چەند حوکمێکی کورت تایبەت بە مانگی شەعبان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند حوکمێکی کورت تایبەت بە مانگی شەعبان
پرسیار:

ئایا فەزڵی مانگى شەعبان چۆن باس کراوە لە فەرمودەکاندا؟ وە دروستە بە بۆنەى شەوی بەراتەوە ئاهەنگ بگێڕین و نوقڵ و چکلێت دابەش بکەین؟

ئەمەى خوارەوە چەند حوکمێکی کورتە تایبەت بە مانگی شەعبان :
1- هۆکاری ناو  نانی بەم ناوە :
 ابن حجر دەڵێت :
«ناو نراوە بەم ناوەوە لەبەر گەڕانیان بەدوای ئاودا دوای ئەوەی کە مانگی ڕەجەب کۆتای دێت » فتح الباري (4/213).
2- فەزڵی مانگی شەعبان  :
1- کردەوەی تێدا بەرز دەبێتەوە بۆ لای خودا :
ئوسامەی کوڕی زەید دەڵێت : ئەی پێغەمبەری خودا ، من نابینم تۆ بەقەد شەعبان لەهیچ مانگێکی تردا بەڕۆژوو بیت ، فەرمووی : «ذَلِكَ شَهْرٌ يَغْفُلُ النَّاسُ عَنْهُ بَيْنَ رَجَبٍ وَرَمَضَانَ، وَهُوَ شَهْرٌ تُرْفَعُ فِيهِ الأَعْمَالُ إِلَى رَبِّ العَالَمِينَ، فَأُحِبُّ أَنْ يُرْفَعَ عَمَلِي وَأَنَا صَائِمٌ»  حسنه الألباني
واتە : ئەوە مانگێکە کەخەڵک تیایدا بێئاگان لەنێوان ڕەجەب و ڕەمەزاندایه ، وەمانگێکە کە کردەوەی تێدا بەرز دەکرێتەوە بۆ لای خودا ، جا من پێم خۆشە کردەوەکانم تیایدا بەرز بێتەوە بۆ لای خودا لەکاتێکدا من بەڕۆژوو بم .
2- پێغەمبەر زۆر تیایدا بەڕۆژوو دەبوو :
 عائشة رضي الله عنها دەڵێت : «لَمْ يَكُنِ النَّبِيُّ يَصُومُ شَهْرًا أَكْثَرَ مِنْ شَعْبَانَ، فَإِنَّهُ كَانَ يَصُومُ شَعْبَانَ كُلَّهُ» رواه البخاري
واتە : پێغەمبەر لە هیچ مانگێکدا بەقەد مانگی شەعبان بەڕۆژوو نەدەبوو ، بەشێوەیەک مانگی شەعبان هەموو بەڕۆژوو دەبوو .
3- لێخۆش بوون لەشەوی نیوەی مانگی شەعباندا  :
پێغەمبەر فەرموویەتی : «إِنَّ اللَه تَعَالَى لَيَطَّلِعُ فِي لَيْلَةِ النِّصْفِ مِنْ شَعْبَانَ فَيَغْفِرُ لِجَمِيعِ خَلقِهِ إِلَّا لِمُشْرِكٍ أَوْ مُشَاحِنٍ» رواه ابن ماجه وحسنه الألباني .
واتە : خودا لەشەوی نیوەی شەعباندا تەماشای بەندەکانی دەکات و لەهەموو دروست کراوەکانی خۆش دەبێت مەگەر کەسێک نەبێت کەهاوبەشی بڕیار داوە یاخود لەگەڵ برایەکیدا نێوانی باش نی یە وقسەی لێ دابڕیبێت .
3-  حیکمەت لەڕۆژوو گرتنی مانگی شەعبان  :
 ابن رجب دەڵێت :
بەڕۆژوو بوون تیایدا وەک خۆ ڕاهێنانە بۆ ڕەمەزان بۆ ئەوەی لەناکاو نەچێتە نێوە ڕەمەزانەوە ، جا کاتێ کەڕۆژووی مانگی شەعبان وەک خۆ ڕاهێنانێک دانراوە بۆیە تیایدا قورئان خوێندن وخۆ ڕاهێنان لەسەر عیبادەت تیایدا کارێکی چاک وخۆش ویستراوە .
(لطائف المعارف 138).
4-  سەلەف چیان دەکرد لەمانگی شەعباندا ؟
*  سلمة بن كهيل دەڵێت  : بەمانگی شەعبان دەوترا مانگی قورئان خوێنان .
* وە حەبیبی کوڕی سابت کاتێ شەعبانی بەسەر بهاتبایە دەیگوت : ئەم مانگە مانگی قورئان خوێنانە .
* وە عەمری کوڕی قەیسی مەلائی کاتێ مانگی شەعبانی بەسەر بهاتبایە حانوتەکەی دادەخست و خۆی یەکلای دەکردەوە بۆ خوێندنی قورئان .
(لطائف المعارف 138).
ئەحکامی شەوی نیوەی شەعبان :
5-  چۆن جەمع دەکرێت لەنێوان ئەو فەرموودەیە  "إذا انتصف شعبان فلا تصوموا"
واتە : کاتێ شەعبان گەشتە نیوە تیایدا بەڕۆژوو مەبن .
وەفەرموودەی  " أنه يصل شعبان برمضان "؟
واتە : پێغەمبەر مانگی شەعبانی گرێ دەدا بەمانگی ڕەمەزانەوە .
 ابن باز دەڵێت :
أ- پێغەمبەر لەشەعباندا بەڕۆژوو دەبوو وزۆر جار هەندێکی نەبێت هەمووی بەڕۆژوو دەبوو  .
ب- بەڵام ئەو فەرموودەیەیی کەتیایدا ڕێگری کراوە لەبەڕۆژوو بوون دوای نیوەی شەعبان صەحیحه ، هەروەک شێخ ئەلبانی ئاماژەی پێداوە ، وەمەبەست لەڕێگریەکە ئەوەیە لەدوای نیوەی شەعبانەوە دەست بکرێت بەڕۆژوو گرتن ، بەڵام گەر کەسێک زۆربەی مانگەکە بەڕۆژوو بێت یاخود هەمووی بەڕۆژوو بێت ئەوا موافقی سوننەتی کردووە .
مجموع الفتاوى (15/ 385)
6- ئایا سوننەتە نیوەی مانگی شەعبان تایبەت بکرێت بەڕۆژوو گرتن ؟
تایبەت کردنی ڕۆژێک بەڕۆژوو گرتن کەیەک بگرێتەوە لەگەڵ نیوەی شەعبان مەکڕوهە وهیچ بەڵگەی لەسەر نی یە   .
مجموع الفتاوى (10/ 385)
7- حوکمی ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شەوی نیوەی مانگی شەعبانەوە ؟
 ابن باز دەڵێت :
یەکێکە لەو بیدعانەی کەخەڵک دایان هێناوە ، وەهەندێ فەرموودەی لاواز هاتوون لەبارەی ڕێزیەوە و ناکرێت پشتیان پێ ببەسترێت .
مجموع الفتاوى (1-186)
8-  حوکمی تایبەت کردنی نیوەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو گرتن ونوێژ کردن ؟
 ابن باز دەڵێت :
ئەوەی هاتووە لەم بارەیەوە هەمووی دروست کراوە وصەحیح نی یە .
 مجموع الفتاوى (1-186)
 ابن باز دەڵێت :
ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شەوی نیوەی مانگی شەعبانەوە ونوێژ کردن تیایدا وتایبەت کردنی ڕۆژەکەی بەڕۆژوو گرتن بیدعەیە لە لای زۆربەی زانایان و هیچ ئەسڵێکی نی یە لەشەرع دا ، بەڵکو لەدوای سەردەمی هاوەڵان داهێنراوە رضي الله عنهم .
مجموع الفتاوى (1-191)
 ابن عثيمين دەلێت :
بۆ چوونی صەحیح ئەوەیە بەڕۆژوو بوون لەنیوەی مانگی شەعباندا یاخود تایبەت کردنی بەقورئان خوێندن یاخود بەزیکر هیچ ئەسڵێکی نی یە ، جا ئەو ڕۆژە هاوشێوەی ڕۆژەکانی ترە و هیچ تایبەتمەندیەکی نی یە .
 مجموع الفتاوى (20-23).
 ابن عثيمين دەڵێت :
ڕۆژوو گرتن لەنیوەی مانگی شەعباندا بەتایبەتی سوننەت نی یە جا گەر سوننەت نەبێ بیدعەیە ؛ چونکە ڕۆژوو عیبادەتە جا گەر بەڵگەی لەسەر نەبێت دەبێتە بیدعە . مجموع الفتاوى (20-26).
9- حوکمی شەو نوێژ کردن لەنیوەی مانگی شەعباندا  ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
شەو نوێژ کردن لەنیوەی مانگی شەعباندا سێ جۆرە  :
1- کەسێک عادەتی وا بێت لەو شەوانەدا شەو نوێژ بکات ئەوا بەردەوام دەبێت بەبێ زیاد کردنی شتێکی تر لەو شەوەدا ئەمە کارێکی دروستە .
2- کەسێک تەنها لەو شەوەدا شەو نوێژ بکات ئەمە بیدعەیە ودروست نی یە .
3- لەو شەوەدا چەند جۆرە نوێژێکی دیاری کراو بکات ، وهەموو ساڵێک ئەمە دوو بارە بکاتەوە ، ئەم جۆرەیان هەر زۆر بیدعە وزیاتر دوورە لەسوننەتەوە  . مجموع الفتاوى (20/28-30).
10- ئایا لەشەوی نیوەی مانگی شەعباندا ڕزقی ساڵێک وکردەوەی ساڵێک دەست نیشان دەکرێت ؟
 ابن عثيمين دەڵێت :
ئەمە باتڵە وهیچ ئەسڵێکی نی یە بەڵکو ئەو شەوە تەنها لە شەوی قەدردایە .
مجموع الفتاوى (20-30).
11-حوکمی دروست کردنی خواردن لەشەوی نیوەی مانگی شەعباندا ؟
 ابن عثيمين دەفەرموێ :
هەندێ خەڵک لەشەوی نیوەی مانگی شەعباندا خواردن دروست دەکەن ودابەشی دەکەن بەسەر هەژاراندا ، ئەم کارە هیچ ئەسڵێکی نی یە ولەپێغەمبەرەوە شتی وا نەهاتووە بۆیە تایبەت کردنی بەو شەوەوە بیدعەیە وداهێنراوە .
مجموع الفتاوى (20-31).


سەرچاوەکان :
فتح الباري لابن حجر
لطائف المعارف لابن رجب
مجموع فتاوى العلامة ابن باز
مجموع فتاوى اللجنة الدائمة
مجموع فتاوى العلامة ابن عثيمين

کۆکردنەوەى فەتواکان : عبدالله محسن الصاهود

سەردان: ١٠,٦٥٢ بەش: هەمەجۆر