخواتەوە یان سەرجێیی دوبارە بکاتەوە، بەڵام ئەگەر بە لەشگرانییەوە بخەوێت پێش دەستنوێژ گرتن کەراهەتی هەیە و باش نییە، چونکە لە سەحیحدا هاتووە کە پێغەمبەری خوا ئایا دەتوانین بخەوێت کاتێک کە لەشگران بێت؟ فەرموی: بەڵێ ئەگەر دەستنوێژی گرتبێ.
مجموع الفتاوی(21/343)

سەردان: ٥,٧١٧ بەش: خۆشۆردن (غوسل)