حوکمی گریان لە ناو نوێژدا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی گریان لە ناو نوێژدا
پرسیار:

ئایا حوکمى گریان لە ناو نوێژدا چیە؟ وە ئایا دەبێتە هۆى بەتاڵ بوونەوەى نوێژ؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

گریان لە نوێژدا ئەگەر بەهۆکاری ترسی خوای گەورە بوو یان بیرکردنەوە لە قیامەت یان تێپەڕبوون بەسەر ئەو ئایەتانەی کە باسی هەڕەشەو ئاگادارکردنەوەن ئەوە نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەهۆی موسیبەت و بەڵایەکەوە بێت کە بەسەریدا هاتووە کە پەیوەندی بە نوێژەکەوە نەبێت ئەوە نوێژەکەی بەتاڵ ئەبێتەوە .

گریان لە نوێژدا ئەگەر لە ترسی خوای گەورەدا بوو ئەوە ڕێگەپێدراوە، وە لەسیفاتی کەسە لەخواترس و بە خشوعەکانە.

عبدالله ی کوڕی شخّیر دەفەرموێت: هاتم بۆ لای پێغەمبەری خوا لەکاتێکدا نوێژی دەکرد لە سینگیدا ده‌نگێكى لێوه‌ دەبیسترا وه‌كو ده‌نگى كوڵێنه‌ر كاتێك له‌سه‌ر ئاگر بێت - واتا دەگریا -
(صححه الألباني في سنن النسائي).
 
زانای پایەبەرزیش محمد بن صالح العثیمین ڕەحمەتی خوای لێبێ دەفەرموێت:

گریان لەکاتی قورئان خوێندن و سوجدە و دوعادا لە سیفاتی کەسە چاکەکانە، مرۆڤیش لەسەری پاداشت ئەدرێتەوە.
مجموع فتاوی ورسائل ابن عثيمين(۱۳/۲۳۸).

بەڵام گریان لەناو نوێژدا بەهۆی ڕووداو و موسیبەتێکی دونیایەوە: ئەگەر زۆری بۆ هێناو نەیتوانی خۆی ڕاگرێ ئەوە هیچی لەسەر نییە و نوێژەکەی پێی بەتاڵ نابێتەوە، بەڵام ئەگەر توانای ئەوەی هەبوو کە نەیهێڵێت و خۆڕاگڕ بێت بەڵام گریا بە دەنگەوە ئەوە یەکێکە لە بەتاڵکەرەوەکانی نوێژ بە لای هەر چوار مەزهەبەکەوە، هەندێکیشیان وەکو ئیمامی شافعي و أحمد ئەوەیان بە مەرج گرتووە بۆ بەتاڵ بونەوەکە کە دەبێت دوو پیتی لێوە دەربچێت.
الموسوعة الفقهية(۱۷۰/۸).

ئیمامی ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێبێ ئەفەرموێت:

گریان و نوزەنوز کردن لە نوێژدا کە دوو پیتی لێوە دەرچێت ئەگەر زۆری بۆی هێنابێ و نەیتوانیبێ ڕایگرێ ئەوە کاریگەری نیە لەسەر نوێژەکەی ، بەڵام ئەگەر زۆری بۆ هێنابێ وتوانای ڕاگرتنی هەبوبێ و بۆ ترس نەبێ لەخوای گەورە و لەبەر شتێکی دونیایی بێ ئەوە نوێژ بەتاڵ ئەکاتەوە.
المغني(۳۹٤/۱- ۳۹٥).

شێخی ئیسلام ابن تیمیة ش ئەفەرموێت:
ئەوەی کە بەسەر نوێژخوێندا دێت لە پژمین و گریان و باوێشک وتەی ڕاست و دروست لای جمهوری زانایان ئەوەیە کە نوێژ بەتاڵ ناکەتەوە وە لە ئیمامی ئەحمەد وجگە لەویشەوە ئەمە گێڕاوەتەوە .
مجموع الفتاوی (۲۲/٦۲۳).

هەروەها ابن عثیمین ئەفەرموێت:

گریان لە نوێژدا ئەگەر بەهۆکاری ترسی خوای گەورە بوو یان بیرکردنەوە لە قیامەت یان تێپەڕبوون بەسەر ئەو ئایەتانەی کە باسی هەڕەشەو ئاگادارکردنەوەن ئەوە نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەهۆی موسیبەت وبەڵایەکەوە بێت کە بەسەریدا هاتووە کە پەیوەندی بە نوێژەکەوە نەبێت ئەوە نوێژەکەی بەتاڵ ئەبێتەوە، هەر بۆیە پێویستە چارەسەری ئەو گریانەی بکات کە پەیوەندی بە نوێژەکەیەوە نییە وە لەناو نوێژەکەشیدا گرنگی بە شتی تر نەدات چونکە بیرکردنەوە لە شتێک پەیوەست نەبێ بە نوێژەوە لە پاداشتی نوێژەکە زۆر کەم دەکاتەوە. 
فتاوی نور علی الدرب (۱٤۱/۹).

سەردان: ٤,٧٦١ بەش: نوێژ