تەیەموم : حوکم و ئاداب و چۆنێتى و هەڵوەشێنەرەوەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تەیەموم : حوکم و ئاداب و چۆنێتى و هەڵوەشێنەرەوەکانى
پرسیار:

تەیەموم تا چەند دروست و شەرعیە؟ چ کاتێک دروستە تەیەموم بکرێ؟ تەیەموم كردن چۆن دەکرێ؟ وە بە چی هەڵدەوەشێتەوە؟

تەیەموم
یەکەم : شەرعیەت بوون و ڕێگەپێدانی :
خوای گەورە فەرموویەتی: [وَإِنْ كُنْتُمْ مَرْضَىٰ أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِنْكُمْ مِنَ الْغَائِطِ أَوْ لَامَسْتُمُ النِّسَاءَ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُمْ مِنْهُ ...] [الـمائدة] .
واتە : وە ئەگەر نەخۆش بوون یان لەسەر سەفەر بوون یان یەكێك لە ئێوە لەسەرئاوەوە هات یان ڕۆیشتنە لای ئافرەتان و ئاوتان دەست نەكەوت ئەوا تەیەموم بكەن بە ڕووی زەویەكی پاك و دەست بێنن بە ڕوومەت و هەردوو دەستتاندا ...
وە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی :  ((إِنَّ الصَّعِيدَ الطَّيِّبَ طَهُورُ الْمُسْلِمِ وَإِنْ لَمْ يَجِدِ الْمَاءَ عَشْرَ سِنِينَ))(1).
واتە : بەڕاستی ڕووی زەوی خاوێن پاككەرەوەی موسڵمانە ئەگەر چی ئاوی دەست نەكەوێت بۆ (10) دە ساڵیش . 
دووەم : هۆكارە حەڵاڵكەرەكانی تەیەموم :
تەیەموم كردن حەڵاڵ دەبێت لە كاتی بێ‌توانابوون لە بەكارهێنانی ئاودا لەبەر دەست نەكەوتنی یان لەبەر مەترسی زیان پێ‌گەیشتن لە بەكارهێنانیدا بە هۆی نەخۆشیەك لە لەشدا یان بە هۆی سەرمای زۆرەوە :

عَنْ عِمْرَانَ بْنِ حُصَيْنٍ قَالَ : ((كُنَّا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) فِي سَفَرٍ ، فَصَلَّى بِالنَّاسِ فَلَّمَا انْفَتَلَ مِنْ صَلاَتِهِ إِذَا هُوَ بِرَجُلٍ مُعْتَزِلٍ لَمْ يُصَلِّ مَعَ الْقَوْمِ فَقَالَ : مَا مَنَعَكَ يَا فُلاَنُ أَنْ تُصَلِّيَ مَعَ الْقَوْمِ ؟ فَقَالَ : أَصَابَتْنِي جَنَابَةٌ وَلاَ مَاءَ ، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) : عَلَيْكَ بِالصَّعِيدِ فَإِنَّهُ يَكْفِيكَ))(2). 
واتە : ئێمە لە سەفەرێكدا لەگەڵ پێغەمبەری خوادا بووین (صلى الله عليه وسلم) ، جا نوێژی كرد بە خەڵكەكە و كاتێك لە نوێژەكەی بوویەوە بینی وا پیاوێك دوورەپەرێزە و لەگەڵ خەڵكەكەدا نوێژی نەكردووە بۆیە پێ‌ی فەرموو : ئەی فڵان چی بووە ڕێگر لەوەی كە لەگەڵ ئەو خەڵكەدا نوێژ بكەیت ؟ وتی : توشی لەشگرانی بوومە و ئاویش دەست ناكەوێت ، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی : برۆ تەیەموم بكە بە ڕووی زەوی و ئەوەت بەسە . 
وَعَنْ جَابِرٍ   قَالَ : خَرَجْنَا فِي سَفَرٍ فَأَصَابَ رَجُلاً مِنَّا حَجَرٌ فَشَجَّهُ فِي رَأْسِهِ ثُمَّ احْتَلَمَ ، فَسَأَلَ أَصْحَابَهُ فَقَالَ : هَلْ تَجِدُونَ لِي رُخْصَةً فِي التَّيَمُّمِ ؟ فَقَالُوا : مَا نَجِدُ لَكَ رُخْصَةً وَأَنْتَ تَقْدِرُ عَلَى الْمَاءِ ، فَاغْتَسَلَ فَمَاتَ ، فَلَمَّا قَدِمْنَا عَلَى النَّبِيِّ (صلى الله عليه وسلم) أُخْبِرَ بِذَلِكَ ، فَقَالَ : ((قَتَلُوهُ قَتَلَهُمُ اللَّهُ ، أَلاَّ سَأَلُوا إِذْ لَمْ يَعْلَمُوا ؟ فَإِنَّمَا شِفَاءُ الْعِيِّ السُّؤَالُ ، إِنَّمَا كَانَ يَكْفِيهِ أَنْ يَتَيَمَّمَ))(3).
واتە : لە سەفەرێكدا دەرچووین و پیاوێك بەردێكی بەركەوت و سەری بریندار كرد ئەنجا لەشگران بوو ، پرسیاری كرد لە هاوەڵەكانی و وتی : ئایا وا دەبینن كە مۆڵەتم بۆ هەبێت لە تەیەموم كردندا ؟

ئەوانیش وتیان : وا نابینین مۆڵەتت بۆ هەبێت لە تەیەموم كردندا لە كاتێكدا كە تۆ دەتوانیت ئاو بەكار بێنیت ، ئەویش خۆیی شۆرد و بەو هۆیەوە مرد .

 جا كاتێك گەڕاینەوە بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی ئەوەیان پێ‌ڕاگەیاند ، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی : كوشتیان خوا بیانكوژێت ، ئایا بۆ پرسیاریان نەكرد لە كاتێكدا كە نەیانزانی ؟ چونكە بەڕاستی چارەسەری نەزانین پرسیار كردنە ، تەنها ئەوەندەی بەس بوو كە تەیەمومی بكردایەت .

وَعَنْ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ  أَنَّهُ لَمَّا بُعِثَ فِي غَزْوَةِ ذَاتِ السَّلاَسِلِ قَالَ : احْتَلَمْتُ فِي لَيْلَةٍ بَارِدَةٍ شَدِيدَةِ الْبَرْدِ ، فَأَشْفَقْتُ إِنِ اغْتَسَلْتُ أَنْ أَهْلِكَ ، فَتَيَمَّمْتُ ثُمَّ صَلَّيْتُ بِأَصْحَابِي صَلاَةَ الصُّبْحِ ، فَلَمَّا قَدِمْنَا عَلَى رَسُولِ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) فَقَالَ : ((يَا عَمْرُو صَلَّيْتَ بِأَصْحَابِكَ وَأَنْتَ جُنُبٌ ؟ فَقُلْتُ : ذَكَرْتُ قَوْلَ اللَّهِ تَعَالَى : [وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ كَانَ بِكُمْ رَحِيمًا  ٢٩ ] [النساء] ، فَتَيَمَّمْتُ ثُمَّ صَلَّيْتُ ، فَضَحِكَ رَسُولُ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) وَلَمْ يَقُلْ شَيْئاً))(4).
واتە : عەمری كوڕی عاص  كاتێك كە نێردرا لە غەزای (ذاتِ السَّلاسِل)دا فەرمـووی : لە شەوێكی ساردی زۆر ساردا لەشـگران بووم ، بۆیە بەزەییم بە خۆمـدا هاتەوە و ترسـام ئەگـەر خۆم بشۆرم تیابـچـم ، بۆیە تەیەمـومم كرد و ئەنجا نوێژی بەیانم كرد بە هاوەڵەكانم بە جەماعەت ، وە كاتێك كە گەڕاینەوە بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی : ئەی عەمر نوێژت كرد بە هاوەڵەكانت لە كاتێكدا كە لەشگران بوویت ؟ منیش وتم : ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەم وەبیرهاتەوە : [خۆتان مەگوژن چونكە بەڕاستی خوا بەزەیی پێتان دێتەوە] ، بۆیە تەیەمومم كرد و ئەنجا نوێژم كرد ، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) پێ‌كەنی و هیچی نەووت .

صەعید چییه ؟
لە كتێبی "لِسَانُ الْعَرَب"دا(5) فەرموویەتی : صەعید : زەوییە ، وە وتراوە : زەوی پاكە ، وە وتراوە : بریتییە لە هەموو خۆڵێكی پاك ، وە لە قورئاندا هاتووە : [فتیمموا صعیدا طیبا] (تەیەموم بكەن بە صەعیدێكی پاك) ، أبو إسحاق وتویەتی : صەعید : ڕووی زەوییە ، وە پێویستە لەسەر مرۆڤــ هەردوو دەستی بدات بە ڕووی زەویدا و گوێ‌نەدات بەوەی كە ئایا لەو جێ‌یەدا خۆڵ هەیە یان نییە ، چونكە صەعید بریتی نییە لە خۆڵ بەڵكو بریتییە لە ڕووی زەوی خۆڵ بێت یان جگە لە خۆڵ ، هەروەها فەرموویەتی : وە ئەگەر زەوییەك هەمووی بەرد بوو خۆڵی لەسەر نەبوو ئەنجا كەسی تەیەمومكار دەستی دا بەسەر ئەو بەردەدا ئەوا ئەوە خاوێنكەرەوەیە بۆی ئەگەر مەسحی ڕوومەتیشی پێ‌ بكات .

سێیەم : چۆنێتی تەیەموم كردن :
عَنْ عَمَّارِ بْنِ يَاسِرٍ  قَالَ : ((أَجْنَبْتُ فَلَمْ أُصِبِ الْمَاءَ ، فَتَمَعَّكْتُ(6) بِالصَّعِيدِ وَصَلَّيْتُ ، فَذَكَرْتُ ذَلِكَ لِلنَّبِيِّ (صلى الله عليه وسلم) فَقَالَ : إِنَّمَا كَانَ يَكْفِيكَ هَكَذَا ، فَضَرَبَ النَّبِيُّ (صلى الله عليه وسلم) بِكَفَّيْهِ الأَرْضَ ، وَنَفَخَ فِيهِمَا ، ثُمَّ مَسَحَ بِهِمَا وَجْهَهُ وَكَفَّيْهِ))(7).
واتە : لەشگران بووم و ئاوم دەست نەكەوت ، بۆیە خۆمم پلدا بەسەر ڕووی زەویدا و نوێژم كرد ، ئەوەم باس كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویش فەرمووی : تەنها ئەوەندەت بەس بوو وەكو ئەمەت بكردایەت ، ئەنجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەردوو نێو لەپی دا بە زەویدا و فووی لێیان كرد و پاشان هەردوو دەستی هێنا بە ڕوومەتی و هەردوو لەپیدا .
سوودێـك : ئەصڵ و بـنـەوا لە تەیەمومــدا ئەوەیـە كـەوا جێ‌ی دەستنوێـژ دەگرێتەوە ، بۆیە ئەنجامدانی ئەو كردارانەی پێ‌ حەڵاڵ دەبێت كە بە دەستنوێژ حەڵاڵ دەبن ، وە تەیەموم كردن پێش ڕۆیشتنە نێو كاتی نوێژەوە دروستە هەروەكو چۆن دەستنوێژگرتن وایە ، وە بەو تەیەمومەوە ئەوەندەی ویستی لـێ‌بێت نوێژی پێوە دەكات هەروەكو چۆن نوێژ بكات بە دەستنوێژەوە .

چوارەم : هەڵوەشێنەرەوەكانی :
تەیەموم هەڵدەوەشێتەوە بەوانەی كە دەستنوێژیان پێ‌هەڵدەوەشێتەوە ، هەروەها هەڵدەوەشێتەوە بە دەستكەوتنی ئاو بۆ كەسێك كە دەستی نەكەوتبێت ، وە بە توانا هەبوون بەسەر بەكارهێنانیدا بۆ كەسێك كە بێ‌توانابووبێت لەبەكارهێنانیدا ، وە ئەو نوێژانەی كە لە ڕابردوودا بە تەیەمومەوە كردوویەتی درووستن و گێڕانەوەیان لەسەری پێویست نییە . 
عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ  قَالَ : ((خَرَجَ رَجُلاَنِ فِي سَفَرٍ ، فَحَضَرَتِ الصَّلاَةُ وَلَيْسَ مَعَهُمَا مَاءٌ ، فَتَيَمَّمَا صَعِيدَاً طَيِّبَاً فَصَلَّيَا ، ثُمَّ وَجَدَا الْمَاءَ فِي الْوَقْتِ ، فَأَعَادَ أَحَدُهُمَا الصَّلاَةَ وَالْوُضُوءَ ، وَلَمْ يُعِدِ الآخَرُ ، ثُمَّ أَتَيَا رَسُولَ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم) فَذَكَرَا ذَلِكَ لَهُ ، فَقَالَ لِلَّذِي لَمْ يُعِدْ : أَصَبْتَ السُّنَّةَ وَأَجْزَأَتْكَ صَلاَتُكَ ، وَقَالَ لِلَّذِي تَوَضَّأَ وَأَعَادَ : لَكَ الأَجْرُ مَرَّتَيْنِ))(8).
واتە : دوو پیاو دەرچوون بۆ سەفەرێك ، كاتی نوێژ ئامادە بوو و هەردووكیشیان ئاویان پێ‌نەبوو ، بۆیە هەردووكیان تەیەمویان كرد بە ڕووی زەویەكی پاك و نوێژیان كرد ، ئەنجا هەردووكیان لە كاتی نوێژەكەدا ئاویان دەست كەوت ، یەكێكیان دەستنوێژی گرت و نوێژەكەی دووبارە كردەوە ، وە ئەوی تریان دووبارەی نەكردەوە ، ئەنجا هاتن بۆ لای پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەوەیان بۆی باسكرد ، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەوەیانی فەرموو كە نوێژەكەی دووبارە نەكردبووەوە : تۆ سوننەتت پێكاوە و نوێژەكەتیش جێ‌ی خۆیی گرتووە ، وە بەوەیان كە دەستنوێژی گرت و نوێژەكەی دووبارە كردەوە فەرمووی : تۆ دوو جار پاداشتت بۆ هەیە .
سوودێك : هەركەسێك برینێكی پێوە بوو پێچابویەوە یان شكانێك گرتبویەوە ، ئەوا شۆردنی ئەو جێگایەی لەسەر دەكەوێت و پێویست نییە لەسەری مەسحی لەسەر بكات ، وە پێویستیش نییە لەسەری تەیەمومی بۆ بكات .
بەڵگەش لەسەر ئەوە فەرمایشتی خوای گەورەیە: { لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا ۚ] [البقرة] .
واتە : خـوا ئەرك ناخـاتە سەر هیچ كەسێـك ئیـللا بە پـێ‌ی توانای خۆی نەبێت . 
وە فـەرمایشتـی پێغـەمبەرە (صلى الله عليه وسلم) : ((إِذَا أَمَرْتُكُمْ بِأَمْرٍ فَأْتُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْـتُمْ))(9).
واتە : ئەگەر فەرمانم پێ‌كردن بە شتێك ئەوا ئەوەندەی ئەنجام بدەن كە لە تواناتاندایە .
كەواتە بە بەڵگەی قورئان و سوننەت شۆردنی هەموو ئەو جێیانەی كە لە توانای مرۆڤدا نییە بیانشۆرێت لەسەری دەكەوێت ، وە لەجێ‌بۆدانان شەرعە ، وە شەرعیش پێویست نابێت ئیللا بە قورئان و سوننەت نەبێت ، وە قورئان و سوننەتیش نەهاتووە بە لەجێ‌دانانی مەسح كردن لەسەر شوێنی گیراوە و دەرمان لەسەردانراو لە بری شۆردنی ئەو جێ‌یەی كە مرۆڤــ ناتوانێت بیشۆرێت ، كەواتە فەتوادان بەوە بێ‌كەڵك دەبێت و كاری پێ‌ناكرێت(10).

دروستێتی تەیەموم كردن بە دیوار (11) :عَنْ ابْنِ عَبَّاسٍ قَالَ : ((أَقْبَلْتُ أَنَا وَعَبْدُ اللَّهِ بْنُ يَسَارٍ مَوْلَى* مَيْمُونَةَ زَوْجِ النَّبِيِّ (صلى الله عليه وسلم) حَتَّى دَخَلْنَا عَلَى أَبِي جُهَيْمِ بْنِ الْحَارِثِ بْنِ الصِّمَّةِ الأَنْصَارِيِّ ، فَقَالَ أَبُو الْجُهَيْمِ : أَقْبَلَ النَّبِيُّ (صلى الله عليه وسلم) مِنْ نَحْوِ بِئْرِ جَمَلٍ(12) فَلَقِيَهُ رَجُلٌ فَسَلَّمَ عَلَيْهِ ، فَلَمْ يَرُدَّ عَلَيْهِ النَّبِيُّ (صلى الله عليه وسلم) حَتَّى أَقْبَلَ عَلَى الْجِدَارِ ، فَمَسَحَ بِوَجْهِهِ وَيَدَيْهِ ، ثُمَّ رَدَّ عَلَيْهِ السَّلاَمَ))(13).
واتە : (عَبْدُ اللَّه)ی كوڕی (عَبَّاس) فەرمووی : من و (عَبْدُ اللَّه)ی كوڕی (یسار)ی هاوكار و دۆستی* (مَیْمُونَە)ی خێزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتین و تاوەكو ڕۆیشتینە ژوورەوە بۆ لای (أَبُو جُهَیْم)ی كوڕی (الْحَارث)ی كوڕی (الصِّمَّە)ی ئەنصاری ، (أَبُو الْجُهَیْم) فەرمووی : پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە لای (بیری جەمەلەوە) هات و پیاوێكی پێ‌گەیشت و سەلامی لـێ‌ی كرد ، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وەڵامی نەدایەوە تاوەكو ڕووی كرد لە دیوارێك و مسحی ڕوومەت و هەردوو دەستی كرد ئەنجا وەڵامی سەلامەكەیی دایەوە .

وەرگیراوە لە کتێبی : (كورتەیەك لە فیقهی سوننەت و قورئانی ئازیز ) لە وەرگێڕانى بەڕێز : مامۆستا محمد عبدالرحمن


(1) صحيح : [ص . د 322] ، ت (1 / 81 / 124) ، د (1 / 582 / 329) ، ن (1 / 171) بألفاظ متقاربة .
(2) متفق عليه : خ (1 / 477 / 344) ، م (1 / 474 / 682) ، ن (1 / 171) .
(3) حسن : [ص . د 326] ، د (1 / 532 / 332) ، وە ئەم فەرموودەیە زیادەیەكی نابەجێ‌ی تێدایە كە بریتییە لە : ((... وَيَعْصِرَ أَوْ يَعْصِبَ عَلَى جُرْحِهِ خِرْقَةً ثُمَّ يَمْسَحَ عَلَيْهَا وَيَغْسِلَ سَائِرَ جَسَدِهِ)) .
واتە : "... وە پارچە پەڕۆیەك بپێچێت لە برینەكەی و ئەنجا دەستی بەسەردا بێنێت و هەموو لەشی بشۆرێت" .  
قال شمس الـحق في "عون الـمعبود" : (1 / 535) : (رِوَايَةُ الْجَمْعِ بَيْن التَّيَمُّم وَالْغَسْل مَا رَوَاهَا غَيْر زُبَيْر بْن خُرَيْق ، وَهُوَ مَعَ كَوْنه غَيْر قَوِيّ فِي الْحَدِيث ، قَدْ خَالَفَ سَائِر مَنْ رَوَى عَنْ عَطَاء بْن أَبِي رَبَاح ، فَرِوَايَة الْجَمْع بَيْن التَّيَمُّم وَالْغَسْل رِوَايَة ضَعِيفَة لَا تَثْبُت بِهَا الْأَحْكَام) .
واتە : ریوایەتی كۆكردنەوەی نێوان تەیەموم و شۆردن كەس نەیگێڕاوەتەوە جگە لە (زُبَیْر بْن خُرَیْق) نەبێت ، وە ئەم ڕاوییە سەرەڕای ئەوەی كە بەهێز نییە لە فەرموودەدا ، پێچەوانەی هەموو ئەو ڕاویانەشی كردووە كە لە (عَطَاء بْن أَبِي رَبَاح)ەوە دەیگێڕنەوە ، كەواتە ریوایەتی كۆكردنەوەی نێوان تەیەموم و شۆردن ریوایەتێكی لاوازە و ئەحكامەكانی پێ‌ جێگیر و سەلمێنراو نابێت ، وە تێبینی ئەو سوودە بكە كە لە لاپەڕەی پاش ئەمەدا باسكراوە .
(4) صحيح : [ص . د 323] ، د (1 / 530 / 330) ، حم (2 / 191 / 16) ، ك (1 / 177) .

(5) لِسَانُ الْعَرَب (3 / 254) .
(6) تَمَعَّكْتُ : تَمَرَّغْتُ . واتە : خۆمم پلدا بە نێو خۆڵی سەر ڕووی زەویدا .
(7) متفق عليه : خ (1 / 455 / 347) ، م (1 / 280 / 368) ، د (1 / 514 / 317) ، ن (1 / 166) .
(8) صحيح : [ص . د 327] ، د (1 / 536 / 334) ، ن (1 / 213) .
(9) متفق عليه : خ (/ 7288) ، م (2 / 975 / 1337) ، ن (5 / 110) .

(10) الـمُحلَّى : (2 / 74) .
(11) له‌ قوڕ بێت یان له‌ به‌رد ، ڕۆنی بێت یان ڕۆنی نه‌بێت ، به‌وه‌ فه‌توای بۆدام ئه‌لبانی مامۆستامان ڕه‌حمه‌تی خوای لبێت ، وه‌ فه‌رمووی : [وَمَا كَانَ رَبُّكَ نَسِيًّا ] [مریم] .
واته‌ : په‌روه‌ردگارت هیچی له‌ یاد ناچێت .
(12) شوێنێکە لە نزیک مەککە
(13) متفق عليه : خ (1/ 441/ 337) ، م (1/ 281 / 369) معلقاً ، د (1/ 521 / 325) ، ن (1/ 165) .

* (مولی) بەو كەسە دەوترێت كەوا پێشتر كۆیلە بووە و پاشان لە لایەن موسڵمانێكی ئازادەوە لە كۆیلایەتی ئازاد دەكرێت و بەو هۆكارەوە دەبێت بە دۆست و هاوكار و پشتگیر و كەسێكی نزیك لـێ‌یەوە ، كەواتە لێرەدا بۆ نموونە (عَبْدُ اللَّه)ی كوڕی (یسار) پێشتر كۆیلە بووە و لە لایەن (مَیْمُونَە)ی خێزانی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) ئازاد كراوە لە كۆیلایەتی و بەو هۆیەوە بووە بە كەسێكی نزیك لـێ‌یەوە . 
تێبینی :
[(مَیْمُونَە) لە زمانی عەرەبیدا یەكسانە بە (مُبَارَكَە) واتە : پیرۆز] . (وەرگێڕ)

سەردان: ٦٢٠ بەش: تەیەموم